رووداو دیجیتاڵ
جگە لە هەرێمی کوردستان و ئوردن، هیچ وڵاتێک کارەبا ناداتە عێراق، ئەوە لە کاتێکدایە کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی لە پارێزگاکانی عێراق 8 بۆ 10 کاژێرە.
ئەحمەد عەبادی، گوتەبێژی پێشووی وەزارەتی کارەبا و شارەزای بواری وزە، رۆژی یەکشەممە، 14ی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێستا تەنیا لە ئوردنەوە کارەبا دەگاتە عێراق، ئەویش بڕەکەی کەمە و نزیکەی 50 مێگاواتە کە کارەبای قەزای روتبە و ناوچەکانی رۆژئاوای ئەنباری پێ دابین دەکرێ، لەکاتێکدا رێککەوتن هەیە ئوردن 150 مێگاوات کارەبا بداتە عێراق.
ئێران پێشتر لە رێگەی چوار هێڵەوە کارەبای دەدایە عێراق کە بڕەکەی 1000 بۆ 1200 مێگاوات بوو، بەڵام ئەحمەد عەبادی رایگەیاند: "زیاتر لە ساڵێکە ئەو چوار هێڵە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە بۆ سەر ئێران وەستاون. تەنیا ئێستا 20 ملیۆن مەتر سێجا گازی ئێرانی دەگات کە سووتەمەنی بۆ بەشێک لە وێستگەکانی کارەبا دابین دەکات و بەرهەمیان نزیکەی 4000 مێگاوات کارەبا دەبێت".
سەبارەت بە تورکیا، عەبادی کە بەم دواییە دەستلەکارکێشانەوەی لە گوتەبێژی وەزارەتەکە راگەیاند، گوتی، پێشتر 600 مێگاوات کارەبا لە تورکیاوە دەهات، بەڵام ماوەیەکە بەهۆی هەندێک کێشەوە، لەوانە پێنەدانی شایستە داراییەکان، ئەو کارەبایە وەستاوە.
سەبارەت بە وڵاتانی کەنداویش، بڕیارە عێراق بە تۆڕی کارەبای وڵاتانی کەنداوەوە ببەسترێتەوە و وڵاتانی کەنداو نزیکەی 600 مێگاوات کارەبا بۆ عێراق دابین بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو پرۆژەیە تەواو نەبووە و هێشتا کاری تێدا دەکرێ.
بەگوتەی ئەحمەد عەبادی، ئێستا تاکە شوێن جگە لە ئوردن کە عێراق کارەبای لێوە دابین دەکات، هەرێمی کوردستانە کە لە رێگەی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانەوە کارەبا دەکڕێ، کە ئێستا دەگاتە نزیکەی 500 مێگاوات لە رێگەی دوو هێڵی سەرەکییەوە. یەکەم: هێڵی فایدە کە نزیکەی 200 مێگاواتە، دووەم: هێڵی خورمەڵە کە ئەویش نزیکەی 200 مێگاواتە.
هەر لەو بارەیەوە سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 14ـی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "حکومەتی عێراق دەستی بە کڕینی کارەبا لە هەرێمی کوردستان کردووە و بڕیارەکەش کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە."
بەگوتەی ئەو بەرپرسە، "ئەو کارەبایە بۆ پارێزگاکانی کەرکووک بە پلەی یەک، پاشان نەینەوا، دیالە و سەلاحەدین دەبێ.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژی 4ی حوزەیرانی 2026 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، هەرێمی کوردستان ئامادەیی هەیە تاوەکو نزیکەی دوو هەزار مێگاوات کارەبا بداتە حکومەتی فیدراڵیی عێراق.
کاژێرەکانی کارەبا لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە، تەنانەت لەنێو یەک پارێزگایشدا لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەگۆڕدرێ. ئێستا لە پارێزگاکانی بەغدا، نەجەف، کەربەلا، موسەننا و دیوانییە 8 بۆ 10 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە، تەنیا بەسرە نەبێت کە 16 بۆ 18 کاژێر کارەبای نیشتمانیی پێ دەدرێ. ئەوی دیکە لە رێگەی مۆلیدە ئەهلییەکانەوە دابین دەکرێت.
ئەحمەد عەبادی، پێشبینیی هاوینێکی سەخت و دژواری کرد و گوتی: "بەرهەمی ئێستای کارەبا 21 هەزار و 500 مێگاواتە، لەکاتێکدا عێراق بۆ هاوین پێویستی بە 62 هەزار مێگاوات کارەبایە، بەم شێوەیە نزیکەی 40 هەزار مێگاوات کارەبا کورتهێنانی دەبێت."
لە کۆبوونەوەی رۆژی شەممە، 13ی حوزەیرانی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تاوتوێی دۆخی کارەبای کرد و بڕیاردرا هەوڵەکان بۆ دابینکردنی خواستی زۆری سەر وزەی کارەبا لە وەرزی هاویندا زیاد بکرێن و سووتەمەنیی بێبەرامبەر بۆ مۆلیدە ئەهلییەکان دابین بکرێ، بۆ ئەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا بە خەڵک زیاد بکەن.
وەزارەتی کارەبای عێراق، درەنگانی شەوی رابردوو، 13 ی حوزەیرانی 2026، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "بەرهەمهێنانی ئێستای وزەی کارەبا نزیکەی 22 هەزار مێگاواتە. پشکی پارێزگاکان لەسەر بنەمای بەرهەمهێنانی پوخت و دوای دەرکردنی ئەو کارەبایەی بۆ شوێنەکانی وەک نەخۆشخانە حکومییەکان، وێستگەکانی ئاو دەچێت، دیاری دەکرێ."



