رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی رەوتی هەڵوێست لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پێناچێت حکومەتی فیدراڵی بۆ ساڵی 2026 یاسای بودجەی هەبێت؛ دەشڵێت، دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی داهاتووی عێراقدا، پێویستی بە دەرچوونی یاسای بودجەیە لە پەرلەمانی کوردستان.
رۆژی دووشەممە 15-06-2026، رێبوار کەریم، سەرۆکی فراکسیۆنی رەوتی هەوڵوێست لە پەرلەمانی عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە نوێنەر فاتیح پێشکێشیکرد، سەبارەت بە سەردانەکەی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری عێراق و سووریا بۆ هەولێر و بەغدا رایگەیاند، زۆر پرسی گرنگی تایبەت بە بەغدا و هەولێر یەکلایی دەکرێنەوە.
بەگوتەی رێبوار کەریم، تۆم باراک، پاڵپشتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بۆ حکومەتەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هێناوە.
بڕیارە ئەمڕۆ تۆم باراک بگاتە هەولێریش و لەگەڵ هەر یەکە لە سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت کۆببێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تۆم باراک لەگەڵ سەرکردایەتیی یەکێتییش کۆدەبێتەوە. سەرۆکی فراکسیۆنی رەوتی هەڵوێست لە پەرلەمانی عێراق گوتی، لە کۆبوونەوەکاندا باس لە هەندێک بابەتی وەک پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و رۆڵی هەرێمی کوردستان لە رۆژئاوای کوردستانیش دەکرێ.
''زەیدی بۆ چەکدانانی گرووپەکان بەڵێنی مانگی ئەیلوول بە ئەمریکا دەدات''
بڕیارە مانگی داهاتوو عەلی زەیدی سەردانی ئەمریکا بکات، پێشبینی دەکرێ پرسی چەکدانانی گرووپە چەکدارەکانیش یەکێک لە بابەتەکان بێت کە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی گەنگەشەی دەکەن. رێبوار کەریم دەڵێت: ''ئەمە وەڵامەکەی زەیدی دەبێ، دەستم بە پڕۆسەکە کردووە و لە کۆتایی ئەیلوول کۆتایی پێدەهێنرێت.''
بەگوتەی ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، تاوەکو مانگی ئەیلوول، زەیدی کاتی زۆری بەردەستە بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی چەکدانانی سەرجەم گرووپە چەکدارەکان.
''عێراق بۆ 2026 یاسای بودجەی نابێ''
سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە شەش مانگ و نیو لە ساڵی 2026 تێپەڕیوە، رێبوار کەریم بە دووری دەزانێت بۆ ئەم ساڵ یاسای بودجەی گشتی لە عێراق هەبێ، ''بێگومان هیچ ئاماژەیەک بۆ هەبوونی نییە. ئێمە کە لە لیژنەی دارایین، هێشتا سەرۆکایەتیی لیژنەکەمان بە تەواوی دیاری نەکراوە.''
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بە یەکلایینەبوونەوەی پۆستی چەند وەزارەتێکی عێراق کرد و گوتی، ''دەبێ ئەو وەزارەتانەش پڕ بکرێنەوە. خۆشیان [حکومەتی عێراق] دەزانن یاسای بودجە بۆ ئەمساڵ نییە، بەڵام نایانەوێت ئێمە باسی بکەین، بۆ ئەوەی ناڕەزایی و خۆپێشاندان دروست نەبێ.''
بەگوتەی رێبوار کەریم، نەبوونی یاسای بودجە خاڵێکی نەرێنییە، ''بەڵام ئەوەی پەیوەندیی بە ژیانی راستەوخۆی خەڵک هەیە، مووچە دابین دەکرێ و عێراق ناتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش نەنێرێت. ئەگەر بە قەرزکردنیش بێت، دابینی دەکات.''
هەولێر و بەغدا رێککەوتوون، مانگانە بەشێک لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان رادەستی عێراق بکرێ و نەوتیش لە رێگەی سۆمۆوە هەناردە بکەن، بۆ ئەوەی لە بەرامبەردا عێراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت. سەرۆکی فراکسیۆنی رەوتی هەڵوێست دەڵێت، ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەندی رێککەوتنەکە بێت، ئەوە ناردنی مووچە هیچ کێشەیەکی نابێت.
''دوای دەرچوونی یاسای بودجە کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەبێ''
بەگوتەی رێبوار کەریم، کاتێک گرفت بۆ مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت کە پەرلەمانی عێراق یاسای بودجەی داهاتوو دەربکات، ''چونکە ئەو کات پەرلەمان ناردنی بودجە [بۆ هەولێر] دەبەستێتەوە بە هەبوونی یاسای بودجە لە هەرێمی کوردستان کە 13 ساڵە نییەتی.''
زیاتر لە ساڵێک و نیوە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەت پێکنەهێنراوە، پەرلەمان تەنیا یەک دانیشتنی کردووە و نەیتوانیوە دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت. ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق گوتی، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان یاسای بودجەی هەبێ، پێویستە کابینەی دەیەمی حکومەت پێکبهێنرێت و پەرلەمان کارا بێت، کە بتوانێ یاساکە پەسند بکات.
زیاتر لە شەش مانگە، پارتی و یەکێتی، وەکو دوو سەرەکیترین پێکهێنەری کابینەی نۆیەمی حکومەت و خاوەن دوو گەورەترین فراکسیۆنیش لە خولی شەشەمی پەرلەمان کۆنەبوونەتەوە، ئەوەش ئاڵنگارییەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی قورستر کردوون.
رێبوار کەریم دەڵێت، بەهۆی رێکنەوتنی لایەنە سیاسییەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، ''گوشاری دەرەکی'' لایەنەکان رێکدەخاتەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق دەشڵێت، رێککەوتن لەنێوان یەکێتی و پارتی زۆر پێش کەوتووە و چووەتە قۆناخێکی زۆر باشتر، ''لەو ئاستەی کە لەسەر پۆستەکان و ئەو خاڵانەی کە کێشەیان لەسەر هەبوو، رێککەوتوون.''
رێبوار کەریم ئاماژەی بەوەش کرد، وەک رەوتی هەڵوێستی ئامادە نین بەشێک بن لە کابینەی داهاتوویی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ''پێمانوایە بەشداری لە حکومەت، بەشدارییەکی رواڵەتییە و ناتوانین تێیدا بڕیار بدەین.''


