رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق جێگۆڕکێ بە نزیکەی 2000 ئەفسەر و کارمەندی خۆی لە دەروازە سنوورییەکان دەکات بۆ جێبەجێکردنی بڕیارێکی سەرۆکوەزیران، کارمەندانیشی لە بازگە هاوبەشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کشاندووەتەوە و رادەستی دەزگاى ئاسایشی نیشتمانیی کردووە.
دووشەممە 22ی حوزەیرانی 2026 دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، دەستیان کردووە بە جێگۆڕکێی کارمەند و ئەفسەرانی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان کە 1905 کەسن و ئەوە لە 48 کاژێردا ئەنجام دەدەن، ئەو جێگۆڕکێیە دەروازە ئاسمانی و دەریایی و وشکانییەکان دەگرێتەوە.
ئەو هەنگاوەی دەستەکە لەدوای ئەوە بوو کە 19ی حوزەیرانی 2026 عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی دا بەوەی کارمەند و ئەفسەرانی دەروازە سنوورییەکان جێگۆڕکێیان پێ بکرێت، بگەڕێنەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ و لەوێ دەستبەکار ببنەوە و کەسانی دیکە لە هەمان وەزارەت جێگەیان بگرنەوە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەو بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی سەرۆکوەزیراندایە بۆ رێگری لە گەندەڵی لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق.
دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاندووە کە دەستیان کردووە بە رادەستکردنی سۆنەری دەروازە سنوورییەکان بە دەستەی گشتیی گومرگ.
شێروان دووبەردانی رایگەیاند، دەستەی دەروازە سنوورییەکان لە بازگەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کشاونەتەوە و ئەرکەکانیان رادەستی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی کردووە.
چوار بازگەی حکومەتی فیدراڵی لە نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکووک و دیالە هەن.




