رووداو دیجیتاڵ
تورھان موفتی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاو رایدەگەیەنێت، دۆخی ئاوی عێراق بەراورد بە ساڵی رابردوو لە ئاستێکی زۆر باشدایە و بڕی ئاوی گلدراوە لە بەنداو و نزماییەکاندا حەوت بۆ هەشت هێندە زیادیکردووە. ئاماژە بەوەش دەکات، ئێستا لە چرکەیەکدا زیاتر لە 1500 مەتر سێجا ئاو لە رووبارەکانی دیجلە و فوراتەوە دەڕژێتە نێو عێراق و بەهۆیەوە رووبەری ئاوی زۆنگاوەکان لە کەمتر لە 17%ـەوە بۆ 58% بەرزبووەتەوە.
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو ئاشکرای دەکات، لە چوارچێوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی 15 ساڵەی نێوان بەغدا و ئەنقەرە، لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە سندووقێکی دارایی هاوبەش کاراکراوە کە داهاتی رۆژانەی 30 بۆ 35 هەزار بەرمیل نەوتی عێراقی تێدا تەرخان دەکرێت، ئەویش لەبەرامبەر جێبەجێکردنی پڕۆژە ئاوییەکان و دروستکردنی پێنج بەنداو لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیا تورکییەکانەوە.
لەبارەی کێشەی ئاو لەگەڵ تاران و مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، تورھان موفتی دەڵێت، رێژەی بەبیابانبوون لە عێراق زۆر کەمە و پلان بۆ راگرتنی تەشەنەسەندنی دانراوە. هاوکات رەشنووسی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی هاوشێوەی تورکیا بۆ رێکخستنی ئاو لەگەڵ ئێران ئامادەکراوە کە پێشنیازی گەڕاندنەوەی رێڕەوی رووباری کاروون بۆ ناو شەتولعەرەب لەخۆدەگرێت، بەڵام بەهۆی دۆخی جەنگ لە ناوچەکەدا هەنگاوەکانی واژۆکردنی دواکەوتوون.
دەقی هەڤپەیڤینەکە
رووداو: عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی کە زۆرترین کاریگەریی نەرێنی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە. بۆ قسەکردن لەسەر دۆخی ژینگە و کەشوهەوا و بەتایبەتی دۆخی ئاو لە عێراق، خۆشحاڵم کە لەم گفتوگۆیەدا میوانداریی بەڕێز تورھان موفتی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاو دەکەم. بەڕێز تورھان، بەخێربێیت بۆ ئەم هەڤپەیڤینە.
تورھان موفتی: زۆر سوپاس، بەخێر بێن.
رووداو: ساڵی رابردوو بە دیاریکراوی، عێراق رایگەیاند کە بەشێوەیەکی گشتی دۆخی ئاو لە وڵاتدا خراپە، ئایا ئێستا دۆخەکە چۆنە؟
تورھان موفتی: دۆخی ئاو ئێستا زۆر باشترە. بۆ ئەوەی وەرگر وێنەیەکی روونی هەبێت: هاوینی رابردوو گەرمترین هاوین بوو لە ماوەی 35 ساڵدا، زستانی پێش ئەویش کەمترین بارانبارینی تێدابوو لە ماوەی 92 ساڵدا. گەرما و کەمیی بارانبارینمان پێکەوە هەبوو، ئەمە هەمووی لە دەرئەنجامەکانی گۆڕانی کەشوهەوایە کە عێراق دەخاتە پلەی پێنجەم یان شەشەم لەسەر ئاستی جیهان لە رووی بەرکەوتن بە کاریگەرییەکانیەوە، بەتایبەتی لە ناوچەکەدا. دۆخی ئاو لە هاوینی رابردوودا خراپ بوو، بەڵام ئێمە لە رێگەی پەیوەندی و بەدواداچوونی نیمچە رۆژانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، توانیمان قەیرانەکە تێپەڕێنین. ئەمساڵ دۆخەکە جیاوازە، بڕی ئەو ئاوەی کە شیاوە بۆ جووڵەپێکردن یان بەرهەمهێنانمان نزیکەی حەوت هێندەی ساڵی رابردووە، بۆیە ئەمساڵ دۆخی ئاو باشە.
رووداو: مەبەستت ئاوی سەرزەوییە یان ژێر زەوی؟
تورھان موفتی: نەخێر، مەبەستم ئەو ئاوەیە کە لە بەنداوەکان و نزماییەکاندا گلدراوەتەوە. زیاتر لە حەوت بۆ هەشت هێندەی ئەوەمان هەیە، کە لەم کاتەی ساڵی رابردوودا هەمانبوو. بۆ نموونە، ئەگەر ساڵی رابردوو 3 ملیار مەتر سێجامان هەبووبێت، ئەوا ئەمساڵ نزیکەی 20 ملیار مەتر سێجامان هەیە، ئەمانەش ژمارەی گریمانەیین، کە بۆتی دەخەمە ڕوو.
رووداو: ئەی ژمارە راستەقینەکە چەندە؟
تورھان موفتی: ژمارە راستەقینەکە زۆر ئارامبەخش و نایابە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە دۆخی گشتی بەمشێوەیە بەردەوام دەبێت؛ چونکە گۆڕانی کەشوهەوا واقیعێکی ئێستایە لە عێراق و ناوچەکەدا. توێژینەوە زانستییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەگەری هەیە دوو ساڵی باراناوی و سێ یان چوار ساڵ کەمیی بارانبارین بەخۆوە ببینین. زستانی رابردوو زۆر باراناوی بوو و پێشبینی دەکەم ئەمساڵ بارانی زیاتر بێت، بەڵام دەبێت ئامادەکاری بۆ ساڵی دواتر بکەین، کە رەنگە تێیدا کەمیی بارانبارین رووبدات.
رووداو: بڕی ئاوی گلدراوە ئێستا چەندە؟
تورھان موفتی: ئێستا بەنداوەکانمان نزیکەی بەتەواوی پڕبوون و بەردانەوەی رۆژانەمان هەیە. زۆربەی بەنداوەکانمان نیمچە پڕن، بەتایبەتی بەنداوەکانی سەر زێ و دیجلە و دیالە. بەنداوی حەدیسە لەسەر رووباری فورات بە رێژەی نزیکەی 80% پڕبووە، هێشتا بەردانەوەیەکی زۆری ئاومان لە فوراتەوە پێدەگات. بۆ نموونە لەم کاتەی ساڵی رابردوودا، بەردانەوە لەسەر فورات لە 250-300 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا تێپەڕی نەدەکرد، بەڵام ئێستا لە 1000 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا تێپەڕ دەکات.
رووداو: هەزار مەتر سێجا لە چرکەیەکدا؟
تورھان موفتی: بەڵێ، لە چرکەیەکدا.
رووداو: ئایا ئەمە دەرئەنجامی رێککەوتنێکە لە نێوان ئێوە و لایەنی تورکیدا؟
تورھان موفتی: بێجگە لە رێککەوتنەکە، ئەمساڵ ساڵێکی باراناوی بوو. بەردانەوەیەکی زۆری ئاومان لەسەر فورات و دیجلە هەیە، دۆخەکە ئارامە. سەرباری پڕبوونی بەنداوەکان، بەتایبەتی لەسەر دیجلە، بڕێکی زۆری ئاوی زیادەمان بۆ نزمایی سەرسار گواستووەتەوە، ئێستاش نزمایی حەبانییەش پڕدەکەینەوە. هەروەها 58%ی رووبەری زۆنگاوەکان (ئەهوارەکان) پڕبوون لە ئاو، دوای ئەوەی لە هاوینی رابردوودا بۆ کەمتر لە 17% دابەزیبوون. بۆیە بڕی ئاوی سەرزەوی کە پێمان دەگات نایابە.
رووداو: با بگەڕێینەوە بۆ خاڵی رێککەوتنەکەتان لەگەڵ تورکیا، گوتت کە بەردانەوەی ئاو دەگاتە 1000 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا، ئایا ئەمە لە هەردوو رووباری دیجلە و فوراتەوەیە؟
تورھان موفتی: نەخێر، ئێستا تەنها لەسەر فورات زیاتر لە 1000 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا ئاومان هەیە.
رووداو: ئەو بڕە چەندە، کە پێویستە لایەنی تورکی بەپێی رێککەوتنی نێوانتان بەریبداتەوە؟
تورھان موفتی: باشە، بۆ ئەوەی لە وێنەکەدا بیت، کە ئەمە هەمیشە لە چاوپێکەوتنەکاندا دووبارەی دەکەمەوە، زۆر کەس لە راگەیاندن و سۆشیاڵ میدیا پرسیار دەربارەی پشکی ئاوی عێراق دەکەن. بۆ زانیاریتان، عێراق هەرگیز پشکێکی ئاوی دیاریکراوی نەبووە، چونکە هیچ رێککەوتنێکی پێشوەختەی لەگەڵ تورکیادا سەبارەت بە ئاو واژۆ نەکردووە. هەمیشە دەگوترێت پشکی ئاوی عێراق لە تورکیا یان لە ئێرانەوە لە کوێیە. لە کاتی دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە، هیچ رێککەوتنێکی پشکی ئاو نییە. تاکە رێککەوتن لەگەڵ تورکیا پەیماننامەی نیازپاکی و دراوسێیەتی ساڵی 1946ـە، لەو کاتەشدا ناوچەکە وەک "ناوچەی لافاو" سەیر دەکرا، ئەو بڕگەیەی پەیوەندی بە ئاوەوە هەبوو لە بەرژەوەندی ئێمە وەک عێراق نەبوو. لەگەڵ ئێراندا، رێککەوتننامەی جەزائیری ساڵی 1975مان هەیە کە تەنها باسی پێنج رووباری کردووە لە کۆی نزیکەی 40 رووبار و جۆگەلە. حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان بابەتی پشکی ئاویان لەبەرچاو نەگرتبوو. بۆ یەکەمجار لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنێکدا، کە رێککەوتننامە نییەو لە سەردەمی حکومەتی پێشوودا بە سەرۆکایەتی بەڕێز سوودانی واژۆ کراوە و لە سەردەمی حکومەتی بەڕێز زەیدیدا چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئاماژەیەک هەیە بۆ پشکی ئاو لەسەر بنەمای هاوکێشەیەکی بیرکاریی ناوخۆیی کە عێراق دایدەنێت، واتە عێراق لە رێگەی ئەو هاوکێشەیەوە ژمارەیەک بەرهەم دەهێنێت، ئەو ژمارەیە دەدرێت بە لایەنی تورکی بۆ دیاریکردنی بڕی بەردانەوەی ئاوەکە.
رووداو: ئەی ئەم ژمارەیە چەندە؟
تورھان موفتی: ئەم ژمارەیە گۆڕاوە.
رووداو: بۆ نموونە ئێستا؟
تورھان موفتی: ئێستا ئێمە لە دۆخێکی ئارامی ئاوداین و عێراق هیچ ژمارەیەکی پێشکێش نەکردووە، چونکە کاتێک کەمیی راستەقینە لە ئاودا هەبێت ئەم ژمارانە کارا دەکرێن. ئەمڕۆ ئێمە لە چرکەیەکدا زیاتر لە 1500-1600 مەتر سێجامان لە دیجلە و فوراتەوە پێدەگات، بۆیە ئەم ژمارانە نەچوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام لە کاتی بوونی کەمئاوی، یان دابەزینی ئاستی ئاو بۆ خوار ئەو ئاستەی دەوڵەتی عێراق دەیەوێت بەکاردێت. بۆ نموونە ئەگەر پێویستمان بە هەزار مەتر سێجا لە چرکەیەکدا بێت، ئێستا 1500 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا پێمان بگات، ئەوا ژمارە نادەم و بڵێم پێویستم بە هەزارە، با ئاوەکەمان بۆ بەردرێتەوە، هیچ کێشەیەکمان نییە لەگەڵیدا، چونکە نزمایی و بەنداومان هەیە کە جێگەیان تێدا دەبێتەوە.
رووداو: بەڕێز تورھان، ئاماژەت بەوەدا کە یاداشتێکی لێکتێگەیشتنە و رێککەوتن نییە، ئەو کۆسپانە چین کە رێگرن لە بەردەم گۆڕینی بۆ رێککەوتننامەیەکی ستراتیژی لە نێوان ئێوە و تورکیادا؟
تورھان موفتی: بەگشتی، رێککەوتننامەکانی تایبەت بە ئاو لە ریزی ئاڵۆزترین رێککەوتننامەکانن لە نێوان وڵاتاندا. گواستنەوە زەحمەتە، چونکە دەوڵەتی عێراق لە بنەڕەتدا هیچ رێککەوتنێکی نییە، تەنانەت یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی پێشوەختەشی لە سایەی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکاندا نییە، بۆیە قورسە راستەوخۆ بچینە سەر پەیماننامە یان رێککەوتنێک، لە کۆتاییدا بەرگری لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە هەیە لەم بارەیەوە. بۆیە ئێمە بە یاداشتی لێکتێگەیشتن دەستمان پێکرد.
رووداو: ماوەکەی چەندە؟
تورھان موفتی: ماوەکەی 15 ساڵە و دەتوانرێت درێژ بکرێتەوە. دەکرێت لە سایەی حکومەتی ئێستا یان داهاتوودا، دوای دروستکردنی متمانە بگۆڕدرێت، چونکە بەڕاستی ئێمە متمانەمان لە نێوان عێراق و تورکیا و نێوان عێراق و ئێراندا سەبارەت بە بەکارهێنانەکانی ئاو نییە. لەگەڵ دروستکردنی پردەکانی متمانە دەکرێت زۆر بە ئاسانی ببێتە رێککەوتننامە.
رووداو: بەپێی ئەم یاداشتە، ئایا تورکیا بەنداو لە عێراق دروست دەکات؟
تورھان موفتی: یاداشتەکە بڕگەیەکی گرنگ لەخۆدەگرێت سەبارەت بە هاوبەشی لە ژێرخاندا. ئەمە بەو مانایە دێت کە دەتوانرێت بەشێک لە پڕۆژەکانی ئاومان یان پڕۆژەکانی چاککردنەوەی زەوی بدرێتە لایەنی تورکی، چونکە ئەم پڕۆژانە لە هەموو حاڵەتێکدا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ بەڵێندەرایەتی رادەگەیەنرێن، ئەوەش لە بەرامبەر دابینکردنی گەرەنتی لە گواستنەوەی تەکنەلۆجیا و شارەزایی، سەرباری پاراستنی ئاستی ئاو.
رووداو: بەڵام بڕیاربوو سندووقێک بۆ هێنانی کۆمپانیا تورکییەکان دروست بکرێت؟
تورھان موفتی: هەر ئەوەیە.
رووداو: سندووقێک بۆ هێنانی کۆمپانیا تورکییەکان بۆ دروستکردنی بەنداو، جێبەجێکردنی ئەوە گەیشتە کوێ؟
تورھان موفتی: سندووقێکی تەواوکارمان هەیە، کە هاوشێوەی ئەزموونی سندووقی چینی-عێراقییە و لە مانگی نۆ (ئەیلوول)دا چووە بواری جێبەجێکردنەوە. بیرۆکەکە بەم شێوەیەیە، بودجەی عێراق هەمیشە دوادەکەوێت، بۆیە بەستنەوەی پڕۆژەکانی ئاو بە بودجەوە رەنگە ببێتە هۆی دواکەوتنیان، لەبەرئەوە بیرۆکەی دروستکردنی سندووقێک یان یەکەیەکی ژمێریاری تایبەتم بۆ خستەڕوو بەمەبەستی پارەدارکردنی پڕۆژەکانی ئاو بەپێی رێککەوتنی چوارچێوەیی نێوان تورکیا و عێراق. با وا دابنێین کە ئێمە رۆژانە لە نێوان 30-35 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشین، داهاتی ئەم بەشە بۆ سندووقەکە تەرخان دەکرێت، نایدەم بە تورکیا، واتە بۆ نموونە، ئەگەر رۆژانە 3 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکەین، داهاتی 30-35 هەزار بەرمیلی لە سندووقەکەدا تەرخان دەکرێت، بۆیە ئەوەی پەیوەندی بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئاوەوە هەیە، کە کۆمپانیا تورکییەکان لە عێراق جێبەجێی دەکەن، لە شایستەکانی ئەو سندووقە پارەدار دەکرێن، ئەمەش لە 1ی ئەیلوولەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
رووداو: ئەو پڕۆژانە چین کە عێراق ئێستا لە لایەنی تورکی داوای دەکات جێبەجێیان بکات؟
تورھان موفتی: ئێستا کۆمەڵێک بەنداوی گلدانەوەی ئاو لە سەماوە و دیوانیە و هەرێم هەن، هەروەها لە موسڵیش ئەگەر لەبیرم نەچووبێت. سەرباری پڕۆژە ستراتیژییە گەورەکانی وەک چاککردنەوەی زەوی لە پڕۆژەکانی غەڕاف و عیمارە و حەویجە، هەروەها وێستگەکانی پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆ لە واسط و پارێزگاکانی دیکە.
رووداو: ژمارەی ئەو بەنداوانە چەندە کە رێککەوتنیان لەسەر کراوە؟
تورھان موفتی: بە پێنج بەنداوی گلدانەوەی ئاو دەستمان پێکردووە، ئەگەری هەیە دواتر ژمارەکە زیاد بکات.
رووداو: بڕیاربوو بەپێی بودجەی سێ ساڵە پڕۆژەکانی دروستکردنی بەنداو لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێن، بۆچی تا ئێستا جێبەجێ نەکراون؟
تورھان موفتی: پێموایە دوو بەنداوی گلدانەوەی ئاو یان بەرهەمهێنانی کارەبا هەبوون، خراونەتە سەر یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمێک دواکەوتن بەهۆی ئەو ڕێکارانەی پەیوەندییان بە چوونە بواری جێبەجێکردنی یاداشتەکەوە هەیە. ئومێد دەکرێت ئێستا تەواو ببن.
رووداو: رووبەڕی بەبیابانبوون لە عێراقدا ئێستا چەندە؟
تورھان موفتی: لە ڕاستیدا، ئێمە بەو مانایە بیابانمان نییە وەک ئەوەی لە سعودیە هەیە، بۆ ئەوەی لەم بابەتەدا روون بین، وەک ئەو "ناوچە بیابانییە" نییە کە لە وانەی جوگرافیادا خوێندوومانە. رێژەی بەبیابانبوون لای ئێمە زۆر کەمە.
رووداو: رێژەکە چەندە؟
تورھان موفتی: ئێستا رێژە دروستەکەم لە یاد نییە، بەڵام دەتوانین خۆمان لە قەبارەی بەبیابانبوون بپارێزین، بەڵام کێشەی پێشڕەویکردنی بەبیابانبوونمان هەیە، ئەم شتە بوونی هەیە، واتە ناوچەگەلێک هەن کە پێشتر چێنرابوون..
رووداو: لە چ ناوچەیەکدا پێشڕەویی بەبیابانبوون دەبینین؟
تورھان موفتی: بۆ نموونە، لە ناوچەکانی رۆژئاوای موسڵ و سەلاحەدین و تەواوی ناوچەکانی باشوور، ئەمەش کاریگەری گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوایە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پێش ساڵی 2000، عێراق زیاتر لە 30 ملیۆن دۆنم زەوی چاککراوی هەبوو، پێموایە لە ساڵی 2003دا دابەزی بۆ 16 ملیۆن. ئەو رووبەرانەی ئێستا سوودیان لێ وەردەگیرێت کەمترن، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و بڕی ئاوەوە، راستە ئێستا بڕێکی ئارامبەخشی ئاومان هەیە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت کە تەواوی ئاوەکە بەربدەینەوە، بەتایبەتی ئەگەر بزانین کە لە ساڵی داهاتوو یان دواتردا کەمئاوی بەخۆوە دەبینین. بۆیە ئێمە دابەزینمان هەیە لە رووبەری زەوییە شیاوەکان بۆ کشتوکاڵ، چونکە لە راستیدا دەوڵەتی عێراق خۆی بەرهەمهێنان کەمدەکاتەوە. بیرۆکەی پێشووی پێش ساڵی 2000 ئەوە بوو کە عێراق یەکێک بێت لە گەورەترین وڵاتە هەناردەکارەکانی سەوزەوات، بۆیە رووبەرێکی بەرفراوانیان چاککردەوە، بەڵام دوای قۆناغەکانی گەمارۆ و لێکەوتەکانی، رێژەی زەوییە چاککراوەکان کەمبووەوە بەهۆی ئەوەی عێراق توانای هەناردەکردنی نەما.
رووداو: بەڵام وەڵامی پرسیارەکەی منتان نەدایەوە سەبارەت بە رێژەی بەبیابانبوون.
تورھان موفتی: ئێمە 100% بەبیابانبوونمان نییە، لە راستیدا ژمارەکەم لە یاد نییە. رەنگە لە نێوان 11-12% بێت. بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە ئێمە لە کێشەداین، چونکە زەوی چاککراوی فراوانمان هەیە، بەم شێوەیە ئەمە کاریگەریمان لەسەر دروست ناکات، بۆیە پارێزگاریکردن لەو زەویانە کێشەم بۆ دروست ناکات، بەڵام دەبێت رێگری لە پێشڕەویکردنی بەبیابانبوون بگرین.
رووداو: ئایا پلانێکتان هەیە بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی بەبیابانبوون؟
تورھان موفتی: بەڵێ، بێگومان. پلانەکان بەردەستن بۆ راگرتنی تەشەنەسەندنی بەبیابانبوون، هیچ کێشەیەک نییە لە مانەوەی ئەو رووبەرانەی بەبیابانبووندا، بەڵام دەبێت تەشەنەسەندنەکەی رابگیرێت و ئەمەش گرنگەکەیە.
رووداو: باسمان لە لایەنی تورکی کرد، ئەی لایەنی ئێرانی کە لە زۆر کاتی ساڵدا سەرچاوەکانی ئاو لە عێراق دەبڕێت؟
تورھان موفتی: لایەنی ئێرانی نزیکەی 12%ی کۆی گشتیی ئاو بۆ عێراق دابین دەکات، یان 20% ئەگەر تەنها باسی حەوزی دیجلە بکەین. ئێمە لە قۆناغەکانی پێشوودا بەدەست ئەم بابەتەوە ناڵاندوومانە. لەبەرئەوە حکومەت رەشنووسێکی یاداشتی لێکتێگەیشتنی هاوشێوەی ئەوەی لە چوارچێوەی رێککەوتنی چوارچێوەییدا لەگەڵ تورکیا واژۆ کراوە ئامادە کردووە، ئەگەری هەیە لەگەڵ لایەنی ئێرانیش واژۆ بکرێت. بەڵام حکومەت چاوەڕێ دەکات تاوەکو سەرەتا هەڵسەنگاندن بۆ لایەنە ئەرێنییەکانی یاداشتەکەی تورکیا بکات، دواتریش دەکرێت هەمان هەنگاو لەگەڵ لایەنی ئێرانی بنرێت.
رووداو: گوتت "ئەگەری هەیە"، ئایا ئێستا لێکۆڵینەوە لەم رەشنووسە دەکرێت؟
تورھان موفتی: بەڵێ، رەشنووسەکە ئامادەیە، بەڵام دۆخی ئێستای ناوچەکە کاریگەری هەیە، چونکە ناتوانرێت بچینە ناو واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە کاتێکدا ئێران لە دۆخی جەنگدایە، بۆیە رەنگە لەلای ئەوان پێشینەی کارەکان جیاواز بن.
رووداو: ئایا لایەنی ئێرانی ئامادەیە بۆ یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی ئاویی لەگەڵ عێراق؟
تورھان موفتی: بەپێی وەرگرتنی بۆچوونەکانمان، ئەوان ئامادەن. یەکێک لەو بیرۆکانەی خراوەتەڕوو ئەگەری گێڕانەوەی رێڕەوی رووباری کاروونە بۆ ئەوەی بڕژێتەوە ناو شەتولعەرەب وەک ئەوەی لە پێشوودا هەبوو، ئەمەش بۆ ئێمە زۆر گرنگە.
رووداو: لە بەرامبەر چیدا؟
تورھان موفتی: لە بەرامبەر تێپەڕاندنی یاداشتەکە.
رووداو: زۆر سوپاس بۆ تۆ بەڕێز تورھان موفتی، راوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئاو.
تورھان موفتی: بەخێر بێن، زۆر سوپاس...


