رووداو دیجیتاڵ
بڕیارێکی حکومەتی فیدراڵی بۆ ئەوەی سەرجەم کاڵاکان لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و بەگوێرەی سیستمی ئەسیکۆدا هاوردە بکرێن، جێبەجێ نەکراوە، لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە سێ هەفتە بەسەر دەرکردنی بڕیارەکەدا تێپەڕیوە.
بەگوێرەی نووسراوێکی عەلی رەزوقی لامی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی کردووە، تێیدا رەزامەندی دراوە لەسەر ئەوەی لە 1ـی حوزەیرانەوە رێگە بدرێت بە هاوردەکردنی سەرجەم کاڵاکان لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بە سیستمی ئەسیکۆدا.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو لە رێگەی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی گواستنەوەی کاڵا دەستی کەوتووە، ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکراوە.
حامی هەرکی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئارک ستار بۆ گواستنەوەی نێودەوڵەتی بە رووداوی راگەیاند: یەکێک لە هۆکارەکانی جێبەجێنەکردنی ئەو بڕیارە ئەوەیە، دەبێت دوو گومرگ لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و حکومەتی فیدراڵی بدرێت بۆ ئەوەی کاڵاکان بگوێزرێنەوە بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق و ئەوەش بارگرانی لەسەر بارزگانان دروست دەکات.
هەر کۆمپانیایەک کاڵا لە رێگەی سیستمی ئەسیکردا هاوردە بکات بۆ ئەوەی دۆلار بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی دەست بکەوێت، پێویستە گومرگ و باجی پێشوەختە بداتە حکومەتی فیدراڵی.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی وت: "جێبەجێنەکردنی ئەو بڕیارە پەیوەندیی بەو لێکتێگەیشتنەوە هەیە، کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کراوە لەبارەی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا و بڕیارە دوای ئەوە جێبەجێ بکرێت."
18ـی حوزەیرانی 2026 شاندی هەرێمی کوردستان تایبەت بە گومرگ و سیستمی ئەسیکۆدا، لەگەڵ بەرپرسانی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق لێکتێگەیشتنێکی 16 خاڵییان واژۆ کرد بۆ چارەسەری ئەو پرسە هەڵپەسێردراوانەی کە لە نێوانیاندا هەبوو بۆ جێبەجێکردنی ئەو سیستمە لە هەرێمی کوردستان، بڕیارە دوای پەسندکردنی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزاری ئابوورییەوە، بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەر لە دەرکردنی ئەو بڕیارە، تەنیا دەرمان و خۆراک و مۆبایل رێگەپێدراو بوو لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و لە رێگەی سیستمی ئەسیکۆداوە هاوردە بکرێت.




