رووداو دیجیتاڵ
ئەبو جەننە، تیکتۆکەر و خاوەنی چێشتخانە لە شاری مووسڵ بە کەفالەت ئازاد کرا . ئەبو جەننە، بە چەند تۆمەتێک دەستگیرکرابوو کە قورسترینیان سپیکردنەوەی پارە بوو، بەڵام هێشتا تۆمەتی هەڵخەڵەتاندنی لەسەر ماوە.
پێنجشەممە 11ی حوزەیرانی 2026، محەممەد کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەبو جەننە ئەمڕۆ لە لایەن دادگاوە بە کەفالەت بڕیاری ئازادکردنی دراوە و هەر ئەمڕۆش ئازادکراوە."
ئەو تیکتۆکەرە ڕۆژی 31ی ئایاری 2026 لەلایەن هێزێکی سەر بە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە دەستگیرکرا، ئەو کات چەند تۆمەتێکی ئاراستەکرا لەوانە سپیکردنەوەی پارە، هەڵخەڵەتاندن و گومان لەسەر سەرچاوەی داهاتەکەی.
محەممەد کاکەیی ایگەیاند: لە دوای ئازادکردنی ئەبو جەننە، یەک تۆمەتی لەسەر ماوە کە تایبەتە بە هەڵخەڵەتاندنی هاووڵاتییان.
عەبدولڕەحمان محەممەد، ناسراو بە "ئەبو جەننە"، لەگەڵ ئەوەی خاوەنی چێشتخانەیەکی تایبەت بە ماسی برژاوە لە مووسڵ، لە تیکتۆکەوە ریکلامی بۆ جۆرە خواردنەوەیەکی وزەبەخش دەکرد بە ناوی "فۆڕ یوو"، بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە لەنێو قووتووی ئەو
خواردنەوەیەدا خەڵات هەیە بۆ ئەو کەسانەی کە دەیکڕن، کە 10 ئۆتۆمبێلی جۆری تاهۆ و 250 ئامێری تەلەفۆنی ئایفۆنە.
لە دوای دەستگیرکردنی ئەبو جەننە، وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئەو خواردنەوەیەشی قەدەخەکرد بە پاساوی ئەوەی مۆڵەتی فەرمیی لە وەزارەتی پیشەسازی نییە.



.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)