رووداو- هەولێر
ئەندامێکی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە دەڵێت، هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ بەربژێری وەزارەتەکان نییە کە بڕیارە ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق دەنگیان لەسەر بدرێت.
ئەمڕۆ شەممە 6-6-2020 پەرلەمانی عێراق لەسەر هەندێک پرس کۆدەبێتەوە، یەکێک لە تەوەرەکان دەنگدانە بە حەوت بەربژێری ئەو وەزارەتانەی پڕنەکراونەتەوە، کە دوو پۆستیان بۆ کوردە، ئەوانیش پۆستی وەزارەتی دەرەوە و دادن.
رەحیم عەبوودی، ئەندامی دەستەی گشتی رەوتی حیکمە لە میانی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی کاژێر 10ی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی هەڵوێستیان لەسەر ئەو بەربژێرانە گوتی "لەسەر بەربژێرەکان هیچ کێشەیەکمان نییە، بەو مەرجەی سەرجەم لایەنەکان کۆدەنگ بن لەسەریان و بەرژەوەندی گەلی عێراق رەچاو بکەن".
سەبارەت بە وەزارەتی نەوت کە ماوەیەک پێش ئێستا کێشە هەبوو بۆ دیاریکردنی بەربژێریک بۆ ئەو پۆستە و ئێستا دراوەتە کەسێک کە خەڵکی بەسرەیە، عەبوودی دەڵێت: رەوتی حیکمە هیچ گلەییەکی لە دیاریکردنی ئەو بەربژێرە نییە، ئەگەر بتوانێت لەگەڵ پرسی نەوت و کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی عێراق خۆی بگونجێنێت.
ئەندامەکەی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە لەبارەی کۆبوونەوەکەی دوو رۆژ پێش ئێستای نوێنەرانی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان لە ماڵی عەمار حەکیم گوتی، کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە و تێیدا دۆخی عێراق و هاوئاهەنگی و یەکدەنگی لایەنە شیعەکان لەبارەی پرسی دەنگدان بە بەربژێرانی کابینەکەی مستەفا کازمی تاوتوێکراوە.
رەحیم عەبوودی هەروەها هۆشداریی دایە سەرۆکوەزیرانی عێراق کە مەرج نییە تاوەکو کۆتایی کابینەکەی پاڵپشتیی لێبکەن و گوتی: "ئەگەر مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە پێچەوانەی ئاراستەکانی هەنگاو بنێت ئەوا دوور نییە لەم کابینە نوێیەدا ببینە ئۆپۆزیسیۆن".
هەروەها د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە میانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی سەنگەر عەبدولڕەحمان، لەبارەی دانیشتنی پەرلەمان عێراق بە مەبەستی تەواوکردنی کابینە وەزارییەکەی مستەفا کازمی رایگەیاند: "تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە ئارادا نییە، خاڵی یەکەمی متمانەدانە بەو 7 بەربژێرەی لەلایەن حکومەتی کازمییەوە پێشکەشی پەرلەمان کراوە، چاوەڕوان دەکرێت هەموویان متمانەیان پێبدرێت".
سەبارەت بەوەی چۆن پێشبینی دەکات هەر 7 بەربژێرەکە دەنگی پێویست بەدەستبهێنن، بەشیر حەداد گوتی: "بەو پێیەی رێککەوتنی سیاسی لەنێوان لایەنەکاندا تا راددەیەکی باش کراوە، رێککەوتنێکی مەبەدئی هەیە لەسەر تێپەڕاندنی ئەو وەزارەتانەی کە ماون. گڵۆپی سەوز لە سەرجەم لایەنەکان هەڵکراوە".
لەبارەی دوو بەربژێرە کوردەکەشەوە کە فوئاد حوسێن و حاکم سالار عەبدولستارین، بەشیر حەداد گوتی: "ئومێدمان ئەوەیە بەربژێری هەردوو وەزارەتی دەرەوەو داد متمانەیان پێبدرێت، گەشبینین بەوەی ئەمڕۆ هەردووکیان متمانەیان پێدەدرێت".
داڕشتنەوە؛ عومەر شایان