رووداو - دیجیتاڵ
ملیۆنان زیارەتکار لە کەربەلا کۆبوونەتەوە بۆ یادکردنەوەی رۆژی عاشورا، بەڵام ئەم ساڵ یادەکە لەژێر سێبەری هاوکێشە سیاسییە ئاڵۆزەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکرێتەوە. سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست و هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، بەڵام بێمتمانەییەکی قووڵ بە رێککەوتنەکە لە نێو زیارەتکارانی هەردوو وڵاتدا بەدی دەکرێت.
ئەبو فەزل، هاوڵاتییەکی ئێرانییە و لەبەردەم مەزاری ئیمام حوسێن وەستاوە؛ ئەو نزا دەکات، بەڵام نەک بۆ ئاشتی، بەڵکو وەک خۆی دەڵێت بۆ "سەرکەوتن"، چونکە هێشتا دڵنیا نییە لەو ئاگربەستەی لە نێوان تاران و واشنتن واژۆ کراوە.
ئەبو فەزل عەلی، هاوڵاتییەکی خەڵکی تارانە و دەڵێت: "من تەنیا نزا بۆ سەرکەوتن دەکەم، چونکە هیچ ئومێدێکم بە ئاشتی نییە. ئاشتی لە لایەن ئەمریکاوە هیچ سوودێکی بۆ ئێمە نەبووە، بۆ هیچ وڵاتێکی دیکەش سوودی نەبووە. هەر وڵاتێک لەگەڵ ئەمریکا رێککەوتنی ئاشتی کردبێت، نەگەیشتووە بە هیچ شوێنێک؛ تەنیا ئەوانە گەیشتوونەتە ئەنجام کە رووبەڕووی بوونەتەوە و سەرکەوتوون. ئێمەش یەکەم وڵاتین کە ئێستا بەرەنگاری دەبینەوە."
جان نێساری، هاوڵاتییەکی ئێرانیی نیشتەجێی ئەسفەهانە و پێی وایە رێککەوتنەکە سەرناگرێت: "ئەوان پابەندی ئەم رێککەوتنە نابن و دەیانەوێت تێکی بدەنەوە. دڵنیام ناگەین بە ئاشتی. ئێمە وەک وڵاتێک بۆ شەڕ ئامادەین، هەر لە مێژووەوە ئامادە بووین و ئێستاش ئامادەین."
هەروەها عەلی زەزا، کە لە ئەهوازەوە هاتووە، رێککەوتنەکە بە ناسەقامگیر دەبینێت و دەڵێت: "ئەم رێککەوتنە جارێ کاتییە. با ببینین ئەگەر ئەوان بەپێی مەرجەکان کاریان کرد، ئەوا ئینشاڵڵا بۆ هەمیشە دەبێت، بەڵام ئەگەر پابەند نەبن، ئەوا بێگومان وەڵامی ئێمە (لێدان بەرامبەر لێدان) دەبێت."
محەممەد حوسێن، هاوڵاتییەکی دانیشتووی بەغدایە و دەڵێت: "من ئەم رێککەوتنە بە کاتی دەبینم، چونکە هەموو رۆژێک بە شێوەیەکی دیکەیە. هەموو رۆژێک ئەم ترەمپە بە کارەساتێکەوە دەردەکەوێت و قسەکانی دەگۆڕێت."
عەبدولکەریم کامیل، هاوڵاتییەکیی دیکەی عێراقییە و ئاماژە بەوە دەکات: "پێمان وایە ئەم رێککەوتنە کەمترین شتە کە کرابێت، چونکە گەلی ئێران پێویستی بەم رێککەوتنە هەیە، بەڵام ئەمریکا جێگەی متمانە نییە."
ساڵح لەیس، هاوڵاتییەکی دیکەی عێراقی، هیواخوازە رێککەوتنەکە دۆخەکە هێور بکاتەوە، بەڵام بێ ئومێدیی خۆی ناشارێتەوە: "ئەوان دژی بنەماکانن، بۆیە نە ئومێدمان بە ئاشتی هەیە و نە چاوەڕێی ئاشتیشیان لێ دەکەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیوادارین ئەم رێککەوتنانە ببێتە هۆی چارەسەرکردنی ئەم دۆخە."
لەکاتێکدا رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر هاوسەنگییەکی لەرزۆک وەستاوە، ملیۆنان زیارەتکار لە کەربەلا دوعا بۆ پاراستنی وڵاتەکانیان دەکەن. بۆ ئەوانەی هاتوونەتە ئێرە، نزا تەنیا پەرستش نییە، بەڵکو بەهێزترین چەک و تاکە هیوایە لەنێوان ململانێیەکی سیاسیی گەورەدا کە ئاسۆکەی هێشتا لێڵ و نادیارە.



.jpg&w=3840&q=75)