زاڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، باسی قۆناخی نوێی پەیوەندییەکانی واشنتن و بەغدا دەکات و دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کە گەنجە و نوێنەرایەتیی خواستی گەنجان دەکات، دەیەوێت گەشەی ئابووری بەدیبهێنێت. خەلیلزاد جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەمریکا لەرێگەی بازرگانی و وەبەرهێنانەوە دەتوانێت هاوکاریی عێراق بکات، بەڵام گرنگترین ئاڵنگاری بەردەم حکومەتی نوێ، پرسی چەککردنی ئەو گرووپە چەکدارانەیە کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتن، کە بە بڕوای خەلیلزاد، سەرۆکوەزیران "زۆر جددییە" لە کۆتاییهێنان بەم دۆخە.
دەقی هەڤپەیڤین:
رووداو: ئەو پێشوازییە گەرمەی ترەمپ و ئیدارەکەی لە زەیدی، ئایا قۆناخی نوێی پەیوەندییەکانە لە نێوان ئەمریکا و عێراق؟
زاڵمای خەلیلزاد: یەکەم، خۆشحاڵم کە لەگەڵتانم. دووەم، پیرۆزبایی لە ئەرجەنتین دەکەم. سێیەم، بەڵێ، راست دەکەیت، ئەمە سەردانێکی گرنگە. سەرۆکوەزیرانێکی نوێیە، سەرۆکوەزیرانێکی گەنجە و رەنگدانەوەی خواستەکانی گەنجانە. وەکو دەزانیت، زۆرینەی رەهای عێراقییەکان، چ لە عێراقی عەرەبی یان کوردستان، گەنجن و بەدوای کار و هەلی کاردا دەگەڕێن لە وڵاتەکانیاندا. ئەم سەرۆکوەزیرانە گەنجەش رەنگدانەوەی خواستەکانی ئەوانە؛ گەشەی ئابووریی دەوێت، دەیەوێت سیاسەتی ئەمریکا بگونجێنێت بۆ ئەوەی زیاتر سەرنجی لەسەر پرسە ئابوورییەکان، بازرگانی و وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بێت. هەروەها زۆر ناسراو نییە، چونکە لە سیاسەتدا نەبووە، بۆیە باشە بۆ ئەو کە لەم پۆستە نوێیەوە ئەمریکا بناسێت و بۆ ئەمریکییەکانیش کە ئەو بناسن. پێموایە هیوایەک هەیە بۆ عێراقێکی باشتر، عێراقێکی پێشکەوتووتر، عێراقێکی سەروەرتر، کە ئامادەیی و توانای مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەو ئاڵنگارییانەدا هەبێت کە رووبەڕووی دەبێتەوە و ئەمریکاش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت و ئاماژەکانیش ئەوە دەردەخەن کە یارمەتی دەدات.
رووداو: ئەمریکا دەتوانێت چی بکات بۆ ئەوەی هاوکاری حکومەتەکەی زەیدی بکات، بەتایبەت لەبارەی دۆخی دارایی و دۆخی ئابووری؟
زاڵمای خەلیلزاد: یەکێکیان بازرگانیی زیاترە و دووەم، ئەوە واتە هاوردەی زیاتر لە عێراقەوە و هەناردەی زیاتر بۆ عێراق، ئەوەش چالاکیی ئابووری دروست دەکات و یارمەتیی ئابووریی عێراق دەدات. دووەم وەبەرهێنانە. عێراق سەرچاوەی زەبەلاحی هەیە، نەوت، گاز و شوێنەکەشی بە جۆرێکە کە هەلی تێدایە، نەک تەنیا بۆ پەرەپێدانی سەرچاوەکانی وەک نەوت و گاز، کە وەک دەزانیت، یەکێکن لە گەورەترین یەدەگەکانی جیهان، بەڵکو بۆ گەیاندنی ئەو سەرچاوانەش بە بازاڕی نێودەوڵەتی. ئێستا بەهۆی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران، هەناردەکردن بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. لە کاتێکدا، لە ماوەیەکی کورتدا، کۆتاییهاتنی شەڕەکە تەنگەی هورمز دەکاتەوە و هەلی هەناردەکردنی زیاتر زیاد دەکات، ئێستا من پێموایە نزیکەی نیو ملیۆنە، دەکرێ بگاتە 3 ملیۆن و زیاتریش، بۆیە ئەوە شتێکی بەرچاو دەبێت. دووەم، گفتوگۆ هەیە لەبارەی وەبەرهێنان لەسەر جێگرەوەکانی تەنگەی هورمز، یان جگە لە تەنگەی هورمز، کە بریتییە لە هێڵی بۆری بەناو سنوورە جیاوازەکانی عێراقدا، لەگەڵ سعودیە، لەگەڵ سووریا و تەنانەت لەگەڵ ئوردنیش. بۆیە هەلی جۆراوجۆر بۆ وەبەرهێنان هەن و ئەمریکا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت. نەک تەنیا خۆی وەبەرهێنان بکات، بەڵکو دەتوانێت هانی دۆست و هاوپەیمان و هاوبەشەکانی بدات بۆ وەبەرهێنان لە عێراقدا.
رووداو: ئەو گرێبەستانەی کە لە نێوان ئەمریکا و عێراق کراون دەتوانن چۆن دۆخی عێراق بگۆڕن بە بۆچوونی ئێوە؟ یان بە گشتی، چ سوودێکی بۆ هەرێمی کوردستانیش دەبێت؟
زاڵمای خەلیلزاد: یەکەم، وەبەرهێنان بە بەراورد بە نەبوون، بێگومان وەبەرهێنان باشترە. جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان گرنگە، نەک تەنیا واژۆکردنیان، بەڵکو لە راستیدا جێبەجێکردنیان. لێرەدایە کە رۆڵی حکومەت گرنگە. لە رابردوودا، رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی پێشوو واژۆ کران، بەڵام کاتێک پرۆسەی جێبەجێکردن دەستیپێکرد، رووبەڕووی ئاڵنگاری بووەوە لەلایەن بەرپرسانی حکومیی خوار سەرۆکوەزیرانەوە کە کێشەیان بۆ جێبەجێکردنەکە دروستکرد، داوای گۆڕانکارییان لە گرێبەستەکاندا کرد کە وایکرد ئەو گرێبەستانە یان ئەو هەلانە لە رووی ئابوورییەوە ئەوەندە سەرنجڕاکێش نەبن بۆ وەبەرهێنەران. دەزانیت، کێبڕکێیەکی جیهانی هەیە بۆ وەبەرهێنان. ئەگەر قازانجکردن بۆ وەبەرهێنەران قورس بکەیت، ئەوا دەچنە شوێنێکی دیکە کە بتوانن پارە پەیدا بکەن. حکومەت دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە رێگەی هاندان و سیاسەتی بیمەوە، بەڵام لە کۆتاییدا، بازاڕ بڕیار دەدات و ئەم حکومەتە، بە سەرۆکایەتیی کەسێک کە لە بانک و ئابووریدا شارەزایە، باشتر کاردەکات. لانیکەم ئەوە چاوەڕوانیی ئێمەیە، ئەوە هیوای ئێمەیە.
رووداو: نزیکەی دە هەفتە ماوە بۆ دوایین وادە کە عەلی زەیدی بۆ گرووپە چەکدارەکانی داناوە کە دەبێت چەکەکانیان رادەستی حکومەت بکەن؛ ئایا بە بۆچوونی ئێوە لەو ماوەیەدا ئەوە جێبەجێ دەکرێت؟
زاڵمای خەلیلزاد: من بینیم سەرۆکوەزیران زۆر جددییە لەسەر ئەم پرسە. پێموایە لە گرنگیی ئەم پرسە تێدەگات، گرنگیی ئەم پرسە لە رووی ئاسایش، لە رووی سیاسەت، لە رووی ئابووریی وڵاتەکەیەوە. ئەو دەزانێت کە ئەم هێزانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی شەرعیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کاردەکەن، هەڕەشەن، ئاڵنگارین، کێشەن. ئەو پێیوایە، وەک لە رۆژ و نیوی رابردوودا رایگەیاندووە، کە دەیەوێت و هەروەها داوا دەکات کە نابێت هیچ هێزێکی چەکدار لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتدا هەبێت. بۆیە میلیشیاکان، حەشدی شەعبی، وەک هەندێک ناویان دەبەن، ئەم هێزانە، کە زۆربەیان پەیوەندییان بە وڵاتێکی دراوسێوە هەیە، ئاڵنگارییەک دروست دەکەن و دەبێت چەک بکرێن، چەکەکانیان رادەستی دەسەڵاتە شەرعییەکان بکەنەوە و ئەویش وادەیەکی بۆ ئەوە داناوە.
رووداو: ئایا حکومەتی عێراق دەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو گرووپانە بکات کە ئامادە نین چەکەکانیان دابنێن؟
زاڵمای خەلیلزاد: بەڵێ، سەرۆکوەزیران روون بووە لەوەی کە ئەگەرێک هەیە هەندێکیان رەتی بکەنەوە. ئەوەش لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ئەودایە وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کە رێوشوێن بگرێتەبەر بۆ سەپاندنی ئەو بڕیارانەی کە ئەو، وەک سەرۆکوەزیرانی نوێ بە متمانەی پەرلەمانەوە، دەبێت جێبەجێیان بکات. ئەو دەزانێت ئەگەر جێبەجێی نەکات، ئەوا ژیانی خۆی، ژیانی حکومەتەکەی، ژیانی عێراق زۆر قورستر دەکات. بۆیە من بینیم کە زۆر سوورە لەسەر ئەم پرسە.
رووداو: بەڕێز زاڵمای خەلیلزاد، باڵێۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق زۆر سوپاس.
زاڵمای خەلیلزاد: سوپاس.


