رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری کەربەلا سوپاسی خەڵکی هەڵەبجە دەکات بۆ ماندووبوونیان لە دۆزینەوەی کچە 11 ساڵانەکە و مرۆڤدۆستی و بەدەمەوەچوونی کەسوکاری منداڵەکە.
جاسم خیتابی، پارێزگاری کەربەلا ئەمڕۆ پێنجشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک پەیامێکی هاوخەمی بۆ کەسوکاری منداڵەکە و سوپاسگوزاری بۆ خەڵک و پارێزگاری هەڵەبجە نارد.
پارێزگاری کەربەلا هاوخەمیی و هاوسۆزی خۆی بۆ خێزانی روقیە، منداڵە 11 ساڵانەکە دەردەبڕێت کە بەهۆی رووداوێکی دڵتەزێنی خنکانەوە لە پارێزگای هەڵەبجە گیانی لەدەستدا.
پارێزگاری کەربەلا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە و خەڵکەکەی دەکات بۆ ئەو "هەڵوێستە مرۆڤدۆست و هەستە راستەقینەیان کە جوانترین ماناکانی برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانی نیشاندا".
جاسم خیتابی ئاماژە بەوە دەدات، "ئەو هاوخەمی و پشتیوانییەی بۆ ئەو خێزانە کەربەلاییە دەریانبڕی، بەڵگەی رەسەنایەتی گەلی عێراق و بەها مرۆڤایەتییەکانییەتی".
پارێزگاری کەربەلا دەشڵێ، لە رۆژانی داهاتوودا سەردانێکی فەرمی بۆ پارێزگای هەڵەبجە ئەنجام دەدات بۆ "پێشکەشکردنی سوپاس و پێزانین بە پارێزگار و خەڵکی هەڵەبجەی بەڕێز، بەهۆی ئەو هەڵوێستە گەورەیەی کە هەمیشە جێگای شانازی و پێزانینە لەلایەن خەڵکی کەربەلای پیرۆزەوە".


