رووداو دیجیتاڵ سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی کەنەدا لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)دا باس لە ئەزموونی وڵاتەکەی لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، چەسپاندنی شەفافییەت، ئاسۆکانی پەرەپێدانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و پێدانی ڤیزە بە خوێندکاران و گەشتیارانی هەرێمی کوردستان دەکات. کەنەدا چۆن بووەتە یەکێک لە شەفافترین وڵاتانی جیهان؟ ئەحمەد حوسێن، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی کەنەدا لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)دا وەڵامی ئەم پرسیارە و چەندین پرسی دیکەی دایەوە. دەقی هەڤپەیڤینەکە رووداو: پێش سەردانەکەت چاوەڕوانیت چی بوو لە هەرێمی کوردستان و ئەزموونت لێرە چۆن بوو؟ ئەحمەد حوسێن: لە سەرووی چاوەڕوانییەکانمەوە بوو. ئەوەی لێرە روودەدات، تەواو سەرسوڕهێنەرە؛ ئاشتی، سەقامگیری، گەشەسەندنی ئابووری، هاوئاهەنگی نێوان خەڵکی جیاواز، هەروەها ئەو پێشوازییە گەرمەی لێمان کرا، نەوەک تەنیا لە هەولێر، ئێمە گەشتمان بۆ زۆر شارۆچکە و گوند و ناوچەی هەرێمی کوردستان کرد، بۆ من زۆر شتی نوێی تێدابوو. رووداو: چیرۆکی سەرەکی ئێستا لە عێراق و کوردستان هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە. لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 50 کەس دەستگیرکران، کە هەموویان ئەندامی پەرلەمان، پارێزگاری پێشوو و وەزیریش بوون. با باسی گەندەڵی بکەین. کاتێک سەیری کەنەدا دەکەین، بەپێی دوایین راپۆرتی رێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی، کەنەدا لە کۆی 182 وڵات پلەی 16ـەمی وەرگرتووە وەک شەفافترین وڵات، کەواتە لەنێو 20 وڵاتی یەکەمدایە. ئێوە لە پەرلەمان چی دەکەن و سیستمەکە چییە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە رووبەڕووی گەندەڵی دەبنەوە؟ ئەحمەد حوسێن: زۆر سادەیە، یەکەم ئەگەر لە پەرلەمانەوە دەستپێبکەیت، ئێمە نووسینگەیەکی سەربەخۆ و کۆمیسیارێکمان لەگەڵ ستافەکەی هەیە. ئەو کۆمیسیارە بەڕێوەبردنی راپۆرتکردن و شەفافییەتی ئەندامانی پەرلەمان، هەروەها بەرپرسانی دیکەی وەک وەزیرەکان و سەرۆکوەزیران رێکدەخات. ئێمە وەک ئەندامانی پەرلەمان و ئەوانی دیکە کە وەزیرن بەپێی یاسا دەبێت سەروەت و سامان، داهات، قەرزەکانمان ئاشکرا بکەین، هەروەها هەر گۆڕانکارییەک لە دۆخی مادیمان بە درێژایی ساڵ، دەبێت داوای رێنمایی لە کۆمیسیارەکە بکەین ئەگەر هەست بکەین شتێک دەتوانێت ببێتە هۆی ناکۆکیی بەرژەوەندی لە کاری رۆژانەماندا. کەواتە ئەو نووسینگەیە سەربەخۆیە، راپۆرت دەردەکەن، هەروەها راپۆرتی شەفاف بۆ رای گشتی لەبارەی چالاکییەکانی ئەندامانی پەرلەمان، وەزیرەکان و سەرۆکوەزیران ئامادە دەکەن. پێموایە ئەوە شەفافییەت و کراوەییەکی زۆر دەداتە ئەو پرۆسەیە، چونکە وەکو کەسانی خاوەن پۆستی گشتیی چاوەڕوانیمان لێدەکرێ پابەندی بەرزترین ستانداردەکان بین و خۆمان لە ناکۆکیی بەرژەوەندییەکان و خزمەتکردنی بەرژەوەندیی خۆمان بە بەکارهێنانی پۆست و سەرچاوە گشتییەکان بەدوور بگرین. کەواتە کۆمیسیارەکە و ئەو یاسایانەی کارەکانمان رێکدەخەن، دڵنیایی دەدەن کە ئەندامانی پەرلەمان و هەموو خاوەن پۆستە گشتییەکان بە شێوەیەکی گونجاو مامەڵە دەکەن. دووەم، پێموایە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی دڵنیابوونەوە لەوەی کە سەرچاوە گشتییەکان بۆ مەبەستی گشتیی بەکاردەهێنرێن نەوەک بۆ قازانجی کەسی یان مامەڵەی کەسی، ئەوەیە کە لە کەنەدا وەکو زۆرێک لە دیموکراسییەکانی دیکە جیاکردنەوەمان لەنێوان پەرلەمان، دەسەڵاتی جێبەجێکار و دەسەڵاتی دادوەریدا هەیە. کاتێک دەسەڵاتێکی دادوەریی سەربەخۆ و بەتوانات هەبێت، ئەوا یاسا جێبەجێ دەکرێ، یاسا لێکدانەوەی بۆ دەکرێ و پاشان بێگومان، پۆلیس هەیە کە سەربەخۆیە و لە سیاسەت ئازادە و ئازادە لە بەدواداچوونی هەر پێشێلکارییەکی یاسا لەلایەن هەر کەسێکەوە. هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە، لە هاووڵاتی ئاساییەوە تاوە دەگاتە هەر پۆستێکی گشتیی، ئەندامانی پەرلەمان، وەزیرەکان، سەرۆکوەزیران، گرنگ نییە و لە کەنەدا هەموومان لەبەرامبەر یاسا یەکسانین. لە کۆتاییدا دەڵێم پەروەردە و دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە خەڵک تێبگات گەندەڵی چییە و کاریگەرییە وێرانکەر و لەناوبەرەکانی گەندەڵی چین. گەندەڵی تەنیا نابێتە هۆی دزینی سەرچاوە گشتییەکان، بەڵکو گەندەڵی دامەزراوە گشتییەکان تێکدەدات، متمانەی گشتی بەو دامەزراوانە کەم دەکاتەوە و لەناویان دەبات کە دەبێت خەڵک بپارێزن و خزمەتگوزاری پێشکێش بکەن. کاتێک گەندەڵیت لە حکومەتێکدا هەبێت، زۆر زۆر قورسە پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی باش و متمانەی هاووڵاتیانت هەبێت، هەربۆیە گەندەڵی بۆ من تەنیا بەڕێوەبردنی خراپی سەرچاوە گشتییەکان نییە کە زۆر مەترسیدارە، بەڵکو ئەوەشە کە لەگەڵ دامەزراوە گشتییەکاندا دەیکات و زۆر زۆر نەرێنییە، بۆیە شایەنی ئەوەیە بە هەر رێگەیەک بێت شەڕی لەگەڵ بکرێت. رووداو: ئایا کۆمپانیا کەنەدییەکان، کۆمپانیا گەورەکان، دەترسن یان تەنیا خۆیان لە وەبەرهێنان لەو وڵاتانەدا بەدوور دەگرن کە گەندەڵییان زۆرە؟ ئەحمەد حوسێن: ئەنجامدانی کار لە شوێنێک کە سەروەریی یاسای لێ نەبێت، قورسە، بۆیە بێگومان، ناتوانم بەناوی کۆمپانیا کەنەدییەکانەوە قسە بکەم، بەڵام دەتوانم بیهێنمە بەرچاوی خۆم کە بۆ هەر بزنسێکی ئاسایی کەنەدی یان هەر کۆمپانیایەکی دیکە لە جیهاندا، حەز دەکەن یاسای روون و پێشبینیکراویان لە هەر وڵاتێک هەبێت کە وەبەرهێنانی تێدا دەکەن. بزنس حەزی لە پێشبینیکردن، دڵنیایی، سەروەریی یاسا و دادپەروەرییە و گەندەڵی دژی هەموو ئەوانەیە. پێموایە یەکێک لە رێگەکانی کەنەدا بۆ ئەوەی لە پلەی 16ـەوە بۆ پلەی یەکەمی شەفافییەت بجووڵێت، شەفافییەتی زیاترە، ئێمە شەفافین بەڵام پێموایە هەمیشە دەرفەتی باشترکردن هەیە. بۆ نموونە، یاسای ئازادیی زانیاری و پرۆسەمان هەیە کە رێگە بە هەر هاووڵاتییەک یان هەر رۆژنامەڤانێک دەدات داوای هەر بەڵگەنامەیەک لە حکومەت بکات، بۆ بینینی هەر بەڵگەنامەیەک و بۆ بینینی ئەوەی لەنێو حکومەتدا چی روودەدات، کەواتە ئەو پرۆسەیە دەرفەتی پەرەپێدانی هەیە و پرۆسەیەکی باشە، ئەنجام بۆ رۆژنامەنووسان و بۆ هاووڵاتیانی ئاسایی بەرهەم دەهێنێت کە دەیانەوێ بزانن لە چ وەزارەتێکدا چی روودەدات، بەڵام پێموایە ئەو پرۆسەیە دەتوانێت خێراتر بێت و دەتوانێت کاراتر بێت. رووداو: دۆناڵد ترەمپ داوای دەکرد کەنەدا ببێتە بەشێک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. بۆچوونت چییە؟ ئەحمەد حوسێن: ئەوە روونادات، چونکە خەڵکی کەنەدا بە روونی ئەوەیان رەتکردووەتەوە و هیچ ئارەزوویەکیان بۆ ئەوە نییە، بەڵام سیاسەتی باجەکانی ئەمریکا بەرامبەر کەنەدا تاوەکو چەند کاریگەرییان هەبووە، بە دڵنیاییەوە هەیانبووە و هەیانە، کاریگەرییان لەسەر ژمارەیەک پیشەسازیی جیاواز هەیە و ئەوەی حکومەتەکەی ئێمە دەیکات وەڵامدانەوەیە بۆ پشتگیریکردنی ئەو پیشەسازییانە. پیشەسازی پۆڵا و ئەلەمینیۆم، پیشەسازیی ئۆتۆمبێل، هەر کۆمپانیایەکی بچووک یان مامناوەندی بەرهەمهێنان کە ئەلەمنیۆم لە بەرهەمەکانیدا بەکاردەهێنێت ئێستا رووبەڕووی زۆر سەختی بووەتەوە، کەواتە ئەوەی ئێمە کردوومانە پشتگیریکردنی ئەو کەرتانە بووە، هەروەها هەوڵدان بووە بە خێراییەکی زۆر بۆ هەمەجۆرکردنی بازرگانیمان بۆ دۆزینەوەی بازاڕی نوێ. بۆ نموونە، رێککەوتننامەیەکی هاوبەشی ئابووریی گشتگیرمان لەگەڵ ئیندۆنیزیا واژۆکرد کە بە راستی پشکی هەناردەی بازاڕی جگە لە ئەمریکیمان بۆ ئیندۆنیزیا زیاد کردووە. رێککەوتننامەیەکی بازرگانیی ئازادمان لەگەڵ ئیکوادۆر واژۆ کردووە. ئێمە پەیوەندییە ئابووریی و بەرگرییەکانمان لەگەڵ ئەورووپا قووڵ دەکەینەوە. بۆ نموونە، ئەورووپا تۆڕێکی کڕینی حکومی بە بەهای زیاتر لە 950 ملیار دۆلار هەیە کە تەنیا بۆ بیزنس و کۆمپانیا ئەورووپییەکان کراوەیە، ئێستا رێگە بە کەنەدا دراوە بچێتە نێویەوە. بیهێنە بەرچاوی خۆت دەرفەت بۆ بیزنسە بچووک و مامناوەند و گەورەکانی کەنەدا بۆ دەستڕاگەیشتن بە گرێبەستەکانی کڕینی حکومی بە بەهای 952 ملیار دۆلار هەبێت، ئەوە دەرفەتێکی زۆر زۆر گەورەیە بۆ کەنەدا. هەمان شت لە بەرگریدا، هەمان شت لە بوارەکانی دیکە و شێوازی وەڵامدانەوەمان وەبەرهێنان لە کەنەدا. کەواتە ئەجێندایەکی زۆر باشمان هەیە بۆ زیادکردنی هەناردەمان لە وزەدا، بۆ زیادکردنی وەبەرهێنانەکانمان لە بەرگریی، لە ژێرخان، لە گواستنەوە و کەرتەکانی دیکەش. لەلایەکی دیکە بە دڵنیاییەوە پێموایە ئەو هەڕەشانە و ئەو نەرێنییە لە راستیدا وایانکردووە کەنەدییەکان باشتر یەکبگرن، هەروەها هەوڵەکانی ئێمەی بۆ هەمەجۆرکردنی بازرگانی خێراتر کردووە. ئێمە پێشتر ئەوەمان دەکرد، بەڵام هەڕەشەکان وایان کرد ئەمە خێراتر بێت، کەواتە هەمیشە شتی باش لە دۆخی خراپدا هەیە. بێگومان، دەمانەوێت لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام بین لە رووی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییە باشەکانەوە. ئێمە باوەڕمان وایە کە هاوبەشێکی بازرگانیی زۆر باش بووین و بەردەوامین لەوەی ببینە هاوبەشێکی بازرگانیی زۆر باشتر لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان. بەڕێز ترەمپ سکاڵا لە کورتهێنانی بازرگانی دەکات، ئەگەر وزە لاببەی. ویلایەتە یەکگرتووەکان لە راستیدا زیادەیەکی بازرگانی لەگەڵ کەنەدا هەیە، کەواتە ئێمە هاوبەشێکی بازرگانیی باشین، دراوسێیەکی باشین و دەمانەوێ بەردەوام بین لەوەی ببینە دراوسێیەکی بازرگانیی ئازاد لە رێگەی رێککەوتنی (کەنەدا – ئەمریکا – مەکسیک)، ئێمە بە نیازپاکی دانوستان دەکەین. با بزانین چی روودەدات. رووداو: لەبارەی هەرێمی کوردستان، زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپی و رۆژئاوایی کۆنسووڵخانەیان لە هەولێر هەیە، بەڵام کەنەدا نووسینگەیەکی هەیە و هێشتا کۆنسووڵخانە نییە، چی دەکرێت بۆ زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندییەکە؟ ئەحمەد حوسێن: لە راستیدا ئەوە بەشێکە لە هۆکاری ئەوەی لێرەین، بۆ دۆزینەوەی ئەو رێگەیەی کە بتوانین تێیدا بەشدارییەکە قووڵتر بکەینەوە، نەوەک تەنیا کەرتی تایبەت بۆ کەرتی تایبەت، بەڵکو بەشداریی کەرتی گشتی. نووسینگەی کەنەدا لە هەولێر لە راستیدا ئێستا داخراوە، بەڵام ئەم سەردانە وادەکات بتوانین بگەڕێینەوە بۆ کەنەدا و قسە لەسەر گرنگیی زیاتر کارکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین و یەکێک لەو رێگایانەی دەتوانین ئەوەی پێ بکەین ئەوەیە کە داکۆکی و پشتگیریی لە داواکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین بۆ ئاستێکی بەرزتری نوێنەرایەتی، وەک کۆنسووڵخانەی گشتی کە لە کۆنسووڵخانە بەرزترە. سەرەتا داواکارییەکە دەبێت لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بێت، بەڵام ئێمە بە دڵنیاییەوە پشتگیری لەوە دەکەین، چونکە ئەوەی لەم سەردانەدا بینیمان و ئێمە لەگەڵ بەرپرسانی حکومی، کەرتی تایبەت، کەرتی قازانج نەویست کارمان کردووە و پاشان گەشتمان بە سەرانسەری ناوچەکەدا کردووە، بڕوامان وایە کە پێویستمان بە بوونی زیاتری کەنەدایە لێرە. رووداو: خەڵکێکی زۆر بەتایبەتی گەنجانی هەرێمی کوردستان دەیانەوێ لە کەنەدا بخوێنن یان بە رێگەی یاسایی کار بکەن، بەڵام رووبەڕووی سەختی دەبنەوە و ڤیزەیان رەتدەکرێتەوە. چۆن دەتوانن پرۆسەیەک دروست بکەن کە ئەوە ئاسانتر بکات؟ ئەحمەد حوسێن: پێموایە دوو شت هەن کە هەردووکیان راستن. ئێمە سیستمێکی سەربەخۆمان هەیە کە لایەنی ڤیزە بڕیارێکی سەربەخۆ دەدات لەسەر بنەمای ئەوەی پێی دەدرێ، چونکە تۆ لەوانەیە باشترین بەربژێر بیت بۆ ئەوەی بێیت و لە کەنەدا بخوێنیت، بەڵام ئەگەر بەڵگەنامە پێشکێش نەکەیت بۆ نیشاندانی ئەوە، ئەگەر من ئەفسەری ڤیزە بم تەنیا دەتوانم بڕیار بدەم لەسەر بنەمای ئەو زانیارییەی پێم دەدەیت. من پارێزەر بووم پێش سیاسەت، یەکێک لەو شتانەی کە بیرمان دەخرایەوە ئەوە بوو کە بەڵگە ئەوە نییە لە راستیدا روویداوە یان ئەوەی لە دەرەوەیە، بەڵکو بەڵگە ئەوەیە کە دەتوانیت لە دادگا بیسەلمێنیت یان ئەوەی دەتوانیت لە دادگا بەرهەمی بهێنیت، کەواتە بە هەمان شێوە ئەگەر هەوڵ دەدەیت بێیت و لە کەنەدا بخوێنیت و هەموو بەڵگەنامەکان پێشکەش ناکەیت یان کەیسێکی باش بە بەڵگەنامەکانت و چاوپێکەوتنەکەت دروست ناکەیت، ئەوا زۆر قورسە مۆڵەتی خوێندن بەدەستبهێنیت. لە لایەکی دیکەوە، ئەگەر کەیسێکی باش دروست بکەیت و بە وردی بزانیت چ پرۆگرامێک دەخوێنیت، بە وردی بزانیت چ زانکۆیەک هەڵدەبژێری، بە شێوەی کەسی بێت یان ئەلیکترۆنی دەبێت کەیسەکەت دروست بکەیت لەبارەی ئەوەی بۆچی تۆ گەشتیارێکی ئاسایی و یاساییت تاوەکو سیستمەکە لەوە رازى بێت، ئەوا ڤیزەی سەردان یان مۆڵەتی خوێندن وەردەگریت. لەگەڵ ئەوەشدا، شوێن لە سیستمەکەدا هەیە بۆ هۆشیاریی زیاتر لەبارەی پرۆفایلی دانیشتووانی ئێرە، داهاتیان، تەمەنیان، چالاکییە ئابوورییەکان و هتد، هەرچەند سیستمی کۆچی کەنەدا زیاتر لەبارەی ئەو پرۆفایلە بزانێت، ئەوەندە زیاتر ئاگادار دەبن کاتێک بڕیارەکە دەدەن. با نموونەیەکت بۆ بهێنمەوە، لەوانەیە کەسانێک لە پێنج ساڵی رابردوودا گەشتیان بۆ کەنەدا کردبێت، ئێستا کاتێک داوای ڤیزە دەکەنەوە ئێمە پێشتر لە سیستمەکەماندا هەمانن و پێویست ناکات بیانخەینە ناو هەموو پرۆسەکەوە و دووبارە بەڵگەنامە پێشکێش بکەن و بەناو پرۆسەی ئەمنیدا تێپەڕن، ئێمە دەزانین تۆ کێیت، هاتیت بۆ کەنەدا و گەڕایتەوە کەواتە بۆ ئەو خەڵکە دەبێت رێڕەوێکی خێراتر هەبێت. ئێمە ئەوەمان لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا کردووە کە مۆڵەتی گەشتی ئەلیکترۆنیمان ناساندووە، تەنیا پێنج خولەکی پێدەچێت و کەسی داواکار تەنانەت ناخرێتە ناو پرۆسەی داواکردنی ڤیزەیشەوە. گرووپێکی دیکە کە زۆر باشن ئەوەیە، با بڵێین تۆ پێشتر ڤیزەیەکت بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەرگرتووە، ئێمە متمانەمان بە ویلایەتە یەکگرتووەکان هەیە لە رووی پشکنینی ئەمنییەوە. ئەگەر تۆ پێشتر ڤیزەی ئەمریکات هەبێت و بتەوێ سەردانی کەنەدا بکەیت، بۆچی دەبێت بتخەینە ناو هەموو پرۆسەکەوە؟ کەواتە دەرفەتمان زۆرە بۆ گەشتیاران. لەگەڵ ئەوەش هێشتا رێژەیەک لە خەڵک دەمێنێتەوە کە هیچ زانیارییەکمان لەبارەیانەوە نییە، رەنگە رەگ و ریشەیان لەناو کۆمەڵگەکەدا نەبێت، رەنگە پرۆفایلێکی ئابووریی باشیان نەبێت، پەیوەندی خێزانییان نییە، کەواتە قورسترە بۆ ئەو کەسە ڤیزە وەربگرێت، پێویستی بە بەڵگەنامەی کەمێک زیاتر دەبێت. رووداو: سەبارەت بە کوردانی ئێزدی، کەنەدا لە ساڵی 2014ـەوە پشتگیریی لە ئێزدییەکان کردووە. لەم سەردانەدا، هیچ کەسێکتان لەوان بینیوە؟ ئەحمەد حوسێن: پێشهاتێکی سەرنجڕاکێش بوو لەو کاتەدا، پەرلەمانی کەنەدا پێشەنگی گرتە دەست، لەو کاتەدا من وەزیری کۆچ و پەنابەران بووم. پەرلەمانی کەنەدا لە راستیدا دەنگی دا بۆ ناساندنی ترۆما و ئازاری کۆمەڵگەی ئێزدی لە عێراق وەکو جینۆساید، بۆیە داواشیان کرد کە حکومەتی کەنەدا هەنگاو بنێت بۆ پاراستنی ئەم کۆمەڵگەیە و یەکێک لەو شتانەی کردمان بردنی پەنابەرانی ئێزدی بوو بۆ کەنەدا، لانیکەم لە لایەنی حکومەتەوە. ئێمە سپۆنسەری هەزار کەسمان لە زۆرترین زیانلێکەوتووان و زۆرترین ترۆمالێکەوتووانی کۆمەڵگەی ئێزدی کرد، زۆر وریا بووین بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە پلانی نیشتەجێبوونیان لە سەرانسەری کەنەدا و پشتگیریی دەروونی و کۆمەڵایەتییان بکەین. من لە راستیدا سەردانی ئەو کۆمەڵگەیانەم کرد لە ئۆنتاریۆ، وینیپێگ و ئەلبێرتاش، لە کالگاری. کۆمەڵگەکان زۆر باشن و ئەوان گەشە دەکەن، بێگومان لە نیشتمانی نوێیاندا بەخێرهاتنیان دەکرێ. رووداو: دوایین پرسیارم لەبارەی کەنەدایە. لە راپۆرتێکدا دەمخوێندەوە کە دوای قسە و بانگەشەکانی ترەمپ لەبارەی ئەوەی دەیەوێ کەنەدا ببێتە بەشێک لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، خەڵک لە کەنەدا بەئاگاهاتنەوە، بەڵام بەئاگاهاتنەوەیەکی دیکە هەبوو جگە لە هەمەجۆری لە بازرگانی و ئابووری، بەڵکو بەئاگاهاتنەوە لە ناسنامە، ئێستا مانای چییە کەنەدی بیت دوای ئەوەی کەنەدا پێیدا تێپەڕی؟ ئەحمەد حوسێن: پێم وانییە مانای ئەوەی ئێستا کەنەدی بیت گۆڕابێت لەوەی پێش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ دەست بە سەرۆکایەتییەکەی بکات. ئەوەی دەیڵێم ئەوەیە لە کەنەدا هاووڵاتیبوون لەسەر بنەمای بەها هاوبەشەکانە، لەسەر بنەمای خوێن نییە و لەسەر بنەمای نەتەوە نییە. ئێمە کۆمەڵگەیەکی بێ کەموکوڕی نین و هێشتا رێگەیەکی دوورمان لەپێشە، بەڵام لانیکەم دانپێدانانێک هەیە کە هەمەجۆریمان هێزی ئێمەیە. وەکو گوتم، هاووڵاتیبوون لەسەر بنەمای بەها هاوبەشەکانە. ئەو بەهایانەش پێکدێن لە دیموکراسی، رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، رێزگرتن لە سەروەریی یاسا، قبووڵکردنی جیاوازییەکان و قبووڵکردنی ئەو جیاوازییانە و داننان بە بەرپرسیارێتییە مێژووییەکانمان، بۆ نموونە بەرامبەر خەڵکی رەسەنی کەنەدا، بۆ نموونە پێشوازیکردن لە خەڵک لە سەرانسەری جیهانەوە، دابینکردنی ئەو پشتگیرییانەی کە پێویستیانە بۆ ئەوەی بتوانن بەشداریی لە سەرکەوتنی کەنەدا بکەن. با نموونەیەک باس بکەم، کۆمەڵگەی لوبنانی – کەنەدی، ناتوانیت کۆمەڵگەیەکی یەکگرتووتر لە کەنەدا بدۆزیتەوە وەک کۆمەڵگەی لوبنانی – کەنەدی، ئەوان نموونەیەکی بێ کەموکوڕی کۆمەڵگەیەکن کە بە رێگەی جیاواز هاتوون و بەردەوامن لە پێشکێشکردنی زۆر شت بە کەنەدا. هەر شارۆچکەیەکی بچووک بڕۆیت، خێزانێکی لوبنانی دەدۆزیتەوە کە بەشداری لە ئابووریی ناوخۆییدا دەکات و لە ساڵانی 1950ـەکاندا گەیشتوونەتە ئەوێ، کەواتە ئەوە چیرۆکی کەنەدایە، خەڵکە دامەزرێنەرەکان و تازەهاتووەکانن کە هەردووکیان هەوڵ دەدەن پێکەوە شتێک بونیاد بنێن. ئەگەر سەیری مێژوومان بکەیت، مێژوومان زۆر جیاوازە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەر بۆیە ناکرێ قسە لەسەر ئەوە بکەیت کە کەنەدا تەنیا ویلایەتێکی دیکەی ئەمریکایە. کەنەدا ئەزموونێکی زۆر جیاوازی مێژوویی هەبووە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و گەشتێکی جیاوازمان هەبووە، نزیکبوونەوەیەکی جیاوازمان هەبووە بۆ زۆر شتی جیاواز، تەنانەت سیاسەتی دەرەوەشمان. کەواتە ناتوانیت تەنیا بڵێیت باشە کەنەدا دەبێتە بەشێک لە ئەمریکا، ئێمە وڵاتێکی جیاوازین و بە رێزەوە پێمان وایە کە دەبێت رێز لە سەروەریمان بگیرێت.
هەڤپەیڤین27-06-2026پارێزگاری بەغدا: بانگهێشتی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان دەکەین لە بەغدا وەبەرهێنان بکەن