رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێ، بەمزووانە ئەنجامی یەکەمین لێکۆڵینەوەی نیشتمانی بۆ دیاریکردنی رێژەی بەبیابانبوون لە سێ قەزای عێراق ئاشکرا دەکرێ. بەڕێوەبەرێکی گشتیش لە وەزارەتەکە دەڵێ، تاوەکو ئێستا ئامارێکی ورد لەبارەی بەبیابانبوون لە عێراق بەردەست نییە. بەسام کەنعان، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی دارستانەکان و بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، رۆژی شەممە، 20ـی حوزەیرانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "فەرمانگەکەمان میکانیزمێکی نوێی بۆ دیاریکردنی رووبەری زەوییە بەبیابانبووەکان و ئەو زەوییانەی مەترسیی بەبیابانبوونیان لەسەرە گرتووەتەبەر." ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق گوتی، ئەم هەنگاوە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو داواکارییە زۆرانەیە کە بۆ هەبوونی داتای ورد لەو بارەیەوە هەن. بەسام کەنعان باسی لەوە کرد، لیژنەیەکی نیشتمانی لە لایەنە تەکنیکییەکانی وەزارەتەکانی کشتوکاڵ، سەرچاوەکانی ئاو، ژینگە، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن پێکهێنراوە. ئەو لیژنەیە لە قۆناخی یەکەمدا سێ قەزای دەستنیشان کردووە کە بریتین لە ناسریە لە پارێزگای زیقار، سوێرە لە پارێزگای واست و تەلەعفەر لە پارێزگای نەینەوا بۆ زانینی رێژەی بەبیابانبوون تێیاندا. بەسام کەنعان گوتیشی: "ئەنجامی لێکۆڵینەوەی ئەو سێ قەزایە بەمزووانە رادەگەیێندرێ، وەک ئامادەکارییەک بۆ فراوانکردنی کارەکان تاوەکو هەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق بگرێتەوە." بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی دارستانەکان باسی لەوە کرد کە تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی حکومەت یان رێکخراوێکی نێودەوڵەتی ئامار و ژمارەی وردی لەبارەی بەبیابانبوون لە عێراق نەخستووەتەڕوو و گوتی: "زۆربەی ئەو ژمارانەی باس دەکرێن، ژمارەی زانستییان تێدا نییە. هەر رێژەیەک رابگەیێندرێ، دەبێت پشت بە داتا و نیشاندەرە زانستییە روونەکان ببەستێت." بەگوتەی بەسام کەنعان، عێراق ئەندامی چەندین رێککەوتنی نێودەوڵەتییە، لەوانەش رێککەوتنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون و رێککەوتنی گۆڕانی کەشوهەوا، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزکردنی هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوە جیهانییەکان. بە گوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، لە لێکۆڵینەوەکەدا پشت بە چەند نیشاندەرێکی زانستی بەستراوە بۆ زانینی رێژەی زەویی بەبیابانبوو، لەوانە نیشاندەری داپۆشراوی رووەکی و نیشاندەری ئاو. بەسام کەنعان ئاشکرای کرد، دوای تەواوبوونی قۆناخی یەکەم، کارەکان فراوان دەکرێن بۆ هەموو ئەو پارێزگایانەی بەدەست دیاردەی بەبیابانبوون و زێدەبوونی گردە لمییەکانەوە دەناڵێنن.
عێراق20-06-2026فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق: زۆربەی ئەو کەسانەی لە فڕۆکەخانەی بەغدا کاردەکەن، پەیوەندییان بە بواری فڕۆکەوانییەوە نییە
عێراق20-06-2026بەڕێوەبەری دانەوێڵەی عێراق بۆ رووداو: گەنم بە نرخێکی بەرز لە جووتیاران وەردەگرین و هەربۆیە بۆ هەناردە ناگونجێ
عێراق19-06-2026بەرپرسێکی ئەمریکا بۆ رووداو: عێراق رازی بووە لەگەڵ دەستەیەکی نێودەوڵەتی رووبەڕووی سپیکردنەوەی پارە ببێتەوە