رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، جیاوازیی بنەڕەتی هەیە لەنێوان چاپکردنی دراو لەگەڵ فرۆشتنی قەواڵە و دەڵێت: کارى بنەڕەتیی بانکەکە بەڕێوەبردنی سیاسەتی نەختینەیی و پاراستنی سەقامگیریی بەهاکەیەتى، نەک پارەدارکردنی خەرجیی گشتی.
رۆژی یەکشەممە، 7ی حوزەیران 2026، بانکی ناوەندیی عێراق روونکردنەوەیەکی لەبارەی دەنگۆی چاپکردنی پارەی نوێ و پارەدارکردنی خەرجیی گشتی بڵاوکردەوە.
بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، لە رووی تەکنیکی و ئابوورییەوە جیاوازییەکی بنەڕەتیی هەیە لەنێوان "داشکاندنی حەواڵەکانی گەنجینە" لەگەڵ چاپکردنی دراو. داشکاندنی حەواڵەکانی گەنجینە، بە شێوەیەکی کاتی نەختینە دابین دەکات وەک ئامرازێکی پێدانی قەرز کە دواتر دەگەڕێنرێتەوە. ئەم ئامرازە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ناسراوە و بانکە نێودەوڵەتییەکان پەنای بۆ دەبەن.
حەواڵەی گەنجینە بەشێوەی قەواڵەی داراییە کە بۆ ماوەیەکی کورتخایەن لەلایەن دەوڵەتەوە دەفرۆشرێت لەبەرامبەر رێژەیەک سوو. ئەو هەنگاوە بۆ ئەوەیە حکومەت نەختینەیی زیاتری لە هاوڵاتییان و بانکەکان دەستبکەوێت کە ئەو قەواڵانە دەکڕنەوە.
بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاندووە، چاپکردنی دراو، بریتییە لە پرۆسەی دروستکردنی پارەی نوێ بەبێ بەرامبەر کە بەشێوەیەکی راستەوخۆ دەچێتە نێو ئابوورییەوە. ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی هەڵاوسانی راستەوخۆ و کەمکردنەوەی بەهای دینار و ناتوانرێت رابکێشرێتەوە. ئەم پرۆسەیە بە نەختینەیی هەمیشەیی ناسراوە کە بەگوێرەی یاسای بانکی ناوەندی رێگەپێنەدراوە.
بەگوێرەی یاسای بانکی ناوەندیی عێراق کە لە ساڵی 2004 دەرچووە، تەنیا ئەو بانکە مافی ئەوەی هەیە کە دراوی کاخەز یان ئاسن دەربکات و جێگرەوەی قەواڵەی دارایی یان هەر بەڵگەنامەیەکی بازرگانی دیکە ناگرێتەوە.
بانکی ناوەندی رایگەیاند، رۆڵی بنەڕەتی بەڕێوەبردنی سیاسەتی نەختینەیی و پاراستنی سەقامگیری و بەهاکەیەتی لەپاڵ پاراستنی سیستمی دارایی. بانکەکە کەناڵێکى هەمیشەیی نییە بۆ پارەدارکردنی خەرجیی گشتی، هەروەها پەنابردن بۆ هەر ئامرازێکی دارایی و نەختینەیی لە دۆخێکی تایبەتدا بەشێوەیەکی رێکخراو و بەپێی میکانیزمی تایبەت دەکرێت، بەو مەرجەی نەبێتە هۆی هەڵاوسان و زیانگەیاندن بە توانای کڕینی هاووڵاتییان.
ئەو بانکە رایگەیاندووە، بەردەوامە لە ستراتیژیەتی خۆی بۆ پاڵپشتیی دیناری عێراقی و پاراستنی سەقامگیریی ئابووری و نەختینەیی. هەروەها ناساندنی هەندێک لە بڕیارەکانیان بەوەی مەترسیدارە بە "ورد نەبوون و ناشارەزایی" وەسف کرد.
.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)