رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئەمریکا داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات هاووڵاتییەکانیان لە کەمپی هۆل-ی رۆژئاوای کودستان بگەڕێننەوە. دەشڵێت، مانگانە 700 عێراقی کە پەیوەندییان لەگەڵ داعش هەبووە لە کەمپی هۆلەوە دەگەڕێندرێنەوە وڵاتەکەیان.
رۆژی دووشەممە، 12ی ئەیلوولی 2022 ژەنەراڵ مایکڵ کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە عەمانی پایتەختی ئوردن بە رۆژنامەڤانانی گوت، ئەمریکا هانی هەموو وڵاتانی جیهان دەدات بۆئەوەی "هاووڵاتیانیان بگەڕێننەوە، لە وڵاتەکانیان نیشتەجێیان بکەنەوە و تێکەڵ بە کۆمەڵگەیان بکەنەوە."
نزیکەی 56 هەزار کەس لە کەمپی هۆل دەمێننەوە کە زۆربەیان خەڵکی عێراق و سووریان، بەڵام لەنێویاندا نزیکەی 10 هەزار کەسیان ژن و منداڵی چەکدارانی داعشن و بە رەچەڵەک لە دەرەوەی ئەو دوو وڵاتەن.
کوریلا ئاشکرای کرد، مانگانە 700 کەسی عێراقی کە پەیوەندییان لەگەڵ داعش هەبووە لە کەمپی هۆلەوە دەگەڕێندرێنەوە وڵاتەکەیان. گوتیشی، چوار ساڵی پێویستە بۆئەوەی هەموو "هاووڵاتییە عێراقییەکان" بگەڕێندرێنەوە. داواش دەکات، پرۆسەی گەڕاندنەوەکە خێراتر بکرێت، بۆ ئەوەش بەرپرسانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق کار دەکەن بۆئەوەی پرۆسەکە تەواو بکەن.
هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان بەردەوام داوا لە وڵاتان دەکەن بۆئەوەی هاووڵاتییانیان بگەڕێننەوە. هەرچەندە نەتەوە یەکگرتووەکانیش هەمان داوای لە وڵاتان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە شێوەیەکی بەرچاو وڵاتان نەچوون بەدەم داواکەیانەوە. ئەوەش لەبەر ئەوەی کە وەکو خۆیان دەڵێن، ترسیان لەوە هەیە، ئەو کەسانە ببنە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نیشتمانییان.
ژن و منداڵەکانی چەکدارە داعشە بیانییەکان لە کەمپی هۆل جیاکراونەتەوە و لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدەوە چاودێری دەکرێن. ئەوەش بۆئەوەی وەکو خۆیان دەڵێن، "بەشێکی زۆریان" هێشتا رادیکاڵن و کێشە بۆ دانیشتووانی دیکەی کەمپەکە دروستدەکەن.
لەوبارەیەوە، کوریلا باسی لەوە کرد، "دەبێت بە سۆزەوە تەماشای ئەم پرسە بکەین، چونکە هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ ئەمە نییە". جەختی لەوەش کردەوە، تاکە چارەسەر گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەیە لەلایەن وڵاتەکانیانەوە.
کوریلا پێیوایە تاوەک ئێستاش "50%ی دانیشتووانی کەمپی هۆل بڕوایان بە ئایدۆلۆژیای داعش هەیە و 50%ی دیکەش ئەوانەن کە هیچ جێگەیەکی دیکەیان نییە بۆی بچن و دەیانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان."
ئەوەش لەکاتێکدایە کە لە ئەمساڵدا چەند رووداوێکی تووندوتیژی لە کەمپەکەدا روویاندا. بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆتایی مانگی ئابدا، 26 کەس لەنێو کەمپەکەدا کوژراون. بەشێکی وڵاتان دەستیانکردووە بە گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانیان، بەڵام پرۆسەکە بە شێوەیەکی خاو بەڕێوەدەچێت.
لە کۆتایی مانگی تەممووزدا، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر 146 ژن و منداڵی داعشی رادەستی تاجیکستان کردەوە. لە سەرەتای مانگی تەممووزدا، فەرەنسا 51 ژن و منداڵی گەڕاندەوە و کۆی گشتیی ژمارەی گەڕێندراوەکانی گەیاندە 161 کەس.
لە مانگی رابردوودا، هێزەکانی هەسەدە و یەپەگە ئۆپەراسیۆنێکیان بۆسەر کەمپی هۆل دەستپێکرد و ژمارەیەک ئەندامی داعشیان دەستبەسەر کرد. هەفتەی رابردووش هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش رایگەیاند، دەیان گومانلێکراوی داعش لەو ئۆپەراسیۆنانەدا دەستبەسەر کراون.



