رووداو دیجیتاڵ
رێککەوتنی تایبەت بە گواستنەوەی نەوتی عێراق و تورکیا تەنیا 20 رۆژی ماوە. وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ، تیمێکیان بۆ تاوتوێکردنی رەشنووسی رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ تورکیا پێکهێناوە و کۆبوونەوەکانی هەردوولا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی بەردەوامن.
رۆژی یەکشەممە 7ی حوزەیرانی 2026، سەلیم فەرهود روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کارکردن لەسەر رێککەوتنێکی نوێ بەردەوامە. تیمێک لە وەزارەتی نەوت بۆ تاوتوێکردنی رەشنووسی رێککەوتننامەکە پێکهێندراوە."
سەلیم فەرهود روکابی گوتیشی: "بۆ گەیشتن بە رەشنووسێکی هاوبەش و واژۆکردنی رێککەوتنی نوێ، کۆبوونەوەی دووقۆڵی لەنێوان هەردوو لایەنی عێراقی و تورکیا بەڕێوەچووە و بڕیاریشە لەو بارەیەوە کۆبوونەوەی دیکە بکرێ."
لە 27ی تەممووزی 2026ـەوە رێککەوتنی تایبەت بە نەوتی نێوان عێراق و تورکیا کۆتایی دێ. گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی: " تاوەکو ئەو وادەیە کۆدەبینەوە و رێکدەکەوین".
رۆژی 21ی تەممووزی 2025 لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیادا بڕیارێکی سەرۆکایەتی بڵاوکرایەوە کە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە واژۆ کرابوو.
بەگوێرەی بڕیارەکە، ئەو رێککەوتننامەیەی ساڵی 1973 لەنێوان هەردوو وڵات واژۆ کرابوو و ساڵی 1975 چووە واری جێبەجێکردنەوە، لەگەڵ تەواوی پرۆتۆکۆڵ و یاداشتەکانی، لە رۆژی 27ی تەممووزی 2026 کۆتایی دێت.

.png&w=3840&q=75)

