رووداو دیجیتاڵ
دکتۆر یان ئیلهان کزڵهان، دەروونناس و ئەکادیمیی کورد هۆشداری دەدات لەوەی گۆڕینی ناسنامە ئایینییەکان بۆ ئامرازی سیاسی مەترسییەکی گەورەیە و دەبێتە هۆی پارچەپارچەبوونی کۆمەڵگەی کوردی، دەشڵێ، دەبێت فرەئایینی وەک رەنگەکانی نێو یەک ماڵی کوردەواری بپارێزرێن.
لە پەراوێزی سێیەمین کۆنفرانسی کورد لە قەوقاز لە شاری تبلیس، پایتەختی جۆرجیا، کە بە ناونیشانی (رۆڵی ئایین لە کۆمەڵگەی کوردیدا) بەڕێوەدەچێت، پڕۆفیسۆر یان ئیلهان کزڵهان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پاراستنی ناسنامەی ئایینیی ئێزدی، عەلەوی، شیعە و سوننە پێویستە، بەڵام هاوکات هەموویان لە چوارچێوەی ناسنامەی کوردێتیدا کۆدەبنەوە.
کزڵهان بە کامێز شەدادی، نێردراوی رووداو بۆ جۆرجیای گوت: "ئێمە هەموو ئەم ئایینانە وەک رەنگەکانی ژوورێکی کوردەواری دەبینین کە هەر یەکەیان دەرگەیەکی تێدایە، بەڵام دیسانەوە ماڵەکەیان یەکە؛ یەکێک لە کۆڵەکەکانی ئەو ماڵەش ناسنامە، زمان و ئایینە."
ئەو ئەکادیمییە کوردە ئاماژەی بەوەش کرد، لە رابردوودا عەلەوییەکانی دێرسیم، قوربانییانی ئەنفال و هەڵەبجە و ئێزدییەکان لە جینۆسایدی ساڵی 2014ـدا رووبەڕووی کۆمەڵکوژی و ئازار بوونەتەوە و پێویستە بە بەڵگەی زانستی و مێژوویی وەڵامی ئەو مشتومڕانە بدرێتەوە کە دەیانەوێت گومان بخەنە سەر کوردبوونی ئێزدی و عەلەوییەکان.
سەبارەت بە هەڵکشانی رۆڵی ئایین لە جیهاندا لە 30 ساڵی رابردوودا، کزڵهان بە رووداوی گوت، "جیهانگیری (گلۆبالیزم) وایکردووە خەڵک زیاتر پەنا بۆ ناسنامە ئایینییەکان ببەن، بەڵام لە هەندێک شوێندا ئەمە بووەتە ئایینێکی سیاسی نەک ناوەڕۆکی باوەڕ."
پڕۆفیسۆر یان ئیلهان کزڵهان گوتیشی: "بە بۆچوونی من ئەمە مەترسییەکی زۆر گەورەیە بۆ سەر کۆمەڵگە، چونکە کۆمەڵگە لەیەکدی جیادەبێتەوە و پارچە پارچە دەبێت. 100 ساڵ پێش ئێستا کەس زۆر باسی ئەوەی نەدەکرد کێ ئێزدییە، کێ عەلەوییە یان کێ شیعەیە؛ خەڵک پێکەوە دەژیان و رێزی یەکدییان دەگرت."
ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵی گرووپە رادیکاڵە ئیسلامییەکان لە 15 ساڵی رابردوودا بۆ سەپاندنی خۆیان، کاردانەوەی لای ئایینە بچووکەکان دروستکردووە بۆ ئەوەی ئەوانیش پێداگری لەسەر بوون و ناسنامەی جیاوازی خۆیان بکەن.
سێیەمین کۆنفرانسی کوردانی قەوقاز لە شاری تبلیس بە بەشداریی نوێنەران و پسپۆڕانی کوردستان، ئەورووپا، رووسیا، جۆرجیا و ئەرمینیا لە پێکهاتە ئایینییە جیاوازەکان بۆ تاوتوێکردنی پێگە و رۆڵی ئایین لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەڕێوەدەچێت.
دەقی هەڤپەیڤینەکە (پرسیار و وەڵام)
رووداو: دەمباش، بەڵێ سێیەمین کۆنفرانسی کورد لە قەوقاز لە شاری تبلیس، پایتەختی جۆرجیا دەستیپێکرد و ئەمڕۆش دانیشتنەکانی بەڕێوەدەچن. ئەمجارە کۆنفرانسەکە بە ناونیشانی (رۆڵی ئایین لە کۆمەڵگەی کوردیدا) بەڕێوەدەچێت. هەموو ئەو وڵاتانەی کورد تێیاندا دەژین، نوێنەریان لەم کۆنفرانسەدا ئامادەیە؛ چ لە کوردستان و چ لە ئەورووپا، رووسیا، جۆرجیا، ئەرمینیا و وڵاتانی دیکە. هەوڵدراوە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگەی کوردی؛ چ ئێزدی، چ موسڵمان، چ کریستیان و چ مەزهەبەکانی دیکە لەم کۆنفرانسەدا بەشدار بن، نوێنەریان هەبێت و بۆچوونەکانیان لەبارەی کێشە ئایینییەکان یان رۆڵی ئایین لە کۆمەڵگەی کورددا بخەنەڕوو و گفتوگۆی لەسەر بکەن. ئێستا میوانی من پڕۆفیسۆر دکتۆر، دەروونناس جان ئیلهان کزڵهانە. مامۆستا بەخێربێیت.
یان ئیلهان کزڵهان: ئێوەش بەخێربێن، سوپاس.
رووداو: ئێوەش لە ئەورووپاوە بەشداری دەکەن. وەک من دەزانم ئێوە بە خۆتان و باوەڕتان ئێزدین. ئێوە باسی چی دەکەن؟ تەنیا باسی رۆڵی ئێزدییەتی دەکەن یان باسی کێشە ئایینییەکانی نێو کۆمەڵگەش دەکەن؟
یان ئیلهان کزڵهان: بەتایبەتی من دەمەوێت لەسەر هەموو ئایینەکان قسە بکەم، بەڵام لە پەیوەندی لەگەڵ ناسنامەی کوردەواری یان کوردایەتی کە زۆر پێویستە. واتا کاتێک ئێمە دەبینین عەلەوییەکانی دێرسیم کۆمەڵکوژ کراون، ئەنفال و هەڵەبجە هەن، دژی ئێزدییەکان جینۆساید لە ساڵی 2014 کرا؛ ئەمانە هەرسێکیان جیاوازن، بەڵام لە لایەکی دیکەوە لەیەکدی نزیکن؛ مرۆڤ ئازار دراوە، لەسەر بنەمای ئایین دوورخراونەتەوە و جینۆسایدیان بەرامبەر کراوە. بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە، ئێمە هەموو ئەم ئایینانە وەک رەنگەکانی ژوورێکی کوردەواری دەبینین کە هەر یەکەیان دەرگەیەکی تێدایە، بەڵام دیسانەوە ماڵەکەیان یەکە؛ یەکێک لە کۆڵەکەکانی ئەو ماڵەش ناسنامە، زمان و ئایینە کە پێکەوە دەبنە کوردی. هەر بۆیەش ناسنامەی ئێزدییەتی، ناسنامەی عەلەوییەتی، شیعە یان ئیسلام دەبێت هەبن و بپارێزرێن، بەڵام هاوکات ناسنامەیەکی کوردێتیش لەگەڵیاندا هەیە. ئەمە بەتایبەتی زۆر پێویستە، چونکە لەم دواییانەدا گفتوگۆی زۆری لەسەر دەکرێت کە ئایا ئێزدی کوردن یان کورد نین، عەلەوی کوردن یان کورد نین. دەبێت لێرەدا قسەی لەسەر بکەین، هەندێک زانیاریی مێژوویی و زانستیش پێشکێش بکەین بۆ ئەوەی بزانین ناسنامەیەکی بەهێز لە نێو کورددا دروست ببێت.
رووداو: مامۆستا، لەم ساڵانەی دواییدا، بەتایبەتی 30 بۆ 35 ساڵی رابردوو، ئایین زیاتر دێتە پێشەوە لە هەموو کۆمەڵگەکاندا، نەک تەنیا لای کورد و لە هەموو شوێنێک. بۆ نموونە لە رووسیا کە ئێمە ئاگادارین، پێشتر کەس نەیدەزانی کەنیسە چییە، بەڵام ئێستا لە هەموو شوێنێک کەنیسە دروستکراون و شوێنی ئایدیۆلۆژیای شیوعییەتیان بە ئایین پڕکردووەتەوە (من تەنیا باسی رووسیا دەکەم)، لە ئەورووپاش بە هەمان شێوە، و دیارە لەمەودوا رۆڵی ئایین زیاتریش دەبێت. لەم رووەوە ئەمە چ کاریگەرییەک لەسەر کۆمەڵگەی کورد دروستدەکات؟
یان ئیلهان کزڵهان: پێموایە کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت، وەک زانایانی پێشووی ئەمریکی دەیانگوت "پێکدادانی شارستانییەت و کولتوورەکان"، واتە بەیەکدادانی نێوان کولتوور و فەرهەنگەکان، هەروەک جەنابیشتان گوتتان، ئێستا بەیەکدادان و ناکۆکیی نێوان ئایینەکان دەرکەوتووە. چونکە ناسنامەی نەتەوەیی یان جیهانی (گلۆباڵ) وەک دەبینین بەس نییە، هەروەها گۆڕانکارییەکانی جیهان وا دەکەن مرۆڤ خاوەنی ناسنامەیەک بێت؛ ئەو ناسنامە ئایینییانەش لە هەندێک شوێندا بوونەتە سیاسەت. چونکە کاتێک دەبنە سیاسەت، ناسنامەیەکی تایبەت بە خۆیان دەناسێنن، بەڵام بە بۆچوونی من ئەمە مەترسییەکی زۆر گەورەیە بۆ سەر کۆمەڵگە، چونکە کۆمەڵگە لەیەکدی جیادەبێتەوە و پارچە پارچە دەبێت. واتا 100 ساڵ پێش ئێستا کەس زۆر باسی ئەوەی نەدەکرد کێ ئێزدییە، کێ عەلەوییە یان کێ شیعەیە؛ دەیانتوانی پێکەوە بژین و رێز و قەدری یەکدییان دەگرت لە کۆمەڵگەدا. بەڵام جیهانگیری (گلۆبالیزم) وا دەکات هەر کەسێک خۆی بداتە پاڵ ئایینێک، بەڵام نەک بۆ ناوەڕۆکی باوەڕە ئایینییەکە، بەڵکو دەبێتە ئایینێکی سیاسی. بێگومان کاریگەریی رادیکاڵی ئیسلامیشی لەسەرە کە لەم 15 ساڵەی دواییدا بە شێوەیەکی زۆر تووندڕۆیانە دەیانەوێت ئیسلام بەرەوپێش ببەن، ئەمەش کاردانەوەی ئایینە بچووکەکانی لێدەکەوێتەوە کە ئەوانیش دەیانەوێت بڵێن ئێمەش هەین وەک چۆن ئێوە هەن، ئێمەش هەین.
رووداو: زۆر سوپاس، هیوادارم لە کۆنفرانسەکەدا گفتوگۆی بەسوود بکەن.


