رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی عێراق دەڵێت، لەگەڵ هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی بۆ جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا و لە سەرەتای مانگی هەشتەوە رێکارە کردەییەکانی جێبەجێکردنی سیستمەکە دەستپێدەکات. دەشڵێت، داهاتی گومرگەکان 200% زیادی کردووە و پلانیان هەیە بیگەیێننە چوار ترلیۆن دینار.
رۆژی شەممە، 20ی حوزەیرانی 2026، سامر قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە رووی تەکنیکییەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە تەواوی رێککەوتووین. لە سەرەتای مانگی تەممووزدا کۆنووسی رێککەوتنەکە دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری، بۆ ئەوەی نەخشەڕێگەی جێبەجێکردنەکە پەسند بکرێت."
18ی ئەم مانگە، شاندی هەرێمی کوردستان کە تایبەت بوو بە پرسی گومرگ و سیستمی ئەسیکۆدا، لەگەڵ دەستەی گشتیی گومرگی عێراق لێکتێگەیشتنێکی 16 خاڵییان واژۆ کرد، بۆ ئەوەی ئەو سیستمە لە هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێت.
سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنی کارەکان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ گوتی، "پێشبینی دەکەین لە سەرەتای مانگی ئابی داهاتووەوە، مەشقپێکردنی کارمەندەکان و رێکارە کردەییەکانی سیستمەکە لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێبکات، ئەمەش هەنگاوێکی مێژووییە بۆ یەکخستنی کاروباری گومرگی و رێگری لە سەرپێچییەکان."
ئەسیکۆدا سیستمێکی نێودەوڵەتیی ئەلیکترۆنیی تایبەت بە کۆکردنەوە و ئاڵوگۆڕی زانیارییە بازرگانییەکانە لە نێوان دەروازە سنوورییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان.
گۆڕانکاری لە 20 ناوەندی گومرگی لە 48 کاژێردا
لەسەر راسپاردەی عەلی زەیدی، حکومەتی عێراق رێکاری نوێی لە دەروازە و گومرگەکاندا گرتووەتەبەر. سامر قاسم ئاماژەی بەوە کرد کە وەک پابەندییەک بە رێنماییەکانی سەرۆکوەزیران، پڕۆسەی گۆڕانکاری لە بەڕێوەبەرانی 20 ناوەندی گومرگی لە کۆی 25 ناوەند کۆتاییهاتووە.
ئەم گۆڕانکارییە تەنیا لە ئاستی کارگێڕی نییە، بەڵکو پێنج بڕیاری سەرۆکوەزیران وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە بریتین لە:
- ئاڵوگۆڕی کارمەندان: گۆڕینی سەرجەم کارمەندانی دەروازەکان لە ماوەی 48 کاژێردا.
- داخستنی رێگە قاچاخەکان: وەزارەتی ناوخۆ و پاسەوانی سنوور پابەند کراون بە داخستنی سەرجەم کەلێنە سنوورییە وشکانی و دەریاییەکان.
- گەڕاندنەوەی میلاکات: سەرجەم ئەو ئەفسەر و کارمەندانەی وەزارەتی ناوخۆ کە لە دەروازەکان بوون، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ وەزارەتەکەیان.
- تووندکردنی چاودێری: دەزگای هەواڵگری بەرپرسیار دەکرێت لە تێپەڕبوونی هەر مادەیەکی قەدەخەکراو.
- پشکنینی گشتگیر: هیچ بارهەڵگرێک بەبێ پشکنینی وردی سەرجەم بارەکەی، رێگە بە تێپەڕبوونی نادرێت.
"ئامانجەکە چوار تریلیۆن دینار داهاتە"
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی عێراق، ئەو زنجیرە چاکسازییانە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر داهاتی دەوڵەت هەبووە و گوتیشی، "لە سایەی ئەم رێکارانە و کاراکردنی حوکمڕانیی ئەلیکترۆنی، داهاتەکانمان بە رێژەی 200% زیادی کردووە و پلانمان هەیە لە قۆناخی یەکەمدا داهاتی ساڵانەی گومرگ بگەیێنینە سێ بۆ چوار تریلیۆن دینار."




