رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ، ئێستا بەرهەمهێنانی نەوت رۆژانە 1.5 ملیۆن بەرمیلە و بەگوێرەی بڕیارێکی ئۆپێک پڵەسیش بەرهەمهێنانی نەوتى وڵاتانى ئەو گرووپە لە مانگى تەممووزەوە رۆژانە 188 هەزار بەرمیل زیاد دەکات کە پشکی عێراق لەو زیادکردنە 26 هەزار بەرمیل دەبێ.
سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەرهەمهێنانی ئێستای عێراق و هەرێمی کوردستان نزیکەی 1.5 ملیۆن بەرمیلە لە رۆژێکدا".
بەر لە هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28-2-2026، عێراق رۆژانە زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا و لەو بڕە زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیلی لێ هەناردە دەکرد.
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەی 7ی حوزەیرانی گرووپى ئۆپێک پڵەسدا بڕیاردرا کە لە مانگی تەممووزەوە بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 188 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد بکرێ و پشکی عێراقیش لەو زیادکردنە 26 هەزار بەرمیلی رۆژانە دەبێ، بەڵام ئەستەمە جێبەجێ بکرێ یان سوودی لێ ببینرێ بەهۆی دۆخی ئێستای ناوچەکە".
کۆبوونەوەى گرووپى ئۆپێک پڵەس، 7ى حوزەیران بەڕێوەچوو و تێیدا بڕیاردرا کە بەرهەمهێنانى نەوت زیاد بکەن بۆ پڕکردنەوەى پێداویستى بازاڕ بە نەوت. زۆرترین بڕى بەرهەمهێنان لە پشکى سعودیە دەبێت کە 10 هەزار و 353 بەرمیلى رۆژانە دەبێ.
دۆخی جەنگ لە ناوچەکە وایکردووە کە کێشە بۆ هاتووچۆی کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوت لە تەنگەی هورمز دروست بێت، کە رێڕەوی هەناردەی زیاتر لە 90%ی نەوتی عێراقە.
.jpg&w=3840&q=75)



