رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت بۆ دڵنیاکردنەوەی کۆمپانیاکان بووە لەبارەى رەخساندنی ژینگەیەکی کاری لەبار لە عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان رادەستپێردرێن بەربەستەکانی بەردەم کۆمپانیاکانی نەوتی لە هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 4ی حوزەیرانی 2026، باسم محەممەد عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق لە راگەیێنراوێکدا باسی لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانى عێراق و نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت کرد کە 3ی حوزەیران لە بەغدا ئەنجامدرا.
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند: "کۆبوونەوەکە بۆ ئەوە بوو کۆمپانیاکانی نەوت دڵنیا بکرێنەوە لەبارەی فەراهەمکردنی ژینگەیەکی کاری لەبار لە عێراق و، سەرۆکوەزیران هانی دان دەستبەجێ دەست بە بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت بکەنەوە."
ئەو کۆبوونەوەیەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ نوێنەرانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی کەرتی نەوت بۆ ئەوە بوو کە بەرهەمهێنانی نەوت دەستپێبکرێتەوە کە بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران راگیرابوو.
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چەند بەربەستێک کراوە کە لەبەردەم کۆمپانیاکانن و سەرۆکوەزیران بەڵێنی دا کە لایەنە پەیوەندیدارەکان رابسپێرێت بۆ تاوتوێکردنی و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆیان.
پاش دەستپێکردنی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتەوە، کێشە بۆ هەناردەی نەوتی عێراق لە رێگەی تەنگەی هورمز دروست بووە، ئێستا زۆربەی نەوتەکەی لە رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردە دەکات.




