رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای سەلاحەدین بڕیاری دا شەقامێکی سەرەکی لە قەزای خورماتوو بە ناوی هەڵکەوت عەزیز بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش نووسراوێک ئاراستەی شارەوانیی قەزاکە دەکات.
کاوە شێخانی، راوێژکاری پارێزگاری سەلاحەدین، ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی حوزەیرانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوێنێ 17-06-2026 عومەر محەممەد حەسەن، یاریدەدەری پارێزگاری سەلاحەدین بۆ کاروباری تەکنیکی، نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی خورماتوو کرد، کە تێیدا پارێزگاری سەلاحەدین بڕیایداوە شەقامێک لە قەزاکە بە ناوی هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری پێشووی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا بکرێ.
شەقامەکە دەکەوێتە گەڕەکی کۆماری لە قەزای دووزخورماتوو، درێژییەکەی یەک کیلۆمەترە و لە بەردەم موەلیدەی بەختیارەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە دووکانەکانی شارەوانی.

راوێژکارەکەی پارێزگاری سەلاحەدین ئاماژەی بەوەکرد، بڕیارەکە دوای ئەوە دێت کە پێشتر بە نووسراو داوایان لە پارێزگاری سەلاحەدین کرد وەک رێزێک بۆ کارە میدیاییەکانی ، شەقامێک بەناوی هەڵکەوت بکرێ و ئەویش رەزامەندی لەسەر داوەکە دەربڕی.
رۆژی دووشەممە 8ی حوزەیرانی 2026، هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێر و بەرپرسی پێشووی نووسینگەی رووداو لە بەغدا، لە کاتی چوونی بۆ ئەرکێکی میدیایی بەرەو بەسرە، لە ئەنجامی رووداوێکی هاتووچۆ لە سنووری دیوانییە گیانی لە دەست دا.
رۆژی دووشەممەش شاندێکی یەکێتی سەردانی ماڵی هەڵکەوت عەزیزیان کرد، دوای سەردانەکە رێبوار تەها، جێگری پارێزگاری کەرکووک رایگەیاند، بڕیاریان داوە قوتابخانەیەکی کەرکووک بە ناوی هەڵکەوت عەزیزەوە بکەن و پەیکەرێکیشی بۆ دروست بکەن.


