رووداو دیجیتاڵ
چوارچێوەی هاوئاهەنگی پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ حکومەتەکەی عەلی زەیدی دووپات دەکاتەوە و دەڵێت، پێویستە پەلە بکرێت لە تەواوکردنی کابینەی حکومەت و جێبەجێکردنی چاکسازییە ئابوورییەکان.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کە شەوی رابردوو کۆبوونەوەیان لە نووسینگەی عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە، بە ئامادەبوونی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامداوە. بەپێی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوورییەکانی وڵات تاوتوێ کراون.
لە کۆبوونەوەکەدا، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دیدگەیەکی گشتگیری بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری وڵات خستووەتەڕوو. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەو پێشنیازانە دەربڕیوە، "بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا و کاراکردنی یاساکانی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت."
بەشداربوانی کۆبوونەوەکە رێککەوتن لەسەر ئامادەکردنی "کاخەزێکی نیشتمانی" بەناوی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کە گرنگترین پرسە نیشتمانییەکان لەخۆبگرێت، تاوەکو لە (هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت) دا گفتوگۆی لەسەر بکرێت و بڕیاری کۆتایی لێ بدرێت.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لایەنە سیاسییەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی جەختیان کردەوە، کە هەموو هێزە سیاسییەکان لە پەرلەمان، لە کایەی سیاسی و لە رووی میدیاییەوە لە پشت حکومەتن بۆ سەرخستنی بەرنامە چاکسازییەکەی."
هەروەها هەموو ئەندامانی چوارچێوەکە هاوڕابوون لەسەر "پێویستی پەلەکردن لە تەواوکردنی کابینەی وزاری لە نزیکترین کاتدا، بە مەبەستی راپەڕاندنی کارەکانی حکومەت بە شێوەیەکی باشتر."
.jpg&w=3840&q=75)


