رووداو دیجیتاڵ
دوای 12 ساڵ لە شەڕی دژی داعش، قۆناخێکی نوێ و هەستیار لە عێراق دەستپێدەکات؛ سەرجەم راوێژکارە سەربازییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە وڵاتەکە کشانەوە و بەغدا رووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی گەورەی سەروەریی تەواو و پاراستنی ئاسایش دەبێتەوە.
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە وەهبێ رۆمی پێشکێشی کرد، لیوا یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق دڵنیایی دەداتە خەڵک کە هێزە چەکدارەکان لەوپەڕی ئامادەییدان. جەخت دەکاتەوە، هیچ بۆشاییەکی ئەمنی لەنێوان هێزە فیدراڵییەکان و هێزی پێشمەرگەدا نەماوە و هاوئاهەنگی لە بەرزترین ئاستیدایە. هاوکات ئاشکرای دەکات، عێراق سیستمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی و رادار دابین دەکات کە تەواوی ئاسمانی وڵات، لەنێویدا هەرێمی کوردستان، دەپارێزن.
یەحیا رەسووڵ باس لە کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی سنووری سووریا دەکات و هەڵوێستی فەرمیی دەوڵەتیش لەبارەی لێکۆڵینەوە لە شەهیدبوونی دوو گەنجە کوردەکەی پردێ دەخاتەڕوو.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق:
رووداو: با لەم پرسیارەوە دەستپێبکەم؛ ئێوە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی 12 ساڵ پێکەوە شەڕتان دژی داعش کرد، 30ی ئەیلوول یەک سەربازی ئەمریکیش لە عێراق بەگشتی نەما، قسەت بۆ ئەم رۆژە چییە؟
یەحیا رەسووڵ: سەرەتا بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان، سڵاوم بۆ بەڕێزتان و بینەرانی کەناڵی رووداو هەیە، پێموایە ئەمڕۆ بە رۆژێکی گرنگ و رۆژی سەروەریی تەواوی عێراق دادەنرێت لەسەر خاک، ئاسمان و ئاوەکانی عێراقدا. بەدڵنیاییەوە ئێمە لە شەڕماندا دژی چەتەکانی داعشی تیرۆریست لە ساڵی 2014ـەوە بەراستی بە نوێنەرایەتی لەجیاتی تەواوی جیهان شەڕمان دەکرد، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رۆڵێکی گرنگی هەبوو، ئێمەش سوپاسی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکەین بۆ هەموو ئەو پاڵپشتییەی پێشکەشی ئێمەی کرد لە ماوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئازادکردندا، بەڵام ئەوانەی لەسەر زەوی شەڕیان دەکرد، هێزە چەکدارەکانی عێراق و دامەزراوەی بەرگریی نیشتمانیی عێراق بوون پێکهاتبوون لە یەکەکانی سوپا، پۆلیس، پێشمەرگە، حەشدی شەعبی و هەموو دەزگاکان، توانیمان خاکی عێراق ئازاد بکەین، ئەمڕۆش توانا سەربازییەکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە ئاستێکی زۆر باڵادان، لەسەر ئاستی وشکانی، ئاسمانی و فڕۆکەوانیی سوپا و چەکەکان و پلەکانی دیکە. هەروەها یەکە سەربازییەکانمان لە هەموو بستێکی خاکی عێراقدا جێگیرن. خاڵێکی دیکە ئەوەیە ئێمە بەڕاستی لە رووی هەواڵگرییەوە توانایەکی زۆر بەرزمان هەیە؛ سیستەمی هەواڵگری لە رێگەی دەزگە هەواڵگرییەکانەوە بە وردی و بەپێی زانیاری و لە رێگەی ئامێری زۆر پێشکەوتووەوە کار دەکات. ئەمڕۆ ئاراستەی وەزارەتی بەرگری لە رێگەی بەڕێز سوپاسالار و بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، تەواوکردنی بونیاتنانی تواناکانە، بەتایبەت لە بواری بەرگریی ئاسمانیدا. بەڵێ، ئێمە رادارمان هەیە و ئەم رادارانە تەواوی رووبەری خاکی عێراق دەپێون، بەڵام دەبێت کاری بەرگریی ئاسمانی زیاتر پەرەپێبدەین، ئەمەش لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە رێنمایی لەسەر دراوە و لیژنەی هونەری هەیە.
رووداو: باشە، هیچ شوێنێکی چۆڵ لەسەر خاکی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان ماوە، لە دەستی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکاندا نەبێت؟
یەحیا رەسووڵ: نەخێر، بە هیچ شێوەیەک، ئێمە ئەمڕۆ لە چوارچێوەی یەک سیستەمی بەرگریی نیشتمانیدا کار دەکەین؛ لە کوردستان هێزەکانی پاسەوانی هەرێم(ـی کوردستان) و برایانمان لە هێزەکانی پێشمەرگە هەیە. هەروەها لە سەرتاسەری خاکی عێراق یەکەکانی سوپا، وەزارەتی ناوخۆ، هێزەکانی سنوور کە بە تووندی و بە چاودێرییەکی بەرزەوە سنوور دەپارێزن و حەشدی شەعبی و دەزگە ئەمنییە هەواڵگرییەکان هەن. تەواوی ئەو ناوچانەش بەتایبەت ئەو شوێنانەی پێشتر چۆڵ بوون، بەدڵنیاییەوە ئێمە توانای درۆن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانمان هەیە؛ ئەمڕۆ بەراستی توانایەکی گەورە لە درۆندا هەیە بەدواداچوون بۆ ئەم ناوچانە دەکات و چاودێریی جووڵەی دوژمن دەکات، ئەگەر هەندێک شانەی کەم و نووستووش هەبن تارادەیەک دیار نین و شاردراونەتەوە و شکاون، لە هەموو شوێنێک راویان دەنێین. پێش ماوەیەکیش فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بادیە دامەزرا ئێستا لە بیابانی سەماوەیە و تەواوی ناوچە بیابانییەکان لەلایەن یەکە سەربازییەکان، درۆن و فڕۆکەی جەنگیی سوپاوە کۆنترۆڵکراون، کەواتە هەموو ناوچە و خاکەکانی عێراق لەژێر کۆنترۆڵی هێزە چەکدارەکانماندان بە هەموو بەشەکانییەوە.
رووداو: بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان بەغدا و واشنتن لە داهاتوودا، چارەنووسی پەیوەندییە سەربازییەکان چۆن دەبێت؟
یەحیا رەسووڵ: کشانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە هیچ شێوەیەک بەو مانایە نییە پەیوەندیمان لەگەڵیان کۆتایی هاتووە، بەڵکو دەچینە ناو پەیوەندیی دووقۆڵی لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەدا. دەزانن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی زیاتر لە 60 دەوڵەتی لەخۆگرتبوو وڵاتی جیهانی و خاوەن پێگە و سوپای گەورەن. ئێمە بەردەوام دەبین لە رێگەی ناردنی شاندی راهێنان، کڕینی چەک، مەشق، ئەم کارە دووقۆڵییە زۆر گرنگە لە چوارچێوەی کاری سەربازیدا، جگە لەوەش ئێمە نابێت لە جیهان داببڕێین، بەڵکو پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، هەرێمی و جیهانی لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەریی عێراق دەبێت، بوونی پەیوەندیی دووقۆڵی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و بیانی بە شتێکی گرنگ دەزانین و شاندەکانمان بۆ کڕینی چەک و کەرەستە و تەواوکردنی بنیاتنانی هێزە چەکدارەکان بەردەوام دەبن.
رووداو: دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، ئێوە چ دڵنیاییەک دەدەنە خەڵك بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق و رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک؟
یەحیا رەسووڵ: بەدڵنیاییەوە ئەمڕۆ هاووڵاتیی عێراقی متمانەیەکی گەورەی بە هێزە چەکدارەکان هەیە، ئێمەش وەکو هێزە چەکدارەکان توانامان هەیە پارێزگاری لە عێراقییەکان، شکۆ و سەروەریی عێراق بکەین. یەکەکانمان لە هەموو شوێنێکن، پەیوەندی و متمانەی نێوان هاووڵاتییان و هێزە ئەمنییەکان زۆر بەهێزە. یەکە سەربازییەکانمان لە باشترین یەکەکانن لە رووی راهێنان، پڕچەککردن و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرەوە، لە هەموو ناوچە سەختە جوگرافییەکاندا بە پشتیوانیی ئاسمانی و درۆن ئامادەن، ئەمڕۆ سەقامگیرییەکی ئەمنیی گەورە هەیە، وەزارەتی ناوخۆ لەنێو شارەکاندا ئەرکەکانی بەڕێوەدەبات و پرۆسەی رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنیی شارەکان لە سوپاوە بۆ ناوخۆ بەردەوامە، ئەمەش بەڵگەی پێشکەوتنی توانای پۆلیسە. هاووڵاتیی عێراقیش لە باکوورەوە تا باشوور و لە رۆژهەڵاتەوە تا رۆژئاوا، ئەرکی ئێمەیە کە بیپارێزین.
رووداو: گوتت هێزەکانتان بەتەواوی ئامادەن و مەشقی باشیان پێکراوە و ئامادەن بۆ پاراستنی هەموو عێراق. ئایا تاوەکو ئێستا پاشماوەکانی داعش لە عێراق ماون؟
یەحیا رەسووڵ: سەبارەت بە شانەکانی داعش، لەوانەیە ژمارەیەکی کەم لە شانەی زۆر لاواز و شکاو هەبن، کارەکانمان هەواڵگرییە؛ دەزگای هەواڵگریمان توانای بەدواداچوونی ئەم پاشماوانەی هەیە و ماوە بە ماوە ئۆپەراسیۆنی جۆری لە دژیان دەکەن. وەکو ئەوەی لە کەرکووک روویدا؛ کاتێک ئەو شانە تیرۆریستییە هەوڵیاندا بچنە بازاڕەوە بۆ دابینکردنی پێداویستی، دەستبەجێ بەدواداچوونیان بۆ کرا و لەناوبران، ئەمەش بەڵگەی هەبوونی هەوڵی هەواڵگرییە. ئەو چەکدارە کەمانەی ماون مەترسی نین و خۆیان شاردووەتەوە، خاڵی دووەمیش هۆشیاریی هاووڵاتیی عێراقییە راستەوخۆ هەواڵ دەدەن لەسەر هەر گومانلێکراوێک، بۆیە ئەم شانە زۆر کەم و لاوازانە مەترسیی ئەوتۆ دروست ناکەن.
رووداو: ئەو رووداوەی لە ناوچەی پردێی کەرکووک کرا، دوو گەنجی کورد شەهید بوون، بەتایبەت ئەو کەسانەی هێزە عێراقییەکان یان دژەتیرۆری عێراق بوون؛ بەتایبەت گوتەی تۆ لەو بارەیەوە چییە؟ ئێستاش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە پێکهێنراوە، رووداوی وا روودەدەن و لە ئەنجامدا خەڵکی سڤیل شەهید دەبن، چی دەبێت؟
یەحیا رەسووڵ: سەرەتا خوا لە شەهیدان خۆش بێت، ئەوانەی شەهید بوون رۆڵەی ئێمەن و عێراقین، بەدڵنیاییەوە لیژنەی لێکۆڵینەوە هەیە و ئەگەر هەر کەمتەرخەمییەک هەبووبێت، لێپێچینەوە لە کەمتەرخەمان دەکرێت. بەڵام دەبێت چاوەڕوانی دەرەنجامی کارەکانی ئەم لیژنەیە بکەین لەسەر ئەوەی لە کەرکووک روویدا.
رووداو: بەتایبەت ئەو کەسانەی هێرشەکەیان کرد، دژەتیرۆری عێراق بوون، ئەگەر دەستی ئەوان لەم رووداوەدا هەبووبێت و بە هەڵە ئەو دوو گەنجە کوردەیان شەهید کردبێت، سزا دەدرێن و بە چ سزایەک؟
یەحیا رەسووڵ: من گوتم؛ ئەم بابەتە پەیوەستە بە راپۆرتی ئەو لیژنەیەی لەوێیە، لیژنەکە لیژنەیەکی باڵایە و لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکات بۆ گەیشتن بە راستییەکان، بەدڵنیاییەوە راسپاردەی ئەم لیژنەیە لەسەر رووداوەکە بڵاودەکرێتەوە.
رووداو: بێینە سەر کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان؛ ژمارەی ئەو سەربازە ئەمریکییانەی تاوەکو ئێستا کشانەوە چەندە؟
یەحیا رەسووڵ: رەنگە ژمارەی وردم لەلا نەبێت، بەڵام ئەوانە سەرباز نەبوون، بەڵکو راوێژکار بوون لە بوارەکانی راهێنان، چەکداری و ئامادەکاری؛ ئێستاش سەرجەم راوێژکارەکان کشانەوە و هیچ راوێژکارێکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، چ ئەمریکی بێت یان وڵاتی دیکە، لەسەر خاکی عێراق نەماون.
رووداو: دوای قۆناخی کشانەوە، ئاستی هاوئاهەنگی و پەیوەندیی ئێوە لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە چۆن دەبێت؟
یەحیا رەسووڵ: سەرەتا هێزەکانی پێشمەرگە بەشێکن لە سیستەمی بەرگریی نیشتمانیی عێراق و خوێن و قوربانی و شەهیدی هەبووە، رێز و سوپاسی تەواومان بۆیان هەیە، ئاستی هاوئاهەنگیمان زۆر بەرزە و پەیوەندییەکی زۆر پتەو لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە لە رێگەی بەڕێز وەزیر و سوپاسالار فەریق روکن عیسا هەیە، نوێنەرەکانیان بەردەوام ئامادەن، کۆبوونەوەی بەردەوام هەیە و هاوئاهەنگییەکە لە بەرزترین ئاستیدایە.
رووداو: بەڕێز یەحیا رەسوڵ، بەر لە چەند رۆژێک سەباح نوعمان بۆ رووداو راگەیاند، سیستەمی بەرگریی دژەموشەک و درۆن لە ماوەیەکی نزیکدا دەگاتە عێراق، کەی دەگات؟
یەحیا رەسووڵ: وەکو پێشتریش گوتم، لیژنەی هونەری چوونەتە ئەو وڵاتانەی لە بواری بەرگریی ئاسمانیدا زۆر پێشکەوتوون، لە قۆناخی داهاتوودا بازدانێکی گەورە لە تواناکانی بەرگریی ئاسمانیمان دەبینین، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی داوە بە پڕچەککردن و تەرخانکردنی بودجە، لێکتێگەیشتن لە رێگەی لیژنە هونەرییەکانەوە کراوە و بەمزووانە پێشکەوتنی بەرچاو لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی عێراقدا دەبینین.
رووداو: ئەو رادار و سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییانەی دەگەنە عێراق، ئاسمانی هەرێمی کوردستانیش دەگرنەوە؟
یەحیا رەسووڵ: هەرێمی کوردستان خاکی عێراقە و لەلای ئێمە ئازیزە، گەلی کورد گەل و کەسوکارمانن، عێراق یەک وڵاتە؛ بەدڵنیاییەوە هەموو ئەم سیستەمانە بۆ بەرگریکردنن لە سەروەریی خاک و ئاسمانی تەواوی عێراق.
رووداو: دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، ئێستاش حکومەتی عێراق داوا دەکات چەک بەدەست گرووپەکانەوە نەمێنێت لەسەر ئاستی عێراق؛ کەی ئەو وادەیە دیاری دەکرێت هەموو گرووپە چەکدارەکان چەکەکانیان دابنێن و رادەستی حکومەتی بکەن؟
یەحیا رەسووڵ: پێموایە حکومەتی عێراق خۆی بەرپرسیارە لەم بابەتە، پرسی چەک و گفتوگۆکان لێدوانی فەرمیی لەلایەن بەڕێز سەباح نوعمانەوە دەدرێت و من زانیاریی وردم لەسەر ئەم بابەتە لەلا نییە.
رووداو: پێش ماوەیەک لە شنگال بوون، بەتایبەت ناڕەزایەتی لەلایەن خەڵکی شنگالەوە هەبوو، چارەنووسی یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) چی لێدێت و چی دەکرێت؟
یەحیا رەسووڵ: پێموایە لیژنەیەکی باڵا لەسەر ئەم بابەتە پێکهێنراوە و دەستیان بە کۆبوونەوە و دیدارەکان کردووە. چاوەڕێی کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەم لیژنەیە دەکەین و کاتێک دەگەنە ئەنجام، رادەگەیێندرێت، هەمووان دەمانەوێت عێراق لە باکوورەوە تا باشوور سەقامگیر و ئارام بێت.
رووداو: پرسیاری سنووری سووریا و عێراقیش دەکەم، چونکە سنووری سووریا و عێراق سنوورێکی درێژە، لەبەر جموجۆڵی داعش لە دیوی سووریا، رەوشی ئەمنی لەسەر سنووری نێوان عێراق و سووریا لە چ ئاستێکدایە لە رووی پاراستنەوە؟
یەحیا رەسووڵ: سنوورمان لەگەڵ سووریا نزیکەی 605 کیلۆمەترە، لە دوای ئازادکردنی ناوچەکانەوە، لەپێشینەی کارەکانمان کۆنترۆڵکردنی ئەم سنوورە بووە. بە هاوئاهەنگی فەرماندەیی پاسەوانی سنوور و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، سنوورەکە بەتەواوی کۆنترۆڵ و قایم کراوە. خەندەق، بەربەستی کۆنکرێتی، تەلی دڕکاوی، چەکی پاڵپشت، کامێرای گەرمیبین و درۆن دانراون. لە پشت هێزەکانی پاسەوانی سنووریش، یەکە سەربازییەکان لە هەموو شوێنێک ئامادەن، دڵنیایی دەدەم سنوورمان بەتەواوی پارێزراوە و بە سیستەمی زیرەک، تەکنیکی و هەواڵگری چاودێری دەکرێت.
رووداو: واتا دەتوانین بڵێین بەتایبەت لە چۆڵەوانییەکانی سووریا زۆرجار داعش هێرش دەکات، هیچ مەترسییەکی هێرشی داعش بۆ سەر سنووری عێراق نییە؟
یەحیا رەسووڵ: پێتان دەڵێم سنوورەکانمان بەتەواوی پارێزراون و قایمن، یەکەکانمان ئامادەن و چاودێری دەکەن. سنوورەکان لەژێر دەستی هێزە چەکدارەکان و پاسەوانی سنووردان و چاودێریی هەر جموجۆڵێک دەکرێت.
رووداو: زۆر زۆر سوپاست دەکەم بەڕێز لیوا یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق، لە بەغداوە میوانمان بوویت، زۆر زۆر سوپاس.
یەحیا رەسووڵ: زۆر سوپاس.


