رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق کۆدەبێتەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی داهات، مووچە و چاپکردنی پارەی نوێ.
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا لیژنەکەیان کۆبوونەوەیەک لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی فیدراڵ و عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی لەبارەی پرسە داراییەکان بکەن، کۆبوونەوەکەش لەسەر پێشنیازی لیژنەکەیان بووە.
لە یەکی حوزەیرانەوە عودەی عەواد بە کاتی وەک سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دیاریکراوە، تاوەکو ئەو کاتەی لیژنەکە سەرۆک و دوو جێگر هەڵدەبژێرێت.
جەمال کۆچەر رایگەیاند، بڕیارە لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی چەند پرسێکی دارایی بکرێت، لەوانە داهات و پارەی مووچە و چاپکردنی پارەی نوێ.
بەهۆی جەنگی ئێران و ئەمریکا، گواستنەوەی نەوتیی عێراق لە رێگەی تەنگەی هورمز کێشەی بۆ دروست بووە، کە 90٪ی نەوتی عێراق بەو تەنگەیەدا هەناردە دەکرێت، ئەمەش کێشەی بۆ داهاتی عێراق دروست کردووە.



.png&w=3840&q=75)
