رووداو دیجیتاڵ
ئیتاڵیا، بەرزترین مەدالیای خۆی، کە بە "ئەستێرەی ئیتاڵیا" ناسراوە، بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەخشی. نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا دەڵێت، ئەو مەدالیایە "ناسنامە و مۆرێکی دۆستایەتییە" و نیشانەی پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان هەردوولایە.
رێزان حەمەساڵح، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا، میوانی بوڵتەنی کاژێر 18:00ـی رووداو بوو. لەگەڵ فوئاد رەحیم گفتوگۆی لەبارەی پێدانی مەدالیای ئەستێرەی ئیتاڵیا بە نێچیرڤان بارزانی کرد. راگەیاند، "ئیتاڵیا بە هەموو کەسێک ناڵێت دۆستی خۆم، بەڵکو بەو کەسانەی دەڵێت کە نزیکن و ئەزموونی لەگەڵیان هەیە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیتاڵیا بۆ پێشەوە بردووە."
بەگوتەی رێزان حەمەساڵح، وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا چەند کەسایەتییەکی کاریگەر لە دەرەوەی وڵاتەکەی بۆ ئەو مەدالیایە هەڵدەبژێرێت و پێشنیازیان دەکات بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار، کە بڕیاری کۆتایی دەدات. هۆکارەکانی هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ کاریگەریی دیپلۆماسی، کارە مرۆییەکان، پەرەپێدانی پەیوەندییە کولتووری و ئابوورییەکان دەگەڕێتەوە.
پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا بۆ ساڵی 2004 دەگەڕێتەوە و لە بوارەکانی دیپلۆماسی، سەربازی، ئەکادیمی، شوێنەوارناسی و وەبەرهێناندا هاوئاهەنگییان هەیە. زیاتر لە 200 کۆمپانیای ئیتاڵی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن و گەورەترین ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەورووپا، لەگەڵ ئیتاڵیادایە.
نوێنەری حکوومەتی هەرێم گوتی، "لە ناوچەکەدا ئەمە یەکەم کەسە کە ئەو مەدالیایە وەردەگرێت. هەموومان دەزانین ئێمە دەوڵەت نین، بەڵام وەک دەوڵەت مامەڵەمان لەگەڵدا دەکرێت."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ رێزان حەمەساڵح، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا:
رووداو: پێدانی بەرزترین مەدالیای ئەستێرەی ئیتاڵیا بە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەلایەن دەوڵەتی ئیتاڵیاوە چ کاریگەرییەکی لەسەر بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی ئیتاڵیا لەگەڵ هەرێمی کوردستانەوە دەبێت؟
رێزان: سەرەتا پیرۆزبایی لە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ وەرگرتنی ئەم خەڵاتە، کە مایەی شانازییە بۆ هەمووان بەگشتی و میللەتی کورد بەتایبەتی. گرنگییەکەی لەوەدایە، ئیتاڵیا بە هەموو کەسێک ناڵێت، دۆستی خۆم. راستە بەگشتی وڵاتێکە خۆی بە دۆستی هەموو کەس دەزانێت بەڵام خۆی بە دۆستی ئەو کەسانە دەزانێت کە نزیکیەتی و ئەزموونی لەگەڵیان هەیە. هەروەها پەیوەندییەکانیان بۆ پێشەوە بردووە لەگەڵ ئیتاڵیا. یەکێک لە مەرجەکانی پێدانی ئەم خەڵاتە دەبێ ئەو کەسەی خەڵاتی پێدەدرێت لە دەرەوەی ئیتاڵیا بێت. کارەکانیشی لە دەرەوەی ئیتاڵیا بێت. لە 2004ـەوە ئێوەش ئاماژەتان پێدا، وەکو نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستبەکار بووم. نوێنەرایەتییەکە لە 2004ـەوە هەیە و بە فەرمی دەستبەکاربوو، لە ساڵی 2005 یەکەم سەردانی فەرمیی جەنابی سەرۆک بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیتاڵیای کرد. هەر ئەوکات رێزدار نێچیرڤان بارزانی، وەک سەرۆکی حکوومەتی هەرێم یەکەم سەردانیان بوو بۆ ئیتاڵیا و ڤاتیکان. ئێوەش دەزانن هەردووکیان دوو دەوڵەتی جیاوازن لەنێو یەک خاک و سنووری وڵاتێکدا. پەیوەندییەکان لە 2004ـەوە بەرەو پێشەوە دەچێت، تا دێت کاریگەرتر دەبن.
رووداو: تاوەکو ئێستا ئەم مەدالیایە بە چەند سەرۆک و کەسایەتیی جیهان دراوە؟ بۆچی ئیتاڵیا ئەمساڵ، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی هەڵبژاردووە؟
رێزان: بێگومان هەڵبژاردنیان جێگەی دەستخۆشی و شانازیی هەموومانە. خۆی وەزارەتی دەرەوە چەند کەسایەتییەک هەڵدەبژێرێت. لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە دەدرێت بەو کەسایەتییانەی لە دەرەوەی وڵات زۆر کاریگەرن. هەروەها ئەو کەسایەتییانەی دۆستایەتیی زۆریان لەگەڵ ئیتاڵیا هەیە. وەزارەتی دەرەوە سەرەتا چەند کەسایەتییەک دەستنیشان دەکات و پێشکێشی سەرۆکایەتیی کۆماری دەکات. سەرۆکایەتیی کۆماریش، ئەوکات بڕیاری لەسەر دەدات. لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمدا، مەدالیاکە دراوەتە کاردیناڵێک. ئەمە دووەمین مەدالیایە کە لە مانگی ئایارەوە رێزدار سەرۆکی هەرێمی کوردستان تێیدا دەستنیشان کراوە و سەرۆکایەتیی کۆمار بڕیاری داوە بە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی. کاریگەریی دیپلۆماسی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و کارە مرۆییەکان و هەوڵە دیپلۆماسییەکان و هەنگاوەکانی بۆ پەرەپێدانی کولتووری و برەودان بە کەرتی ئابووری و چەندین فاکتەری دیکە وەک خاڵ هەژمار دەکرێن و گفتوگۆی لەبارەیەوە دەکرێت. هەموو ئەم بابەتانە وەزارەتی دەرەوە لە راپۆرتەکەیدا ئامادەی دەکات و پێشکێشی سەرۆکایەتیی کۆمار دەکات، بۆ ئەوەی بە ئاسانی بڕیاری لەبارەیەوە بدرێت. گرنگییەکەی لەوەدایە، ئیتاڵیا بە فەرمی لە پرۆتۆکۆلی کارەکانیدا رایدەگەیێنێت و دەیناسێتەوە و تیشک دەخاتە سەر گرنگیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان. ئیتاڵیا بەم مەدالیایە دەڵێت، ناسنامە و مۆری دۆستایەتی.
رووداو: بەخشینی ئەم مەدالیایە بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان چ بایەخێکی دەبێت بۆ پایە و ناوبانگی گەلی کوردستان لای گەلی ئیتاڵیا؟
رێزان: نەک تەنیا لەلای گەلی ئیتاڵیا لای هەموو وڵاتانی هەرێمی و وڵاتانی دەرەوە. چونکە ئەمە مانای ئەوەیە کە ئیتاڵیا باوەڕی بەوە هەیە، کە دۆستێکی هەیە و ئەو دۆستەش ئەو کەسەی کە ئەو هەڵیدەبژێرێت بیکاتە دۆستی خۆی دیارە کارێکی ئەوەندە دۆستایەتی و برەوپێدانی ئەو دۆستایەتییەی کردووە، هەروەکو جەنابیشتان ئاماژەتان پێکرد. منیش گوتم ئێمە لە 2004ـەوە نوێنەرین، بەڵام لە 2009 بە فەرمی کرا بە نوێنەرایەتی و کرایەوە، ئەوانیش لە پێشدا کۆنسوڵخانەی بچووک بوو دواتر کرایە کۆنسوڵخانەی گشتی. دۆستایەتییەکە پەرەی زیاتری پێدرا. گرنگییەکەی لەوەدایە کە لە ناوچەکەدا یەکەم کەسە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەریدەگرێت. هەمووشمان دەزانین ئێمە دەوڵەتێک نین وەکو دەوڵەت بەڵام وەکو دەوڵەت مامەڵەمان لەگەڵدا دەکرێت. ئەمە مۆرێکی دیکەیە پێمان دەدرێت. هەڵوێستی ئیتاڵیاش زۆر روونە وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا هەتا دێت سەرسەختانە بەرگری لە میللەتی کورد دەکات و سینات بە هەمان شێوە پەرلەمان بە هەمان شێوە. سەرۆکوەزیرەکانی لە بێرلوسکۆنییەوە بۆ ئەمڕۆ هەر هەموویان دۆستێکی زیاد لە پێویست نزیکی ئێمەن و دۆستی میللەتی کوردن.
رووداو: ئێستا ئیتاڵیا لە چ بوارێکدا هاوکاریی هەرێمی کوردستان دەکات؟
رێزان: بوارەکان جیاوازن، لە پێش هەموو شتێکدا لە بواری دیپلۆماسیدا زۆر هاوکارە لەگەڵماندا. لە بواری سەربازیدا زۆر زۆر هاوکارە. راستە ئێستا هێزەکانی ئیتاڵیا بە شێوەیەکی کاتی گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان لەبەر ئەو جەنگە و ناسەقامگیرییەی هەبوو لە ناوچەکەدا. بۆ مەشق و پەرەپێدان هەر لەم ماوەی پێشوودا لەم مانگەدا بەڕێز سەرۆک ئەرکانی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ شاندێکی باڵا سەردانی ئیتاڵیایان کرد و لە نزیکەوە لەگەڵ ئەفسەرە باڵاکانی ئیتاڵیا و وەزارەتی بەرگری دانیشتن و هاوئاهەنگییەکی دیکە کرایەوە بۆ دووبارە گەڕانەوەی هێزەکانی ئیتاڵیا بۆ کوردستان بۆ پەرەپێدانی ئەو دۆستایەتییە. لە بابەتی ئەکادیمی و شوێنەوارناسی لە هەموو ئەمانە لە وەبەرهێناندا زۆر زۆر بایەخ دەدەن. ئێوەش دەزانن پار لە مانگی 12 کۆنفرانسێکی گەورەی ئابووریمان رێکخست. تێیدا بەڕێزان وەزیر و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و وەزیرە بەڕێزەکان وەکو وەزیری کشتوکاڵ و وەکو بەڕێز جەنابی کاک سەفین دزەیی بەشدارییان کرد. لە بەرامبەردا وەزیری وزە و وەزیری کشتوکاڵ و وەزیرەکانی دیکەی ئیتاڵیا بەشدارییان تێیدا کرد و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیش واژۆ کرا.
رووداو: وەک نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داواتان کردووە ئیتاڵیا چی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان بکات؟
رێزان: ئێمە پێش هەموو شتێک پشتیوانیی ئەم وڵاتانەمان دەوێت و پشتیوانیمان دەوێت بۆ سەقامگیری لە ناوچەکە و بەتایبەتی لە کوردستاندا. پشتیوانیی سەربازیمان دەوێت پشتیوانیی ئەکادیمیمان دەوێت دۆستایەتیمان دەوێت لەسەر ئاستی دیپلۆماسی. هەلی زیاترمان دەوێت بۆ ئەوەی قوتابییەکانمان بتوانن بێنە ئێرە و درێژە بە خوێندنەکانیان بدەن. لە بواری کشتوکاڵ هاوکاریمان دەوێت لە هەموو بوارەکان لە بواری وزە و بوارەکانی دیکەش. ئێمە داواکارییەکانمان ئەوەیە پشتیوانی میللەتی کورد و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان بن.
رووداو: لە بەرامبەردا هەرێمی کوردستان چۆن دەتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیتاڵیا بەرەو پێشتر ببات؟
رێزان: ئومێدەوارم کە هەرێمی کوردستانیش بتوانێت زیاد لە پێویست برەوبدات بە دۆستایەتییەکەی لەگەڵ ئیتاڵیا و دەرگایەکی زیاتر واڵا بکات بۆ وەبەرهێنان لە کوردستان. بەڕاستی وەبەرهێنان لە کوردستان تا ئەمڕۆ ئیتاڵییەکان زۆر زۆر دەستێکی باڵایان هەیە، بەڵام ئومێدەوارم دەرگاکە زیاتر واڵا بکرێت بە رووی ئیتاڵیا. هەر وەکو بینیتان ئیتاڵیا لە هەموو بوارەکاندا دۆستایەتیی خۆی و هاوڕێیەتیی خۆی بۆ ئێمە نواندووە. هەموو کاتێک دەستی دۆستایەتی و هاوڕێیەتی بۆ ئێمە درێژ کردووە.
رووداو: تاوەکو ئێستا پڕۆژە و پلانێکتان هەیە بۆ ئەوەی کە لە داهاتوو بکرێت لە نێوان هەردوولا و بە میدیایی نەکرابێت؟
رێزان: پڕۆژە و پلانەکان یەکێک لەوانە ئەگەر بوار هەبێت و سەقامگیری زیاتر بەردەوام بێت لە کوردستاندا، ئەو کۆنفرانسەی کە لێرە کردمان هەمان کۆنفرانس وەبەرهێنەرە ئیتاڵییەکان بیکەن.
رووداو: کاتێک بۆ بەڕێوەچوونی ئەو کۆنفرانسە دیاری کراوە؟
رێزان: دەبوایە مانگی نۆ (ئەیلوول) بوایە بەڵام ئێستا ناتوانین مانگی نۆ بێت لەبەر ئەوەی پرۆسەکە زۆر دواکەوت. سەقامگیرییەکی کەم لە ناوچەکەدا هەیە. سەبارەت بە ئێمەوە دەبێت دۆخەکە هێندە باش بێت کە ئێمە وەبەرهێنەرمان هێنا پاشەکشە نەکات لەوەی کە لە کوردستاندا بتوانێت بەرهەمەکانی خۆی بنێرێتەوە یان وەکوو لەوێ بتوانێت کار بکات. جا هەر بۆیە چاوەڕێ دەکەین هەم من هەم دۆستی ئازیزم جەنابی باڵیۆز و هەم بەتایبەتی کۆنسوڵی ئیتاڵیا کار دەکەین لەسەر ئەم بابەتە.
رووداو: ئەوەندەی ئاگاداربم ناوبەناو تیمی تەندروستی و پزیشکی پسپۆڕ لە ئیتاڵیاوە دێنەوە شارەکانی کوردستان و نەشتەرگەری دەکەن، لە بواری تەندروستی چی کراوە بۆ ئەوەی کە بواری کەرتی تەندروستی لەگەڵ ئیتاڵیا بەرەو پێش ببرێت و بە جۆرێک ئەو ئەزموونانەی کە لە ئیتاڵیا هەیە بگوازرێتەوە بۆ کوردستانیش؟
رێزان: لە بواری تەندروستیدا بەدڵنیاییەوە داوامان لێکردوون هاوکارمان بن لە ناردنی دەرمان و دەرمانخانە گەورەکانی ئیتاڵیا بتوانێت هاوکاری وەزارەتی تەندروستیی کوردستان بکات لە هەمان کاتدا ئەگەر بتوانین بوار هەبێت وەزیر بانگهێشت بکەین بۆ ئێرە تاوەکو لە نزیکەوە ئەو داواکارییانەی ئێمە هەمانە لە ئیتاڵیا بۆمانی دابین بکەن. ئیتاڵیا میللەتێکی زۆر زۆر هاوسۆزن لەگەڵ ئێمە تا رادەیەک زیاد لە پێویست هاوسۆزمانن. لەبەر ئەوە چەندەها دکتۆر خۆیان لەسەر خەرجیی کەسیی خۆیان دێن و بە مانگ بە چەند مانگێک لە کوردستان نەشتەرگەریی دڵی منداڵ و چەندین نەشتەرگەریی دیکەی گەورە دەکەن بەبێ بەرامبەر. جاری وا هەیە تەنیا جێگەی حەوانەوە و نەخۆشخانەکانیان دەخەینە بەردەم ئەوان کارەکانمان بۆ دەکەن. بۆیە ئومێدەوارم ئەمە بکەوێتە بوارێکی تایبەتییەوە لەگەڵ هەم کەرتی تایبەتی و لەگەڵ حکوومەتی ئیتاڵیا و ئەو بڕە پارەیەی کە هەیە لە وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانی عێراق و بەشێکیشی بێگومان بەر کوردستان دەکەوێت بتوانین ئێمە سوودی لێ ببینین وەکو چەندەها جاری کە سوودمان بینیوە بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەکان بۆ دروستکردنی بنکەی تەندروستیی دیکە.
رووداو: ئێستا لەلاتان روونە چەند کۆمپانیای ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەکەن؟
رێزان: کۆمپانیاکان زۆرن بەڵام لەبەر ئەو ناسەقامگیرییەی روویدا لە کوردستاندا بەداخەوە هەندێک لە کۆمپانیاکان کشاونەتەوە یان کارەکانی خۆیان سست کردووە. کۆمپانیاکان زۆرن زیاد لە 200 کۆمپانیا و زیاتریشە. ئەوانەی کە بە فەرمی لەوێن هەندێک کۆمپانیا خۆیان دێن کۆمپانیای بچووکن خۆیان لەگەڵ کۆمپانیا کوردییەکانی ئێمە بەهاوبەشی کاردەکەن. دەتوانم بڵێم ئیتاڵیا ئەو وڵاتەیە کە زۆرترین ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێمە هەیە و لە 2008-2009 تا ئەمڕۆ گەورەترین ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئەورووپا لەگەڵ ئیتاڵیا هەیە.
رووداو: ئێستا ئاگادارتان کردووەتەوە کە دۆخەکە ئارام بووەتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو کۆمپانیایانە بگەڕێنەوە؟
رێزان: ئێمە زۆر جار لەسەر بابەتی سەقامگیری، هەموو لایەک دەزانن و ئەو سەردانانەی جەنابی سەرۆک بارزانی و جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی و وەزارەتی پێشمەرگە کە هەموو لایەکیان هاوکار بوون لەوەی کە باسی دۆخەکە بکەن کە بەم خەڵکە بڵێن و بە میدیای ئیتاڵی بڵێن کە دۆخەکە بەرەو هێوربوونەوە دەچێت. بەڵام خۆتان دەزانن میدیاکان لە هەموو لایەکەوە قسەی لەسەر دەکرێت. ئومێدەوارم کە ئەوان بتوانن ئەو متمانەی کە کوردستان لەلایان هەبووە و ئەو متمانەی کە بە کوردستانیان هەر بۆ جارێکی دیکە بگەڕێتەوە و دەگەڕێتەوە ئێمە هەموو کارێک لەسەر ئەوە دەکەین کە ئەو متمانەیە بگەڕێتەوە و خەڵکی ئیتاڵیا بگەڕێنەوە ناو هەرێمی کوردستان و لەوێ وەبەرهێنانی خۆیان بکەن و هاوکاری ئێمە بن. ئەوەی کە ئێستا زۆر لەلای من گرنگە هاوکاری و پشتیوانیی ئیتاڵیایە هاوکاری و پشتیوانیی سەربازیی ئیتاڵیایە، چونکە خۆتان دەزانن هەر چواردەوری کوردستان ئاگرە.
رووداو: گوتت ئیتاڵیا لەگەڵ کوردستان هاوسۆزە دەتوانم بپرسم کە ئیتاڵییەکان حەزیان لە چیی کوردستانە؟
رێزان: باوەڕتان هەبێت ئیتاڵییەکان حەزیان لە هەموو شتێکی کوردستانە، هەر کەسێک کە دەگەڕێتەوە بۆ ئیتاڵیا دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان دێتەوە بۆ ئیتاڵیا باسی خواردن دەکات کە خواردنی ئێمە زۆر بە هی ئەمانیش نزیکە لەبەر ئەوەی سەوزە و میوەیەکی زۆر هەیە لە وڵات. جاری وای هەیە زۆرینەیان کە دێنە کوردستان یان لە بەغداوە دێن یان لە کوردستانەوە دەچنە بەغدا و ناوچەکانی دیکە کە ئەسڵەن قابیلی بەراورد نییە لەلای ئەوان میوانداریی کورد، رووخۆشیی میللەتی کورد هەتا میوزیکی کوردی. ئێمە ئێستا شتێکی دیکەشمان بە دەستەوەیە ئەویش ئەوەیە لە بواری سینەما. ئومێدەوارم بتوانین کارێکی گەورە بکەین ئەویش لە بواری سینەما. وابزانم لەگەڵ رووداویش و لەگەڵ برادەرانی دیکەشدا لەمبارەیەوە کاری جوان دەکرێت. ئومێدەوارم کە بگەینە ئەنجامێکی باش. مەبەستم ئەوەیە ئیتاڵیا لە هەموو بوارێکدا هاوسۆزمانە چ ئەکادیمی بێت چ دیپلۆماسی بێت چ وەبەرهێنان بێت و چ کشتوکاڵی بێت، لە هەموو لایەنەکان هاوکارمانە دووبارە من پیرۆزبایی خۆم لە هەموو میللەتی کورد و لە جەنابی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەکەم بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە هەموو پێی سەربەرزین. ئومێدەوارم کە خەڵاتی تر بە گەورەکانی تری ئێمەش هەم دیسان ببەخشرێت و ئیتاڵیا ببێتە دەروازەیەک بۆ ئەو دۆستایەتییە کە رەنگ بداتەوە لە هەموو ئەورووپا.


