رووداو دیجیتاڵ
گرووپی سەرایا سەلام کە پێشتر سەر بە رەوتی نیشتمانیی شیعە بوو بە سەرۆکایەتیی موقتەدا سەدر، هەڵوێست لەبارەی گۆڕینی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە سامەڕا وەردەگرێت، کە سەر بەو گرووپە بووە و دەڵێت، "سامەڕا جێناهێڵین."
سێشەممە 16ی حوزەیرانی 2026، فەرماندە مەیدانییەکانی گرووپی سەرایا سەلام لە شاری سامەڕای سەر بە پارێزگای سەلاحەدین راگەیێندراوێکیان خوێندەوە و رایانگەیاند، لەسەر بنەمای فەرمانی موقتەدا سەدر، پەیوەندیی سەرایا سەلام لەگەڵ رەوتی نیشتمانیی شیعە پچڕێندرا، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە دەستبەرداری پرەنسیپ و قوربانییەکان ببن.
شاری سامەڕا، جێی مەزارگەی هەردوو ئیمامی دەیەم و یازدەیەمی شیعەکانە، کە بە مەزارگەی عەسکەری ناسراوە.
لە راگەیێندراوەکەی سەرایا سەلامدا هاتووە، "قسەکردن لەبارەی سامەڕاوە بە بڕیارێکی کارگێڕی نابێت، لەسەر ئەو بنەمایەش سەرکۆنەی هەر فەرمانێک دەکەین کە دەربکرێت بۆ گۆڕینی واقیعی ئەمنی لەو شارە" و ئاماژە بەوەش دەکەن، "سامەڕا جێناهێڵین" و بەردەوام دەبن لە کارکردن تاوەکو دۆسیەی ئەمنیی شارەکە رادەستی دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکرێت.
سەرچاوەیەکی بەرپرسی ئەمنی لە پارێزگای سەلاحەدین، کە لەبەر هەستیاریی پرسەکە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو گرژییە بەهۆی گۆڕینی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی بووە لە سامەڕا، کە سەر بە سەرایا سەلام بووە و کراوە بە کەسێکی دیکە کە سەر بە عەسائیبی ئەهلی حەقە."
گرووپی سەرایا سەلام یەکەم گرووپی چەکداری شیعە بوو، کە لە 4ی حوزەیرانی 2026 پەیوەندیی لەگەڵ رەوتی نیشتمانیی شیعە پچڕاند وەک هەنگاوی یەکەم بۆ سنووردارکردنی چەک بە دەستی دەوڵەت.
ئەو گرووپە ئەرکی پاراستنی مەزارگە شیعەکانی لە سامەڕا پێسپێردرابوو، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبییش لەو شارە سەر بەو گرووپە بوو.




