رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی ماڵی دیپلۆماسی ئێران دەڵێ، هەرچەندە لە دانوستاندنەکانی سویسرا پێشکەوتن لە هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی و سزاکانی سەر نەوت بەدەستهاتووە، بەڵام "تاوەکو هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان رانەگیرێن، پڕۆسەکە ناچێتە پێشەوە."
حەمیدڕەزا غوڵامزادە، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی ماڵی دیپلۆماسی ئێران لە تاران، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لایەنەکان لەسەر هەڵگرتنی سزاکانی سەر نەوتی ئێران و مامەڵە داراییە پەیوەندیدارەکان رێککەوتوون و پڕۆسەی هەڵگرتنی گەمارۆی دەریاییش چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
بە گوتەی غوڵامزادە، بڕیارە شاندی ئێرانی بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمی ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی ئێران سەردانی مەسقەتی پایتەختی عومان بکات.
سەبارەت بە گەورەترین ئاستەنگی بەردەم رێککەوتنەکە، غوڵامزادە گوتی: "هێشتا کۆسپێکی زۆر گەورە ماوە، ئەویش لوبنان و دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلە. تاوەکو ئەو کاتەی ئەم هێرشانە بەردەوام بن و ئیسرائیل لە ناوچە داگیرکراوەکانی لوبنان نەکشێتەوە، دانوستاندنەکان تووشی بەربەست دەبن."
ئەو بەرپرسەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، شاندی باڵای وڵاتەکەی بۆ ماوەیەک ناگەڕێتەوە سویسرا تاوەکو کاتێک دەدەن بۆ جێبەجێکردنی مەرجە سەرەتاییەکان، لەوانە "ئاگربەست و کشانەوە لە لوبنان" و دڵنیابوونەوە لە ئازادکردنی پارەکانی ئێران.
لەبارەی پیتاندنی یۆرانیۆمەوە، حەمیدڕەزا غوڵامزادە گوتی، راگرتنی تەواوەتی پیتاندن "هێڵی سوور"ـە، بەڵام تاران ئامادەیە ئاستی پیتاندن کەم بکاتەوە و ئەگەر یۆرانیۆمی پیتێندراوی بۆ مەبەستی پزیشکی بۆ دابین بکرێ، "پێداگری لەسەر بەرهەمهێنانی ناکات."
قسەکانی غوڵامزادە لە هەڤپەیڤینێکدا بووە لەگەڵ رووداو کە زانا کایانی لەگەڵی کردوویەتی.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ حەمیدڕەزا غوڵامزادە
رووداو: بەپێی ئەو راپۆرتانەی لە کۆبوونەوەکانی سویسراوە دەستتان کەوتووە، لایەنەکان لەسەر چی رێککەوتوون؟
حەمیدڕەزا غوڵامزادە: بەپێی ئەو راپۆرتانەی لە کۆبوونەوەکانی رۆژی یەکشەممەی سویسراوە دەستمان کەوتوون، وا دەردەکەوێ لایەنەکان لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتبن، لەوانە لادانی سزاکانی سەر نەوتی ئێران و ئەو مامەڵە داراییانەی پەیوەندییان پێوەی هەیە. هەروەها رێککەوتوون لەسەر هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی و پڕۆسەکە چووەتە قۆناخــی جێبەجێکردنەوە. هەندێک زانیاریش هەن کە باس لە ئازادکردنی داراییە سڕکراوەکانی ئێران دەکەن و وا بڕیارە شاندی ئێرانی بۆ تاوتوێکردنی زیاتری ئەم بابەتانە بچێتە مەسقەت.
رووداو: ئایا هیچ بەربەستێک ماوە کە رێگر بێت لە بەردەم تەواوبوونی رێککەوتنەکە؟
حەمیدڕەزا غوڵامزادە: بێگومان، هەرچەندە پێشکەوتن لە مەرجە سەرەتاییەکاندا هەبووە، بەڵام هێشتا کۆسپێکی زۆر گەورە ماوە، ئەویش لوبنان و دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلە. تاوەکو ئەو کاتەی ئەم هێرشانە بەردەوام بن و ئیسرائیل لە ناوچە داگیرکراوەکانی لوبنان نەکشێتەوە، دانوستاندنــەکان تووشی بەربەست دەبن و پڕۆسەکە ناچێتە پێشەوە.
رووداو: خۆیشت ئاماژەت پێدا کە شاندی ئێرانی گەڕاوەتەوە. پلانەکە چۆنە؟ دەگەڕێنەوە سویسرا یان نا؟
حەمیدڕەزا غوڵامزادە: پێم وانییە لانیکەم شاندی باڵا، بەم زووانە بگەڕێتەوە. رەنگە هەندێکیان بگەڕێنەوە، چونکە شانەی ململانێ پێکدەهێنن، یان شتێکی لەو جۆرە، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی لوبنان. بەڵام دەتوانم بڵێم رەنگە شارەزایان و شاندە ئاستنزمەکان لە سویسرا بمێننەوە یان بگەڕێنەوە سویسرا. بەڵام پێم وانییە شاندی باڵا، بۆ نموونە، لانیکەم راستەوخۆ لە ناوچەکەوە بگەڕێتەوە. پێم وایە پێویستە هەندێک کات بدەن بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکان، وەک ئەوەی باسم کرد، ئاگربەست و کشانەوە لە لوبنان. هەروەها بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە پارەی ئێران ئازاد دەکرێ و هەموو مەرجەکانی دیکە جێبەجێ دەکرێن. هەندێک هەواڵ هەن کە نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سامانە بیانییەکانی ئەمریکا رێگەپێدانی بۆ گەمارۆکان دەرکردووە، بەڵام لە ماڵپەڕەکەدا هێشتا هیچ شتێک بە فەرمی رانەگەیێندراوە و کاتی دەوێ بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا راستە یان نا. کەواتە بەهۆی ئەم ئاڵنگارییانەوە، پێم وا نییە سەرۆکی شاندەکە بۆ ئەم کاتە بگەڕێتەوە سویسرا.
رووداو: شاندەکان 18 کاژێر لە کۆبوونەوە بوون. ئەو 18 کاژێرە هیچ ئەنجامێکی وای نەبووە شتێکی لێ بێتە بەرهەم؟
حەمیدڕەزا غوڵامزادە: ئەوان گفتوگۆ لەبارەی ئەو مەرجانە دەکەن کە لە یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەدا نووسراون و واژۆ کراون و هێشتا لە گفتوگۆدان لەسەر ئەو بەشانە. بۆ نموونە، وەک باسم کرد، بڕیار بوو گەمارۆکە هەڵبگیرێ. کەشتییە دەریاییەکانی ئەمریکا هێشتا لەوێن. لەگەڵ ئەوەشدا، رێگە بە کەشتییەکان دەدەن تێپەڕن و بەردەوام بن لە هاتووچۆ. بڕیار بوو لێخۆشبوون بۆ گەمارۆکانی سەر پیشەسازیی نەوت لە رێگەی بەرهەمە کیمیاییەکان و شتی دیکەوە دەربکرێ، کەچی هێشتا دەرنەکراوە، بەڵام دەڵێن کە رێککەوتوون لەسەر ئەوەی بەم زووانە دەریبکەن. کەواتە هەندێک رێککەوتن هەن. ئەوان ئەو رێککەوتنانە جێبەجێ دەکەن کە کردوویانە.
رووداو: سەبارەت بە تەنگەی هورمز، رێککەوتنەکە چی دەڵێ و ئایا باج لە کەشتییەکان وەردەگیرێت؟
حەمیدڕەزا غوڵامزادە: بەپێی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن، ئێران تەنگەی هورمزی بە رووی کەشتییە بازرگانییەکاندا کردووەتەوە، بەڵام نەک بۆ کەشتییە سەربازییەکان. بۆ گەڕانەوە بۆ ژمارەی ئاسایی کەشتییەکان 30 رۆژ کات پێویستە. بڕیارە بۆ 60 رۆژ ئێران هیچ پارەیەک وەک باج وەرنەگرێ، بەڵام دوای ئەوە ئێران باجی تێپەڕبوون دەسەپێنێت کە تێچووی خزمەتگوزارییە تەکنیکی و ژینگەییەکان دەگرێتەوە.
رووداو: هەڵوێستی تاران چی دەبێت ئەگەر داوای لێ بکرێت پیتاندنی یۆرانیۆم بە تەواوی رابگرێ؟
حەمیدڕەزا غوڵامزادە: ئێران لە رووی تەکنیکییەوە لاری نییە لە کەمکردنەوەی ئاستی پیتاندن. گرنگترین ئاست 3.67%ـە بۆ وێستگەکانی کارەبا. ئێران بۆ ناوەندە پزیشکییەکان پێویستی بە 20% هەیە، بەڵام ئەگەر ئەو بڕەی بۆ دابین بکرێ، پێداگری لەسەر بەرهەمهێنانی ناکات. هێڵی سووری تاران (سفر پیتاندن)ـە و جەخت دەکاتەوە کە مافی خۆیەتی بۆ مەبەستی ئاشتییانە یۆرانیۆم بپیتێنێت.
رووداو: باس لە سندووقێکی 300 ملیار دۆلاری دەکرێ بۆ ئاوەدانکردنەوە. ئایا ئەمریکا پابەندی ئەمە دەبێت؟
حەمیدڕەزا غوڵامزادە: ئەو 300 ملیار دۆلارەی ئەمریکاییـەکان بەڵێنیان داوە بیخەنە سندووقێکەوە بۆ قەرەبووی زیانەکان و ئاوەدانکردنەوە، پێم وانییە ئێستا لە رووی کردەییەوە جێبەجێ بکرێ. گومانم هەیە واشنتن پابەندی ئەمە بێت، چونکە هێشتا لەسەر بەرنامەی خەرجکردنەکە رێکنەکەوتوون.
رووداو: کوژرانی منداڵان لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا چ کاریگەرییەکی لەسەر مێزی دانوستاندنەکان دروست کردووە؟
حەمیدڕەزا غوڵامزادە: هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کە بووەهۆی کوژرانی 168 منداڵ، برینێکی قووڵی جێ هێشتووە. تاران دەیەوێ بە شێوازێکی تووند نیشانی بدات کە چەندە بەو تاوانانە رق ئەستوور بووە. ئەوان ئێستا لەگەڵ دووژمنێک دانوستاندن دەکەن کە راستەوخۆ بەرپرسانی باڵا و خەڵکی سڤیلی کوشتووە، ئەمەش وای کردووە لایەنی ئێرانی زۆر بە وریایی و بێ متمانە مامەڵە بکات.
رووداو: هەڵوێستی نێوخۆیی ئێران و پەیامی رێبەری باڵا لەسەر ئەم یاداشتنامەیە چییە؟
حەمیدڕەزا غوڵامزادە: لە نێوخۆی ئێراندا روانگەی جیاواز هەن؛ هەندێک پێیان وایە نابێت دانوستاندن بکرێ تاوەکو دووژمن بە تەواوی تێک دەشکێت. هەندێکی دیکە دەڵێن، دەبێت لە پێناو چارەسەری کێشەکاندا رێککەوتن بکرێ. سەبارەت بە یاداشتنامەکە، رێبەری باڵا مۆڵەتی داوە، بەو مەرجەی حکومەت بەڵێن بدات تەواوی ئەو مەرجانەی ئەو دیاری کردوون جێبەجێ بکرێن.
رووداو: پێت وایە ئەم رێککەوتنە سەرکەوتوو دەبێت؟
حەمیدڕەزا غوڵامزادە: بەم شێوازەی ئێستا، پێم وانییە پڕۆسەکە بگاتە لووتکەی سەرکەوتن، چونکە ئیسرائیلییەکان هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ تێکدانی. هەروەها هەڵبژاردنە نیوەخولییەکانی ئەمریکا دەتوانن هاوکێشەکان بگۆڕن و گوشاری زیاتر دروست بکەن. تاوەکو کێشەی لوبنان و سزاکان چارەسەر نەکرێن، چیدیکە ناتوانرێت باسی ئاشتییەکی بەردەوام بکرێت.


