رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای عێراق هەڵمەتێکی بەرفراوان بۆ لابردنی سەرپێچییەکانی سەر تۆڕی نیشتمانی دەستپێدەکات و دەڵێ، زیاتر لە نیوەی کارەبای بەرهەمهێندراو بەهۆی سەرپێچی و کێشەی تەکنیکییەوە بەفیڕۆدەچێ.
رۆژی هەینی، 5ـی حوزەیرانی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی کارەبای عێراق بڵاویکردەوە، عەلی سەعدی وەهیب، وەزیری کارەبا، خالید عەتیە، بریکاری وەزیری بۆ کاروباری گواستنەوە و دابەشکردن راسپاردووە بۆ ئەوەی راستەوخۆ سەرپەرشتی هەڵمەتی لابردنی سەرپێچییەکان لە سەرجەم پارێزگاکان بکات.
وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێ: "بەرهەمهێنانی کارەبا نزیکەی 20 هەزار مێگاواتە کە لە بەرامبەردا پێویستیی راستەقینە زیاتر لە 62 هەزار مێگاواتە."
بەگوێرەی وەزارەتەکە، "زیاتر لە 55%"ی کارەبا بەهۆی سەرپێچییەکانەوە بەفیڕۆ دەچێت.
بەوپێیەی خواست سێ هێندەی بەرهەمهێنانە، وەزارەتی کارەبا رایگەیاندووە، "لابردنی سەرپێچییەکان تەنیا رێگەیە بۆ کەمکردنەوەی گوشار لەسەر تۆڕی نیشتمانی و زیادکردنی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان."
وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژە بەوە دەکات، لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەم دواییەی ناوچەکە، عێراق نزیکەی حەوت هەزار مێگاوات کارەبای لەدەستداوە، ئەوەش قەیرانەکەی قووڵتر کردووەتەوە و بووەتەهۆی کەمبوونەوەی کاژێرەکانی کارەبای ماڵان.
لە راگەیێندراوەکەدا وەزارەتی کارەبای عێراق داوا لە هاووڵاتیان دەکات هاوکاری تیمە تەکنیکییەکان بن بۆ لابردنی سەرپێچییەکان؛ هەروەها داوا دەکات کە رێکارەکان بۆ "بەستنی پێوەری کارەبا بۆ هەموو ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان، پاکتاوکردنی قەرزی کارەبا و پێدانی پارەی مانگانە و پابەندبوون بە رێنماییە یاساییەکان بۆ پاراستنی سەقامگیریی سیستمەکە" تووندوتۆڵتر بکرێن.




