رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق پلانێکی بۆ "رێکخستنەوەی دەروازە سنوورییەکان و بنبڕکردنی قاچاخچێتی" راگەیاندووە و دەستەی دەروازە سنوورییەکانیش دەڵێ، گۆڕانکاریی ریشەیی لە ستاف دەکرێ و پاداشتی دارایی بۆ ئەو کارمەندانە تەرخان دەکرێ کە رێگری لە بردنەژوورەوەی کاڵای نایاسایی دەکەن.
رۆژی هەینی، 19-06-2026، دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق وردەکاریی رێنمایی و بڕیارە نوێیەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی بڵاوکردەوە کە ئامانج لێیان "چاکسازی لە دەروازە سنوورییەکان و پاراستنی سامانی گشتییە."
یەکێک لە بڕیارە سەرەکییەکان پرۆسەی "ئاڵوگۆڕی وەزیفی"یە کە سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوەکانی دەروازە سنوورییەکان دەگرێتەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، حکومەتی عێراق دەیەوێ بەم هەنگاوە رێگری بکات لە دروستبوونی "بەرژەوەندیی کەسی و پەیوەندیی گوماناوی" لەنێوان فەرمانبەران و بازرگانەکان. دەستەی دەروازەکان ئاماژەی بەوە کردووە، هەر فەرمانگەیەک لە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە سستی بکات، لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێ.
دەستەکە دەڵێ، بۆ هاندانی کارمەندان بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری داوە 20%ی نرخی ئەو مادە و کاڵایانەی دەستیان بەسەردا دەگیرێ، وەک پاداشت بدرێتە ئەو فەرمانبەرانەی دەستیان بەسەردا گرتووە. دەستەی دەروازەکان دەڵێ: "ئەمە پەیامێکی روونە کە دەوڵەت نرخی ماندووبوونی ئەوانە دەزانێ کە پارێزگاری لە سامانی گشتی دەکەن."
لە چوارچێوەی رێکخستنەوەی پسپۆڕییەکاندا، حکومەتی عێراق بڕیاری داوە ئامێری سۆنار بگەڕێندرێتەوە بۆ سەر میلاکی "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ، چونکە ئەوان لایەنی تەکنیکی بەرپرسن لە پشکنین و نرخاندن." هاوکات، بەڕێوەبەری هەر دەروازەیەک دەبێتە سەرۆکی "شانەی هەواڵگری" لە مەرزەکەدا و دەبێت سەرجەم دەزگا ئەمنییەکان راپۆرتەکانیانی بۆ بەرز بکەنەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر کشانەوەی یەکەی دەستەی دەروازەکان لە بازگەکانی (سەد، چیمەن، باوە مەحموود و دارەمان) و رادەستکردنیان بە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی. دەستەی دەروازە سنوورییەکان رایگەیاندووە کە ئامانجی ئەم کشانەوەیە ئەوەیە "دەستەی دەروازەکان هەموو هێز و توانای خۆی بخاتە سەر دەروازە سیادییەکان، بەتایبەت دوای کردنەوەی دەروازەکانی وەلید، رەبیعە و فڕۆکەخانەی موسڵ."



