رووداو دیجیتاڵ
بەدر جامووس، ئەندامی پەرلەمانی نوێی سووریا، بە گەرمی پێشوازی لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دیمەشق دەکات و پێیوایە، وەک چۆن لە رابردوودا وەک نێوەندگیر رۆڵێکی گەورەی لە رێککەوتنەکانی نێوان رۆژئاوای کوردستان و حکومەتی نوێی دیمەشقدا هەبووە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە قۆناخی داهاتووشدا رۆڵی گەورەی دەبێت.
لەبارەی کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، پەرلەمانتارەکەی سووریا باسی لەوە کرد، چەند دۆسیەیەکی هەستیار تاوتوێ دەکرێن، وەک پرسی پەنابەران، بەرەنگاربوونەوەی داعش و هەناردەکردنی نەوت، بەڵام یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکان پرسی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەبێت بە دەوڵەتی سووریا.
بەدر جامووس ئاماژەی بە رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد لەم پرسەدا و رایگەیاند: "ئێمە دڵنیایین کە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی رۆڵێکی گەورەی هەبووە و چەندین دیدار لە هەولێر هەبوون کە هاندەر بوون بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی تایبەت هەبێت. سەبارەت بە هەسەدە و تێکەڵبوونی بە دەوڵەتی سووریا، ئامۆژگاری و پەیامی ئەرێنی هەبوون کە لە قۆناخی رابردوودا تێبینیمان دەکردن و دڵنیایشین کە لە قۆناخی داهاتوودا رۆڵێکی گەورەتریان دەبێت."
هەروەها جەختی لەسەر پێدانی ماف بە کورد لە سووریای نوێدا کردەوە و گوتی: "کوردەکان بەشێکی سەرەکی و پێکهاتەیەکی سەرەکین لە پێکهاتەکانی گەلی سووریا و دەبێت رۆڵیان لە بونیادنانی سووریادا هەبێت." گوتیشی کە لە پەرلەمان و لە دەستووری نوێشدا کار دەکەن بۆ ئەوەی "هاووڵاتیی کوردی سووریا بگەڕێتەوە و ببێتە بەشێکی رەسەن لەم دەوڵەتە و تەواوی ماف و ئەرکەکانی هەبێت."
لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی رۆژی دووشەممەی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولرەحمان پێشكێشی کرد، بەدر جامووس جەختی لە گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و دیمەشق کردەوە و گوتی: "ئێمە چاکەی سەرۆک مەسعود بارزانی و هەروەها هەرێمی کوردستانمان لەبیرناچێت بۆ پێشوازیکردنیان لە سوورییەکان بەدرێژایی ساڵانی شۆڕش. پێشوازییەکی برایانە بوو و چاودێرییەکی تایبەتییان دەکردن."
وەبەرهێنان و ئابووری
سەبارەت بە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە قۆناخی ئاوەدانکردنەوەی سووریادا، جامووس رایگەیاند، دیمەشق سیاسەتێکی کراوەی هەیە و دەرگای بۆ دراوسێ و دۆستەکانی کراوەیە. ئەو گوتی: "ئەمڕۆ سووریا دەرفەتێکی گەورەی وەبەرهێنانە بۆ بازرگانان. هیوادارین بازرگانانی هەرێمی کوردستان لە سووریا وەبەرهێنان بکەن کە سوودەکەی بۆ گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە دەگەڕێتەوە، هەروەها بۆ هەرێمی کوردستانیش."
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا لە پەرلەمان کار دەکەن بۆ گۆڕینی ئەو یاسا کۆنانەی کە رێگر بوون لەبەردەم وەبەرهێنان، تاوەکو سووریا بچێتە ریزی وڵاتە پێشکەوتووەکان. باسی لەوەش کرد کە دەکرێت سوود لە بەندەرەکانی سووریا وەربگیرێت بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: ئێوە لە سووریا چۆن دەڕواننە سەردانەکەی هەرێمی کوردستان بۆ دیمەشق و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و سووریای تازە؟
بەدر جامووس، ئەندامی پەرلەمانی سووریا: رۆژتان باش و سڵاو. ئێمە لە دیمەشق زۆر دڵخۆشین بە هاتنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان. راستییەکەی ئێمە چاکەی سەرۆک مەسعود بارزانی و هەروەها هەرێمی کوردستانمان لەبیرناچێت بۆ پێشوازیکردنیان لە سوورییەکان بەدرێژایی ساڵانی شۆڕش. پێشوازییەکی برایانە بوو و چاودێرییەکی تایبەتییان دەکردن. ئێمە زۆر دڵخۆشین بە هاتنی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ دیمەشق. راستییەکەی لەم کاتەدا پەیوەندییەکان زۆر گرنگن، زۆر گرنگیشە هاوئاهەنگی لە بەرزترین ئاستدا هەبێت. ئەوەی ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت، دۆخێکی سەختە، بەڵام لەهەمان کاتدا ئەمڕۆ چەندین دۆسیەی هەستیار هەن کە دەبێت تاوتوێ بکرێن؛ لەوانە پرسی تێکەڵکردنی هەسەدە بە دەوڵەتی سووریا، هەروەها پرسی پەنابەران، پرسی بەرەنگاربوونەوەی داعش و پرسی ئەو بۆرییە نەوتانەی لە عێراقەوە بە سووریادا تێدەپەڕن، واتە رەوشی ئابووری. پەیوەندییەکە، واتا پەیوەندییەکی برایانە و تایبەتە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەڵام زیادکردنی ئەم هاوئاهەنگییە لەمڕۆدا بۆ ئێمە لە سووریا زۆر گرنگە. هەروەها لەگەڵ نووسراوی ژمارە 13 کە بەڕێز سەرۆک ئەحمەد شەرع لە سەرەتای ئەمساڵدا دەریکرد، چاودێرییەکی تایبەت بۆ برایانی کورد لە سووریا هەیە.
رووداو: دەتوانی وردەکاریی زیاترمان پێ بدەی لەسەر ئەوەی کە هەردوو سەرۆک بڕیارە لە کۆبوونەوەکەیاندا باسی چ بکەن؟
بەدر جامووس، ئەندامی پەرلەمانی سووریا: بێگومان، کۆمەڵێک دۆسیە هەن کە بۆ ئێمە گرنگن؛ [یەکێک لەوانە] یارمەتیدانە لە تێکەڵکردنی هەسەدە بە دەوڵەتی سووریا. کوردەکان بەشێکی سەرەکی و پێکهاتەیەکی سەرەکین لە پێکهاتەکانی گەلی سووریا و دەبێت رۆڵیان لە بونیادنانی سووریادا هەبێت، ئەمە شتێکی بنەڕەتییە. دوێنێش دیدارێکمان لەگەڵ بەڕێز سەرۆک هەبوو و راستییەکەی دیار بوو کە هەوڵەکانی بە ئاراستەی تێکەڵکردنی تەواوەتیی برایانی کوردن لە دەوڵەتی نوێی سووریادا. هەروەها بابەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش و بارودۆخی ئەو شەڕانەی لە ناوچەکەدا هەن، وەک شەڕی ئیسرائیل و ئێران، کە ترس هەیە کاریگەری لەسەر عێراق و سووریا هەبێت. هیوادارین سەقامگیری هەبێت. گەلان بۆ چەندین ساڵی دوورودرێژ بەدەست شەڕ و کوشتارەوە ناڵاندوویانە، واتا پێویستمان بە یارمەتیدانە لە هێنانەدی سەقامگیری و ئاسایش لە هەرێمی کوردستان و هەروەها لە سووریاش.
رووداو: رۆڵی نێچیرڤان بارزانی چ رۆڵێکی هەبوو لە تێکەڵکردنی هەسەدە بە دامەزراوەکانی سووریا؟ هەروەها چ رۆلێکی هەبوو لە ئارامکردنی دۆخی رۆژئاوای کوردستان؟ لە داهاتوودا چ رۆڵێکی دەبێت؟
بەدر جامووس، ئەندامی پەرلەمانی سووریا: ئێمە دڵنیایین کە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی رۆڵێکی گەورەی هەبووە و چەندین دیدار لە هەولێر هەبوون کە هاندەر بوون بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی تایبەت هەبێت. سەبارەت بە هەسەدە و تێکەڵبوونی بە دەوڵەتی سووریا، ئامۆژگاری و پەیامی ئەرێنی هەبوون کە لە قۆناخی رابردوودا تێبینیمان دەکردن و دڵنیایشین کە لە قۆناخی داهاتوودا رۆڵێکی گەورەتریان دەبێت. هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی سووریا لە هەرێمی کوردستانن، کە هیوادارین لە داهاتوویەکی نزیکدا بگەڕێنەوە سووریا.
رووداو: جەنابتان لە پەرلەمانن، ئایا ئێوە ئامادەن کار بۆ دەستەبەکردنی مافە کولووری و سیاسییەکانی کورد بکەن، بە تایبەتی لەو یاسایانەی لە داهاتوودا دەردەکرێن یان لە دەستووردا؟
بەدر جامووس، ئەندامی پەرلەمانی سووریا: بەدڵنیاییەوە ئێمە سوورین لەسەری و کار دەکەین بۆی. پێشتریش بۆ ماوەی 14 ساڵی تەمەنی شۆڕش کارمان لەسەری کردووە. ئێمە لە دامەزراوە هاوبەشەکاندا لەگەڵ برایانی کورد، لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد و پێکهاتە کوردییەکانی دیکەدا بووین. پەیوەندییەکە پەیوەندییەکی تایبەت بوو، گەیشتینە گفتوگۆی قووڵ و پشت بە خوا لە پەرلەمان و هەروەها لە دەستووری نوێشدا کار دەکەین بۆ ئەوەی، هاووڵاتیی کوردی سووریا بگەڕێتەوە و ببێتە بەشێکی رەسەن لەم دەوڵەتە و تەواوی ماف و ئەرکەکانی هەبێت.
رووداو: هەرێمی کوردستان و عێراق سنوورێکی فراوانیان هەیە لەگەڵ سووریا، ئەم سەردانە چۆن وا دەکات ئەو سنوورە ببێتە رێڕەوێکی فەرمی بۆ هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی و خەڵک، تاوەکو ئاڵۆگۆڕی بازرگانیی سووریا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق زیاتر بێت؟
بەدر جامووس، ئەندامی پەرلەمانی سووریا: ئەمڕۆ ئەو بارودۆخەی ناوچەکە و کەنداو پێیدا تێدەپەڕێت، پێموایە رۆڵی هەبووە لەوەی کە هەرێمی کوردستان و سووریا گرنگیی پێگەی جوگرافیی خۆیان بزانن. ئەمڕۆش سوودێکی ئابووریی هاوبەش هەیە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ سووریا، هەرەوها لە عێراقەوە بۆ سووریا، لە سووریاشەوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق. ئێمە پێویستمان بە دووبارە بونیادنانەوەی پەیوەندییە تاوەکو ببێتە پەیوەندییەکی دروست کە لەسەر بنەمای رێزگرتنی دوولایەنە و رێزگرتن لە تایبەتمەندییەکان دامەزرابێت. هەروەها سوودوەرگرتن لەو توانا زەبەلاحانەی کە ئەم ناوچەیە هەیەتی بۆ ئەوەی سوودەکەی بگەڕێتەوە بۆ گەلانی ئەم ناوچەیە، چ لە هەرێمی کوردستان بێت یان لە سووریا. لەم قۆناخەدا دەرفەتی گەورە بۆ سووریا هەن. دەکرێت سوود لە بەندەرەکانی سووریا وەربگیرێت بۆ هەناردەکردنی نەوت. هەروەها ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەسەر سەرجەم ئاستەکانی کشتوکاڵی، پیشەسازی و ئابووری. هەروەها، ئەمڕۆ سووریا دەرفەتێکی گەورەی وەبەرهێنانە بۆ بازرگانان. هیوادارین بازرگانانی هەرێمی کوردستان لە سووریا وەبەرهێنان بکەن کە سوودەکەی بۆ گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە دەگەڕێتەوە، هەروەها بۆ هەرێمی کوردستانیش.
رووداو: ئێستا لە سووریا لە قۆناخی ئاوەدانکردنەوەدایە. وڵاتانی ناوچەکە و وەبەرهێنەر و بازرگانەکانیان دەستیان وەبەرهێنانیان لە وڵاتانی کەنداوەوە گەیاندووەتە سووریا. ئایا وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان دەتوانن بێن لە سووریا وەبەرهێنان و بازرگانی بکەن؟
بەدر جامووس، ئەندامی پەرلەمانی سووریا: بێگومان بێگومان، ئەمڕۆ سووریا بەو سیاسەتە نوێیەی کە بەڕێز سەرۆک ئەحمەد شەرع سەرکردایەتی دەکات، سیاسەتێکی کراوەی هەیە. بێگومانیش ئەوانەی لە ئێمەوە نزیکترن لەپێشترن بۆ چاکە؛ دراوسێ، دۆست و کەسوکار لەپێشترن بۆ وەبەرهێنان لە سووریا. ئێمەش لە ئەنجوومەنی گەل کار و ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین بۆ گۆڕینی ئەو یاسا و رێسایانەی پێشوو کە رێگر بوون لەبەردەم پرۆسەکانی وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە. لە پەرلەمانی سووریا یاسای نوێ دەردەچن کە بەشێوەیەکی گەورە رۆڵ دەگێڕن لە پاڵپشتیکردنی وەبەرهێنان و پاڵپشتیکردنی ئابوورییەکی کراوە، بۆ پاڵپشتیکردنی دووبارە بونیادنانەوەی سووریای نوێ، بۆ ئەوەی بچێتە ریزی وڵاتە پێشکەوتووەکان.
رووداو: ئێوە دەزانن هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی باشی لە پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان هەیە، لە رووی سیاسی، زمان، کولتوور و خوێندنەوە، ئایا دەتانەوێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی بکەن و سوود لەو ئەزموونە وەربگرن کە ماوەی چەندین ساڵە هەیەتی؟ مافی هەموو پێکهاتەکان لە پەرلەمان، لە حکومەت و لە یاساکاندا پارێزراوە لێرە، دەتانەوێت سوود لەو ئەزموونە وەربگرن؟
بەدر جامووس، ئەندامی پەرلەمانی سووریا: نابێت ئەوە نادیدە بگرین کە بۆ ماوەی سەتان یان هەزاران ساڵ سووریا ناوچەیەکی پێکەوەژیان بووە لەنێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکاندا. گەلان پێکەوە دەژین و هیچ ناکۆکییەکی گەورە لەنێوان گەلاندا نییە، بەڵام سیاسەتی دەوڵەتی پێشووی سووریا، راستییەکەی سیاسەتێک بوو کە کاری دەکرد بۆ پەراوێزخستن و دروستکردنی ململانێ لەنێوان پێکهاتەکاندا. بێگومان، ئێمە دەمانەوێت فێربین و سوود لە هەمووان وەربگرین. بەڵام راستییەکەی گەلی سووریا، کاتێک لە سووریا چاومان بە تەواوی پێکهاتەکان دەکەوێت، چاومان بە برایانی کورد، برایانی سریانی، تورکمان، کرستیان، عەلەوی و سووننە دەکەوێت، هەموویا لە دۆخی پێکەوەژیان و تێکەڵبوونی تەواوەتیدان. بەڵام ئەو ململانێیانەی لە ساڵانی رابردوودا روویاندا، رژێمی پێشوو رۆڵێکی گەورەی تێیاندا هەبوو بۆ دروستکردنی درز بۆ ئەوەی [خەڵک] لە دەوری رژێمەکە کۆببنەوە و بۆ ئەوەی متمانە لەنێوان پێکهاتەکاندا دروست نەبێت. وەک گوتم، لیژنە لەنێو پەرلەماندا دەبن کە کار لەسەر گفتوگۆکردنی یاسا و رێساکان دەکەن. بێگومان لە زۆر وڵاتەوە فێر دەبین، لەنێویاندا لە هەرێمی کوردستانەوە، رەنگە لەو یاسایانە فێربین کە بەشداری دەکەن لە پێکەوەژیانی شارستانی لەنێوان سەرجەم پێکهاتەکاندا.
رووداو: نێچیرڤان بارزانی و سەردان و کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی، چ رۆڵێکیان دەبێت لە پەیوەندییەکانی نێوان سووریا و عێراق؟
بەدر جامووس، ئەندامی پەرلەمانی سووریا: وەک گوتم، ئێمە هەمیشە پەیوەندییەکی باشمان هەبووە بەدرێژایی ساڵانی شۆڕش. من بەخۆم لە سەردانەکانمدا بۆ هەولێر چاوم بە بەڕێز مەسعود بارزانی و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی کەوتووە، پاڵپشتییەکی راستەقینەیان بۆ ئێمە وەک شۆڕش و وەک سوورییەکان هەبووە، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە ئەو سوورییانە سەر بە چ پێکهاتەیەکن. بۆیە پەیوەندییەکە، پەیوەندییەکی برایانە و پەیوەندییەکی باشە. ئەمڕۆش سەردانەکەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەوەیە تاوەکو ئەم پەیوەندییە بخرێتە چوارچێوەیەکی فەرمییەوە و بەرەوپێش بچێت تاوەکو ببێتە..."
رووداو: ببوورە، ئەم سەردانە چ رۆڵێکی لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و دیمەشقدا دەبێت؟
بەدر جامووس، ئەندامی پەرلەمانی سووریا: بەڵێ، بەڵێ. بێگومان ئێمە دەمانەوێت باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا هەبێت، لەنێویاندا عێراق. عێراق، لەسەر سنوورەکانمانە و سنوورێکی زۆر درێژ لەنێوان ئێمە و عێراقدا هەیە و ئەگەر پەیوەندییەکە باش و نایاب بێت، دەکرێت سوودێکی ئابووریی گەورەی بۆ هەردوو گەل هەبێت. بێگومان، رەنگە و بەدڵنیاییەوە من پێموایە کە بەڕێز نێچیرڤان رۆڵێکی گەورەی دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ئەم پەیوەندییە بۆ ئەوەی لە باشترین دۆخیدا بێت.



