رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق دەڵێ، سەرەڕای دروستکردنی هەزاران کیلۆمەتر رێگە و پردی نوێ، هێشتا عێراق پێویستی بە فراوانکردن و نۆژەنکردنەوەی پێنج هەزار کیلۆمەتر رێگەی دیکەیە بۆ ئەوەی بەرگەی ئەو زیادبوونە زۆرەی ئۆتۆمبێل بگرێ کە بەهۆی زیادبوونی دانیشتووانەوە دروستبووە.
رۆژی شەممە، 6ی حوزەیرانی 2026، نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ئەوەی بانکی جیهانی رەزامەندی لەسەر دابینکردنی بودجەیەک بۆ پڕۆژەکانی رێگەوبان دەربڕی، وەزارەتەکەی کارەکانی بۆ چاککردنی ژێرخانی گواستنەوەی نێوان پارێزگاکان چڕدەکاتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێ: "لە سێ ساڵی رابردوودا زیاتر لە 1000 کیلۆمەتر رێگەی خێرای نوێ دروستکراوە، 1400 کیلۆمەتر رێگە نۆژەنکراوەتەوە، 49 پرد بە درێژیی زیاتر لە 40 کیلۆمەتر دروستکراون، لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی 43 پردی کۆن بە درێژیی نزیکەی 30 کیلۆمەتر."
نەبیل سەفار ئاماژەی بەوە کرد کە "زۆربەی رێگە سەرەکییەکانی نێوان پارێزگاکان کۆنن و ئەمەش لەگەڵ قەبارەی ئێستای چڕیی هاتووچۆ ناگونجێت؛" گوتیشی: "پێویستمان بە دروستکردنی رێگەی نوێ نییە، بەڵکو پێویستمان بە نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی رێگە کۆنەکانە کە بە نزیکەی 5000 کیلۆمەتر رێگە مەزەندە دەکرێ."
سەبارەت بە پڕۆژە ستراتیژییەکانی بەغدا، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە باسی لەوەکرد کە یەکێک لە تەوەری لێکتێگەیشتنەکان لەگەڵ بانکی جیهانی، تەواوکردنی (رێگەی پشتێنەیی چوارەم)ـی بەغدایە. نەبیل سەفار گوتی: "وەزارەت لە قۆناخی کۆتایی تەواوکردنی دیزاینەکان و دابینکردنی بودجەی پێویستە بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە گرنگە بکرێ."
دوێنێ هەینی 5ی حوزەیرانی 2026، بانکی جیهانی رایگەیاند، 900 ملیۆن دۆلاری بۆ باشترکردنی کەرتی رێگەوبان و پردەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان تەرخان کردووە.



.png&w=3840&q=75)
