رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی خۆجێیی واست لەدژی کەمیی کارەباکەی هەڵوێست وەردەگرێ؛ لەو بڕە کارەبایەی کە لە وێستگەیەکی پارێزگاکە بەرهەم دەهێنرێت تەنیا 40%ی پێدەدرێت، بەو هۆیەوە هەندێک لە ئەندامانی ئەنجوومەن پێشنیازیان کردووە کارەبای وێستگەکە نەخرێتە نێو تۆڕی نیشتمانی.
دوو رۆژە لە پارێزگای واست خۆپێشاندان لەدژی کەمیی کارەبا دەکرێت، بەو هۆیەوە رۆژی چوارشەممە 24ـى حوزەیران، حکومەتی خۆجێی و ئەنجوومەنی پارێزگای شارەکە کۆبوونەوە و هەڵوێستی خۆیان لەبارەی ئەو کێشەیەوە دەربڕی.
حەبیب بەدری، ئەندامی لیژنەی وزەی ئەنجوومەنی پارێزگای واست بە رووداوی راگەیاند، وێستگەی زوبەیدییەی واست 1800 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەڵام لە تۆڕی نیشتمانییەوە تەنیا 730 مێگاوات بە شارەکە دەدرێت، بەو هۆیەوە کاتی پێدانی کارەبای نیشتمانی کاژێرێک دەدرێت و دوو کاژێر دەبڕێت کە دەبێت بە موەلیدەی ئەهلی پڕ بکرێتەوە.
عێراق لە ترۆپکی وەرزی گەرمادا پێویستی بە زیاتر لە 40 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە، بەڵام ئێستا نیوەی ئەو بڕە بەرهەم دەهێنرێت.
بەگوتەی حەبیب بەدری، هەندێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا پێشنیازیان کردووە، ئەگەر کێشەی کارەبای واست چارەسەر نەکرێت، رێگری لەوە بکرێت کارەبای بەرهەمهێنراو لە وێستگەی زوبەیدییە بخرێتە نێو تۆڕی نیشتمانی.
ئەو کارەبایەی لە سەرجەم وێستگەکانی عێراق بەرهەم دەهێنرێت، دەخرێتە تۆڕی نیشتمانیی دابەشکردنی کارەبا و دواتر بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرێتەوە.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی حکومەتی خۆجێیی و ئەنجوومەنی پارێزگای واست، عەلی حوسێن سلێمان، پارێزگاری شارەکە گوتی: "بەڵێنمان پێدراوە کە بڕی کارەبای شارەکە بکرێتە 1000 مێگاوات، بەڵام ئێمە متمانەمان بە دابەشکردنی کارەبا لەلایەن کۆنترۆڵی نیشتمانییەوە نییە، لەبەر ئەوەی بڕیارەکانیان جێگیر نین".



