رووداو دیجیتاڵ
دادگەی کەتنی کەربەلا، رۆژی پێنجشەممە، سزای سێ ساڵ زیندانیکردنی بۆ کەسێک دەرکرد کە خۆی وەک لیوا لە دەستەی حەشدی شەعبی ناساندبوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق، ئەو کەسە پلەی سەربازیی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی بەرامبەر بەڵێنی دامەزراندن لە دامەزراوەکانی دەوڵەت، پارە لە خەڵک وەربگرێت.
دەستەی حەشدی شەعبی، لە ساڵی 2014 دوای فەتوایەکی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش دامەزرا. دواتر بووە بەشێک لە سیستمی بەرگریی عێراق و لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
لە کاتی دەستگیرکردنیدا، دەست بەسەر کڵاشینکۆفێک، دەمانچەیەک، کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنی، دروشمی هێزە ئەمنییەکان، ناسنامە و باجی ساختە و جانتایەکدا گیراوە کە مامەڵە و بڕێک پارەی تێدابووە.
سزاکە، بەگوێرەی بڕگەکانی 1 و 2ـی مادەی یەکەمی بڕیاری ژمارە 160ـی ساڵی 1983 و بە پش بەستن بە ماددەی 132ـی بڕگەی 3ـی یاسای سزادان دەرچووە.
