کوردیKURDÎENGLISHTÜRKÇEعربي
Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکاندیاسپۆرا
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
راستەوخۆ
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

هەڤپەیڤین

حاکم رزگار: نەدەبوو دادگەی فیدراڵ بەو پەلەییە بڕیاردەربکات و کاری ئەویش نەبوو داواکەی سەرۆکوەزیران ببینێت

رووداو دیجیتاڵ

رووداو دیجیتاڵ

26-11-2026
گوێبگرە
0:00
0:00
قەبارەی دەق
رووداو دیجیتاڵ

رووداو دیجیتاڵ

26-11-2026

بابەتی پەیوەندیدار

زەهرا کازم سەدر: کێشەکانی بەغدا و هەولێر بە سازش و گفتوگۆ چارەسەردەکرێن
هەڤپەیڤین26-11-2026

زەهرا کازم سەدر: کێشەکانی بەغدا و هەولێر بە سازش و گفتوگۆ چارەسەردەکرێن

شارەزایەکی دەستووری: بەشێکی بڕیارەکانی بەغدا دژی هەرێمی کوردستان نادەستوورین
هەڤپەیڤین25-11-2026

شارەزایەکی دەستووری: بەشێکی بڕیارەکانی بەغدا دژی هەرێمی کوردستان نادەستوورین

ئاوات شێخ جەناب: مەترسییەکی گەورە لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە
هەڤپەیڤین24-11-2026

ئاوات شێخ جەناب: مەترسییەکی گەورە لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە

رووداو دیجیتاڵ


رزگار محەممەدئەمین، دادوەری خانەنشین و پسپۆڕی یاسا، رایگەیاند، دادگەی دەستووری پەلەیکردووە لە بڕیاردان و کاری ئەویش نەبووە ئەو داوایەی سەرۆکوەزیران ببینێت.


حاکم رزگار میوانی رۆژی هیوا جەمال بوو، تایبەت بە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵ قسەیکرد و روونیکردەوە کە بۆچی دەڵێت دادگاکە پەلەیکردووە و گوتی: "بڕیاری دادگە پرەنسیپی خۆی هەیە و دەبێت قۆناخەکانی خۆی ببڕێت و دەبێت خەڵک ئاگاداربێت؛ ئەو لایەنەی کە زیانی لێدەکەوێت لە بڕیارەکەدا، دەبێت ئەویش بێتە سەرخەت لەسەر ئەو بابەتە."


هەروەها روونیکردەوە کە دەستوور زۆر مافی بە هەرێمەکان داوە و ناکرێت مادەیەک وەربگریت بۆ بڕیاردان و مادەکانی دیکە کە پەیوەندیدارن بەو بابەتە، فەرامۆشبکەیت.


دەقی هەڤپەیڤینەکە:


رووداو: بڕیارەکانی دادگە لە 24 کاژێردا بەو خێراییە چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟


رزگار محەممەدئەمین: عورف نییە بەپێی رێساکانی دادبینی، رێساکانی دادبینی لە 24 کاژێردا، ئەوە بەس بۆ کاتی فەرمانی سالارییە.


رووداو: بەپێی رێسای دادبینی چەندی پێویستە ئەگەر بە ئاسایی و بە یاسایی بڕوات؟


رزگار محەممەدئەمین: بە ئاسایی بڕوات، پێراگەیاندن (تەبلیغات)ی تێدایە و پێراگەیاندن لە داوای ئاساییدا هەندێکی نابێت لە سێ رۆژ کەمتربێت و هەندێکی نابێت لە هەشت رۆژ کەمتربێت و هەندێکی نابێت لە مانگێک کەمتربێت ئەگەر لە دەرەوەی وڵاتدا بێت. ئەمانە هەمووی ماوەی دیاریکراوی هەیە، بۆیە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵ پەلەپەلێکی زۆری پێوە دیارە. دادوەری شارەزا هەتا ئەگەر بیشیەوێت جاربەجار تۆزێک خاتری لایەنێک بگرێت، ئەوەندە دەهێڵێتەوە کە لایەنگرییەکەی زۆر زەق نەبێت.


رووداو: بۆ نموونە ئەم بڕیارەی دادگە کە لەماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا دەریکردووە، چونکە عەلی زەیدی 24ـی مانگ داواکەی پێشکێشکردووە و ئەوان 25ـی مانگ بڕیارەکەیان دەرکردووە، ئەمەی دادگە کردوویەتی لایەنگیرییە؟


رزگار محەممەدئەمین: بێگومان، نابێت دادبینی (مورافەعە)ی تێدابکرێت؟ لەسەر کێی کردووە؟ لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە؟


رووداو: عەلی زەیدی گوتوویەتی ئەم بڕیارانەم دەستوورین یان نادەستوورین؟ هەم خۆی سکاڵاکار بووە و هەم خۆی داواکار بووە.


رزگار محەممەدئەمین: داوای شرۆڤەی دەستووری کردووە، ئەوەش نابێت بەو خێراییە وەڵامبدرێتەوە، ئەوە واتە پێشوەختە ئامادەکراو بووە. من وامزانی داوای کردووە، بەس کە داوا نییە، ئەمە دەستوورییە یان نادەستوورییە، ئەوە بۆچی؟ کێ لاری لەسەر ئەوە هەیە داوای دەستووریبوون و نادەستووریی شتەکە بکات؟ خۆ دەستوور لەژێر دەستی ئەو لایەنەیە، خۆی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، دەسەڵاتی جێبەجێکردن ئەگەر بڕیاری دەرکردووە بەو جۆرە کە دەیەوێت، ئیتر بۆچی داوا لە دادگەی فیدراڵ دەکات کە شەرعییەتێکی بداتێ؟ چونکە ئەم بابەتە دەبێت حکومەت یان لایەنی دیکەی زیانلێکەوتوو لەو بڕیارانەدا، ئەو داوایە بکات لەسەر نادەستووریبوون و ناشەرعیبوون. ئەوە خۆی ئەنجوومەنی دەوڵەتە ئەگەر تۆ بتەوێت پرسیار بکەیت، بڵێیت ئەمە وەک شرۆڤەیەک بۆ حاڵەتێک لە حاڵەتەکان، بەڵام ئەمەی ئەو، شرۆڤەی دەستوور نییە تاوەکو دەقێکی دەستووری دابێت بە دادگەی فیدراڵ، تاوەکو بۆی شرۆڤەبکات. ئەمە بڕیارە ئیدارییەکانی خۆیەتی، ئەوانەی کە جەنابت باست کرد، بڕیاری ئیداریی خۆیەتی داویەتی، بۆچی دەیدات بە دادگەی فیدراڵ؟ هەڵەیە. بۆیە دادگەی فیدراڵ دەبوو ئەو بابەتە هەر نەبینێت، بڕیارێکم دەرکردووە، دێم بە دادگەی فیدراڵ دەڵێم من بڕیارەکەم راستە یان نا؟ ئەوە نابێت، دادگە هەر نەدەبووایە بیبینێت لە بنەڕەتدا، ئەوکات دادگە دەیبینێت کە شرۆڤەی دەستوور بێت، شرۆڤەی دەقێکی دەستووری داوادەکرێت، نەک بڕیارێکی ئیداریی خۆی.


رووداو: نووسراوە بڕیاری دادگە بنەبڕە و هەمووان دەبێت پابەندبن پێوەی، هەمووان دەبێت جێبەجێیبکەن.


رزگار محەممەدئەمین: کام بڕیار؟


رووداو: راڤەی بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران.


رزگار محەممەدئەمین: بڕیاری دادگە پرەنسیپی خۆی هەیە و دەبێت قۆناخەکانی خۆی ببڕێت و دەبێت خەڵک ئاگاداربێت؛ ئەو لایەنەی کە زیانی لێدەکەوێت لە بڕیارەکەدا، دەبێت ئەویش بێتە سەرخەت لەسەر ئەو بابەتە. دادگەی فیدراڵ دەبێت لە دەسەڵاتی خۆی لانەدات.


رووداو: کەواتە ئێستا هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە رووی یاساییەوە تانە لەم بڕیارەی دادگە بدات؟


رزگار محەممەدئەمین: بەڵام دادگە لەم حاڵەتەدا قفڵی کردووە، پێشوەختە بڕیاریداوە.


رووداو: چارە چییە، واتە تۆ شتێکت بەسەردا دەسەپێنرێت چیبکەیت؟


رزگار محەممەدئەمین: ئەوە هەڵەیە، کە دادگەی سەربەخۆت نەبوو، کێشەکە لێرەیە. ئێمە لە دەمێکدا قسەمان لەسەر دادگەی فیدراڵ کردووە کە دادگەکە پێویستە بە شێوەیەکی دەستووری دروستببێت و دادگەکە پێویستە مافی هەرێمەکانی لە رێژەی دەنگدان تێیدا بپارێزرێت، ئەوانە کاتی خۆی رەنگە گوێی پێنەدرابێت. دەستووری عێراق پاڵپشتیی هەرێمەکانە، پاڵپشتیی پارێزگاکانە، مادەی زۆر بەهێزی تێدایە بۆ پاراستنی، بەڵام دادگەی فیدراڵ دەتوانێت بەو دەسەڵاتە رەهایەی وەریگرتووە، بە بڕیاری خۆی مامەڵەی لەگەڵ بکات، بەڵام نابێت، ئەویش دەبێت لە چوارچێوەی دەستوور و لە چوارچێوەی پرەنسیپی دادپەروەریدا، پرەنسیپی یاسایی دروست، دەبێت هەموو دادگەیەک، بەتایبەتی دادگەی فیدراڵ کە بڕیارەکانی ئیدارەکردنی عێراق چووەتەوە لای ئەو، بڕیارەکانیان پاڵپشتبێت بە راستی و دادپەروەری و حەقیقەتی دروستیی جێبەجێکردنی دەقەکان.


رووداو: بۆئەوەی دەقەکەت بۆ بخوێنمەوە، ئەوەی کە دادگە دەڵێت، ئەوەی کە داوای تەفسیرەکەی کردووە، "رئيس مجلس الوزراء" عەلی فالح زەیدییە و بابەتەکەی چییە؟ داواکارییەکەی چییە؟ شرۆڤەی دەقەکانی مادەی 109، 110 (یەکەم و سێیەم)، 111، 112 (یەکەم)، 114 (یەکەم)، 143 لە دەستووری کۆماری عێراق بۆ ساڵی 2005. دەڵێت ئەم داوایەی کردووە، گوتوویەتی واتە عەلی فالح زەیدی داوای کردووە کە شرۆڤەی ئەم مادانەی بۆ بکرێت، ئێستا هەرێمی کوردستان چی بکات بۆئەوەی کە لە رووی یاساییەوە بتوانێت بۆ خۆی پارسەنگێک بێنێتەوە؟


رزگار محەممەدئەمین: وەڵا پارسەنگ بێنێتەوە، دەبێت لیژنەیەکی دەستووری کە لە دەستوور شارەزابن، بە باشی شرۆڤەی بکەن؛ خۆی هەر ئەو دەقانە کە ئێستا ئەوان قسەی لەسەر دەکەن، زۆر لە شرۆڤەکار و فەقیهی یاسای دەستووری قسەیان کردووە لەسەر ئەو مادانە بە ئاراستەیەکی دیکە، چونکە مادەی 111 لێکدانەوەی بۆ چییە؟ دەڵێت نەوت و گاز موڵکی هەموو گەلی عێراقن، بە هەموو هەرێم و بە هەموو شتەکانییەوە. ئەمە قسەیەک نییە هەر ئەسڵەن پێویستی بەوە هەبێت لێکدانەوەی بۆ بکرێت. مادەی 109ـی دەستوور شرۆڤەی بۆ چییە؟ دەڵێت حکومەتی فیدراڵ سەروەریی عێراق دەپارێزێت، سەروەری و سیادەی عێراق دەپارێزێت. کەس لاری لەسەر ئەوە نییە و ئەرکی خۆیەتی، کەسیش نابێت لاری هەبێت، هەرێمی کوردستانیش نابێت لاری لەسەر ئەو قسەیە هەبێت، بەپێچەوانەوە، دەبێت پێیخۆشبێت، چونکە ئەمە موڵک نییە، دەڵێت ئەم سەروەتە، ناڵێت موڵکی دەوڵەتی عێراقە، دەڵێت موڵکی میللەتە. میللەت لە هەر شوێن و گۆشەیەکی ئەم وڵاتەدا، بە کوردستانەوە تاوەکو باشوور و فاو، ئەمە هاوبەشن لەو سەروەت و سامانە نەوتی و گازییە. ئەمانە هەر ئەسڵەن شرۆڤەی ناوێت. ئەوەی کە گرفتی هەیە مادەی 112ـیە، کە پێشتر قسەی لەسەر کراوە. مادەی 112 ئیدارەکردنی نەوت و گازە. ئینجا مادەی 110 خاڵێکی گرنگە، کێشەیەکی بنەڕەتییە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵدا. هەوڵدرا لە هەموارکردنەوەی دەستووردا بخرێتەوە نێو ئەو هەموارکردنەوەیە. ئەگەر ئەمە لە پسپۆڕێتیی حەسرییە، بۆچی هەوڵدرا ماوەیەک لەکاتی هەموارکردنەوەی دەستوور، ئەوە بخرێتە نێو یاساکە؟ چونکە ئەمە مادەی 110ـیە، مادەی 25ـی یاسای ئیدارەی دەوڵەتە، هەندێک مادە هەر پێویستی بەوە نییە تەفسیری بۆ بکەیت. مادەی 112ـش ئیدارەی هاوبەشە، چونکە خۆی تێیدایە ئەو کێڵگانەی کە لە 2006ـدا نەوتی لێ دەرهاتووە، جیایە لەوانەی کە لەدواتردا نەوتی لێ دەردەهێنرێت. گرفت لەنێوان ئەوەیە، کێڵگەی ئێستا و داهاتووە. ئێستاییەکان ئەوانە بوون کە بەرهەمهێنەربوون. واتە ئەوانە پێویستی بەوە نییە.


رووداو: بە قسەی جەنابت، یەکەم، دادگە پەلەیکردووە. دووەم، هەندێک بابەتی هێناوە کە هەر پێویستی بە شرۆڤە نییە، خۆی روونە.


رزگار محەممەدئەمین: مادەکانی دەستوور، مادەکانی یاسا، هەتا ئایەتەکانی قورئان، هەمووی بەیەکەوە لێکدەدرێتەوە. ناکرێت دەقێک لێرە دابنێیت و دەقێکی دیکە بەریت. ئەمە بەرگری نییە لە هیچ کەسێک.


رووداو: وەک "لا تقربوا الصلاة"ـی لێدێت، وانییە؟ "لا تقربوا الصلاة و أنتم سكارى"ـکەیان نەهێناوە.


رزگار محەممەدئەمین: بەڵێ بێگومان، ئەی تۆ مادەی 121 چی لێدەکەیت؟ ئەو هەموو دەسەڵاتە بەهێزە دراوە بە هەرێمی کوردستان. مادەی 120 چی لێدەکەیت؟ مادەی 115 چی لێدەکەیت، سیستمی فیدراڵییەت، دەوڵەتەکان چەند مۆدێلێک هەیە. مۆدێلێکیان ئەوەیە کە دەسەڵاتی حەسری دەدات بە هەرێمەکان و ئەوی دیکە دەداتەوە بە ناوەند، وەک ئیسپانیا، وەک بەلجیکا. بەشێکی، دەسەڵاتی حەسری دەدات بە حکومەتی فیدراڵ، ئەوانی دیکەی دەدات بە هەرێمەکان، وەک ئەمریکا، وەک نەمسا، وەک ئەڵمانیا، وەک سویسرا. ئەمەی کوردستان، وەک بۆ نموونە کەنەدا و هیندستان. ئەمەی کوردستان مۆدێلێکی ئەمریکی، ئەڵمانی، نەمساوی، سویسری گرتووە، کە دەسەڵاتی داوە بە حکومەتی فیدراڵ و باقییەکەی دیکەی داوەتەوە بە هەرێمەکان، جگە لە دەسەڵاتی هاوبەش. دەسەڵاتە حەسرییەکانی حکومەتی ناوەندی نۆ دانەیە، دەسەڵاتە هاوبەشەکان حەوت دانەیە، دەسەڵاتی دیکەیشی لێرە و لەوێ تێداهەیە. بەڵام لەنێو هەرێمدا، لە بابی پێنجەمدا کە باسی دەسەڵاتی هەرێم دەکات، هەموو دەسەڵاتەکانی یاسایی و جێبەجێکردن و دادوەری (تەشریعی و تەنفیزی و قەزایی)ـی خۆی هەیە و دەستووریشی هەیە، دەبێت دەستووریش دابنێت.

دوو خاڵی گرنگە، یەکەمیان مادەی 115، دەڵێت لەکاتێکدا دەسەڵاتی هاوبەش، دژیەکی هەبوو لەنێوان یاسای هەرێم و یاسای فیدراڵدا، ئەولەوییەت بۆ یاسای هەرێمە. دوو، لە مادەی 121ـدا دەتوانێت هەرێمەکان و پارێزگاکان، هەرێمەکان بەتایبەتی، ئەمەیان لەسەر هەرێمەکانە، ئەمەیان پارێزگاکان ناگرێتەوە، چونکە پارێزگاکانیش دوایی داوایانکرد، بە یاسای 2013 بوو، هەموارێک کرا لە یاسای پارێزگاکاندا، ئەویش ئەو دەسەڵاتەیان وەرگرت کە بتوانن هەموارکردنەوەی یاسای فیدراڵ بکەن. واتە هەرێمی کوردستان ئەگەر پێچەوانەی دەستوور نەبێت، واتە حەسری نەبێت، ئەو یاسایانەی کەوا دەردەچێت لە فیدراڵدا، حکومەتی هەرێم حەقی هەیە دەستکاریبکات، بیگۆڕێت ئەگەر لە بەرژەوەندیی هەرێم نەبێت و ئەگەر حەسریش نەبێت. بە حوکمی ئەوەی نەوت و گاز حەسری نییە.


رووداو: هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان یاسایی نەبوو؟


رزگار محەممەدئەمین: ئەوە زیادەڕۆیی بوو، حەقی هەیە ئەو هەموارکردنەوەی دەقێک بکات لەنێو یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستاندا، بڵێت ئەمەیان دەستووری نییە، بەڵام ناتوانێت یاساکە هەڵوەشێنێتەوە. تۆ بە مادەی 121 دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری و جێبەجێکردنت پێداوە، بۆچی پێتداوە بە دەستوورەکە؟ ئەوە دەسەڵاتی یاسادانانە، یاسادانانێکی ناوچەییە، هی هەرێمی کوردستانە. یاسای نەوت و گاز، حەق نەبوو دادگەی فیدراڵ هەڵیبوەشێنێتەوە. حەقی هەیە بڵێت فڵان دەق لەنێو یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستاندا دەستووری نییە، هەڵمانوەشاندەوە.


رووداو: بەغدا دەڵێت سنوورەکانیشمان رادەستبکەن. ئەمە نایاسایی و نادەستوورییە؟


رزگار محەممەدئەمین: لە مادەی 121ـدا حەقی داوە بە هەرێمەکان ئیدارەی خۆیان بکەن، هەرچی شتێک پەیوەستە پێی. پاسەوانی هەرێمیشی پێداوە، ئەمنی پێداوە، پۆلیسی پێداوە. باشە، هیچ کێشەیەک نییە، هەرێمیش دەبێت پێیخۆشبێت بۆ سنوورەکان حکومەتی فیدراڵ با بێت بۆ پارێزگاریکردن لە بابەتی بەرگریکردن لە هەر مەترسییەکی دەرەکی. سوپا ئەگەر لە دۆخێکدا بێت کە مەترسی لەسەر سنووری عێراق و سنووری هەرێمی کوردستان، کە بەشێکە لە عێراق بێت، نابێت کەس ئینکاری ئەوە بکات و دەبێت هاوئاهەنگی هەبێت.


رووداو: دەڵێت پاسەوانی هەرێم بۆ نێوخۆی هەرێمی کوردستانە، نەک بۆ سنوورەکان.


رزگار محەممەدئەمین: ئەی بە کوێدا دەڕوات؟ سوپای عێراق بەنێو هەرێمی کوردستاندا دەڕوات بۆ ئەوێ نابێت هاوئاهەنگیبکات، خۆ بە تەیارە، بە هەلیکۆپتەر ناڕوات، بشڕوات هەر بەسەر هەرێمدا دەڕوات. ئەوەش هەر جۆرێکە لە دەستکاریکردن لە ئەمنی هەرێمدا. دەبێت لەم پرسانەدا لە وشەی خۆیان، لە بەڵێن و رێککەوتنی خۆیان پەشیماننەبنەوە.


رووداو: بەغدا، دادگەی فیدراڵ، ئەگەر تەشبیهەکە نایاسایی نەبێت، دادگەی فیدراڵی کردووە بە دارحەیزەرانێک، هەرکاتێک بیەوێت لە هەرێمی کوردستانی دەدات. هەرێمی کوردستان چی بکات ئێستا لەم بابەتەدا، بەتایبەتی کە بەغدا لەبەردەستی خۆیەتی؟ ئێستا دوو دادوەر بەڵێیان نەکردووە بۆ ئەم بڕیارانە، ئەو دادوەرانە ناوەکەشیان لەسەرەوە نووسراوە کە کێ و کێیە، دادوەری کوردی لێیە؟


رزگار محەممەدئەمین: دەبێت دانیشتنی گەورە بکرێت و دانیشتن لەسەر ئاستی کۆمەڵێک لە خەڵکی شارەزا و ئەکادیمی و دەستوورزان و مافناسی گەورە. پارتی و یەکێتیش، تەنیا پشت بە حیزبییەکانی خۆیان نەبەستن، دەبێت لە دەرەوەی حیزبدا ستافێکی بەهێز هەبێت بۆ بەرگریکردن لە یاسا، ستافێکی یاسایی. ئەوانە بتوانن سوود لە ئەزموونی دەرەوەش وەربگرن و دەسەڵاتیان پێبدرێت لە دانوستاندنەکاندا، خەڵکێکی دیکەی ئاسایی، ناتوانێت پێی بڵێت. زانست بە زانست چارەسەردەکرێت و رەتدەکرێتەوە، یاسا بە یاسا رەتدەکرێتەوە. دەبێت رێز لە بۆچوونی خەڵکە ئەکادیمی و شارەزا و لێهاتوو و پسپۆڕەکان بگیرێت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، کە ستافێکی بەهێزیان هەبێت. ئیتر من نازانم ئەوانەیان هەیە یان نا لەو رووەوە. بەس دادگەی فیدراڵ مەترسیدارە، دەبێت دادگەی فیدراڵ ببێتە دادگەیەکی سەربەخۆی ئازاد، وەک هەر دادگەیەکی دیکە.



بابەتی پەیوەندیدار

زەهرا کازم سەدر: کێشەکانی بەغدا و هەولێر بە سازش و گفتوگۆ چارەسەردەکرێن
هەڤپەیڤین26-11-2026

زەهرا کازم سەدر: کێشەکانی بەغدا و هەولێر بە سازش و گفتوگۆ چارەسەردەکرێن

شارەزایەکی دەستووری: بەشێکی بڕیارەکانی بەغدا دژی هەرێمی کوردستان نادەستوورین
هەڤپەیڤین25-11-2026

شارەزایەکی دەستووری: بەشێکی بڕیارەکانی بەغدا دژی هەرێمی کوردستان نادەستوورین

ئاوات شێخ جەناب: مەترسییەکی گەورە لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە
هەڤپەیڤین24-11-2026

ئاوات شێخ جەناب: مەترسییەکی گەورە لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە

پێشنیازەکان

ئەمەنەش ببینە