رووداو دیجیتاڵ
دیوانی وەقفی سوننە و نووسینگەی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، یەکەم رۆژی مانگی موحەڕەم و سەری ساڵی نوێی کۆچیی (1448) بە جیاواز دیاری دەکەن؛ سوننە رۆژی سێشەممە و شیعە رۆژی چوارشەممەیان دەستنیشان کرد.
رۆژی دووشەممە، 15ی حوزەیرانی 2026، دیوانی وەقفی سوننە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی چەسپاندنی بینینی مانگ بەپێی بەڵگە شەرعییەکان، لیژنەی دیاریکردنی سەرەتای مانگە کۆچییەکان بڕیاریداوە سبەی سێشەممە، 16ی حوزەیرانی 2026، یەکەم رۆژی مانگی موحەڕەم و سەری ساڵی 1448ی کۆچی بێت.
دیوانی وەقفی سوننە هیوای خواستووە، ئەم ساڵە ببێتە ساڵی خێر و بەرەکەت و ئارامی بۆ گەلی عێراق بەتایبەتی و جیهانی ئیسلامی بەگشتی.
لەلایەکی دیکەوە، نووسینگەی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە رۆژی سێشەممە تەواوکەری مانگی زیلحیجەیە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سیستانی، رۆژی چوارشەممە، 17ی حوزەیرانی 2026، یەکەم رۆژی مانگی موحەڕەم و دەستپێکی ساڵی نوێی 1448ی کۆچییە.



