رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکی عێراق دەستگیرکردنی پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدین و دەستبەسەرداگرتنی ملیاران دیناری راگەیاند، ئەوەش دوای دانپێدانانی بریکاری وەزیری نەوت کە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرابوو.
رۆژی سێشەممە 23ی حوزەیرانی 2026 دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگەی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە بەغدا، نوێترین پێشهاتی دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزیری نەوتی بۆ کاروباری پاڵاوتن ئاشکراکرد و رایگەیاند، لە ئەنجامی دانپێدانانی عەدنان جومەیلی لە کاتی لێکۆڵینەوەدا رائید جبووری، پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدین و بەڕێوەبەری ئێستای تەندروستیی ئەو پارێزگایە دەستگیرکرا.
30ی ئایار عەدنان جومەیلی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەتۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا.
سەرچاوەیەک لە پارێزگای سەڵاحەدین بە رووداوی راگەیاند، "کاژێر 2:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێزێک لە ناحیەی حەجاج بەڕێوەبەری تەندروستیی سەڵاحەدینی دەستگیرکرد."
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، لە ئەنجامی بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو پارەیەی لە پڕۆژەکاندا بەهەدەر دراوە، تەنیا ئەمڕۆ دەست بەسەر بڕی 67 ملیار دینار و یەک ملیۆن دۆلاردا گیراوە.
بە گوێرەی دادوەری لێکۆڵینەوە، بەشێکی ئەو پارەیە لە ماڵی چەند کەسێکدا بووە، بەڵام بەشەکەی دیکەی لە ژێر زەوی و بە قووڵایی چوار مەتر شاردرابووەوە، کە دوای هەڵکەندنی زەوی بە ئامێری تایبەت، توانرا بدۆزرێتەوە و دەستی بەسەردا بگیرێ.
دادگەی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەڵێ، بەم هەنگاوە نوێیە کۆی گشتیی ئەو پارەیەی تەنیا لەم دۆسیەیەدا دەستی بەسەردا گیراوە، گەیشتە زیاتر لە 98 ملیار دیناری عێراقی و 11 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.
ئەم دۆسیەیە یەکێکە لە گەورەترین دۆسیەکانی گەندەڵی کە لەم دواییانەدا لە عێراق لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێ.



