رووداو دیجیتاڵ
دکتۆر خالید ئەلخالید، بەڕێوەبەری تەندروستیی حەسەکە، وردەکارییەکانی پڕۆسەی یەکخستنەوەی کەرتی تەندروستی لە پارێزگاکە ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت کە پڕۆسەکە هەنگاوی کردەیی بڕیوە و تا ئێستا رەزامەندی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ 1448 فەرمانبەر دەرچووە.
ئەلخالید لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، ئاماژە بەوە دەکات کە چەندین نەخۆشخانەی سەرەکی وەک نەخۆشخانەکانی دێرک، قامشلۆ و شەدادی گەڕاونەتەوە ژێر چەتری وەزارەتی تەندروستی و کار بە یاسا و رێنماییە فەرمییەکان دەکەن. هەروەها تیشک دەخاتە سەر پلانی وەزارەت بۆ کردنەوەی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە منداڵان و سەنتەرێکی چارەسەری کیمیایی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە لە ئایندەیەکی نزیکدا، بە ئامانجی کەمکردنەوەی بارگرانی سەر هاووڵاتیانی ناوچەکە.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: پرۆسەی یەکخستنەوەی کەرتی تەندروستی لە پارێزگای حەسەکە گەیشتووەتە کوێ و رێژەی جێبەجێکردن تا ئەمڕۆ چەندە؟
د. خالید ئەلخالید: بێگومان سەبارەت بە بابەتی یەکگرتنەوە، رەنگە ئێمە یەکەم بەڕێوەبەرایەتی بین، کە دەستمان بە یەکگرتنەوە کردبێت و لە دەوروبەری 18ی شوبات دەستمان پێکرد. پرۆسەکە یەکگرتنەوەیەکی دامەزراوەییە و تەنیا یەکگرتنەوەی کارمەندان نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی گشتگیرە بۆ یەکخستنی کەرتی تەندروستی وەک پێکهاتەیەکی دامەزراوەیی، نەک تەنیا وەک پێکهاتەیەکی کارگێڕی. پرۆسەکە بە تۆمارکردن و دروستکردنی داتابەیسێک بۆ ئەو فەرمانبەرانە دەستیپێکرد، کە لە دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا کاردەکەن و هێشتا لەسەر کارەکانیانن. ئەم پرۆسەیە لە مانگەکانی نیسان و ئایاردا ئەنجامدرا، ناویان تۆمارکرا و داتابەیسێکی ورد بۆ بڕوانامە و ساڵی لەدایکبوون و هەموو ئەو شتانەی پەیوەندییان بە کاروباری تایبەتیانەوە هەیە، دانرا. هەروەها یەکخستنەوەی هەندێک دامەزراوەی دیکەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیشی لەخۆگرت.
بێگومان لەسەر ئەم دۆسیانە زیاتر لە کۆبوونەوەیەک لەنێوان وەزارەتی گەشەپێدانی کارگێڕی و بەڕێزان پارێزگار و وەزیرە پەیوەندیدارەکاندا ئەنجامدرا و لە کۆتاییدا ئەم ناوانە جارێکی دیکە وردبینییان بۆ کرا، بۆ گەیشتن بە داتابەیسێکی کۆتایی. 1,448 ناومان هەیە کە مەرجە هونەری و تەکنیکی و یاساییەکانیان تێدایە لە رووی جۆری بڕوانامە و ئەو مۆڵەتانەی بەدەستیان هێناوە، هەروەها 184 ناومان هەیە، کە پێویستیان بە تەواوکردنی رێکارەکانە، بەتایبەتی رێکارەکانی دانپێدانان بە بڕوانامەکانیان، کە ئەوەش لە قۆناغی جێبەجێکردندایە. ئەمەش سەبارەت بە بڕوانامەکانی پۆلی نۆیەم و بەکالۆریایە، کە لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر وەریانگرتووە و هەروەها بڕوانامەکانی زانکۆی رۆژئاوا و زانکۆی شەرق.
رووداو: لە کۆتاییدا رێژەی جێبەجێکردنی پرۆسەی یەکگرتنەوە لە کەرتی تەندروستیدا گەیشتووەتە چەند؟
د. خالید ئەلخالید: ئێمە پرۆسەی تۆمارکردنمان تەواو کرد و دەستمان بە گرێبەستەکان کرد. گرێبەستەکان رۆژی سێشەممەی رابردوو دەستیان پێکرد، رەزامەندی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ 1,448 کەس لە کەرتی تەندروستی دەرچوو و دەستیان بە رێکارەکانی گرێبەست کرد، کە دوا رێکارەکانن بۆ پرۆسەی یەکگرتنەوەی فەرمانبەران. سەبارەت بە پرۆسەی یەکخستنی دامەزراوەکان، ئەو دامەزراوانەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بوون و موڵکی وەزارەتن، یەکخرانەوە، کە بریتین لە نەخۆشخانەی دێرک، نەخۆشخانەی قامشلۆ، نەخۆشخانەی شەدادی، نەخۆشخانەی نیشتمانیی حەسەکە و بنکە تەندروستییەکان. لە سەرەتای مانگی چوار یان کۆتایی مانگی سێیەمەوە دەست بەکار بوون و ئێستا بەپێی یاسا و رێنماییەکانی وەزارەت کاردەکەن و راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستییەوە پاڵپشتی دەکرێن. سەبارەت بە دۆسیەی کارگێڕی، 1,448 کەس بەڵگەنامەکانیان مەرجەکانی تێدایە و دەستیان بە گرێبەست کردووە. 184 کەس ماون کە چاوەڕێی بڕیارەکانی یەکسانکردنی بڕوانامەکانیانین. بێگومان ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە یەکگرتنەوەکە تەنیا بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بووە، بەڵکو نەخۆشخانەی سەرێ کانیێشمان هەیە، کە نەخۆشخانەیەک بوو سەر بە تورکیا بوو، لەگەڵ کشانەوەی تورکەکان بەهۆی داخستنی دەروازەکەوە، رەزامەندی درا و تا ئەمڕۆش دەست بە گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو کارمەندانە کراوە، کە لە نەخۆشخانەی سەرێ کانی کاردەکەن. دۆسیەی یەکگرتنەوە دۆسیەیەکی گشتگیرە و ئامانج لێی بەردەوامیی کار و پاڵپشتیکردنی کەرتی تەندروستی و هەروەها دابینکردنی هەلی کارە بۆ ئەو کەسانەی کە کاریان کردووەو هێشتا کاردەکەن و بۆ رێگریکردن لە هەر رێکارێک کە کاریگەری لەسەر کارەکانیان هەبێت.
رووداو: سەبارەت بە دەرچووانی زانکۆی رۆژئاوا، چارەنووسی ئەوان و خاوەن ئەو بڕوانامانەی پێویستیان بە یەکسانکردن هەیە، چۆن چارەسەر دەکرێت؟
د. خالید ئەلخالید: بەڵێ، لە رێگەی وەزارەتی گەشەپێدانی کارگێڕییەوە داواکارییەکمان پێگەیشت بۆ تۆمارکردنی ناو و جۆری بڕوانامەکانیان. سێ جۆرمان هەیە: یەکەم، دەرچووانی زانکۆی رۆژئاوا، دووەم، ئەوانەی بڕوانامەی بەکالۆریا یان پۆلی نۆیەمیان لە دەستەی پەروەردە و فێرکردنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر وەرگرتووە، سێیەم، ئەو پزیشک و خاوەن بڕوانامە تەندروستییانەی کە لە دەرەوەی وڵات خوێندوویانە و بڕوانامەکانیان لە وەزارەتی تەندروستی یان وەزارەتی پەروەردە یەکسان نەکراوە. بابەتەکە لای وەزارەتی تەندروستی نییە، بڕیاری تایبەت بە بڕوانامەکانی پۆلی نۆیەم و بەکالۆریا لای وەزارەتی پەروەردەیە و کار لەسەر ئەم بابەتە دەکرێت، ناتوانم وەڵامی ئەوان بدەمەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی من، کارەکان بەرەو ئاراستەیەکی دروست دەڕۆن بۆ دانپێدانان بە بڕوانامەکان، بەڵام هەندێک رێکاری یاسایی هەن کە دەبێت بگیرێنەبەر. هەمان شت سەبارەت بە زانکۆی رۆژئاوا، بابەتەکە لای وەزارەتی خوێندنی باڵایە، رێکاری تایبەت بە وەزارەت هەن و کۆبوونەوە کراون، بەڵام لە دەرەوەی پسپۆڕیی ئێمەیە. ئێمە چاوەڕێی ئەنجامی ئەرێنین ئینشاڵلا، بۆ یەکخستنەوەی دامەزراوەکانی تایبەت بە وەزارەتی خوێندنی باڵا لەگەڵ زانکۆی رۆژئاوا، هەروەها دانپێدانان بە بڕوانامەکانی پۆلی نۆیەم و بەکالۆریا کە لە دەستەی پەروەردە و فێرکردنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر وەرگیراون. پێموایە کارەکان بەرەو ئاراستەیەکی دروست و ئەرێنی دەڕۆن.
رووداو: پارێزگای حەسەکە پێویستی بە چەند کارمەندی پزیشکی هەیە؟
د. خالید ئەلخالید: ئێستا شەش نەخۆشخانەمان هەیە: نەخۆشخانەی نیشتمانیی حەسەکە، نەخۆشخانەی نیشتمانیی قامشلۆ، نەخۆشخانەی نیشتمانیی سەرێ کانی، نەخۆشخانەی نیشتمانیی دێرک و نەخۆشخانەی شەدادی. ئێستاش پلانێکمان هەیە بۆ کردنەوەی نەخۆشخانەی منداڵان. بێگومان هەر نەخۆشخانەیەک پێکهاتەی خۆی هەیە، هەروەها 104 بنکەی تەندروستیمان هەیە و کارمەندانێکمان هەن، کە لە بەرنامە تەندروستییە جیاوازەکاندا کاردەکەن. ئێستا ژمارەیەکی دیاریکراو نییە، چونکە پێکهاتەکان تەواو نەکراون، بەڵام پێویستیی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی نزیکەی 5,000 فەرمانبەرە، لەنێوان تەکنیکار، پەرستار، پزیشک، کرێکار، بەکارهێنەر و کرێکاری شارەزا.
رووداو: ئێستا دوای یەکگرتنەوەکە چەند کارمەند هەیە؟
د. خالید ئەلخالید: ئێستا 1,448 کارمەندمان لە دەستەی تەندروستییەوە هاتوون، کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی خۆی نزیکەی 2,300 کەسن، هەروەها دەرچووانی زانکۆی رۆژئاواشمان هەن، کە ژمارەیان 184 کەسە و چاوەڕێی یەکسانکردنی بڕوانامەکانیانین. واتە ژمارەکە ئێستا لە نێوان 4,200 بۆ 4,300 کەسە. بەڵام کێشەیەکمان لە حەسەکە هەیە کە خراپیی دابەشبوونی کارمەندانی کارگێڕییە. لە شارەکانی قامشلۆ و حەسەکە ژمارەیەکی زۆر کارمەند هەن، لە کاتێکدا هەندێک ناوچە کەمیی کارمەندیان هەیە، بەتایبەتی پزیشک. لە سەرێ کانی، شەدادی و دێرک کێشەی کەمیی پزیشکمان هەیە، هەروەها کەمییەکی زۆری پزیشکمان لە بنکە تەندروستییەکانی لادێکاندا هەیە.
رووداو: باسی کردنەوەی نەخۆشخانەی منداڵانت کرد لە حەسەکە، ئایا کاتێکی دیاریکراو هەیە؟ کەی دەکرێتەوە؟
د. خالید ئەلخالید: هیوادار بووین لە سەرەتای مانگی نۆدا دەست پێبکەین، بەڵام هەندێک رێکاری ئەندازیاری هەن بۆ نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەکە بە شێوەیەکی باش. هیوادارین کردنەوەکە لە سەرەتای مانگی نۆ یان سەرەتای مانگی دەدا بێت. کارمەندانی کارگێڕی و پەرستاری ئامادەن و ژمارەیەک پزیشکی پسپۆڕیش لە نەخۆشخانەی نیشتمانیی حەسەکە کاردەکەن. نەخۆشخانەی منداڵان بارگرانی لەسەر نەخۆشخانەی نیشتمانیی حەسەکە کەمدەکاتەوە، چونکە بەشەکانی منداڵان هەمیشە پڕن و پێویستیمان بە قەرەوێڵەی زیاترە. ئینشاڵلا کردنەوەکە بەم زووانە دەبێت.
لیژنەیەک لە بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی وەک بەشی دامەزراوەکان، چاودێری، کاروباری کارگێڕی و ئەندازە پێکهێنراوە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی بینا و ئامێر و پێداویستییەکان. هیوادارین کردنەوەکە لە مانگی نۆدا بێت، سەرەتا بە توانای 40 بۆ 50 قەرەوێڵە دەست پێدەکەین.
رووداو: پڕۆژەی سەنتەری چارەسەری شێرپەنجە لە پارێزگای حەسەکە بە کوێ گەیشتووە؟
د. خالید ئەلخالید: پرسیارێکی جوانە، لە رێگەی کەناڵی رووداوەوە دەڵێم، پلانێک هەیە بۆ دروستکردنی سەنتەرێکی چارەسەری شێرپەنجە لە پارێزگای حەسەکە. ئێوە دۆخی تووشبووانی شێرپەنجە و ئازارەکانیان لەگەڵ سەفەرکردندا دەزانن. سەنتەرەکە بۆ چارەسەری شێرپەنجە دەبێت بە چارەسەری کیمیایی نەک تیشک، چونکە چارەسەری تیشک دوادەکەوێت لەبەر ئەوەی پێویستی بە رێکاری تایبەت بە دەستەی وزەی ئەتۆمی هەیە. کار لەسەر لێکۆڵینەوەکە دەکەین و پلانێک لە وەزارەتەوە هەیە بۆ دروستکردنی سەنتەرێک لە پارێزگای حەسەکە بۆ چارەسەری کیمیایی شێرپەنجە. بەشی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی کار لەسەر دروستکردنی ئەم سەنتەرە دەکات.
رووداو: چەند کاتتان پێویستە بۆ کردنەوەی ئەم سەنتەرە؟
د. خالید ئەلخالید: بۆ ئامادەکردنی سەنتەرەکە، گرنگترین شت کارمەندانن، کۆمەڵێک پزیشکی پسپۆڕی شێرپەنجە و خوێنمان لە نێوان حەسەکە و قامشلۆدا هەیە. سەنتەرەکە پێویستی بە دوو بۆ سێ مانگ هەیە، هیوادارین لە مانگی دەدا بێت.
رووداو: پرسیاری کۆتاییم سەبارەت بە ئاستی ئەو پاڵپشتییەیە کە وەزارەتی تەندروستی پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای حەسەکەی دەکات، چەندە و لە چ بوارێکدایە؟
د. خالید ئەلخالید: بێگومان پاڵپشتیی وەزارەت بنەمای کارەکانمانە و پاڵپشتیی دارایی، تەکنیکی و لۆجستییمان پێشکەش دەکات. هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوەکاندا لە رێگەی وەزارەتی تەندروستییەوە دەکرێت. پێشتر بودجەی تایبەت بۆ بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی حەسەکە نەبوو، چونکە زۆربەی دامەزراوەکان سەر بەو نەبوون. لەو کاتەوەی کە کارمان وەرگرتووە، دەستمان بە داڕشتنەوەی لایەنی دارایی کردووە بۆ پاڵپشتیکردنی بەڕێوەبەرایەتی. ئێستا هەندێک شت بە شێوەی ناوەندی لە رێگەی وەزارەتی تەندروستییەوە و هەندێکی دیکەیش لە رێگەی رێکخراوەکانەوە دابین دەکرێن، بەڵام داوای گۆڕانکاریمان لە بودجەکاندا کردووە بۆ پڕکردنەوەی کەموکوڕییەکان. نابێت لەبیرمان بچێت کە شەش نەخۆشخانەی گەورە هەن، کە پێویستیان بە پاڵپشتییەکی زۆرە. بۆ نموونە ئێمە پشت بە مۆلیدە دەبەستین بۆ دابینکردنی کارەبا، ئەمەش کێشەیەکی گەورەی لە دابینکردنی سووتەمەنی و چاککردنەوەدا دروستکردووە. 104 بنکەی تەندروستیمان لە سەرتاسەری پارێزگاکەدا بڵاوبوونەتەوە و بنکەی وێرانکراو و نۆژەننەکراوەشمان هەن. وەزارەت پاڵپشتییەکی گەورە دەکات، بەڵام هەمیشە هیوای پاڵپشتیی زیاتر دەخوازین. بەڵێنی گەورە هەن بۆ باشترکردنی بودجەکان، نابێت لەبیرمان بچێت کە ئێمە لە نیوەی ساڵی داراییداین، ئینشاڵڵا پاڵپشتییەکی گەورە بۆ بەڕێوەبەرایەتی و پارێزگای حەسەکە و ناوچەی رۆژهەڵات بە گشتی لە رێگادایە.


