رووداو دیجیتاڵ
دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخی دووەم لە بەغدا، بڕی سێ ملیار دیناری لە دۆسیەیەکی گەندەڵی دارایی و کارگێڕیدا گەڕاندەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت. ئەنجوومەنی باڵای دادوەریش دەڵێت، رێکارەکان دژی سەرپێچیکاران بەردەوام دەبن.
رۆژی دووشەممە 1ـی حوزەیرانی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخی دووەم بڕی سێ ملیار دیناری عێراقیی گەڕاندووەتەوە، کە ئەو بڕە پارەیە وەک داهاتی دۆسیەیەکی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی هەژمار کراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، پرۆسەی گێڕانەوەی ئەو بڕە پارە زەبەلاحە "بە هەوڵێکی چڕ و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی دادوەری یەکەمی دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخی دووەم کراوە".
ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندایە بۆ پاراستنی سامانی گشتی و گێڕانەوەی ئەو پارانەی بە نایاسایی براون.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، رێکارە یاساییەکان دژی هەموو ئەو کەسانە بەردەوام دەبن کە بە رێگەی نایاسایی هەوڵی بەدەستهێنانی قازانج و زیانگەیاندن بە ماڵی گشتی دەدەن، ئەوەش لەپێناو "رێگریکردن لە هەر جۆرە بەهەدەردانێکی سامانی وڵات."
ئەم بڕیار و هەنگاوەی دادگەی کەرخ لە کاتێکدایە، لەم دواییانەدا دامەزراوە دادوەرییەکانی عێراق رێکارەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تووندتر کردووە و چەندین دۆسیەی گەورەی گەندەڵییان جووڵاندووە بە مەبەستی گێڕانەوەی سەدان ملیار دینار بۆ گەنجینەی گشتی.
