رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (ئەی ئێف دی) لە هەرێمی زاکسن ئەنهالت رەتیدەکاتەوە پارتەکەیان دژی هەموو بیانییەک بێت و رایدەگەیێنێت، ئەوان سیاسەت بۆ ئەو کورد و تورکانەش دەکەن کە لە وڵاتەکەدا باج دەدەن. هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت کۆچبەرە نایاساییەکان و تاوانکاران دیپۆرت بکرێنەوە.
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، ئۆلیڤەر کیرشنەر، هاوسەرۆکی پارتی ئەی ئێف دی لە هەرێمی زاکسن ئەنهالت، رەخنەی تووندی لە سیاسەتی کۆچبەریی حکومەتی ئێستای ئەڵمانیا گرت و رایگەیاند، دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ پرەنسیپی سەروەریی یاسا، چونکە بە گوتەی ئەو، حکومەتی ئێستا "لە دژی یاسا بەرکارەکانی ئەڵمانیایە" و رێگە بە کۆچێکی گەورە دەدات و پارە دەداتە ئەو کەسانەی بە نایاسایی کۆچیان کردووە.
کیرشنەر ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی مادەی 18ـی یاسای کۆچبەران و مادەی 16ـی یاسای بنەڕەتی لە ئەڵمانیادا، هیچ کەسێک کە مافی مانەوەی نییە، مافی وەرگرتنی پارەشی نییە. گوتیشی: "دەمانەوێت ئەوانەی لێرە دەبنە تاوانکار و بە رەچەڵەک ئەڵمانی نین، رەوانەی وڵاتەکانیان بکرێنەوە."
"سیاسەت بۆ کورد و تورکەکانیش دەکەین"
سەبارەت بەو ترسەی لای بەشێک لە بیانییەکان دروستبووە لە ئەگەری چوونە دەسەڵاتی ئەی ئێف دی، ئۆلیڤەر کیرشنەر روونیکردەوە کە ئەوان هیچ کەسێک رەوانە ناکەنەوە کە بە یاسایی لە وڵاتەکەدایە و رێز لە کولتوورەکەیان دەگرێت.
هاوسەرۆکەکەی ئەی ئێف دی بە رووداوی گوت: "ئێمە بە سادەیی ئەوەمان دەوێت بارودۆخی خەڵک لە ئەڵمانیا باشتر بێت، نەک تەنیا ئەڵمانییەکان، بەڵکو ئەو خەڵکانەش کە لێرە لەگەڵمان دەژین؛ ئەمانە ئیتاڵی، تورک و کوردن، ئێمە بۆ ئەوانەش سیاسەت دەکەین."
کیرشنەر پێیوایە کێشەی ئێستای ئەڵمانیا ئەوەیە کە جیاوازی ناکرێت لە نێوان بیانییەکی یاسایی و نایاساییدا و گوتی: "کێشە لە ئەڵمانیا ئەوەیە کوردێک، تورکێک یان ئیتاڵییەک کە لە چێشتخانەکەیەوە باج دەدات، بە یەک چاو تەماشا دەکرێت لەگەڵ کەسێک کە بە چەقۆوە لە کەمپدا کارەکانی بەڕێدەکات، ئێمەش ئەوەمان ناوێت. دەمانەوێت ئەو کەسانەی لێرە باج دەدەن، مافی دەنگدانیشیان هەبێت."
دەقی هەڤپەیڤینەکە
رووداو: بەڕێز کیرشنەر، زۆر سوپاستان دەکەم؛ ئێوە وەکو ئەی ئێف دی باس لە رزگارکردنی زاکسن ئەنهالت؛ رزگارکردنی هەرێمەکە دەکەن. بە کۆنکرێتی چ واتایەکی بۆ خەڵکەکە هەیە، ئەگەر ئەی ئێف دی دوای ساڵێک لە حوکمڕانی لەم هەرێمە؟
ئۆلیڤەر کیرشنەر: دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ پرەنسیپی سەروەریی یاسا، دەمانەوێت حکومەت پابەندی ماف و یاساکان بێت، ئێمە ئەوە دەکەین، ئەم حکومەتەی ئێستا ئەوە ناکات. ئەو لە دژی یاسا بەرکارەکانی ئەڵمانیایە. لەوەدا رێگە بە کۆچێکی گەورە دەدات و پارە دەداتە ئەو کەسانەی بە نایاسایی کۆچیان کردووە، لە مادەی 18ـی یاسای کۆچبەران رێگە بەوە نادات، بە هەمان شێوە لە مادەی 16 بڕگەی ئەی لە یاسای بنەڕەتی لە ئەڵمانیا، هیچ کەسێک کە مافی مانەوەی لە ئەڵمانیا نییە، مافی ئەوەشی نییە پارە وەربگرێت.
ئێمە دەمانەوێت ئەوە بگۆڕین. هەروەها خەم لەوەش دەخۆین ئەو کەسانەی لێرە دەبنە تاوانکار و بە رەچەڵەک ئەڵمانی نین رەوانە بکرێنەوە، ئێمە هەمیشە خەڵک دەهێنینە نێو مژارەکان بە دیموکراسییەتی راستەوخۆ و گشتپرسی بۆ هەندێک پرسی گرنگی زاکسن ئەنهالت چونکە ئێمە لەو بڕوایەداین گەلی ئێمە گەمژە نییە، بەڵکو دەبێت ئێمە زیاتر گوێ لە خەڵکی زاکسن ئەنهالت بگرین و بە تەنیا بڕیار نەدەین، بەڵکو ئەوە جێبەجێ بکەین خەڵکی ئەم هەرێمە دەیانەوێت.
رووداو: بەڕێز کیرشنەر، رەخنەگران دەڵێن ئەگەر ئەی ئێف دی حکومەتی ئەم هەرێمە بگرێتە دەست، هەرێمەکە لە رووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە پەراوێز دەخرێت؛ ئێوە لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟
ئۆلیڤەر کیرشنەر: هەرچی پەیوەستە بە ئابوورییەوە، لەلایەن ئەم حکومەتەوە رووخێنراوە، سیاسەتێکی هەڵە لە وزە و ئابووری ئێمە پەیڕەو دەکات و رێگە بە کۆچکردنی ئەو خەڵکە دەدات دەیانەوێت لێرە کار بکەن، چونکە ئەوان دەبووایە باجێکی زۆر بدەن، هەر بۆیە کۆچیان کردووە بۆ سویسرا و ئەمریکا و زۆر شوێنی دیکە، ئێمە دەمانەوێت ئەو خەڵکە بگەڕێنینەوە، دەمانەوێت بیرۆکراسی لە کەرتی ئابووریدا نەهێڵین. دەمانەوێت هەندێک لە پرۆسەکان کورتتر بکرێنەوە لەوەی ئێستا هەن بۆ ئەوەی چینی ناوەڕاست بتوانێت هەناسەیەک بدات و خەمی ئەوە بخوات لە کەرتی پیشەسازیدا دەرفەتی کار دروست بکرێت بە سیاسەتێکی وزەوە کە باشتر لەوەی ئێستا هەیە بەسوود بێت و پشت بە وزەی خۆر و با دەبەستێت. بە بڕوای من، وزەی خۆر و با بەرهەمی هەڕەمەکین، مرۆڤ هیچ کاتێک نابێت وڵاتێکی پیشەسازی بەوانەوە پەیوەست بکات، بەڵکو بە سیاسەتێکی ژیرانەی وزە بۆ ئەوەی بتوانێت دەرفەتی کار دروست بکات.
رووداو: لەوانەیە ئێوە لە پەرلەمانی هەرێمەکە ببن بە فراکسیۆنی هەرە گەورە، لەگەڵ کام پارت ئامادەن پێکەوە کاربکەن؟
ئۆلیڤەر کیرشنەر: ئێمە وەک ئۆپۆزیسیۆن هەمیشە پرۆژەبڕیارمان پێشکێش کردوون و هەوڵمان داوە بەشدار بین، ئەمە هەموو رێگری لێ دەکرا، ئێمە هەندێک جیاوازین، ئێمە ئەگەر داواکارییەکی باش ببینین لەو پارتانەشەوە بێت مەبەستیان چاکەیە لەگەڵ خەڵك لە زاکسن ئەنهالت دەژین؛ ئێمە هەمیشە دەنگمان پێداوە؛ لە نێو چەپ و سەوزەکانیش پرۆژەبڕیاری باشیان بووە. بۆ ئێمە گرنگ نییە کێ پرۆژەبڕیارەکە پێشکێش دەکات بەڵکو ئێمە سەرقاڵ دەبین بە ناوەڕۆکەکەی. ئەگەر ئێمە بە تەنیا حکومەت پێکبێنین، ئەو کاتە پرۆگرامی خۆمان هی حکومەت جێبەجێ دەکەین. ئەگەر بەدەستمان نەهێنا، ئێمە بەرامبەر هەموو پارتێک کراوەین دەیەوێت لەگەڵمان سیاسەتێکی باشتر بۆ ئەم خەڵكە بکەن.
رووداو: من پێش 27 ساڵ هاتوومەتە ئەڵمانیا و ئەگەر لەبەر خوێندن ناچار نەبوومایە لێرە بڕۆم، ئێستاش لە پایتەختی هەرێمی زاکسن ئەنهالت دەژیام. ئێوە یان پارتەکەتان من رەوانە دەکاتەوە؟
ئۆلیڤەر کیرشنەر: من هیچ کەسێک رەوانە ناکەمەوە کە بە یاسایی لەم وڵاتەیە و لێرەیە، مرۆڤ دەتوانێت قسەشی لەسەر بکات، کەسێک بە نایاسایی دێتە ئەم وڵاتە و بە یاساییش دەرفەتی کاریان پێدەدرێت، دەکرا بە یاسایی بێنە وڵاتەکە و هاوکاری ئێمەیان بکردایە. ئێمە بۆ هەموو کەسێک کراوەین دەیەوێت بێتە ئێرە و بیەوێت وەکو ئێمە بژی، بیەوێت لەگەڵ ئێمە بژی و رێگە بدات بەو شێوەیە کولتووری ئێمە دەیەوێت خەڵک بژی، ئێمە بەخێرهاتنیان دەکەین.
رووداو: ئێوە چی لەبارەی ئەو داواکارییانەی وەکو جەم ئۆزدەمیر بۆ قەدەخەکردنی AFD کردی دەڵێن؟
ئۆلیڤەر کیرشنەر: کێ پارتێک قەدەخە دەکات 42٪ـی دەنگەکانی هەیە، لە کاتێکدا پارتەکەی لە زاکسن ئەنهالت 5٪ـی هەبێت؛ ئەگەر پارتێکی خاوەن 5٪ پارتێکی 42٪ قەدەخە بکات بۆ من جێگەی گاڵتەجاڕییە. من خۆم وەکو دیموکراتێکی رەسەن دەبینم، من هیچ پەیوەندییەکم لەگەڵ راستڕەوی پەڕگیر نەبووە، هیچ هاوکارێکیش ناناسم لەگەڵ ئێمە بێت و راستڕەوی پەڕگیر بێت، ئێمە بە سادەیی ئەوەمان دەوێت بارودۆخی خەڵک لە ئەڵمانیا باشتر بێت و نەک تەنیا ئەڵمانییەکان بەڵکو ئەو خەڵکانەش کە لێرە لەگەڵمان دەژین و خەڵكی ئەم وڵاتەن؛ ئەمانە ئیتاڵی، تورک و کوردن، ئێمە بۆ ئەوانەش سیاسەت دەکەین. کێشە لە ئەڵمانیا ئەوەیە کوردێک، تورکێک یان ئیتاڵییەک لە خواردنگەکەیەوە باج دەدات بە یەک چاو تەماشا دەکرێت لەگەڵ کەسێک بە چەقۆیەوە لە کەمپ کارەکانی بەڕێدەکات، ئێمەش ئەوەمان ناوێت. دەمانەوێت ئەو کەسانەی لێرە باج دەدەن؛ مافی دەنگدانیشیان هەبێت و بۆیان هەبێت ئێمەش هەڵبژێرن، چونکە ئێمە بۆ ئەوانیش سیاسەت دەکەین بۆیەش من ئەوانە بانگهێشت دەکەم لەگەڵ ئێمە ئەم هەرێمە بەرەوپێشەوە ببەین و سیستەمی کۆمەڵایەتی بپارێزین و داواکارییەکە بۆ هەموو کەسێکە.
رووداو: بەڕێز کیرشنەر، زۆر سوپاست دەکەم! دوایین پرسیارم؛ ئێوە چی بەو خەڵکە دەڵێن نیگەرانن و هەندێک لەوە دەترسن ئێوە لە هەفتەکانی داهاتوودا حوکم لەم هەرێمە دەکەن؟
ئۆلیڤەر کیرشنەر: من لە ترسی ئەو کەسانە تێدەگەم هاوشێوەی ئێمە دەژین! من لەوە تێنەگەیشتم خواردنگە تورکییەکانی هاسێلباخپلاتس دادەخرێن و لە دژی ئەی ئێف دی خۆپێشاندان دەکەن، لەگەڵ ئەو کەسانە بە نێو شاردا دەڕۆن کە ئاڵای پارتی مارکسی لینینی ئەڵمانیایان هەڵداوە؛ بە باوەڕی من ئەم بیانیانە رێگە دەدەن لەلایەن چەپە نەریتخوازەکان بەکاربهێندرێن. وەکو گوتم من سیاسەت بۆ هەموو کەسێک دەکەم دەیەوێت وەکو ئێمە لەگەڵمان بژی. هەر کەسێک بەخێربێت لەگەڵمان بدوێت. من دەچمە لای خاوەنی هەر خواردنگەیەکی تورکی و قسەیان لەگەڵ دەکەم؛ ئەوان ئامانج نین. بەڕاستی ئامانج ئەو بیانییانەن بە نایاسایی هاتوونەتە ئێرە و دەیانەوێت سیستەمی کۆمەڵایەتیی ئێمە بەخراپی بەکاربهێنن؛ نیوەی سوودمەندانی سیستەمی هاوکاریی کۆمەڵایەتیی ئێمە لەوانە پێکدێت ئەڵمانی نین و ئەوە بەخراپی بەکاردەهێنن و ئێمەش ئەمەمان ناوێت؛ ئەمە لە تورکیا و ئێرانیش بێت پێیان خۆش نابێت و هیچ وڵاتێک ئەمەی ناوێت کە دۆخەکە بقۆزرێتەوە، ئەوانەی دەیانەوێت لەگەڵمان کار بکەن؛ بەخێربێن و با پێکەوە کار بکەین و با پێکەوە سیاسەت دابڕێژین بەڵام ئەوانەی نایاسایین و ئەوانەی تاوانکارن دەمەوێت بگەڕێنمەوە ئەو شوێنەی لێوەی هاتوون.
رووداو: سوپاسی ئێوە دەکەم، کاتتان بە ئێمە دا.
ئۆلیڤەر کیرشنەر: بەخۆشحاڵییەوە.

