رووداو دیجیتاڵ رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی دەڵێت، سەرەڕای تێپەڕبوونی 12 ساڵ بەسەر هێرشەکانی رێکخراوی داعش بۆ سەر شنگال، هێشتا نزیکەی 200 هەزار کوردی ئێزدی نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان؛ جەختیش لە پێویستیی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاندانی گەڕانەوەیان دەکاتەوە. پاسکال رایەنتیەس، سەرۆکی نێردەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی کۆچ لە عێراق، لە کاتی قسەکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی رۆژی دووشەممەی تۆڕی میدیایی رووداو کە جەعفەر موبەشرنیا پێشکێشیکرد، تیشکی خستە سەر دۆخی ئێستای ئاوارە، پەنابەر و کۆچبەرانی شنگال و هەوڵەکانی رێکخراوەکەیان بۆ یارمەتیدانیان. ئامارەکان رایەنتیەس ئاماژەی بەوەکرد کە لە مانگی ئابی 2014ـدا، لە کاتی هێرشەکەی داعشدا لەنێوان 250 هەزار بۆ 400 هەزار ئێزدی لە شنگال هەڵاتن. ئەو بەرپرسە گوتی، "مەزەندە دەکەین کە نزیکەی 150 هەزار ئێزدی گەڕابنەوە شنگال. بەڵام هێشتا نزیکەی 200 هەزار کەسی دیکەمان ماون کە ئاوارەن یانیش لە دەرەوەی وڵاتن." هەروەها باسی لەوەکرد کە دوای 12 ساڵ لە کارەساتەکە، هێشتا 2 هەزار و 500 کوردی ئێزدی، کە زۆربەیان ژن و منداڵن، بێسەروشوێنن. سەبارەت بەو ئێزدییانەی لە دەرەوەی وڵاتیش دەژین، گوتی، "زۆربەی دانیشتووانی شنگال کە لە دەرەوەن، لە ئەڵمانیا دەژین. ئامارە نافەرمییەکان باس لە نزیکەی 30 هەزار کەس دەکەن کە هێشتا لە ئەڵمانیان." یارمەتییەکانی رێکخراوەکە لەبارەی جۆری ئەو یارمەتییانەی پێشکێشی کوردانی ئێزدی دەکەن، سەرۆکی نێردەی IOM روونیکردەوە کە رێکخراوەکەیان کار لەسەر چەندین ئاراستە دەکات. یەکێک لە کارە گرنگەکانیان، یاوەریکردنی ئێزدییەکانە بۆ ئەوەی بتوانن لە رێگەی (یاسای رزگاربووانی ئێزدی)یەوە بەباشی داواکارییەکانیان ئاراستەی دەسەڵاتداران بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش تیمێکی یاسایی تایبەتیان هەیە. سەبارەت بە هەوڵەکانی گەڕانەوە بۆ شنگال، رایەنتیەس جەختی لەوەکردەوە کە کێشەکە تەنیا ژێرخان نییە، "کاتێک داعش شنگالی جێهێشت، تەواوی شارەکە وێرانبوو. بەڵام تەنیا ژێرخان نییە کە دەبێت دابینبکرێت، بەڵکو تەواوی سیستمی کۆمەڵایەتییە، لەنێویاندا قوتابخانەکان، مامۆستایان، چاودێریی تەندروستی و پزیشکە پسپۆڕەکانیش." ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد کە ستراتیژیی ئەوان ئەوەیە گوێ لە نیگەرانی و هیوای رزگاربووان بگرن، بۆ ئەوەی گەڕانەوە بۆ شنگال بکەنە بژاردەی یەکەمیان. پرسی دیپۆرتکردنەوە و مافی پەنابەری لە وەڵامی پرسیاری رووداو سەبارەت بەو ئێزدییانەی لە وڵاتانی دەرەوە مافی پەنابەرییان پێنادرێت، پاسکال رایەنتیەس ئاماژەی بە بەرنامەی (تێکەڵکردنەوە و قەرەبووکردنەوە)ی رێکخراوەکەیان کرد و گوتی، "ئەم بەرنامەیە یارمەتیی خێزانەکان دەدات بۆ گەشتکردنەوە بەرەو شوێنی رەسەنی خۆیان و یارمەتیدانیان لە رووی بژێویی ژیانەوە." هەروەها سەبارەت بەوانەی کە داواکاریی پەنابەرییان رەتدەکرێتەوە، روونیکردەوە، "مافی پەنابەری زۆرجار پەیوەندی بە دەسەڵاتدارانی وڵاتە میواندارەکان و سیستمی پەنابەریی تایبەت بە خۆیانەوە هەیە. ئێمە راستەوخۆ مامەڵەی لەگەڵدا ناکەین، بەڵام دەتوانین پشتیوانیی ئەو کەسانە بکەین کە وەڵامی نەرێنییان پێدەگات و ناچارن بگەڕێنەوە." ئەو جەختیشیکردەوە کە پاڵپشتیی یاساییان دەکەن بۆ ئەوەی وەک رزگاربوو بناسرێن و بتوانن داهاتوویەکی باشتر بۆ خۆیان و خێزانەکانیان بونیادبنێن. دەقی پرسیار و وەڵامەکان: رووداو: لە روانگەی رێکخراوەکەتانەوە، ئێستا کۆچبەرەکانی شنگال لە چ دۆخێکدان؟ پاسکال رایەنتیەس، سەرۆکی تیمی ئاژانسی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) لە عێراق، "باشە، لەپێش هەموو شتێکەوە، سوپاس بۆ میوانداریکردنم لە بەرنامەکەتان و لەم یادکردنەوەیەدا. پێموایە زۆر گرنگە یادی ئەوە بکەینەوە کە 12 ساڵ لەمەوبەر روویدا. سەبارەت بە پرسیارەکەتان، ئێمە لەبیرمانە کە لە مانگی ئابی 2014ـدا، لەنێوان 250 هەزار بۆ 400 هەزار ئێزدی لە کاتی هێرشەکەی داعشدا لە شنگال هەڵاتن. لەنێو ئەو ئاوارانەدا، ئێمە دەتوانین مەزەندە بکەین کە نزیکەی 150 هەزار ئێزدی گەڕاونەتەوە شنگال. هەرچەندە، هێشتا نزیکەی 200 هەزار کەسی دیکەمان ماون کە زۆربەیان هێشتا ئاوارەن یان لە ناوخۆی وڵات یانیش لە دەرەوەی وڵات. هەندێکیان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان یان لە شوێنە نافەرمییەکانی دیکەدان. هەروەها دەبێت ئەوەش بگوترێت کە لە کاتێکدا من قسە دەکەم و دوای 12 ساڵ لەو رووداوە، هێشتا 2 هەزار و 500 ئێزدی، کە زۆربەیان ژن و منداڵن، بێسەروشوێنن. هەروەها خاڵی سەرەکی ئەوەیە ئاماژە بەو راستییە بکەین کە ئەمساڵ، ئێمە یادی پێنجەمین ساڵیادی دەرچوونی (یاسای رزگاربووانی ئێزدی) دەکەینەوە، کە بەکردەیی ئامرازێکی یاسایی گرنگە کە دەبێت بەم زووانە بەشێوەیەکی باشتر و بەهێزتر جێبەجێبکرێت. بۆیە، پاڵپشتی لە زۆر لە ئێزدییەکان کراوە بۆ ئەوەی داوای مافەکانی خۆیان بکەن کە پەیوەستن بەم یاسایەوە." رووداو: ئامارەکانتان لەبارەی ئاوارە و کۆچبەرانی ئێزدی چی دەڵێن؟ پاسکال رایەنتیەس، سەرۆکی تیمی ئاژانسی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) لە عێراق، "ئێمە دەزانین کە زۆربەی ئەو دانیشتووانەی شنگال کە لە دەرەوەی وڵاتن، لە ئەڵمانیا دەژین. ئامارەکان، کە فەرمی نین و تەنیا خەمڵاندنن، باس لە نزیکەی 30 هەزار کەس دەکەن کە هێشتا لە ئەڵمانیان. وەک چۆن کەمێک پێشتر گوتم، ئێمە دەزانین کە نزیکەی 200 هەزار کەس هێشتا نەگەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان." رووداو: IOM چ یارمەتییەک پێشکێش بە ئێزدییەکان دەکات؟ پاسکال رایەنتیەس، سەرۆکی تیمی ئاژانسی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) لە عێراق، "چەندین جۆری جیاوازی یارمەتی. پێموایە یادکردنەوەی رووداوە ترسناکەکان، پێویستە. ئێمە لەسەر ئاستی کۆمەڵگە کاردەکەین بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هەمووان ئەوەیان لەبیربێت کە لە ساڵی 2014 روویدا. هەروەها ئێمە دڵنیادەبینەوە لەوەی کە، وەک پێشتر ئاماژەم پێکرد، (یاسای رزگاربووانی ئێزدی)مان هەیە. ئێمە یاوەریی ئێزدییەکان دەکەین بۆ ئەوەی بتوانن بەباشی داواکارییەکانیان ئاراستەی دەسەڵاتداران بکەن. بۆیە تیمێکی یاسایی تایبەتمان هەیە کە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی کەسەکان دەکات تاوەکو بتوانن داواکارییەکانیان پێشکێشبکەن. بەڵام ئەوەشی کە دەیکەین و پێموایە گرنگە و پێشتر ئاماژەم بە ژمارەی ئەو کەسانە کرد کە هێشتا ئاوارەن، ئێمە هەروەها هەوڵدەدەین کارەکانمان بە دوو ئاراستەی سەرەوە بۆ خوارەوە و خوارەوە بۆ سەرەوەش بێت. بۆیە لە بنەڕەتدا ئەوەی هەوڵدەدەین بیکەین ئەوەیە گوێ لە ئێزدییەکان، لە هیوا و چاوەڕوانییەکانی خۆیان بگرین، لە کاتێکدا دەزانین کە کاتێک داعش شنگالی جێهێشت، بەتەواوی هەموو شارەکە [وێرانبووبوو] و هێشتاش، پێویستی بە ئاوەدانکردنەوە هەیە. بەڵام تەنیا ژێرخان نییە کە دەبێت دابینبکرێت. بەڵکو تەواوی سیستمی کۆمەڵایەتییە، لەنێویاندا قوتابخانەکان لەلایەک و هەروەها مامۆستایان، چاودێریی تەندروستی و هەروەها پزیشکە پسپۆڕەکانیش. بۆ ئەوەی لەم کارەدا سەرکەوتووبین، ئەو رێگەیەی ئێمە گرتوومانەتەبەر ئەوەیە کە گوێ لە نیگەرانییەکان، پێداویستییەکان و هەروەها هیواکانی رزگاربووانی ئێزدی بگرین کاتێک بیریان لە گەڕانەوە بۆ شنگال کردووەتەوە و پاشان دڵنیابین لەوەی کە تاوەکو بتوانین کارەکانمان بەو ئاراستەیە رێکبخەین کە بژاردەی یەکەممان هاندانی گەڕانەوە بێت بۆ شنگال." رووداو: هەندێک وڵات هەندێک لە ئێزدییەکان دەیاننێرنەوە، ئێوە چی بۆ ئەو کەسانە دەکەن؟ پاسکال رایەنتیەس، سەرۆکی تیمی ئاژانسی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) لە عێراق، "بەڵێ، یەکێک لە راستییەکان ئەوەیە کە تۆ چوارچێوەیەکی یاساییت هەیە کە مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکات کە هەڵاتوون. ئەوان هێشتا بەتەواوی مافی مانەوەیان وەرنەگرتووە، یان بارێکی کارگێڕیی تەواویان لە وڵاتی میوانداردا نییە. ئێمە وەک رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM)، بەرنامەیەکمان هەیە کە پێیدەڵێین (پرۆگرامی تێکەڵکردنەوە و قەرەبووکردنەوە) بۆ یارمەتیدانی خێزانەکان بۆ گەشتکردنەوە بەرەو شوێنی رەسەنی خۆیان، بۆ یارمەتیدانیان لە رووی بژێویی ژیانەوە. وەک چۆن کەمێک پێشتر گوتم، ئەمە بە هەمان شێوەیە بۆ ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتەوە دێنەوە و هەروەها ئەوانەشی کە نەچوونەتە دەرەوەی وڵات. ئێمە پاڵپشتییان دەکەین لە رووی بەدواداچوونی یاسایی بۆ کەیسەکانیان بۆ ئەوەی وەک رزگاربوو بناسرێن، بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن هەنگاوبنێن بەرەو بونیادنانی داهاتوویەک و هەروەها بۆ ئەوەی رابردوو لەبیرنەکەن بە مەبەستی بونیادنانی داهاتوویەکی باشتر بۆ خۆیان، بۆ خێزانەکانیان و تا دوایی." رووداو: هەندێک وڵاتیش مافی پەنابەری بە ئێزدییەکان نادەن، بۆ ئەوان ئێوە دەتوانن چی بکەن؟ پاسکال رایەنتیەس، سەرۆکی تیمی ئاژانسی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) لە عێراق،"سەبارەت بە مافی پەنابەری، هەندێک لە ئێزدییەکان لە وڵاتی سێیەم مافی پەنابەری و پاراستنیان بەپێی یاسای نێودەوڵەتی وەرگرتووە، مەبەستم ئەوەیە، هەندێکیان لە ئەڵمانیان، هەندێکی دیکەیان لە وڵاتانی دیکەن. باشە، لەم دۆخەدا، لە بنەڕەتدا، ئەوە هەڵبژاردەی کەسەکان خۆیانە کە لە قۆناخێکدا بڕیاری گەڕانەوە بدەن، بۆیە ناچار نین ئەوێ جێبهێڵن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە. بەڵام ئەگەر ئەوە بکەن، رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM) ئامادەیە بۆ پاڵپشتیکردنی چوارچێوە یاساییەکە کاتێک دەگەڕێنەوە. بەڵام ئێستا، ئەگەر مەبەست لە بەدەستهێنانی مافی پەنابەری بێت لە دەرەوەی وڵات لەسەر بنەمای پاراستنی نێودەوڵەتی کە پەیوەستە بە پێگەی پەنابەرییەوە، ئێمە راستەوخۆ مامەڵەی لەگەڵدا ناکەین. ئەوە زۆرجار پەیوەندی بە دەسەڵاتدارانی وڵاتە میواندارەکان و سیستمی پەنابەریی تایبەت بە خۆیانەوە هەیە. ئەوەی کە لە بنەڕەتدا دەتوانین بیکەین ئەوەیە کە پشتیوانی ئەو کەسانە بکەین کە بەداخەوە وەڵامی نەرێنییان لەم وڵاتانە پێدەگات و ناچارن بەشێوەیەکی جیاواز بیر لە داهاتوویان بکەنەوە و بگەڕێنەوە بۆ ناوخۆی وڵات."
هەڤپەیڤین02-08-2026وەزیری پەروەردەی سووریا بۆ رووداو: کار بۆ ئەوە دەکەین زمانی خوێندن لە ناوچە کوردییەکان، کوردی بێ
هەڤپەیڤین28-07-2026گوتەبێژی دەم پارتی لەبارەی پرۆژەیاسای پرۆسەی چارەسەری: دیدارمان لەبارەی نێوەڕۆکەکەی کردووە
هەڤپەیڤین24-07-2026عەبدولکەریم عومەر: تێکەڵکردنی دامەزراوەکان تەواو بوو، هەڵوەشاندنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رادەگەیێندرێ