رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری پڕۆگرامی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بە رووداوی راگەیاند، پاڵپشتیی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، نزیکەی 150 ملیار بۆ 450 ملیار دۆلار لە وڵاتەکە براوەتە دەرەوە یان لە شوێنێکی عێراق دایە کە ناتوانرێت وەربگیرێتەوە.
رۆژی دووشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2026، تیتۆن میترا، نوێنەری پڕۆگرامی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی سەبارەت بە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق تایبەت بە دەستگیرکردنی ژمارەیەک بەرپرس و پەرلەمانتار کە بە گەندەڵی تۆمەتبارن، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بێگومان، ئێمە پشتگیریی هەوڵەکانی حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری و دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا دەکەین بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر کەیسەکانی دژە گەندەڵی بدەنە دادگا. ئەمە پرسێکی یەکجار گرنگە بۆ عێراق."
بەرپرسەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەگەر سەیری پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی گەندەڵی بکەیت، بەداخەوە عێراق لە کۆتایی هەموو ئەو پێوەرە نێودەوڵەتییانەدایە. خەمڵاندنەکان لەلایەن شارەزایانی نێودەوڵەتی و تەنانەت بەرپرسانی حکومەتیش باس لەوە دەکەن کە لەوانەیە 20%ـی پارەی گشتی بەهۆی گەندەڵییەوە بەفیڕۆ بچێت."
گوتەکانی نوێنەری پڕۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدان دوێنێ حکومەتی عێراق بە فەرمانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستی بە ئۆپەراسیۆنێک کرد بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک گومانلێکراو. تاوەکو ئێستا 47 پەرلەمانتار و بەرپرسی ئێستا و پێشوو دەستگیر کراون.
دەقی هەڤپەیڤینەکە
رووداو: پەیامی ئێوە چییە بۆ حکومەتی عێراق و گەلی عێراق لەو ئۆپەراسیۆنەی دەستی پێکردووە دژی گەندەڵی؟
وەڵام: ئێمە ئێستا لە پێگەیەک دا نین کە لێدوان لەسەر کەیسە دیاریکراوەکان بدەین، یان لەسەر ئەو کەسانەی ئەو شەوە دەستگیر کران. هیچ تێڕوانینێکی تایبەتیمان نییە لەسەر بنەمای بەڵگە یاساییەکان یان ئەو کەسانەی دەستگیر کراون. ئەمانە زیاتر کاروباری ئاژانسەکانی جێبەجێکردنی یاسا و دەسەڵاتی دادوەری و سیستەمی یاسایین.
رووداو: ئایا پشتگیریی لەو هەوڵانەی حکومەتی عێراق دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە رێکاری یاسایی؟
وەڵام: بەڵێ، بێگومان، ئێمە پشتگیریی هەوڵەکانی حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری و دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا دەکەین بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر کەیسەکانی دژە گەندەڵی بدەنە دادگا. ئەمە پرسێکی یەکجار گرنگە بۆ عێراق. ئەگەر سەیری پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی گەندەڵی بکەیت، بەداخەوە عێراق لە کۆتایی هەموو ئەو پێوەرە نێودەوڵەتییانە دایە. خەمڵاندنەکان لەلایەن شارەزایانی نێودەوڵەتی و تەنانەت بەرپرسانی حکومەتیش باس لەوە دەکەن کە لەوانەیە 20٪ـی پارەی گشتی بەهۆی گەندەڵییەوە بەفیڕۆ بچێت. سەبارەت بەو سامانەی کە براوەتە دەرەوەی وڵات یان لە شوێنێکی عێراق دایە و ناتوانرێت وەربگیرێتەوە، ئەوە دەکرێت لە نێوان 150 بۆ 450 ملیار دۆلار بێت. ئەمە زیانێکی گەورەیە لە رووی گەشەپێدان و بۆ گەلی عێراق.
ئەوەی بە راستی گرنگە، بەهێزکردنی توانای ئاژانسەکانی جێبەجێکردنی یاسایە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەکان و بەڕێوەبردنیان بە شێوەیەکی کاریگەر، بۆ ئەوەی سیستمی دادگا بە شێوەیەکی کاریگەر و بە رێگایەکی شەفاف و لێپرسینەوە کەیسەکان دادگایی بکات. ئەمانە پرەنسیپە بنەڕەتییەکانن لێرە: سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، ئاستی بەرزی شەفافییەت لە پرۆسەکە دا و ئاستی بەرزی لێپرسینەوە.
رووداو: بە روانگەی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان (UNDP)، چ بنەما و پرەنسیپێک دەبێت ئاراستەی هەڵمەتەکانی دژە گەندەڵی بکەن بۆ ئەوەی دڵنیایی بدەن لە بەهێزکردنی متمانەی گشتی، لێپرسینەوە و دامەزراوە دیموکراسییەکان؟
وەڵام: پرەنسیپەکان بریتین لە، وەک ئاماژەم پێکرد، بەهێزی و کاریگەری و جێبەجێکردنی سەروەریی یاسا. ئاستی بەرزی لێپرسینەوە، بەجۆرێک کاتێک دەبینین کەیسەکان دەچنە دادگا، بە شێوەیەکی کاریگەر دادگایی بکرێن، بڕیاریان لەسەر بدرێت و رێکارەکان بەرامبەر سەرپێچیکاران بگیرێتە بەر، هەروەها ئاستی بەرزی شەفافییەت کە دانیشتووان بنەمای هەر کەیسێکی تایبەت و بڕیارە کۆتاییەکان بزانن، تاوەکو ئەمە بۆ هەمووان شەفاف و روون بێت. ئەمانە ئاڵۆز نین، بەڵام بەداخەوە لە عێراق بە شێوەیەکی بەردەوام جێبەجێ ناکرێن. ئەمانەش ئەو بوارانەن کە (UNDP) لەگەڵ حکومەت کار دەکات بۆ بەهێزکردنیان."
رووداو: ئایا (UNDP) چاودێری ئەم پێشهاتانە دەکات؟ ئایا هیچ نیگەرانی یان راسپاردەیەکتان هەیە سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەکە؟
وەڵام: ئێمە بە شێوەیەکی تایبەت چاودێری ئەم پێشهاتانە ناکەین وەک گوتم، زانیاریمان نییە لەسەر بنەمای دەستگیرکردنەکان یان بنەمای کەیسەکان. ئەو شتەی ئێمە بە پلە یەک گرنگیی پێ دەدەین، دڵنیابوونەوەیە لەوەی پرۆسەکان شەفاف و کاریگەرن. ئەوەش واتە بەردەوامین لە کارەکانمان بۆ بەهێزکردنی تواناکانی کۆکردنەوە و بەڕێوەبردنی بەڵگەکان، بۆ دڵنیابوون لەوەی دادگاییکردنەکان بە شێوەیەکی کاریگەر ئەنجام دەدرێن و ئەنجامەکان شەفافن و لێپرسینەوە هەیە. بواری دیکە کە بە راستی پێویستی بە کاری زۆرە و ئێمە داوا لە حکومەت دەکەین کە بە خێرایی بە نێو پرۆسەکان دا بچێت، چونکە ئەگەر دواکەوتن هەبێت، ئەو سامانەی کە ون بووە دەکرێت بۆ هەمیشە بۆ وڵاتەکە لەدەست بچێت. بۆیە پرۆسەیەکی خێرا زۆر گرنگە و پاشان هەنگاوی دواتر تەرخانکردنی هەوڵەکانە بۆ وەرگرتنەوەی سامانەکان، ئەمەش بوارێکی دیکەیە کە (UNDP) لەگەڵ حکومەت کار دەکات."
رووداو: پەیامی UNDP؟
وەڵام: "دوا پەیام ئەوەیە کە جەنگی دژی گەندەڵی جەنگێکی پڕ لە زەحمەتییە. جەنگێکە کە دەبێت بە خێرایی و کاریگەرانە ئەنجام بدرێت. دەبوو زۆر لەمێژە ئەمە بکرایە و ئێمە دەستخۆشی لەو کارە لە پێشینەیە دەکەین کە لەلایەن حکومەتی نوێ و بەتایبەتی سەرۆکوەزیرانەوە دانراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دەمانەوێت ئاماژە بەوە بکەین کە ئێمە ئامادەین بۆ پشتگیریکردنی حکومەت لەم هەوڵانە دا."

