رووداو دیجیتاڵ
پاسکاڵ کۆنفاڤرۆ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، سەبارەت بە سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆکی فەرەنسا بۆ دیمەشق و سیاسەتی وڵاتەکەی بەرامبەر بە سووریا، بەتایبەتی دۆخی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، قسەی کرد. ئەو دەڵێت، سەردانەکە لە بنەڕەتدا سێ ئامانجی هەبووە و لە هەرسێکیشیان "سەرکەوتنێکی مەزن" بەدەستهاتووە.
پشتگیری بۆ یەکپارچەیی سووریا و مافی کوردان
کۆنفاڤرۆ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە نیگەرانیی کورد لە سەردانەکەی ماکرۆن و نەبینیی نوێنەرانی کورد، جەختی کردەوە کە فەرەنسا پشتگیری لە "سووریایەکی خاوەن سەروەری و یەکگرتوو دەکات کە هەموو پێکهاتەکانی لەخۆبگرێت". گوتیشی، "ئەمە تەنیا رێگەیە بۆ پاراستنی یەکڕیزی و هێزی کۆمەڵگەی سووریا".
چاودێریی جێبەجێکردنی رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ئەوەی ئاشکرا کرد، وڵاتەکەی پشتگیری لە رێککەوتنی 30ی کانوونی دووەمی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دەسەڵاتدارانی سووریا دەکات. بە گوتەی کۆنفاڤرۆ، ئەم رێککەوتنە "پاڵنەر دەبێت بۆ پاراستنی ناسنامەی کورد، هەروەها تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە لەنێو حکومەتی سووریا دا."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کۆنفاڤرۆ دووپاتی کردەوە، فەرەنسا بە وردی چاودێریی جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە دەکات و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە مانگی شوباتدا سەردانی کوردستانی کردووە بۆ بەدواداچوونی ئەم بابەتە، هەروەها لە مانگی حوزەیراندا لە پاریس پێشوازیی لە جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی کراوە.
مافی ئۆتۆنۆمی و زمانی کوردی
سەبارەت بە داواکاریی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بۆ مافی ئۆتۆنۆمی و پەروەردە بە زمانی کوردی، کۆنفاڤرۆ دەڵێ، "پشتگیری لەوە دەکەین کە لە رێککەوتنەکەدا هەیە. لەم رێککەوتنەی 30ی کانوونی دووەمدا، بێ گومان خاڵی روون هەن بۆ پاراستنی ناسنامەی کورد لەنێو ئەم سووریا نوێیەدا، دەبێت ئەم جێبەجێکردنەیش بکرێت."
ئاوەدانکردنەوە و ناوچەکانی رۆژئاوا
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا فەرەنسا هاوکاریی ئاوەدانکردنەوەی رۆژئاوای کوردستان دەکات؟ ئەو بەرپرسە فەرەنسییە ئاماژەی بەوە کرد، فەرەنسا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سووریا کار دەکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە بەگشتی و پرۆسەکە هێشتا لە سەرەتادایە.
کۆنفاڤرۆ دووپاتی کردەوە، سیاسەتی فەرەنسا ئەوەیە، "هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا دەبێت جێگەی خۆیان لەنێو سووریادا بدۆزنەوە ئەگەر بمانەوێت سەقامگیرییەکی درێخایەنمان هەبێت."
دەقی هەڤپەیڤینەکەی پاسکاڵ کۆنفاڤرۆ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لەگەڵ رووداو:
رووداو: لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی فەرەنسا بۆ سووریا، پەیوەندییەکانی فەرەنسا و سووریا، هەروەها پشتگیریی فەرەنسا بۆ مافی کوردان لە رۆژئاوای کوردستان، میوانێکمان لە پاریسەوە هەیە کە ئەویش بەڕێز پاسکاڵ کۆنفاڤرۆ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسایە. بەڕێز، ئەم کاتەت باش و سوپاس کە میوانی رووداویت، بەخێر بێیت.
پاسکاڵ: سوپاس.
رووداو: گرنگترین ئەنجامەکانی سەردانەکەی سەرۆکی فەرەنسا بۆ دیمەشق چی بوون؟
پاسکاڵ: پێموایە سەردانێکی مێژوویی بوو، چونکە یەکەم جار بوو سەرۆکێکی فەرەنسا لە ماوەی 18 ساڵی رابردوودا بچێتە سووریا. یەکەم جار بوو سەرۆک دەوڵەتێکی ئەورووپی و رۆژئاوایی دوای رووخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد بچێتە سووریا. ئەم سەردانەش لە بنەڕەتدا سێ ئامانجی هەبوو: یەکەم، هاتن و پشتیوانیکردنی گەلی سووریا؛ دووەم، بەرەوپێشبردنی هاوکارییەکانمان لەڕووی ئاسایشەوە؛ سێیەمیش، بوونی کۆمەڵێک کۆمپانیا و وەبەرهێنەر بۆ پشتیوانیکردنی گەشەپێدانی ئابووریی وڵاتەکە. لەسەر هەر سێ خاڵەکەیش سەرکەوتنێکی مەزنی بەدەستهێناوە.
رووداو: باسی وەبەرهێنانت کرد، بە بڕوای ئێوە رەوشی ئێستای سووریا بۆ وەبەرهێنان گونجاوە؟ یان بە راستی پێویستی بە رەوشێکی دەستووری هەیە کە هەموو نەتەوە و هەرێمەکانی سووریا و، پێکهاتەکانی وەک کورد، دروز و، عەلەوی لەنێو خۆیاندا رێکبکەون؟
پاسکاڵ: کێشەی ئاسایش هەیە، هەروەها کێشەی سازان هەیە و، دەسەڵاتدارانی سووریا بە باشی ئاگاداری ئەوەن، ئامادەشن هاوکاری بکەن و لەو رووەوە بەرەوپێش بچن. ئەمەیش ئەو شتەیە ئێمە کاری لەسەر دەکەین، ئێمە ئامادەین لەگەڵیاندا کاری لەسەر بکەین. بۆ نموونە، یەکێک لە بریکارەکانمان بە ناوی "ئێکسپێرتیز فرانس" کە شارەزای فەرەنسی لە بوارە جیاجیاکاندا دەهێنێت، لەگەڵ بانکی ناوەندیی سووریادا کار دەکات لەسەر ئەم کێشانەی لە نموونەی سازان.
رووداو: باشە، بە بڕوای ئێوە ئەم دەرفەتی وەبەرهێنانە بۆ وڵاتانی ئەورووپی، بەتایبەتی لە سووریادا هەیە، یان دەرفەتەکە بە راستی تەنیا بۆ ئەمریکا و وڵاتانی دراوسێی سووریایە؟
پاسکاڵ: ئەو وێرانکارییەی لە سووریادا هەیە دوای زیاتر لە 10 ساڵ شەڕی ناوخۆ و دوای رژێمەکەی بەشار ئەسەد، زۆر گەورەیە. پێویستییەکی زۆر گرنگ بە وەبەرهێنان دەبێت. بێ گومان ئەم وەبەرهێنانە لە سەرەتادا لەلایەن خودی سوورییەکان و کۆمپانیا سوورییەکانەوە دەبێت. بەڵام ئەگەر بیانەوێت، بێ گومان کۆمپانیا ئەورووپی و فەرەنسییەکان یارمەتیی دووبارە بونیاتنانەوەی ئابووریی سووریا دەدەن. هەر بۆیە سەرۆک ماکرۆن ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە جێبەجێکارە فەرەنسییەکانی لەگەڵدا بوو، بەڕێوەبەرە گرنگە فەرەنسییەکانی وەک تۆتاڵ یان سی ئێم ئەی سی جی ئێم، تاوەکو بەشداری لە ئاوەدانکردنەوەی سووریادا بکەن.
رووداو: زیاتر چ کۆمپانیایەک لە چ بوارێکدا فەرەنسا دەخوازێت وەبەرهێنان لە سووریادا بکات؟
پاسکاڵ: بێ گومان لە بواری جیاجیادا دەبێت، وەک وزە، بەڵام گواستنەوە و ژێرخانیش ئەو بوارە جیاوازانەن کە ئێمە دەستمان بە کارکردن تێیاندا کردووە. بەڵام چوارچێوەیەکی گرنگی هاوکاریی دووقۆڵیمان واژۆ کردووە، کە مامەڵە لەگەڵ هاوکاریی ئاسایش و فەرهەنگ و پەروەردەیش دەکات. کەواتە ئەمانە هەموو ئەو خاڵانەن کە ئێمە دڵخۆش دەبین بە بەردەوامبوون لە کارکردن لەسەریان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سووریادا.
رووداو: با بێینە سەر هەڵوێستی کوردان، ئاخۆ کوردانی کوردستانی سووریا یان رۆژئاوای کوردستان دەتوانن لەم سەردانە وا تێبگەن کە لەمەودوا فەرەنسا تەنیا لەگەڵ دیمەشقدا دانوستاندن دەکات و گوێ بە کورد نادات؟ چونکە وەک دەزانیت، لەم سەردانەدا سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن هیچ بەرپرس و نوێنەرێکی کوردی نەبینی.
پاسکاڵ: سەرۆک ماکرۆن هەمیشە لەم بارەیەوە زۆر روون بووە. ئێمە چاومان بە هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی سووریا کەوت. ئێمە پشتگیری لە سووریایەکی خاوەن سەروەری و یەکگرتوو دەکەین کە هەموو پێکهاتەکانی لەخۆبگرێت. راستییەکەی، ئەمە تەنیا رێگەیە بۆ پاراستنی یەکڕیزی و هێزی کۆمەڵگەی سووریا و وڵاتی سووریا. وەک دەزانیت، ئێمە پشتگیریمان کردووە و، لە راستیدا زیاتر لە پشتگیریمان کردووە بۆ رێککەوتنی 30ی کانوونی دووەمی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و دەسەڵاتدارانی سووریا کە بێگومان پاڵنەر دەبێت بۆ پاراستنی ناسنامەی کورد، هەروەها تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەنێو حکومەتی سووریادا. ئێمەیش زۆر حەز بە بەدواداچوون دەکەین بۆ جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە. وەزیر بارۆ لە سووریا بوو، دواتر لە مانگی شوباتدا چوو بۆ کوردستان بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنەی 30ی کانوونی دووەم. هەروەها لە 18ی حوزەیراندا لە پاریس پێشوازیمان لە جەنەڕاڵ مەزڵووم کرد.
رووداو: باشە، فەرەنسا چاودێریی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە دەکات کە لەنێوان دیمەشق و هەسەدەدایە؟
پاسکاڵ: بەڵێ، بە تەواوی، بە تەواوی. ئێمە زۆر بە وردی چاودێریی ئەم رێککەوتنە دەکەین کە گەلێک گرنگە و ئامانجی روون و رێگەیەکی روون دادەنێت بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەنێو رژێمی سووریادا و، راستییەکەی یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەم سووریا خاوەن سەروەری و یەکگرتووەی کە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا لە خۆ دەگرێت.
رووداو: باشە، بۆ نموونە حیزبەکانی رۆژئاوای کوردستان داوای مافی ئۆتۆنۆمی و پەروەردە بە زمانی کوردی دەکەن لە پرۆگرامەکانی خوێندندا لە ناوچەکانی خۆیان، ئایا فەرەنسا پشتگیری لەم داواکارییانە دەکات؟
پاسکاڵ: ئێمە پشتگیری لەوە دەکەین کە لەم رێککەوتنەدا هەیە. لەم رێککەوتنەی 30ی کانوونی دووەمدا، بێ گومان خاڵی روون هەن بۆ پاراستنی ناسنامەی کوردی لەنێو ئەم سووریا نوێیەدا، دەبێت ئەم جێبەجێکردنەیش بکرێت.
رووداو: لە قسەکانتدا باسی لایەنی ئاسایشت کرد، ئەو دوو تەقینەوەیەی کە لە نزیک شوێنی مانەوەی سەرۆکی فەرەنسا لە دیمەشق روویان دا، ئایا نیشانی نادەن کە هێشتا مەترسیی رێکخراوە تووندڕەوەکان لە سووریادا ماوە و، بە پێویستی نازانن کە هەموو ناوچە، نەتەوە و، پێکهاتەکان رێکبکەون تاوەکو تووندوتیژی لە سووریادا کۆتایی بێت؟
پاسکال: بەڵێ، بێ گومان. ئەوە نیشانی دەدات کە بێ گومان هێشتا هەڕەشەی ئاسایشیی گەورە لە سووریادا هەیە و، ئێمە دەمانەوێت رێگری لەوە بکەین. هەر بۆیە ئێمە بە تەواوی پشتگیری لەو راستییە دەکەین کە دەسەڵاتدارانی سووریا لە پاییزی رابردووی 2024 - 2025دا چوونە ناو هاوپەیمانیی دژی داعش. هەر بۆیەیش لە کاتی سەردانەکەی سەرۆک ماکرۆندا، هاوکارییەکی گرنگمان لەڕووی ئاسایش و دژەتیرۆرەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سووریادا واژۆ کرد، چونکە وەک دەزانیت لە فەرەنسا، ئێمە لە ناخمانەوە هەست بە ئاسایشی ناوچەکە دەکەین. لە ساڵی 2015ـدا هێرشە تیرۆریستییە زۆر گەورەکانی پاریس لە باتاکلان لەو ناوچەیەوە سەرچاوەیان گرت. بۆیە ئاسایشی ئەم ناوچەیە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لای ئێمە مانای زۆری هەیە. لە کۆتاییدا، هەر لەبارەی ئەم هەڕەشە ئاسایشییە گەورانەوە، ئێمە بە تەواوی ئامۆژگاریی هاووڵاتیانمان دەکەین کە تائێستا نەچنە سووریا. بەڵام وەک بینیشتان، ئێمە نامانەوێت ئەم جۆرە هێرشە تیرۆریستییانە ببنە لەمپەر لە بەردەمماندا بۆ بەرەوپێشبردن و بەهێزکردنی هاوکارییەکانمان لەگەڵ سووریادا. هەر بۆیە سەرەڕای ئەو هێرشە تیرۆریستییانە، سەرۆک ماکرۆن لەسەر بەرنامەکەی خۆی لە دیمەشق بەردەوام بوو لە سەردانەکەی، هەموو ئەوانەیشی کە ئامادەمان کردبوون لەم سەردانە گرنگەی دووشەممە و سێشەممەی رابردوودا بیانکەین، بەردەوام بوو.
رووداو: باسی دەرفەتەکانی وەبەرهێنانت کرد لە سووریادا، بۆچی ئێستا فەرەنسا بۆ ئاوەدانکردنەوە یان هاوکاریکردنی هەرێمەکانی رۆژئاوای کوردستان هیچ جۆرە هاوکارییەک پێشکێش ناکات؟
پاسکاڵ: ببوورە، لە پرسیارەکە تێنەگەیشتم.
رووداو: باشە دووبارەی دەکەمەوە، بۆچی فەرەنسا هاوکاریی ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان ناکات؟
پاسکاڵ: ئەها، ئێمە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سووریادا کار دەکەین بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە. ئێستا هێشتا تەنیا سەرەتایە. ئێمە بە کۆمپانیای فەرەنسییەوە دێین، ئەورووپییەکانی تریش دەبن کە ئامادەن پشتگیری لەمە بکەن. ئەمەیش دەبێت لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سووریا و، لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەدا بکرێت و کاتی دەوێت. هێشتا کێشەی ئاسایش و کێشەی سازان هەن وەک ئەوەی لە سەرەتای ئەم چاوپێکەوتنەدا باسمان کرد، بەڵام ئێمە لێرەین بۆ یارمەتیدان، لەوانەش لە رووی شارەزاییی فەرەنسییەوە بۆ سازانن. ئەمەش ئەو کارەیە کە ئێمە لەگەڵ یەکێک لە بریکارەکانمان بە ناوی "ئێکسپێرتیز فرانس" دەیکەین.
رووداو: ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستانیش لەنێو ئەوانەدان؟
پاسکاڵ: بەڵێ.
رووداو: لە لایەکی دیکەوە، لەم سەردانەدا فەرەنسا 23 شوێنەواری مێژوویی بۆ سووریا گەڕاندەوە، ئایا هێشتا شوێنەواری مێژوویی دیکەی سووریا ماون کە فەرەنسا بخوازێت بیانگەڕێنێتەوە؟ ئەگەر هەبن کەی دەیانگەڕێنێتەوە؟
پاسکاڵ: ئەم پارچە شوێنەوارییانە لە سەرەتای ساڵی 2010دا بە خواستن درابوونە فەرەنسا، ئێمە لە کاتی شەڕی ناوخۆدا بۆ پاراستنیان لای خۆمان هێشتبوونماننەوە. ئەو راستییەی کە ئێمە گەڕاندماننەوە بۆ سووریا زۆر هێمادارە، بە شێوەیەک کە بێ گومان پێویستە لە سووریادا نمایش بکرێن و بخرێنەڕوو بە هەموو یارمەتییەکی ئێمەوە لەڕووی هاوکاریی مۆزەخانەوە. کەواتە هەنگاوێکی گرنگ بوو و، ئێمە ئامادەین هاوکاریی فەرەنسی-سووری لەڕووی فەرهەنگ و هاوکاریی مۆزەخانەوە بگەڕێنینەوە بۆ ئاستی تەواوەتیی خۆی وەک جاران. هاوکارییەکی زۆر زیندوو لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەبوو، ئێمە ئامادەین بیگەڕێنینەوە بۆ ئاستەکانی پێشووی خۆی.
رووداو: تەنیا ئەو 23 پارچە شوێنەوارییە بوون، یان هێشتا ماوە کە فەرەنسا بیانگەڕێنێتەوە بۆ سووریا؟
پاسکاڵ: تاوەکو ئێستا 23 پارچە هەبوون کە گەڕێندراونەتەوە.
رووداو: واتە ئێوە بە تەمان ژمارەیەکی دیکەش بگەڕێننەوە؟
پاسکاڵ: زانیاریی زیاترم لەم بارەیەوە نییە. پێموایە هاوپیشەکانم لە وەزارەتی فەرهەنگ دەتوانن ئەوە بڵێن، بەڵام دەتوانم دواتر لەم بارەیەوە وەڵامتان بدەمەوە.
رووداو: سیاسەتی ئێستای فەرەنسا بەرانبەر بە سووریا بە هەموو نەتەوە، بە هەموو پێکهاتە و، ناوچەکانیانەوە چییە؟ سیاسەتی ئێستای؟
پاسکاڵ: سووریا ئەگەر بیەوێت سەقامگیرییەکی درێژخایەنی هەبێت، بێ گومان پێویستە ئاگاداری هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەکەی بێت. کەواتە ئەمە بەو مانایە دێت کە دەبێت تەواوی سیستمی دادوەری دادگاییی ئەو کەسانە بکات کە لە رابردوودا لە سەردەمی رژێمی ئەسەد یان دوای رووخانی ئەسەد بەرپرسیار بوون لە هێرشەکان، لەو مەرگانەی کە لەوێ روویان دا، چونکە ئەم بەشە لە یادەوەری، ئەم بەشە لە دادپەروەری زۆر بنەڕەتی دەبێت بۆ داڕشتنی داهاتوویەکی هاوبەش. دووەمیش، بێ گومان دەبێت هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا جێگەی خۆیان لەنێو سووریادا بدۆزنەوە ئەگەر بمانەوێت سەقامگیرییەکی درێژخایەنمان لە وڵاتەکە و، دواتریش لە ناوچەکەدا هەبێت. کەواتە ئەوە رێک ئەو پەیامەیە کە بێ گومان ئێمە بە ئاشکرا دەیخەینە روو، بەڵام بە شێوەی دووقۆڵییش لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سووریادا باسی دەکەین و، ئەوە پەیامی سەرۆک ماکرۆن و هەموو ئەو وەزیرانە بوو کە لە سەرەتای هەفتەدا لە دیمەشق یاوەرییان دەکرد.
رووداو: زۆر سوپاس بۆ تۆ بەڕێز پاسکاڵ کۆنفاڤرۆ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، لە پاریسەوە میوانی رووداو بوویت، زۆر بە خێر هاتیت.
پاسکاڵ: سوپاس. ماڵئاوا.



