رووداو دیجیتاڵ
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرپەرشتیاری پڕۆژەکانی "رووناکی" و "هەژماری من"، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند، قەرزی کۆمپانیاکانی کەرتی کارەبا لەسەر حکومەت لە نۆ ملیار دۆلار تێپەڕ دەبێت، هاوکات رایدەگەیێنێت کە داوای پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دەکەن.
عەزیز ئەحمەد، لە بوڵتەنی نیوەڕۆی تۆڕی میدیایی رووداودا لەگەڵ سەنگەر عەبدولڕەحمان، تیشکی خستە سەر خەرجی و داهاتی کەرتی کارەبا و گوتی: "مانگانە خەرجیی سێکتەری کارەبا (گازی کۆرمۆر، 15 وێستگەی بەرهەمهێنان، چاکسازیی تۆڕەکان و پڕۆژەی رووناکی) دەگاتە 220 ملیۆن دۆلار (نزیکەی 360 ملیار دینار). لە کاتێکدا داهاتی رووناکی مانگانە ناگاتە نیوەی ئەو بڕە و لە نێوان 110 بۆ 115 ملیار دینار دەبێت."
سەبارەت بە کورتهێنانی دارایی و کەڵەکەبوونی قەرزەکان، عەزیز ئەحمەد گوتی: "قەرزی سێکتەری کارەبا لەسەر حکومەت زیاتر لە 9 ملیار دۆلارە؛ لە سەرووی هەمووشیانەوە قەرزی کۆمپانیای دانەگاز و سێ گەورە کۆمپانیای بەرهەمهێنانی کارەبا (ماس، کار و قەیوان) کە 97٪ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکەن."
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران ئاشکرای کرد: "ئەنجوومەنی وەزیران بە فەرمی رەزامەندیی داوە کە دەست بە گفتوگۆ بکرێت بۆ پێداچوونەوە بە گرێبەستەکاندا؛ چونکە ئەو گرێبەستانە 10 ساڵ پێشتر لە دۆخێکی دارایی زۆر جیاوازدا واژۆ کراون و ئێستا کاتی ئەوەیە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی پێداچوونەوەیان تێدا بکرێت و پێموایە کۆمپانیاکانیش رازی دەبن."
سەبارەت بە پڕۆژەی "هەژماری من"ـیش، عەزیز ئەحمەد روونیکردەوە کە تاوەکو مانگی سێی ساڵی داهاتوو ژمارەی ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM) لە 700ـەوە بۆ 1000 ئامێر بەرز دەکرێتەوە تاوەکو قەرەباڵخی نەمێنێت؛ ئاشکراشی کرد کە لە تەواوی هەرێمی کوردستان تەنیا نزیکەی 25 هەزار مووچەخۆر ماون ناویان تۆمار بکەن و مووچەی هیچ کەسێکیش بەو هۆیەوە رانەگیراوە.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: چۆن بوو بڕیارتان دا جارێکی دیکە داشكاندن لە قەرزی کارەبای پێش پڕۆژەی رووناکی درێژ بکەنەوە؟
عەزیز ئەحمەد: بێگومان خواستی خەڵك؛ وەڵامی خەڵک بۆ داشکاندنی مانگی رابردوو زۆر ئەرێنی بوو. خەڵک بە گشتی زۆر هاتووەتە پێش و قەرزی خۆیان داوەتەوە. ئەگەر لە بیرتان مابێت مانگێک لەمەوبەر ئەنجوومەنی وەزیران ئەو دەسەڵاتەی کە پێویستە دراوەتە وەزارەتی کارەبا بۆ ئەوەی میکانیزمێک بۆ ئەو هاوبەشانەی کە قەرزی خۆیان نەداوەتەوە جێبەجێ بکات، واتە قست. ئێمە بەڕاستی بە نیاز بووین لەم مانگەوە قیستی ناچاری بڵاو بکەینەوە، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیران پێیان باش بوو دەرفەتێکی دیکە بدرێتە خەڵکی هەرێمی کوردستان قەرزی خۆیان بدەنەوە، بە هەمان ئەو رێژەیەی کە مانگی رابردوو رامانگەیاند، ئەو بڕیارە دوێنێ دراوە. ئێمە پێمان باشە و پابەندی دەبین، کە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە، بەڵام ئەمە دوایین دەرفەت دەبێت تاوەکو 18ی مانگی داهاتوو، دوای ئەوە خۆکارانە ئەوەی پارەکەی نەداوەتەوە دەبێتە قیستی مانگانە.
رووداو: بۆ ماڵان 24 مانگتان دیاری کردووە، هەرچەند بێت دەیکەنە 24 مانگ؟
عەزیز ئەحمەد: هەرچەند بێت 24 مانگە بۆ ماڵان و کشتوکاڵی، بۆ شوێنی بازرگانی بچووک 12 مانگە و بۆ پیشەسازی شەش مانگە.
رووداو: واتە ئەگەر ماڵێک 100 هەزار دیناریشی لەسەر بێت، بۆی دەکەنە 24 مانگ؟
عەزیز ئەحمەد: نا، لانیکەم هەیە؛ دەبێت لانیکەم 20 هەزار مانگانە بدات.
رووداو: جیا لەو پارەیەی مانگانە لە پڕۆژەی رووناکی بۆی دێتەوە؟
عەزیز ئەحمەد: بەڵێ؛ مانگانەش 20 هەزاری قیستەکەی دەچێتە سەر.
رووداو: ئەوەی پیشەسازی کەم نییە، کاک عەزیز، شەش مانگ؟
عەزیز ئەحمەد: نەخێر.. نەخێر، ئێستاش زۆربەی قەرزەکە لای ماڵانە. ئەوەی پیشەسازی ژمارەکەم لە بیر نییە، بەڵام زۆر کەمە. 65٪ بۆ 70٪ قەرزی ماڵانە، بەشەکەی دیکە هی شوێنی بازرگانییە، بزنسی بچووک، مۆڵێکە، هۆتێلێکە، یان چێشتخانەیەکە.
رووداو: گوشار نابێت لەسەریان؟
عەزیز ئەحمەد: نا؛ بێگومان ئێمە راپرسیمان کردووە، واتە لەگەڵ ئەم خاوەنکارەکان دانیشتووین، لەگەڵ ماڵان دانیشتووین، هیچ نەبێ مانگی جارێک راپرسی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەکرێت. بە راستی یەکەمجار کە لەسەر پیشەسازی کارمان کرد، ئەوە بوو دەرفەتی هەفتەمان پێداون، دواتر ئەوان بۆچوونی خۆیان پێداین، ئەوان پێیانوابوو بکرێتە سێ مانگ. خۆیان پێیان باش بوو، سێ مانگ، بەڵام ئێمە زیادمان کرد بۆ شەش مانگ، ئێمە دەزانین باری ئابووری ئەمدواییە، گوشاری ئابووری، گوشاری دارایی هەیە، لەبەر ئەوە شەش مانگ هەڵبژێردرا.
رووداو: خەڵک چەند قەرزدار بوو بەشێوەیەکی گشتی پێش بڕیارەکە، لەم ماوەیەدا چەند گەڕاوەتەوە و چەند ماوە؟
عەزیز ئەحمەد: با لەسەر گشتی قسە بکەین، 2 ملیۆن هاوبەش هەن، 20٪ـیان هەر قەرزیان لەسەر نەبووە لە پێش راگەیاندنی هەڵمەتی ئەوەی 50٪ـەکە داشکاندنی مانگێک لەمەوپێش، با بڵێین هەڵمەتی یەکەمی داشکاندنەکە. 20٪ـیان هەر قەرزیان لانەبووە، دەمێنێتەوە 80٪. لەو 80٪ـە، 40٪ـیان داویانەتەوە لە هەڵمەتی مانگی رابردوو.
رووداو: چەند بوو پارەکە؟
عەزیز ئەحمەد: پارەکە دەبێ بە مانگ قسە بکەین. کۆی گشتی 360 ملیار دینار بووە، بەڵام دەبێ دابەش بکرێتە سەر دوو مانگ، چونکە داهات و خەرجی ئەم وڵاتە بە مانگ هەژمار دەکرێت.
رووداو: 40٪ـی هاوبەشان قەرزەکانیان داوەتەوە، 40٪ـی ماوە؟
عەزیز ئەحمەد: بەڵی، ئەو رێژەیەش 800 هەزار هاوبەش قەرزی لاماوە.
رووداو: پارەکە چەندە؟
عەزیز ئەحمەد: لە بیرتان نەچێت هاوبەش پێنج جۆری هەیە لەگەڵ میری، لەگەڵ ئەوەی دەوڵەتیش، کشتوکاڵی، پیشەسازی، ماڵان و بازرگانی. 1.3 تریلیۆن دینار ماوە بدرێت.
رووداو: کاک عەزیز باسی ئەو داهاتەت کرد، ئێستا پڕۆژەی رووناکی داهاتی چەندە؟
عەزیز ئەحمەد: بێجگە لە قەرزەکە. راشکاو دەبم، چونکە زۆر ژمارە دەگوترێت ئەم دواییانە لە راگەیاندن هیچ بنەمای نییە. من دەمەوێ ئەمڕۆ هەرچی پرسیارتان هەیە وەڵامتان بدەمەوە.
رووداو: کاک عەلی حەمەساڵح دەڵێت: ...
عەزیز ئەحمەد: تەواو، بەس پێش ئەوەی بچینە سەر قسەکانی کاک عەلی، کاک عەلی چاومانە، بەس پێش ئەوەی بچینە سەر قسەکانی کاک عەلی، دەبێ جیاوازی هەبێت لە نێوان قەرزی کۆن کە پێش رووناکی هەبووە و داهاتی ئاسایی مانگانەی کارەبا.
رووداو: قەرزی پێش پڕۆژەی رووناکی دوو تریلیۆن بوو وایە؟
عەزیز ئەحمەد: بەڵێ، دوو تریلیۆن مابوو...
رووداو: داهاتەکە ئەوەیە کە باسی لێوە دەکرێت، لەو ژمارە گەورانەی باسی دەکەن، 300، 400 ملیار دینار؟
عەزیز ئەحمەد: نا، نا هیچ بنەمایەک بۆ ئەوە نییە، با پێتان بڵێم بۆ من ناتوانم ئێستا ژمارەکەت پێ بڵێم: بەپێی وەرز خواست لەسەر کارەبا گۆڕانی بەسەردا دێت. خەرجی کارەباش گۆڕانکاری، واتە داهاتی کارەبا و بەگوێرەی خەرجیی کارەبایە.
رووداو: زۆرترین و کەمترین چەندە؟
عەزیز ئەحمەد: تەواو، ئێمە دەتوانین پێت بڵێم لە کۆتایی ئەم ساڵ، لە کۆتایی تەواوی ساڵەکە پێمان وایە دەگاتە 100 ملیار. ئەگەر مانگی 12 لەگەڵ یەکدی دابنیشین و جەنابت ئەم پرسیارەم لێ بکەیت، بڵێی عەزیز داهاتی ساڵی رابردووتان چەند بووە؟ من دەتوانم ئەو کاتی پێت بڵێم کاکە داهاتی رووناکی، کارەبا، تێكڕا چەند بووە، دەتوانم بڵێم 100 ملیار بووە لە ساڵی رابردوو، مانگ بە مانگ.
رووداو: ئەوەی کاک عەلی دەیڵێت راست نییە؟
عەزیز ئەحمەد: کاک عەلی دەڵێت چی؟
رووداو: باسی 300، 400 ملیار دەکات.
عەزیز ئەحمەد: هیچ بنەمایەک بۆ ئەوە نییە. با کاک عەلی بێتە پێشەوە بەرنامەکە هەمووی ئەلیکترۆنییە، هیچ ژمارەیەک ناشاردرێتەوە، هەمووی ئەلیکترۆنییە.
رووداو: من داوا لە کاک عەلی حەمەساڵح بکەین بۆ ئەو ژمارانە دیبەیتێک بکەن، دەیکەیت؟
عەزیز ئەحمەد: من ئامادەم لەگەڵ کاک عەلی دابنیشم، گفتوگۆی لەگەڵ بکەم.
رووداو: لەسەر رووناکی و داهات با قسە بکات.
عەزیز ئەحمەد: من لەسەر رووناکی دادەنیشم، لەسەر هەژماری منیش دادەنیشم، بەڵام لەسەر ئی پسوولەش دادەنیشم، بەڵام من ناچمە ناو بەرنامەکانی ئەو قسانەی دیکەی کاک عەلی حەمەساڵح، چونکە دۆسیەی من نییە.
رووداو: ئیزن هەیە خواستی لێبخوازی؟
عەزیز ئەحمەد: لێی بپرسە و من پێموایە گفتوگۆ زۆر ئاساییە، رەنگە شتێکیش لە یەکدی فێربین، زۆر ئاساییە.
رووداو: (لە رێگەی تەلەفۆنەوە لە راستەوخۆی بەرنامە]: کاک عەلی ئەم کاتەت باش. نازانم بەرنامەکەی ئێمە دەبینیت یان نا، کاک عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی کاک مەسرور لای ئێمەیە. باسی پڕۆژەی کارەبا و داهاتی رووناکیمان کرد، هەموو جارێ جەنابت دەڵێی داهاتێکی زۆر هەیە مانگانە، کاک عەزیز ئامادەیە بۆ دیبەیتێک لەگەڵ جەنابت لەسەر ئەم بابەتە، لەسەر هەژماری من، لەسەر پڕۆژەی رووناکی، داهاتی پڕۆژەی رووناکی و لەسەر ئی پسوولە.
عەزیز ئەحمەد: بەڵام من باسی مریشک و هێلکە ناکەم؛ [پسپۆڕیی من نییە].
رووداو: کاک عەلی ئامادەیت بۆ دیبەیت؟
عەلی حەمەساڵح: بە دڵنیاییەوە من ئامادەم... بۆ هەر بەرپرسێک کە بتوانێت بە ناوی حکومەتەوە قسە بکات، لەسەر داهات کە 465 ملیار بە قەرزەکەوە...
رووداو: ئێمە پەیوەندیمان کردووە بزانین ئامادەیت بۆ دیبەیت؟
عەلی حەمەساڵح: حەزدەکەن ئێستا دێم.
رووداو: نانا، ئێستا نا.
عەزیز ئەحمەد، رێزم هەیە بۆی و سەرچاو ئامادەم.
رووداو: تەواو هەفتەی داهاتوو رۆژێک دیاری دەکەین.
رووداو: کاک عەزیز داهات 465 ملیار بوو؟ کاک عەلی وایگوت بە قەرزی پێش پڕۆژەی رووناکی.
عەزیز ئەحمەد: من پێم باشە داهات بەو شێوەیە ورد نییە کاک عەلی حەمەساڵح ژمارەیەکی گشتی ئاوا فڕێ بداتە نێو باسەکەوە، با مانگ بە مانگ باسی بکەین. من ئامادەم.
رووداو: ئەو دەڵێت مانگی رابردوو بە قەرزی پێش پڕۆژەی رووناکی 460 ملیار داهات هەبووە؟
عەزیز ئەحمەد: هیچ بنەمایەک بۆ ئەمە نییە، نەخێر. کۆی گشتی قەرزەکان لە سلێمانی و هەڵەبجە 170 ملیار دینار بووە، لە هەولێر 110 ملیار بووە، ئەما بەس قەرزی کۆن، هەڵمەتی رابردوو پێش رووناکی، دهۆکیش 86 ملیار دینار بووە، کۆی دەبێتە 360 ملیار دینار بووە.
رووداو: قەرزەکە چەندە؟
عەزیز ئەحمەد: دوو ترلیۆنە، دوو ئەوەندەی بکە چونکە قەرزەکە بە داشکاندن دراوەتەوە، ئێستا 1.3 تریلیۆن دینار هێشتا ماوەتەوە. کاک عەلی حەمەساڵح دەڵێت 460 ملیار دینار، هیچ بنەمایەک بۆ ئەمە نییە. دەبێ بە مانگ قسە بکەین. کە شاندەکانمان دەچنە بەغدا بە مانگ باس دەکەن، کە رووداو باسی مووچە دەکات دەڵێت مانگ، باسی مانگی هەشت بکەین کە هەڵمەتەکە لە 3ـی هەشت دەستی پێکرد، داهاتەکە 160 ملیار بووە هی قەرزی کۆن هی مانگی هەشت. داهاتی مانگی 8 تەنیا قەرزی کۆن کە هەڵمەتەکەمان راگەیاند 160 ملیار دینار بووە. مانگی نۆ 207 ملیار بووە.
رووداو: کۆی گشتی؟
عەزیز ئەحمەد: 360 و شتێکە، 365. تەواوە؟ داهاتی رووناکیش هەیە کە هی مانگی هەشت و نۆیە، من پێموایە ئەوەی کە کاک عەلی دەیکات هەمووی پێکەوە دەلکێنێ، هی دوو مانگ، قەرزەکە و رووناکییەکەش.
رووداو: دوو مانگی کردووە بە مانگێک؟
عەزیز ئەحمەد: کردوویەتی بە یەک ژمارە. من دەڵێم مادام بودجەی حکومەت مانگ بە مانگە، داهاتیش لای حکومەت بە مانگ هەژمار دەکرێت.
رووداو: داهاتی مانگانەی پڕۆژەی رووناکی چەندە؟
عەزیز ئەحمەد: من پێموایە تێکڕای ئەم ساڵ زیاتر دەبێت لە 100 ملیار دینار.
رووداو: خەرجییەکەی چەندە؟
عەزیز ئەحمەد: خەرجییەکەی 220 ملیۆن دۆلارە مانگانە، ئەو پرسیارە، زۆر بەدڵمە، چونکە گرنگە 220 ملیۆن دۆلار خەرجی سێکتەری کارەبایە. دەبێ ئەمە باس بکرێت. نزیکەی 360 ملیار دینارە.
رووداو: 260 ملیار دینار حکومەت لە گیرفانی خۆی دەیدات؟
عەزیز ئەحمەد: نا ئێستا حکومەت پێی ناکرێت ئەو خەرجییانە هەمووی بداتەوە. حکومەت، دۆخی دارایی ئەوەندە باش نییە بتوانێت 100٪ـی ئینڤۆیسەکانی بداتەوە. ئێستا بەشی زۆری بووەتە قەرز لەسەر حکومەت.
رووداو: چەند قەرزدارن ئێستا؟
عەزیز ئەحمەد: ئەمە زۆر گرنگە، خەرجی سێکتەری کارەبا لە چوار شت پێکدێت: گاز، کە لە کۆرمۆرەیە بەشی سەرەکی، دوو: وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا، کە کارەبامان بۆ بەرهەم دەهێنێت، بەشی سێیەم چاکسازی خودی تۆڕەکەیە، وێستگەی نوێ، گەڕەکێکی نوێ دادەمەزرێت لە هەولێر دەبێ هێڵی کارەبای بۆ رابکێشی، دەبێ گۆڕەری بۆ دابنێی، دەبێ پێوەری زیرەکی بۆ گرێ بدەی، ئەمە تێچووی هەیە و هەروەها بەرنامەی رووناکی، خەرجی ئەم چوارانە ئەگەر لێکی بدەیتەوە، بە تێکڕا مانگانە 220 ملیۆن دۆلارە، داهاتی رووناکی ئێستا 50٪ـیشی پڕ ناکاتەوە. ئەگەر 120 ملیاریش بێت مانگانە، ناگاتە 120 ئەمساڵ، با راشکاوبم رەنگە 110 ملیار بێت، 115 ملیار بێت.
رووداو: ئەو کورتهێنانە چۆن پڕ دەکرێتەوە؟
عەزیز ئەحمەد: ئێستا هەمووی قەرزە لەسەر حکومەت.
رووداو: چەند قەرزدارن؟
عەزیز ئەحمەد: قەرزی سێکتەری کارەبا زۆرە، نۆ ملیار دۆلار زیاترە.
رووداو: نۆ ملیار دۆلار قەرزی کێیە؟
عەزیز ئەحمەد: نۆ ملیار زیاتر هی کۆمپانیاکانە، وەکو باسم کرد ئەو چوارانە خەرجییان هەیە، هی دانەگاز خەرجییەکی زۆرە. ئێمە قەرزداری دانە گازین بۆ دابینکردنی گازەکە.
رووداو: ئەی کۆمپانیای ماس؟
عەزیز ئەحمەد: ئەوە وێستگەیە، قەرزداری 15 وێستگەی کارەباین. ماس و کار و قەیوان گەورەترینیانن، واتە توانای بەرهەمهێنانیان گەورەیە، 97٪ـی کارەبای کوردستان دابین دەکەن.
رووداو: نۆ ملیار دۆلار زیاترە؟
عەزیز ئەحمەد: بەڵێ، بەڵێ.
رووداو: چۆن دەیدەنەوە؟
عەزیز ئەحمەد: من پێموایە دەبێ گفتوگۆیەکی راشکاوانە لەگەڵ هەموو لایەنەکانی ئەو لایەنانەی کە بەشدارن لە سێکتەری کارەبا بکرێت.
رووداو: کابرا کاسبی دەکات بەسەر ئەم شتانەوە گفتوگۆ بکەن، ئەویش رەنگە خەرجی هەبێت، 10 رۆژ لەمەوپێش کارەبایان لەسەر خەڵک کەمکردەوە، چۆن ئەم کێشەیە چارەسەر دەبێت؟
عەزیز ئەحمەد: دەزانی زۆر ئاساییە بۆ هەر حکومەتێک کە گرێبەستێک واژۆ دەکرێت، دوای ماوەیەک پێداچوونەوەیان پێدا بکرێت.
رووداو: کێشەیان تێدایە؟
عەزیز ئەحمەد: من ناڵێم کێشەی تێدایە، من دەڵێم لە کاتێک ئیمزا کران، دۆخی دارایی حکومەت 10 ساڵ لەمەوبەر جیاواز بوو و باشتر بووە.
رووداو: ئێستا داوای پێداچوونەوە بە گرێبەستەکان دەکەن؟
عەزیز ئەحمەد: ئێمە بە فەرمی داوامان کردووە و ئەنجوومەنی وەزیران رازی بووە لەسەر ئەوەی گفتوگۆیەک بکرێت، سەپاندن و فەرز نییە، دەبێت گفتوگۆیەک بکرێ.
رووداو: ئەگەر رازی نەبوون کۆمپانیاکان؟
عەزیز ئەحمەد: من پێموایە رازی دەبن.
رووداو: کاک عەزیز، کارەبا بۆ لە هەولێر باش نییە؟
عەزیز ئەحمەد: لەبەر دوو شت: یەکەم وەکو هەمیشە باسمان کردووە گازی پێویست بەرهەم نایەت. دووەمی خودی تۆڕەکە لەناو هەولێر دەبێ راشکاو بم بەراورد لەگەڵ پارێزگاکانی دیکە ژێرخانی کارەبای هەولێر خراپە. من دەتوانم بڵێم خراپترین بووە.
رووداو: خراپترین پارێزگایە؟
عەزیز ئەحمەد: خراپترین پارێزگا بووە، واتە وەبەرهێنانی پێویست لە ژێرخانەکە نەکراوە، کراوە بەڵام ئەوەی پێویست بووە بۆی نەکراوە.
رووداو: ئێستا خەڵک چی بکات، پارەی دوو کارەبا دەدات کاک عەزیز؟
عەزیز ئەحمەد: بە تێكڕا لەناو شاری هەولێر، واتە لە نێو بازنەی 120 مەتری، کارەبا بەنزیکەیی 23 بۆ 24 کاژێر دابین دەکرێت، من باسی دوو هەفتەی رابردوو ناکەم کە کێشەمان هەبوو لەگەڵ وێستگەکانی کارەبا. لە دەوروبەری هەولێر کێشەمان هەیە. ئەو کێشانە وەکو باسم کرد هۆکاری سەرەکی ئەوە بووە کە خودی ژێرخانەکە خراپە. بەڵام پڕۆژەکە تەواو نەبووە، لە کۆتایی ئەمساڵ کارەبای هەموو کوردستان دەبێتە 24 کاژێری.
رووداو: واتە ئێمە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو کارەبا پچڕان نابینین؟
عەزیز ئەحمەد: پچڕان نابینین.
رووداو: نایبینین؟
عەزیز ئەحمەد: نابینین، مەگەر کێشەیەکی تەکنیکی هەبێت، ئەگەرنا بە تەواوی دەبێتە 24 کاژێری و کێشەکان نامێنن.
رووداو: بۆ هەندێک شوێنی هەولێر ماوە، هێشتا شەقڵاوە، مەخموور، کەی تەواو دەبن؟
عەزیز ئەحمەد: پڕۆژەکە چەند قۆناخێکە، دەبێت پێوەر دابنرێت، دەبێت هەژماری هاوبەشیان بۆ بکەینەوە، دەبێت خۆیان تۆمار بکەن، پسوولەیان بۆ بڕوات، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ تەواو دەبن.
رووداو: کێشە لە پینجوێن هەبوو خۆپیشاندانیان کرد، چارەسەر کراوە؟
عەزیز ئەحمەد: کێشەکە چارەسەر کراوە. ئێمە من دوو رۆژ لەمەوپێش وا بزانم تیمی پارێزگای سلێمانی پەیوەندییان پێوە کردووین و بە ئێمەیان گوت کە چارەسەر کراوە. رووناکی وەکو هەمیشە باسم کردووە هی سەرانسەری هەرێمی کوردستانە، پڕۆژەیەکی نیشتمانییە کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسند کراوە. یەک ستانداردە، یەک مۆدێلە و دەبێت لە پێنجوێنیش جێبەجێ بکرێت، سوپاسی ئەو برایانەش دەکەم کە ئیدارەی دۆسیەکەیان کرد لە سلێمانی، پەیامیان بۆ خەڵکی خۆشەویستی پێنجوێن ئەمە بووە: دەبێت یەک ستاندارد بێت و یەک سیستم بێت بۆ هەموو کوردستان و دەستخۆشیشیان لێدەکەم.
رووداو: دوو پرسیار لەسەر هەژماری من دەکەم، کاک عەزیز، بەڕاستی ئێستا بەشێک لە شار و شارۆچکەکان هەموو گلەیی و نامە بۆ ئێمە دەنێرن کە کێشەی ATMـەکان هەیە. دەچن پارەی تێدا نییە، هەندێک بانک لە هەندێک شارۆچکە ATMـی دانەناوە، لە شارێکەوە دەبێت بچن بۆ شارێکی دیکە، سەرەی دوورودرێژ هەیە. نیەتی ئێوە ئەوە بوو خەڵک بە ئاسانترین شێوە مووچەکەی وەربگرێت و لە گیرفانیدا بێت، نەک سەرە بگرێت؟
عەزیز ئەحمەد: نا ئێستا وەرگرتنی مووچە لەم سیستمە بەراورد بە سیستمی پێشوو هەر ناکرێت و زۆر باشترە، بەڵام وەکو منیش گوتم مافی ئەو مووچەخۆرانەشە، راستە، تاوەکو ئێستا 700 ATM دانراون، بڕیارە 1000 دابنرێن. هۆکار هەیە کە بۆ دواکەوت، من نامەوێت بچمە ناو ئەو بابەتی مێژوویی پڕۆژەکە کە چی لێهات، بەڵام تاوەکو مانگی سێی ساڵی داهاتوو رێژەی ATMـەکان لە سەرانسەری کوردستان 30٪ زیادی دەکات، بەرەو 1000.
رووداو: کێشەکە ATM نییە کاک عەزیز، زۆرجار ATMـەکە پارەی تێدا نییە؟
عەزیز ئەحمەد: پێم ایە ئاساییە ATMـێک پارەی تێدا نەمێنێت.
رووداو: یەکەم رۆژی مووچە کە دێت خەڵک دەچێت مووچەکەی وەربگرێت پارەی تێدا نییە.
عەزیز ئەحمەد: من ئەوەم نەبینیوە، چونکە پێش پێش دابەشکردنی مووچە تیمی هەژماری من ئاگاداری بۆ بانکەکان دەنێرن کە دەبێ هەموو ATMـەکان پڕ بکرێنەوە. گوشاریش زۆرە، ملیۆن مووچەخۆر لەسەر 700 دابەش دەکرێن، دەبوایە لەسەر 1000 دابەش بکرێن، بەڵام بە حوکمی ئەوەی کە حکومەت رایگەیاند دەبێ هەموویان بە زووترین کات ببنە ئەلیکترۆنی، تۆزێک پەلەمان کرد. من داوای لێبووردن لە هەر هاووڵاتییەک دەکەم یان مووچەخۆرێک. چارەسەر دەبێت، دڵنیا بن.
رووداو: کاک عەزیز چەند کەس ماوە فۆرمی هەژماری من پڕ بکاتەوە؟
عەزیز ئەحمەد: دوا ژمارەم لام نییە وابزانم 25 هەزارێکە، 25 هەزار ماوە.
رووداو: بۆ پڕیان نەکردووەتەوە؟
عەزیز ئەحمەد: هەندێکیان لێرە نین، هەندێکیان لە کوردستان نین، هەندێکیان هێشتا نەهاتوونەتەوە بۆ بانکەکان.
رووداو: مووچەیان دەبڕدرێت؟
عەزیز ئەحمەد: نەمزانیوە. نە، نە، رانەگیراوە، بڕیار بوو بەڵام بەغدا مووچەی نارد بەبێ ئەوەی لەوێش لێبڕین و شتانێک هەبێت و وەزارەتی داراییش، بڕیارەکەی وەزارەتە، وەزارەتی دارایی و ئابوورییە، ئەوانیش پێیانوابوو پڕۆسەکە بەردەوام بێت و جارێ مووچەی خەڵک نەبڕدرێت.
رووداو: ئەو 25 هەزار کەسە، هەر کەسێک بێت خۆی تۆمار بکات هەیە ئێستا؟
عەزیز ئەحمەد: بەڵێ، خەڵک لە دەرەوەی وڵاتیش تەنانەت دێنەوە.
رووداو: تۆمار دەکەن؟
عەزیز ئەحمەد: بێگومان، دەرفەت هەیە.
رووداو: زۆر زۆر سوپاس دەکەم بەڕێز کاک عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان...
عەزیز ئەحمەد: زۆر سوپاس بۆ جەنابت، سوپاس.

