رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بازرگانیی عێراق دەڵێ، حکومەت پابەندە بە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی جووتیارانی دیکەی عێراق و هەفتەی رابردووش 350 ملیار دینار بۆ ئەو مەبەستە دابەشکراوە. ئاماژە بەوەش دەکات، "لە وەرگرتنی گەنمدا هیچ جیاکارییەک ناکەین."
مستەفا نەزار، وەزیری بازرگانیی عێراق، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، تیشکی خستە سەر پلانی بەبازاڕکردنی گەنم و کێشەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گلەیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەبارەی وەرنەگرتنی گەنمەکانیان، مستەفا نەزار گوتی، "وەزارەت پەرۆشە بۆ وەرگرتنی بەرهەمی نێوخۆیی لە هەموو پارێزگاکان، لەوانەش هەرێمی کوردستان. لیژنەی هاوبەش لەنێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند هەیە و پلانی وەرگرتنەکەش رووبەری زەوییە چێنراوەکان لەبەرچاو دەگرێ."
وەزیری بازرگانی باسی لەوەش کرد کە پلانی وەرگرتنی گەنم لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە بەپێی داتاکانی هەر پارێزگایەک دادەڕێژرێ و ئەوانیش وەک وەزارەتی بازرگانی پابەندن بە جێبەجێکردنی ئەو پلانە بەپێی توانای کۆگاکانیان.
لەبارەی هاوردەکردنی ئارد، وەزیری بازرگانی عێراق روونیکردەوە کە بەهۆی زۆریی بەرهەمی نێوخۆیی و گەیشتن بە ئاستی خۆبژێوی، ئێستا تەنیا لە کاتی زۆر پێویستدا پەنا بۆ هاوردەکردن دەبەن.
مستەفا نەزار دەستخۆشی لە ئاشەکانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "هەندێک ئاش لە هەرێمی کوردستان هەن کە لە دابینکردنی ئاردی سفردا نایابن و توانیویانە پێداویستیی وڵات پڕ بکەنەوە. ئێستا ئاشە تایبەتەکان ئاردێک بەرهەم دەهێنن کە کوالێتییەکەی لە هی هاوردەکراو باشترە."
سەبارەت بەوەی ئایا عێراق وەک رووسیا دەبێتە هەناردەکارێکی گەورەی گەنم، مستەفا نەزار گوتی، "ئێستا لە پێشینەی کارەکانمان بەدیهێنانی ئاسایشی خۆراک و دابینکردنی پێویستیی هاووڵاتییانە. هەناردەکردن پێویستی بەوەیە بۆ چەند وەرزێکی یەک لە دوای یەک زیادەی جێگیرمان هەبێت، جگە لە پێویستیی بە توانا لۆجیستییەکان بۆ کێبڕکێ لە بازاڕە جیهانییەکاندا."
وەزیری بازرگانیی عێراق جەختی کردەوە کە ئەو گەنمەی وەردەگیرێ بۆ "بەشەخۆراکی مانگانە" و "کۆگای ستراتیژییە" و بۆ مەبەستی بازرگانی یان فرۆشتنەوە لە بازاڕەکاندا بەکارناهێنرێ. هەروەها دڵنیایی دایە هاووڵاتییان گەنم پێش هاڕین، پشکنینی تاقیگەیی وردی بۆ دەکرێ.
دەقی وەڵامی وەزیری بارزگانی عێراق بۆ رووداو:
رووداو: ئایا هیچ گۆڕانکارییەک لە پلانی وەرگرتنی گەنمدا هەیە؟
مستەفا نەزار: وەزارەتی بازرگانی و کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە، بەردەوامن لە جێبەجێکردنی پلانی پەسندکراوی بەبازاڕکردن بۆ وەرزی ئێستا، بەپێی تواناکانی کۆگاکردن و تەکنیکییە بەردەستەکان، لەگەڵ ئەنجامدانی پێداچوونەوەی بەردەوام بۆ گەرەنتیکردنی وەرگرتنی زۆرترین بڕی بەرهەمی نێوخۆیی، بەو جۆرەی لەگەڵ رێنماییەکانی حکومەت بۆ پاڵپشتیی جووتیاران دەگونجێت.
رووداو: باس لەوە دەکەن کە بەرهەم زۆرە. ئەی بۆچی گۆڕانکاری لە پلانەکەتاندا ناکەن؟
مستەفا نەزار: زۆریی بەرهەم ئاماژەیەکی ئەرێنییە بۆ سەرکەوتنی سیاسەتی کشتوکاڵی و پاڵپشتیکردنی جووتیاران، بەڵام هەر هەموارکردنەوەیەک لە پلانی بەبازاڕکردندا پەیوەستە بە پێوەرە تەکنیکی، کارگێڕی و داراییەکان، لەوانە توانای کۆگاکردن و قەبارەی پێویستیی ستراتیژیی دەوڵەت. سەرەڕای ئەوەش، وەزارەت رۆژانە چاودێری رەوشی بەبازاڕکردن دەکات و رێکاری پێویست دەگرێتەبەر بۆ چارەسەرکردنی هەر ئاستەنگێک کە بێتە پێشەوە؛ هەروەها وەزارەتی بازرگانی پەیوەستە بە پرۆسەی بەبازاڕکردن و وەرگرتن و پلانی کشتوکاڵی بۆ وەرزی کشتوکاڵی لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە بەپێی داتاکانی پەیوەست بە توانای هەر پارێزگایەک و قەبارەی رووبەری چێنراو دادەڕێژرێت.
رووداو: جووتیارانی هەرێمی کوردستان گلەیی ئەوە دەکەن کە بڕێکی زۆر لە گەنمەکەیان بێ وەرگرتن لە لایەن حکومەتەوە دەمێنێتەوە. بۆچی هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە نادەن؟
مستەفا نەزار: وەزارەت پەرۆشە بۆ وەرگرتنی بەرهەمی نێوخۆیی لە هەموو پارێزگاکانی عێراق، لەوانەش پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و بەردەوامیشە لە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە تەکنیکی و کارگێڕییەکانی پەیوەست بە بەبازاڕکردن، بە شێوەیەک کە مافی جووتیاران زامن بکات و دادپەروەری لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو بەرهەمهێنەران بەدیبهێنێت. هاوئاهەنگی و لیژنەی هاوبەش لە نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند هەیە سەبارەت بە پلانی بەبازاڕکردن و ئەو بڕەی لە هەر پارێزگایەکدا وەردەگیرێ، ئەم پلانەش قەبارەی رووبەری چێنراو لەبەرچاو دەگرێ.
رووداو: چی لەو گەنمە دەکەن کە وەری دەگرن؟ ئایا دەیفرۆشنەوە؟
مستەفا نەزار: ئەو گەنمەی وەردەگیرێ، بە پلەی یەکەم بۆ بەهێزکردنی کۆگای ستراتیژی، دابینکردنی پێکهاتەکانی بەشەخۆراکی مانگانە و بەرهەمهێنانی ئاردی دابەشکراو بەسەر هاووڵاتییاندا تەرخان دەکرێ. ئەم بڕە بەپێی پلانە حکومییە پەسندکراوەکان بۆ زامنکردنی ئاسایشی خۆراکی نیشتمانی بەکاردەهێندرێ، نەک بە مەبەستی بازرگانی یان فرۆشتن لە بازاڕە نێوخۆیی یان دەرەکییەکان، مەگەر بەپێی بڕیاری حکومەت دیاریکراو بێت کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی ئابوورییەوە دەردەکرێن.
رووداو: عێراق خاوەنی بڕێکی زۆر گەنمە. بۆچی هەوڵ نادەن ببنە هەناردەکارێکی گەورەی گەنم، وەک رووسیا؟
مستەفا نەزار: ئێستا، کاری لەپێشینەی حکومەت بریتییە لە بەدیهێنانی ئاسایشی خۆراک، خۆبژێوی و دابینکردنی پێویستییەکانی هاوڵاتییان بەتەواوی. سەبارەت بە هەناردەکردن، ئەوە پەیوەستە بە بەدیهێنانی زیادەیەکی جێگیر و بەردەوام بۆ چەند وەرزێکی یەک لە دوای یەک، جگە لە پێداویستییەکانی بازاڕە جیهانییەکان و توانای لۆجیستی و کێبڕکێ کە پێویستییان بە لێکۆڵینەوە و رێکاری تایبەتە.
رووداو: ئێستا ئارد لە دەرەوە دەکڕن؟
مستەفا نەزار: لە سایەی زۆریی بەرهەمی نێوخۆیی و گەیشتن بە ئاستێکی پێشکەوتووی خۆبژێوی لە گەنم، حکومەت بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە بەرهەمی نیوخۆیی دەبەستێت بۆ دابینکردنی پێداویستیی ئاشەکان و بەشەخۆراک، تەنیا لە کاتی هەبوونی پێویستیی راستی یان دۆخی نائاساییدا پەنا بۆ هاوردەکردن دەبردرێ. وەزارەت سەرکەوتوو بووە لە پشتبەستن بە ئاشە بازرگانییە تایبەتەکان بۆ بەرهەمهێنانی ئاردی سفر بە کواڵێتییەک کە لە هی هاوردەکراو باشترە. هەروەها هەندێک ئاش لە هەرێمی کوردستان هەن کە لە دابینکردنی ئاردی سفردا نایابن و پێویستیی وڵاتیان پڕکردەوە.
رووداو: کواڵیتی ئەو گەنمەی دەدرێتە هاووڵاتییان و نانەواخانەکان لە چوارچێوەی بەشەخۆراکی مانگانەدا چۆنە؟ ئایا خەڵک دڵنیابن کە ئاردەکە زۆر نایابە؟
مستەفا نەزار: هەموو ئەو بڕە گەنمەی وەردەگیرێ، بەپێی تایبەتمەندییە پەسندکراوەکان، دەخرێتە ژێر پشکنینی تاقیگەیی و چاودێریی ورد؛ هەروەها وەزارەت بە بەردەوامی چاودێریی پرۆسەی هاڕین و بەرهەمهێنان دەکات بۆ زامنکردنی گەیشتنی ئاردێک کە خاوەن تایبەتمەندیی باش و شیاو بێت بۆ بەکارهێنان، بە جۆرێک داخوازییەکانی هاووڵاتییان بەدیبهێنێت و کواڵیتی پێکهاتەکانی سەبەتەی خۆراک و بەشەخۆراک بپارێزێت.
رووداو: شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کە تا ئێستا لای حکومەت ماوە، کەی خەرجی دەکەن؟
مستەفا نەزار: دۆسیەی شایستە داراییەکان پابەندی رێکارە دارایی و یاساییە پەسندکراوەکانی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتی داراییە و حکومەت کاردەکات بۆ تەواوکردنی پێداویستییە پێویستەکان بۆ خەرجکردنی شایستەکان بەپێی چوارچێوە فەرمییەکان، بە شێوەیەک کە مافی جووتیاران بپارێزێ و سەلامەتیی رێکارەکان زامن بکات. دوایین خەرجکردنی شایستەکان پێش هەفتەیەک بوو بە بڕی 350 ملیار دینار کە بەپێی پلانێک دابەشکرا و هەموو پارێزگاکانی گرتەوە، لەوانەش پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
رووداو: ئەو گەنمەی ئێستا وەری دەگرن، کەی شایستە داراییەکانی بە جوتیاران دەدەن؟
مستەفا نەزار: حکومەت پابەندە بە خەرجکردنی شایستەی جووتیاران، دوای تەواوبوونی پرۆسەی وردبینی و بەبازاڕکردن و پەسندکردنی تەرخانکراوە داراییە پێویستەکان. لایەنە پەیوەندیدارەکان کاردەکەن بۆ خێراکردنی رێکارەکان بۆ زامنکردنی گەیشتنی شایستەکان بە خاوەنەکانیان بە زووترین کات. هیچ جیاکارییەک لە پرۆسەی پارەداندا نییە، بەڵکو لە پێشینە بۆ ئەو کەسانەیە کە یەکەمجار گەنمیان رادەست کردووە، لەسەر ئەم بنەمایەش لەگەڵ یەکێتیی کۆمەڵە کشتوکاڵییەکان رێککەوتن کراوە، چونکە دادپەروەری لە پێدانی شایستەکاندا بەدی دەهێنێت.



