رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای گشتیی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە وەزارەتی نەوتی عێراق رادەگەیێنێت، بەکاربردنی رۆژانەی بەنزین لە وڵاتدا بۆ 34.5 ملیۆن لیتر بەرزبووەتەوە، کە ئاستێکی پێوانەییە و هەموو ئاستەکانی پێشووی تێپەڕاندووە.
رافد سادق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمپانیای گشتیی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە وەزارەتی نەوتی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 4ـی ئایاری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''رووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە و کشانەوەی کۆمپانیا بیانییەکانی سەرپەرشتیاری یەکەی (FCC) لە پاڵاوگەکانی باشوور بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە، بووەتە هۆی لەدەستدانی 4 بۆ 5 ملیۆن لیتر لە بەنزینی نمرە یەکی ئۆکتان بەرز.''
رافد سادق، ئاماژەی بەوەش کرد کە رۆژی چوارشەممە بەکاربردن گەیشتووەتە 34.5 ملیۆن لیتر، لە کاتێکدا ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی لەنێوان 30 بۆ 31 ملیۆن لیترە، ئەمەش کورتهێنانێکی 4 بۆ نزیکەی 5 ملیۆن لیتری رۆژانەی دروستکردووە.
بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، بە گوتەی رافد سادق، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری داوە بەنزین هاوردە بکرێت و چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا بگات. راشیگەیاند، ''ئەمە گرفتێکی کاتییە و چارەسەر دەبێت. هەروەها فەرمان کراوە بەشێک لە وێستگە حکومییەکان 24 کاژێر کار بکەن.''
چەند رۆژێکە قەرەباڵخییەکی زۆر لەبەردەم بەنزینخانەکان دروست بووە. سەبارەت بە هۆکاری قەیرانەکە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان گوتی، ''هاتنی جەژنەکان، گەشتی هاووڵاتییان بۆ شوێنە پیرۆزەکان و گەشتکردنی خەڵکی نێوەڕاست و باشووری عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، پاڵەپەستۆی لەسەر وێستگەکانی سووتەمەنی دروستکردووە.''



