رووداو-هەولێر
کۆریای باشوور بە بەهای یەک ملیۆن دۆلار هاوکاریی عێراق دەکات بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی پڕۆگرامی خۆراکی جیهانیدا یارمەتی کشتوکاڵ لەو ناوچانەی بدات کە بەر کاریگەریی گۆڕانەکانی کەشوهەوا کەوتوون.
رۆژی دووشەممە، 12ـی ئەیلوولی 2022، پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی WFP، لە راگەیێندراوێکدا پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی کۆریای باشوور کرد و گوتی، هاوکارییەکە بۆ ناوچەکانی بەخوێبووی باشووری عێراق خەرج دەکرێت.
پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی دەشڵێت، بەو هاوکارییەی کۆریای باشوور، یارمەتیی نزیکەی چوار هەزار جووتیار و خێزانەکانیان دەدەن بۆ ئەوەی ئاویان دەستبکەوێت. ئەوەش وەکو خۆی دەڵێت، بە سەرنجخستنەسەر رێگەی زیرەکی کشتوکاڵکردنی وەکو پەمپی ئاو کە بە وزەی خۆر کاردەکات و چاندن لەنێو ئاودا بەبێ بەکارهێنانی خاک بۆ ئەوەی خۆیان لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بپارێزن و ئاسایشی خۆراکیان فەراهەم بکەن.
سەنگ سوو چۆی، باڵیۆزی کۆریای باشوور لە عێراق لەو بارەیەوە دەڵێت: "حکومەتی کۆماریی کۆریا [کۆریای باشوور] لە چەند دەیەی رابردوودا پابەند بووە بە هاوکاریکردنی عێراق و گەلەکەی." دەشڵێت، هاوکارییەکە بۆ خوارووی عێراق دابین دەکرێت کە "کۆمپانیاکانمان لەوێ بە بونیاتنانی ژێرخان، هاوکاریی کۆمەڵگەکانیان دەکەن".
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق پێنجەم زیانبەرکەوتووترین وڵاتە کە بەر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کەوتووە، بەجۆرێک رووبەڕووی وشکەساڵییەک بووەتەوە لە 40 ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە. ئەوەش وەکو پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی دەڵێت، بووەتە هۆی بەهەڵمبوونی ئاو کە سەریناوەتە بێپیتبوونی خاکەکەی بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی خوێ.



