مەلا بەختیار، سیاسەتمەداری ناسراوی کورد، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان لەگەڵی کردووە، پێیوایە چەقبەستوویی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و پەککەوتنی پەرلەمان و پێکنەهێنانی حکومەت بۆ ماوەی 20 مانگ، رەنگدانەوەی بێمتمانەییەکی قووڵە لە نێوان پارتی و یەکێتی. دەشڵێت ئەگەر خۆیان رێکنەکەون دواجار ئەمریکا خۆی نوێنەری کورد دیاری دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵی.
مەلا بەختیار ئاماژە بەوە دەکات کە "باوەڕم نییە پارتی و یەکێتی خۆیان بتوانن ئەم کێشەیە بە تەواوی کۆتایی پێ بهێنن"، چونکە رۆحیەتی رێککەوتنی ستراتیژی لە نێوانیاندا نەماوە. ئەو هۆشداری دەدات کە نەبوونی دەستوور، یەکنەخستنی هێزی پێشمەرگە و دوو ئیدارەیی "بە جۆرێکی دیفاکتۆ"، زیانی گەورەی بە پێگەی نەتەوەیی کورد گەیاندووە. سەبارەت بە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش، ناوبراو رەخنەی تووندی هەیە و پێیوایە ئەوان تووشی "پۆپیولیزم" بوون و نەیانتوانیوە جێگرەوەیەکی سیستماتیک بۆ دەسەڵات پێشکێش بکەن.
مەلا بەختیار پێشبینی گۆڕانکاری گەورە لە رووی هەرێمییەوە دەکات و دەڵێت: "لە رووی ستراتیژییەوە، سەردەمی خەباتی چەکداری بۆ بەدیهێنانی ئامانجی نەتەوەیی کۆتایی هاتووە." ئەو پێیوایە رێککەوتنی چاوەڕوانکراوی نێوان ئەمریکا و ئێران نەخشەی ناوچەکە دەگۆڕێت و هێزە چەکدارە "ناشەرعییەکان" یان ئەوانەی لە دەرەوەی دەوڵەتن، چیتر ناتوانن درێژە بە هەژموونی خۆیان بدەن. لە کۆتاییدا جەخت دەکاتەوە کە چارەنووسی هەرێمی کوردستان لە ناو ئەم گۆڕانکارییانەدا بەستراوەتەوە بەوەی تا چەند دەتوانێت ناوماڵی خۆی رێکبخاتەوە و دامەزراوەکانی یەکبخات، چونکە ئەمریکا و هێزە جیهانییەکان لە کۆتاییدا مامەڵە لەگەڵ شەرعییەتی دەسەڵات و هێزی یەکگرتوو دەکەن. دەشڵیت ئەگەر پارتی و یەکێتی هەر رێک نەکەون ، ئەمریکا هەر تەماشا ناکت و خۆی دێت ، ئەو لایەنە دیاری دەکات کە مامەڵەی لەگەڵ بکات. لەبارەی پێوەری ئەمریکاش بۆ ئەو ڵایەنە دەڵێت، کام لایەن دەنگی زیاتری هەبێت و پایتەخت لای کێ بێت، ئەو هەڵدەبژێرێت.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: با لە دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستانەوە دەست پێ بکەم. ساڵێک و هەشت مانگە هەڵبژاردن کراوە، ساڵێک و چەند مانگێک دەبێت پەرلەمانتاران سوێندی خواردووە و هێشتا کارا نییە، کابینەی نوێ دروست نەکراوە، ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی هێشتا بەردەوامە، دۆخی سیاسی چەقبەستووە. هەڵوێست و هەستی ئێوە لەو بارەیەوە چییە؟
مەلا بەختیار: زۆر سوپاس، ئەو پرسیارانەی باست کرد، گرنگن بۆ ئەم بارودۆخە. هیوادارم بتوانین چاوپێکەوتنەکەمان لە ئاستی قۆناخەکەدا بێت و وەڵامدەرەوەی هەندێک لە پرسیارەکانی ئێستا و دۆزی ئێستاش بێت. سەبارەت بە پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەمەت کرد بە دەروازەی چاوپێکەوتنەکەمان، من پێموایە بگەڕێینەوە بۆ کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن. دەرکەوت لە هەڵمەتەکەدا بەشێکی ئاشتی تێدا نەمابوو، کە بە ئاسانی پەرلەمان ساز بدرێتەوە و حکومەت پێکبهێنرێتەوە. بەڕاستی ئەو هەڵمەتە، هەڵمەتێکی سەیر بوو لە دوای راپەڕینەوە لە یەکەم هەڵبژاردنەکانەوە.
رووداو: هەڵمەتێکی هەڵبژاردن بوو بە تەنیا، یان ناکۆکییەکی قووڵی سیاسی بوو کە دەرکەوت؟
مەلا بەختیار: هەڵمەتەکە رەنگدانەوەی ناکۆکییە قووڵەکان بوو، رەنگدانەوەی دابەزینی ئاستی متمانە بوو لە نێوان هەردوو لای دەسەڵات. ئینجا هەندێک ئەحزابی ئۆپۆزسیۆنیش، بچووک و گەورە، بە جیاوازی ئایدیۆلۆجیاوە، ئەوانیش ناکۆکییەکانیان دەقۆستەوە. یانی کەمتر گوتاری نەتەوەیی و سەرخستنی هەرێم و پەرۆشی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری رەچاو دەکرا لە گوتارەکانیاندا، زۆرتر ئەوە رەچاو دەکرا چ گوتارێک دەتوانێ زۆرترین کورسی دابین بکات. ئێستا بۆیە وای لێهات، یانی ئەم ساڵێک و هەشت مانگە وەک تۆ دەڵێی، 20 مانگە بەقەد ئەم هۆڵە قسە کراوە، وتوێژ کراوە، نازانم چی و چی کراوە، کەچی هێشتا ناتوانن ئەو چارەسەرە بدۆزنەوە. من ئەمە دەگەڕێنمەوە رێک بۆ ئەوەی کە ئەم دوو حیزبە، یانی لە دوای مردنی مام جەلال، ئاستی تێگەیشتنیان بۆ پێوەندی هەردوو لایان بەرەو تێکچوون چووە، متمانەکە گەیشتووەتە ئاستێک، کە زۆر زەحمەتە بتوانن، یانی وای دەبینم، زۆر زەحمەتە حیزب بە حیزب لەسەر بنەمای ئەو ئەرکە مێژووییەی هەردوو لا بتوانن ئەم قۆناخەش تێپەڕێنن، وای دەبینم. من بڕوام نییە یەکێتی و پارتی خۆیان بتوانن ئەم کێشەیە بە تەواوی کۆتایی پێ بهێنن، بڕوام نییە. تەنانەت ئەگەر حکومەتەکە و پەرلەمانەکەش ساز بکەنەوە، سازکردنێکی سیاسی کاتییە لەبەر ئەو هۆکار و مەرجانەی کە بە ناوچەکەدا تێدەپەڕێت، نەک گەڕانەوەی رۆحیەتی ستراتیژی لە نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی، کە ئێمە دوو جار رێککەوتنی ستراتیژیمان مۆر کردووە لە کاتی خۆیدا لەگەڵ پارتی، دوو رێککەوتنی ستراتیژیمان هەیە، 2004 و دوایین رێککەوتنی ستراتیژیش. بۆیە من ئەم هۆکارەی کە دێتە پێشەوە ئێستا، دوای پرسیارت، دیارە پرسیارت هەیە، ئەم هۆکارە بە پاڵنەر دەزانم بۆ ئەوەی یەکێتی و پارتی بە جیدی بکەونە کار، چونکە هیچ نەبێت بۆ ئەم دۆخە دەرباز بن تێیدا.
رووداو: رەچاوی بارودۆخەکانیان نەکردووە بە بڕوای جەنابت؟
مەلا بەختیار: وەک پێویست و هەمە لایەنە ئەوەی کە ئەو گۆڕانکارییەی لە جیهاندا هەیە، ئەو گۆڕانکارییەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە، ئەو گۆڕانکارییەی تەنانەت لە عێراقدا هەیە، رەچاویان نەکردووە کە بتوانن ئەگەر رێککەوتنی ستراتیژیش نەبێ لە نێوان هەردوو حیزبەکە، رێککەوتنێکی ئیداریی کوردستان هەبێت بۆ ئەوەی لە بەغدا بە یەک گوتار قسە بکەن، بە یەک گوتار. ئەوە نییە یەکێتی و پارتی، یانی لایەنەکانی دیکە بە نەیاری یەکێتی و پارتی دەچنە بەغدا، یەکێتی و پارتی خۆیشیان بە ناکۆکی دەچنە بەغدا، لە ئەنجامدا وای لێهاتووە کە بەڕاستی لە بەغدا چاوەڕێی رووداوەکان دەکەن بۆ هەرێمی کوردستان.
رووداو: ئەو چەقبەستووییە سیاسییە و کارانەبوونی پەرلەمان و دروستنەکردنی حکومەتێکی نوێ، چی زیانێکی ناوخۆیی و دەرەکی بە هەرێمی کوردستان گەیاندووە بە بڕوای ئێوە؟
مەلا بەختیار: یەکێک لە زیانە گەورەکانی ئەوەیە کە متمانەی نەتەوەیی بۆ دەسەڵاتی نەتەوەیی لاواز دەکات. ئەم دەسەڵاتە، دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بە هەموو کەموکوڕییەکانیەوە تاقانەیە بۆ نەتەوەی کورد لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان، یانی بەشەکانی دیکەی کوردستان ئومێدێکیان هەیە، ئومێدیان ئەوەیە کە ئەم ئەزموونە سەرکەوتوو بێت. ئەوان وەک ئێمە نین، یانی لە بەشەکانی دیکەی کوردستان وەک ئێمە سەیری هەرێم ناکەن. ئێمە لێرە مێشێک دەکەین بە گامێش، بەڵام ئەوان گامێش دەکەنە مێش، ئەوەندە دڵسۆزی ئەم هەرێمەن، ئەوەندە خەمیانە. لەبەر ئەوە، دابەزینی ئەم متمانەیە و نائومێدکردنی خەڵک، باوەڕ بکە تاوانێکی گەورەیە.
رووداو: پارتی و یەکێتی جاران زەحمەت بوو رێکبکەون، ئێستا زەحمەتە کۆ ببنەوە، کۆ نابنەوە. بۆچی کۆ نابنەوە بە بڕوای جەنابت؟ بەربەستی ئەوەندە گەورە لەبەردەم پارتی و یەکێتی هەیە کە ناتوانن یەکتر ببینن؟
مەلا بەختیار: هەر دەگەڕێتەوە بۆ بێمتمانەیی. یانی ئەو دانیشتنانەی کە دەکران لە نێوان یەکێتی و پارتی، من بۆ خۆم ئاماژەی دەم و چاوم دەخوێندەوە، چەند سارد و سڕ بوو، چەند یانی بەتاڵ بوو لە رۆحیەتێکی پڕ لە پەرۆشی بۆ ئەم ئەزموونە، رۆحیەتێک کە سەر لە نوێ یەکێتی و پارتی بتوانن بەردەوامی بە کارەکانیان بدەن بە راپەڕاندنی ئەرکەکانیان. لەوە دەچوون هەر دوو حیزب، هەرگیز رێککەوتنی ستراتیژی لە نێوانیاندا نەبێ و پێوەندییەکی مێژوویی قووڵ لە نێوان بەرپرسەکان نەبێ، دەچوون بە ساردی، دەچوونە پشتی مێزی کۆبوونەوەکان، دەهاتنە دەرەوە بە ساردی، لێدوانەکانیان بە ساردی دەدرا، هیچ جۆرە گرێکوێرەیەکی نێوان ئەم دوو حیزبە لە هەموو ئەو دانیشتنانەی کە دەکرا، نەکرایەوە.
رووداو: ئاڵۆزتر بوو؟
مەلا بەختیار: ئاڵۆزتر بوو، ئێستاش وایە کاکە، ئێستاش یانی من لە هەموو کوردێکی بەویژدان دەپرسم، یانی دوو حیزب زۆرترین قوربانییان داوە لە کوردستاندا، پارتی پێش یەکێتییە، یەکێتی دوای پارتییە، بەڵام یەکێتی لەو 51 ساڵەدا و لە 50 ساڵی شۆڕشدا، بەڕاستی ژمارەی قوربانییەکانی جێگەی سەرسوڕمانە، ژمارەی سەرکردەکانی جێگەی سەرسوڕمانە. باشە ئەم دوو حیزبە پەرۆشی ئەوە نین ئەم مێژووە جوانەمان هەیە، هەردوولامان بۆ ئەم هەرێمە، پەرۆشی ئەوە نین ئەمە جوانتر بینا بکەن بۆ ئەوەی هەر دەرفەتێک، هەر هەلێک دێتە پێشەوە لە ناوچەکە، لە عێراقدا، ناوچەکە دەکوڵێ بۆ سەرلەنوێ رێکخستنەوەی ناوچەکە، دیزاینکردنەوەی ناوچەکە، ئەی نابێ بیقۆزینەوە؟ ئێمە پار دەمانگوت مەترسی گەورەمان لەسەرە. ئێستا تهنانەت دەتوانم بڵێم لەسەدا پەنجای مەترسییەکان زیاتریش لەسەرمان کەم بووەتەوە، چونکە خەریکە دۆخەکە بە جۆرێکی دیکە دەشکێتەوە، بەڵام هەر دیسان زەمانی سەرنەکەوتنی هەر پیلانێک لە ناوچەکە دژی هەرێم، پێوەندی تۆکمەیی و جۆرێک لە رێککەوتنی سیاسییە لە نێوان ئەم دوو حیزبەدا.
رووداو: بابەتەکە جۆرێکی دیکە دەشکێتەوە لە بەرژەوەندی کورد بە بڕوای ئێوە؟
مەلا بەختیار: بەڵێ، بێگومان لە بەرژەوەندی کورد، زۆریش لە بەرژەوەندی کورد.
رووداو: لەکوێدا؟
مەلا بەختیار: لای ئەمریکا، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە عێراق، لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان، داخوازییەکان، بڕگەکانی دەستوور، پێوەندییەکی باشی هەرێمیی لەگەڵ تورکیا، ئێران و سووریاش هاتووەتە پێشەوە و خەریکە وردە وردە خۆی دەگرێ، لە سووریاش خەریکە کێشەی رۆژئاوای کوردستان دەچێتە فۆرمێکی دیکەوە، لە فۆرمی بەرەنگاربوونەوەی چەکدارییەوە دەچێت بۆ ناو پرۆسەیەکی سیاسی تازە، باکووری کوردستان بەردەوامە، ئەمە بۆ ساڵ و نیوێک دەچێت ئەو گفتوگۆیە بەردەوامە. جاران بۆ هەفتەیەک شەڕ لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا دەوەستا، ئێستا ساڵ و نیوێکە گفتوگۆ هەیە. ئەی ئەم هەناسە درێژە دەلیلی ئەوەیە کە ئومێدێک هەیە بۆ ئایندە.
رووداو: بێینەوە سەر هەرێمی کوردستان، بە بڕوای ئێوە، حوکمی دامەزراوەیی لە هەرێمی کوردستان چووەتە پێشەوە یان پاشەکشەی کردووە؟
مەلا بەختیار: یانی بە رێژەیی دەتوانین بڵێین چووەتە پێشەوە، بەڵام ئێمە دەستوورمان نییە کاکە سەنگەر. ئەمە گەورەترین کێشەمانە. ئێمە هێزی پێشمەرگەی کوردستانمان یەک نەخستووە، پۆلیسمان یەک نەخستووە، زمانی کوردیمان یەک نەخستووە. بە دیفاکتۆ دوو هەرێمی، دوو جوگرافیای هەرێم هەیە ئێستا.
رووداو: دوو ئیدارەیی؟
مەلا بەختیار: دوو جوگرافیای هەرێم هەیە، ناتوانم بڵێم دوو ئیدارەیی کتوومت وەک جاران، بەڵام من بڵێم چی؟ ئەم حکومەتەی ئێمە لە کۆیەوە هەتا دەگاتە نزیکی خانەقین کارگوزارێکی پێدانادامەزرێ بێ پرسی یەکێتی، یەکێتیش لە کۆیەوە هەتا دەگاتە زاخۆ سەربازێکی پێدانامەزرێ بێ پرسی پارتی. یانی ئەمە بەڕاستی کەموکوڕییەکی زۆر زۆر ترسناکە. یانی ئێمە لە دوای ٣٥ ساڵ راپەڕین نەمانتوانیوە خاکەکەمان یەک بخەین، زمانەکەمان یەک بخەین، هێزەکەمان یەک بخەین، ئاسایشمان یەک بخەین، دارایییەکەمان بە کامڵی لەسەر بنەمای پێوەرەکان یەک بخەین، ئێ باشە، تەنانەت زمانی کوردیشمان یەک نەخست. هەڵەیەکی زۆر گەورەن، لە خۆیەوە هاتووە ئەمە؟ لە ئەنجامی ئەمە، لە ئەنجامی نەبوونی دەستوور، پێشێلکردنی یاسا زۆرە. لە ئەنجامی یەکنەخستنی هێزی پێشمەرگە، کۆنترۆڵکردنی بەقاچاخبردنی نەوت و گومرگەکان و سەرانەوەرگرتن و ئەمانە چارەسەر نەکراوە.
رووداو: ماون ئەوانە؟
مەلا بەختیار: ماون، لە ئەنجامی یەکنەخستنی زمانی کوردی، خەریکە تەنانەت کولتووری ئێمە، ئەدەبیاتی ئێمە ناتوانین بە تەواوی گەڵاڵەی بکەین بۆ ئەوەی هەستێکی نەتەوەیی یەکگرتوو دروست بکات لە نێوانماندا. ئەی ئەمە تا کەی یانی؟ مەعقولە عێراق 2003 رووخا، 2005 دەستوور دەنووسێ، باشە، ئەی ئێمە 35 ساڵە دەستوور نانووسین؟
رووداو: ئەگەر زۆر نەچمەوە سەر مێژوو، رەنگە زۆر باسکراوە بەس ئەگەر لە دێڕێکدا پێم بڵێی ناکۆکی پارتی و یەکێتی لەسەر دەستوور چی بوو، بۆچی دەستوور نەنووسرا؟
مەلا بەختیار: ئەو کاتە من لە پەرلەمان بووم، ناکۆکیمان کەم بوو وەڵا، تەنانەت رێککەوتین کەرکووک بکەین بە پایتەختی کوردستان، پێش رووخانی سەدام بە مانگێک ئێمە رێککەوتین، پرۆژەی دەستوورمان ئامادە کرد.
رووداو: لە رەشنووسی دەستووردا کەرکووک پایتەختی هەرێمی کوردستان بوو؟
مەلا بەختیار: بەڵێ، لە رەشنووسی دەستووری پێش رووخانی سەدام بە مانگێک ئێمە کەرکوکمان کردبوو بە پایتەختی کوردستان، ئەوەندە بەینمان باش بوو. یانی ناکۆکییەکە لەو بارەیەوە نەبوو، لەسەر دارشتنەوە، لەسەر هەندێک دەستەواژە، لەسەر ئەمانە بوو ئەگەر نا، خۆم ئێستا سەرم سوڕماوە لەو کاتەوە تا ئێستا ئەم دەستوورە بۆ تێنەپەڕی.
رووداو: باسی پارتی و یەکێتیمان کرد، ئۆپۆزسیۆنیش لە کوێی هاوکێشەکەیە لە هەرێمی کوردستاندا؟ زەوینەی گەشەکردنی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستاندا چووەتە پێشەوە یان چووەتە دواوە؟ ئۆپۆزسیۆن ئێستا چییە لە هەرێمی کوردستاندا؟
مەلا بەختیار: ئۆپۆزسیۆن ماوەیەک لەسەر گەندەڵی، لەسەر نەبوونی مووچە، لەسەر کەمی خزمەتگوزاری ئەمانە، توانییان دەمارەکانی ئۆپۆزسیۆن ئەستوور بکەن، بچنە پێشەوە. بەڵام ئەوە مەودایەکی کاتییە لە مێژووی ململانێی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەکاندا، ئینجا بێجگە لەوەی پۆپۆلیزم لەناو ئۆپۆزسیۆندا زیانێکی ئێجگار گەورەی گەیاند بە ئۆپۆزسیۆنێکی دیموکراسی. پۆپۆلیزم، ئەنارشیزم، ئەمە زیانێکی ئێجگار گەورەی گەیاند، لە ئەنجامدا بیبینە یانی کۆی دەنگەکانی هەموو لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بە ناکۆکییەکانیانەوە دەبینین ناتوانن دەرەقەتی یەکێتی و پارتی بێن.
رووداو: بۆچی؟
مەلا بەختیار: لەبەر ئەوەی کە ئۆپۆزسیۆن نەیتوانیوە ئەلتەرناتیڤێکی سیستماتیک، فکری، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی بە تەواوی، یانی ببێتە بەدیل. یانی لە ناو ئەو دۆخەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، قەزییەکیان دروست نەکرد بۆ رای گشتی، بەس رەخنەیان هەیە.
رووداو: گۆڕانیش وا بوو؟
مەلا بەختیار: بەڵێ، گۆڕانیش وا بوو، گۆڕان ئێستاش نازانێ گۆڕانی کوردستانییە یان عێراقییە، ئێستاش ناوەکەی نە کوردستانی پێوەیە نە عێراقی پێوەیە، بزووتنەوەی گۆڕان.
رووداو: سەرەتای دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان پڕۆژەیان بۆ جێگرەوەی پارتی و یەکێتی نەبوو؟ ئەو ئۆپۆزیسیۆنە پۆپۆلیستییەی جەنابت باسی دەکەی گۆڕان پشکی تێیدا هەیە؟
مەلا بەختیار: سەیر بکە گۆڕان کەی کۆنفرانسی بەست، یەکەم کۆنفرانسی بەست. دوای ئەوەی ململانێی دوای 17ی شوبات، دوای کێشمەکێشەکان لەگەڵ یەکێتی و پارتی، دوای ئەوەی سەرەتا لەگەڵ پارتی رێککەوتن، ئینجا هاتن لەگەڵ یەکێتی رێککەوتن، بۆ مێژوو دەڵێم گۆڕان و یەکێتی من ئاشتم کردوونەتەوە. من هێرۆخانم برد بۆ ماڵی کاک نەوشیروان لە 17ی شوباتدا، من زەوینەم خۆش کرد کە شادڕەوان نەوشیروان مستەفا و دواییش وەفدێکیان بێت، جەنابی مام جەلال ببینن و وردە وردە نێوانی هەردوولامان خۆشکرد و لێکتێگەیشتنەکەش لە ماڵی مام جەلال بڵاو کرایەوە، یانی دەتوانم بڵێم کاریگەرییەکەی زۆرم هەبوو لەسەری. لەو لاشەوە لە نێو گۆڕانیش بە رەحمەت بێ کاک قادری حاجی عەلی کاریگەری هەبوو بۆ نزیککردنەوەیان و کاک سالار عەزیزیش کاریگەری هەبوو بۆ نزیکخستنەوەیان، یانی من دەورێکی بەرچاوم لەناو یەکێتی بەو کارانەوە هەبوو. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، گۆڕان یانی تاوێک لەگەڵ یەکێتی، تاوێک دژی یەکێتی، تاوێک لەگەڵ پارتی، تاوێک دژی پارتی، تاوێک لەگەڵ حکومەت، تاوێک نەخێر بکشێنەوە لە حکومەت، یانی ئەم تاوتاوێنێیە لە سیاسەتدا بەڵگەی نەبوونی روانگەیەکی ستراتیژییە بۆ ئەلتەرناتیڤ و لە ئەنجامیشدا بینیمان گۆڕان تووشی کێشەی زۆر گەورە بوو لە دەروونی خۆیدا.
رووداو: نەوەی نوێ بە رێککەوتنی لەگەڵ یەکێتی لە داهاتوودا گەشە دەکات یان پاشەکشە دەکات؟ ئەو دەستەواژەیەی جەنابت بۆ بزووتنەوەی گۆڕان دەتوانی بۆ نەوەی نوێش پێناسەی بکەین؟
مەلا بەختیار: نەوەی نوێ باش هات، یانی باش سەری هەڵدا، رەخنەکانیان هەبوو، تەلەفزیۆنیان هەبوو، گەنجێکی باش لە دەوری کۆبووەوە، گەیاندیانە 15 کورسی، گەیاندیانە ئەمانە. بەڵام من باوەڕم بە ژیانی حیزبایەتییە کاک سەنگەر، یانی لەناو ژیانی حیزبایەتیدا گەورە بووم. لەهیچ نەزانم لە حیزبایەتی باش شارەزام، زۆر زۆریش شارەزام. لە ساڵی 1970وە تاوەکو ئێستای 2026، یانی 56 ساڵە حیزبایەتی دەکەم. یانی دەزانم شانە چۆن دروست دەکرێ، کۆمیتە چۆن دروست دەکرێ، پەیڕەو و پڕۆگرام چۆن دەنووسرێ، ئایدیۆلۆجیا و فەلسەفەی سیاسی هەموو ئەمانە دەزانم، من و کاک نەوشیروان و کاک فەرەیدوون زۆرترین پەیڕەو و پڕۆگرامەکانمان نووسیوە بۆ کۆمەڵە و بۆ ئەوانە، بۆ یەکێتیش هەر وا بووە. باشە، ئێستا نەوەی نوێ تا ئەم ساتە، بەش بە حاڵی خۆم قووڵییەک نابینم لە بۆچوونەکانیان بۆ پەیڕەو و پڕۆگرام، تەنیا بە ناوی ئەوەی نەوەی نوێن، ئەی نەوەکانی دیکە؟ ئاخر کاکە نەوەی نوێ تەمەنی 20 بۆ 25 ساڵە، ئەی ئێمە فڕێ بدەن؟ ئەی 50 ساڵ چی لێ دەکەن، 40 ساڵ چی لێ دەکەن؟ ناوەکەش لە دونیای حیزبایەتیدا پێویستی بەپێداچوونەوەیە، ئایا پۆپۆلیست بوون؟ من پێموایە هەر حیزبێک ناسنامەی ئایدیۆلۆجی روون نەبوو، کار لەسەر سایکۆلۆجی خەڵک دەکات. کارکردن تەنیا لەسەر سایکۆلۆجی و ورووژاندنی سایکۆلۆجی خەڵک بۆ دژایەتی دەسەڵات، پۆپۆلیزمە.
رووداو: نەوەی نوێ وایە؟
مەلا بەختیار: ماوەیەکی زۆر وا بوو، ئێستاش وردە وردە چوونەتە هاوپەیمانێتییەکەوە لەگەڵ یەکێتی، کە من بەش بە حاڵی خۆم ئەگەر بۆم هەبێت پێشنیازێکیان بۆ بکەم، باشە کە هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی دەکەن، بەڵام هاوپەیمانی نەبێت بە پەیمانێک بۆ دژایەتیکردنی پارتی.
رووداو: وای دەبینی؟
مەلا بەختیار: من وای دەبینم لەو کاتەی نەوەی نوێ و یەکێتی زۆرتر نزیک بوونەتەوە، ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی قووڵتر بووە.
رووداو: رێککەوتنەکەت پێ ئاسایییە؟
مەلا بەختیار: نەخێر بە ئاسایی لەدایک نەبوو. من ناتوانم لەباتی کاک شاسوار ئەو حاڵەتە دەروونی و ئەوانەی لێک بدەمەوە کە چۆن ئەمەی قبووڵ کرد، ئەوە خۆی بەرپرسیارێتی ئەو بڕیارە هەڵدەگرێت، بەڵام ئاسایی نەبوو.
رووداو: ئەگەر کاک شاسوار لە زیندان نەبووایە، رێککەوتنی لەگەڵ یەکێتی دەکرد بە بڕوای ئێوە؟
مەلا بەختیار: کاک شاسوار دەیویست کوڕانی مام جەلال لەبەر دەرکی سەرا لە سێدارە بدا، ئیتر چۆن رێک دەکەوت ئەگەر مەسەلەی زیندان نەبووایە. خۆی بڕیاری بۆ رێککەوتنەکە داوە، لە زیندان دابێ یان لە دەرەوە بێ، ئەوە خۆی بەرپرسە لێی کاک سەنگەر، ئێمە با لێرە تانە نەدەین، ئێمە دەڵێین رێکدەکەوێ مافی خۆیەتی، بەڵام بۆ رێکخستنەوەی هەموو کورد بێت نەک بۆ قووڵکردنەوەی ناکۆکی.
رووداو: ئێستا دەڵێن 39 کورسی کاک مەلا، دروستە ئەو قسەیە بە بڕوای جەنابت؟
مەلا بەختیار: باوەڕ بکە کاتی خۆی کە یەکێتی و گۆڕان رێککەوتن، مۆڵەتم بدێ یەک دەقە لەسەر ئەمە بڕۆم، ئێمە لەسەر 19 خاڵ رێککەوتبووین، شاندەکەمان لەگەڵ شاندی گۆڕان لەسەر 19 خاڵ رێککەوتبووین و من بەرپرسی کارگێڕ بووم و سەرپەرشتی گفتوگۆکانم دەکرد، تا 19 خاڵەکە ئۆکەیمان دا، لە 24 کاتژمێردا شەش خاڵیان خستە سەری بەبێ ئاگاداری من، دواییش بەبێ ئاگاداری مەکتەبی سیاسی. هاتە ناو مەکتەبی سیاسی سەیرم کرد 25 خاڵە، شەش خاڵەکەی خرابووە سەری ناکۆکییەکانی ناو کورد و کوردایەتی قووڵتر دەکردەوە.
رووداو: کێ خستییە سەری؟
مەلا بەختیار: ئەو شاندەی لەگەڵ گۆڕان لە گفتوگۆ بوون، ناو ناهێنم، خۆش نییە ناو بهێنم، خۆیان دەزانن کێ بوون، هەموو یەکێتی دەزانێ شاندەکە کێ بوو. من ئەو شەش خاڵەی بەبێ پرسیار خستبوویانە سەری، گوتم ئەمە کارێکی ناحیزبییە. دووەم، بۆ نەتەوەکەمان خراپە، پێچەوانەی رێککەوتنی ستراتیژی ئێمە و پارتییە، لەبەر ئەوە دژی رێککەوتنەکە نەبووم، ئەمە بەڕاستی بوختانێکی گەورەیە کە من بە دژی رێککەوتنەکە نیشان درام، وانییە، هەرگیز دژی رێککەوتنەکە نەبووم.
رووداو: بەسترایەوە بە ناکۆکییەکی مێژووییەوە؟
مەلا بەختیار: 19 خاڵەکە، سەد لە سەد 19 خاڵەکە من لەگەڵی بووم، لە رانیە لە ساڵڕۆژی شەهید سەڵاح دیلمان گوتارم هەبوو، گوتارەکە بە تۆمارکراوی لام ماوە، دەڵێم ئێمە لەگەڵ گۆڕان لەسەر 19 خاڵ رێککەوتووین، هیوادارم هەموو لایەک قبووڵی بکات بەتایبەتی پارتی، بە دوژمنایەتی خۆی نەزانێت. بۆ بەیانییەکەی سەیر دەکەم شەش خاڵ چووەتە سەری، کاکە شەش خاڵ بخەیتە سەر رێککەوتنێک، شەش خاڵەکەش هەستیارترین شەش خاڵ بێت، پێچەوانەی هەموو سیاسەتی حیزبەکەت بێت لە چەند ساڵی رابردوودا، کە جەنابی مام جەلال سەرپەرشتی دەکرد، ئەمە منی ناچار کرد دوور بکەومەوە، نەچم بۆ رێوڕەسمی رێککەوتنەکە نەک دژی بم، ئێستاش دەڵێم بۆ مێژوو، من دژی رێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی نەبووم، بەڵام ئێستاش دەڵێم ئەو کاتەش دژی ئەوە بووم یەکێتی و گۆڕان دژی پارتی بن، یان پارتی و گۆڕان دژی یەکێتی بن. کاکە گۆڕان کە لەگەڵ یەکێتی دوورکەوتەوە، لەگەڵ پارتی رێککەوت، ئێمە ئاگاداری وردەکارییەکە بووین کە بە پارتیان گوتبوو ئەوەی بە یەكێتی پێتان نەکراوە ئێمە بۆتان دەکەین، پارتی ئەمەی قبووڵ نەکرد، پارتی گوتی نا، لەگەڵ ئێوە رێک دەکەوین، لەگەڵ یەکێتیش رێک دەکەوین، ئێمە تێکی نادەین لەگەڵ یەکێتی. ئەی باشە، ئەمە سیاسەتێکی دروست بوو؟
رووداو: ئەمەی کە کاک بافڵ و یەکێتی ئێستا لەگەڵ نەوەی نوێ کردوویانە، دروست نییە بە بڕوای ئێوە؟
مەلا بەختیار: من ناتوانم بڵێم سەد لە سەد دروست نییە، بەڵام لە سنووری خۆی بچێتە دەرەوە زیان دەگەیەنێت. لە سنووری خۆی چییە؟ دوو حیزب رێکدەکەون لە کوێ؟ لە ژینگەی سلێمانی و گەرمیان و تا رادەیەک هەولێر و ئەمانەش، بەڵام لەم ژینگەیە بچێتە دەرەوە، ببێتە بە پلانی هاوبەش یان بڕیاری هاوبەش بۆ ئەوەی باقی کێشەکانی ناو کوردستان و هەرێمی کوردستان نەک چارەسەر نەکرێت، بگرە ببێتە کۆسپ لەبەردەم چارەسەرکردنیان، من ئەمە بە زیان دەزانم. ئێستا مادام رێککەوتنەکە ناکرێت لە نێوانی یەکێتی و پارتی و حکومەتەکە پێکنەهات، ئەو رێککەوتنەی نەوەی نوێ و یەکێتی ئەویش گرێیەکی خستووەتە نێو پرۆسەکەوە.
رووداو: زۆر باسی یەکێتیمان کرد، یەکێتی ماوی؟
مەلا بەختیار: ئەوان خۆیان ناویان ناوە یەکێتی نوێ.
رووداو: یەکێتی نوێ؟
مەلا بەختیار: یەکێتی نوێ. من بە روونی دەیڵێم نە لە چوارەمین کۆنگرە، نە لە پێنجەمین کۆنگرە، بەرپرسیارێتی نووسینی پەیڕەو و پڕۆگرامی یەکێتی هەڵناگرم. سێیەم کۆنگرە من پەیڕەو و پڕۆگرامەکەم داڕشتووە، دیباجەکەش من نووسیومە، سەد لە سەد تەحەمولی بەرپرسیارێتی ئەو پەیڕەو و پڕۆگرامە و ئەو دیباجەیە دەکەم. لەوەودوا من کە لە بڕیارێکی سیاسیدا نەبووم، لە بڕیاری پەیڕەو و پڕۆگرامدا نەبووم، لە داڕشتنی ئەم پڕوپاگەندە سیاسییەی ئێستا نەبووم، بێگومان بەرپرسیارێتیەکەی هەڵناگرم، پیرۆزیان بێت ئەوانەی یەکێتی نوێن، بەڵام من و سەدانی وەک ئێمەی تێکۆشەر، گەورەترین شانازیمان مێژوومانە، کە دەستبەرداری نابین کە لەناو یەکێتیدایە.
رووداو: کاک بافڵیش نامەیەکی ناردبوو بۆ جەنابت و دامەزرێنەرانی یەکێتی، هەرچەندە جەنابت وەڵامت دابووەوە، وەڵامەکەت بۆ دواخست و بۆچی ئەو وەڵامە؟
مەلا بەختیار: وەڵامەکەم حەزم دەکرد لە یادی بەرپابوونی شۆڕش بدەمەوە، نووسیم، چونکە بەڕاستی ئێمە لەناو وڵات دەورێکی گەورەمان هەبوو لە بەرپابوونی شۆڕش. یانی تا ئێمە نەبووین، تا ئێمە نەچووینە شاخ، تا ئێمە نەچووینە بادینان، لەگەڵ هەموو رێزم بۆ ماندووبوونی دەستەی دامەزرێنەر، هیچیان نەیانتوانی بێنەوە، یەک ئەوە، کاک دکتۆر خدر بیروەرییەکانی بڵاوکردووەتەوە من هەموویم خوێندووەتەوە، هەموو مێژووەکەم خوێندووەتەوە. خۆی دەڵێت ئێمە هاتین و فەشەلمان هێنا و گەڕاینەوە، خۆی دەڵێت شکستمان خوارد و گەڕاینەوە، هیچ رێگەیەک لەبەردەمماندا نەما، لە هەکارییەوە گەڕاونەتەوە، نەک بڵێم هاتوونەتە کوردستانی عێراق، لەوێوە گەڕاونەتەوە لە رێگەی دۆستەکان گەڕاونەتەوە. خۆی باسی دەکات چەند کەسیان تەسلیم بوون، چەند کەسیان چەکیان بردووەتەوە، چەند خیانەتیان لێ کراوە، کێشەکانیان چی بووە، هەمووی بە وردی باس دەکات، زۆر بە جوانی باس دەکات ئەو لایەنە. باشە، ئێستا ئێمە ئەم مێژووە شەرەفمەندانەمان هەیە، کاک سەنگەر، یانی من ئێستا نەوەی نوێ، نەوەیەک تازە دروست بووە، لە هەر 25 ساڵە نەوەیەک دروست دەبێت، لە دوای بەرپابوونی شۆڕش دوو نەوە دروست بووە، ئەوانە نازانن ئێمە ئەم شۆڕشەمان چۆن کردووە، نازانن بەچڕنووک ئەمەمان دروستکردووە. مەفرەزە هەبووە بە شەش مانگ لەو شاخە بووە، هەشت کەس بووە، سێ چەکی هەبووە، چوار چەکی هەبووە، چەکی ژەنگاوی هەبووە، ئەم دۆخە سەخت و نالەبارەمان تەحەمول کردووە، یانی ئەمە نابێت بە ناوی یەکێتی نوێوە ئەم مێژووە نەزانرێت، فڕێ بدرێت، بسڕدرێتەوە، ناکرێ. هەر کەسێک بیەوێ وا بکات، با بیکات، پیرۆزی بێت، بەڵام ئێمە جەنگاوەری ئەو مێژووەین.
رووداو: دوای ئەو نامەیە هەوڵی یەکتربینینتان نەبووە لەگەڵ کاک بافڵ؟
مەلا بەختیار: نەخێر، نامەیەکی ئاسایییە، کاک بافڵ وەک کاک بافڵ نامەیەکی ناردبوو بە ناوی سەرۆکی یەکێتییەوە، منیش بە ناوی خۆیەوە وەڵامم داوەتەوە، بە ئەدەبیشەوە وەڵاممان داوەتەوە، ئەویش بە ئەدەبەوە بۆی نووسیوم.
رووداو: باسی دوو کۆنگرەی رابردووت کرد، بەشداری کۆنگرەی داهاتووی یەکێتی دەکەی؟
مەلا بەختیار: ئەگەر یەکێتی رێککەوتن دانیشین، یەکێتی بکەین بە دوو مینبەر یان سێ مینبەر، بیروڕا جیاوازەکان هەر کەسە و فۆرمۆلەی خۆمانمان هەبێت، بچینە ناو مینبەرە جیاوازەکان و یەکێتی بکەین بە بەرەیەک، یەکێتی بکەین بە نیمچە بەرەیەک، بەڵێ بەشداری دەکەم، ئەگەر نا، ئەم یەکێتییە من نە دوژمنایەتی دەکەم، نە رکابەرایەتی دەکەم، نە بە کاردانەوە سیاسەتی لەگەڵ دەکەم، لەگەڵ هیچ لایەک نابم دژی، بەڵام هەرگیز لەگەڵ ئەم یەکێتییە بەرپرسیارێتی هەڵناگرم.
رووداو: مینبەری جیاوازی تێدا نەماوە یەکێتی؟
مەلا بەختیار: نەخێر، نەخێر، ئەبەدەن.
رووداو: ئەی بۆچی دەڵێن یەکدەست و یەکبڕیارین؟
مەلا بەختیار: ئێ یەکدەست و یەک بڕیار و مەرکەزییەت، یانی مینبەر نییە. خۆیان باوەڕیان بەمە هەیە، پیرۆزیان بێت.
رووداو: بەس لەگەڵ کاک بافڵ هاتووچۆ و قسەتان نییە، یان لەگەڵ سەرکردایەتی یەکێتیش؟
مەلا بەختیار: یەکتر ببینین مەرحەبایەک دەکەین، بەڵام هاتووچۆمان نییە، من هەر ناچمە دەرەوە، لە سلێمانی زۆر کەم دەچمە دەرەوە. تەنیا نیشتوومەتە خەریکی خوێندنەوە و نووسینی خۆمم. ئەوەتا لەم ساڵەی رابردوودا دوو کتێبم دەرکردووە، سێیەمیش حەز دەکەم بە خەڵک بڵێم، سێیەم کتێبم ئێستا سەرچاوەکانیم بۆ کۆکردووەتەوە، کە باسی جەنگی سارد، بە ناوی کارەساتەکانی کوردستان و جەنگی سارد، کتێبێکی ٤٠٠ - ٥٠٠ لاپەڕەییە دەردەچێت، ئینشاڵڵا پێش سەری ساڵ کۆتایی پێ دێت.
رووداو: ئەی چی دەکەی و بەتەمای چی؟
مەلا بەختیار: کتێب دەنووسم، قسە دەکەم، خەڵک دەبینم.
رووداو: ئەی جووڵەی سیاسی؟
مەلا بەختیار: ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ جەنابت جوڵەی سیاسییە، خۆ من بۆ خۆمی ناکەم ئەم قسەیە، بۆ ئاراستەیەکی نوێی رای گشتی قسە دەکەم. من پێم وایە گۆڕانکاری لە کوردستاندا دروست دەبێت، ئەم دۆخە ئاوا ناچێتە سەر.
رووداو: چۆن؟
مەلا بەختیار: یانی دەگۆڕێت، ئەم میللەتەی ئێمە تا سەر قبووڵی ناکات. ئاخر هەڵبژاردنی یەکێتی و پارتی چەند دەنگی هێناوە؟ بە هەردووکیان.
رووداو: بەڵام هەر زۆرینەن.
مەلا بەختیار: نا، بە رێژە دەڵێم، باسی رێژە دەکەم، لەسەدا سیی دەنگی کوردستانیان بردووە هەردوو لایان، باشە؟ سەرەڕای ئەوەی پارتی ملیۆنێک و سەد و شتێک هەزار دەنگی هێناوە، یەکێتیش شەشسەد و شتێک هەزار دەنگی هێناوە، هێشتا نەگەیشتوونەتە لەسەدا سی و پێنجی دەنگی کوردستان. سەدان هەزار هاووڵاتی لەم کوردستانەدا هەیە بە جۆرێکی دیکە بیر دەکاتەوە، ئەو گۆڕانکارییانە رۆژهەڵات دەگرێتەوە، عێراق دەگرێتەوە، باوەڕ ناکەم کوردستان لەمە بەدەربێت.
رووداو: بیرت لە دروستکردنی حیزبێکی سیاسی نەکردووەتەوە؟
مەلا بەختیار: نەخێر، نا. ئێستا بیرم لە شتی وا نەکردووەتەوە.
رووداو: بەشدارییەکی سیاسیت هەیە وەک سیاسەتمەدار، کە جەنابت 50 - 60 ساڵە لەنێو سیاسەتدایت، ئێستا کاریگەرییەکی سیاسی یان کاراییەکی سیاسیت هەیە؟
مەلا بەختیار: کاریگەری ئاشکرایە هەمە، خۆتان دەزانن کە خۆم کاندید کرد بۆ سەرۆککۆمار 95٪ـی فەیسبووک بوو بە من، ئەوە مانای ئەوەیە کە من لەناو ویژدانی خەڵکدا هەم. ئەو نامەیەی کە بۆ کاک بافڵیشم نووسی، بینیتان چی هەرایەک بوو لەسەر نامەکە و فەیسبووک و تەلەفزیۆنەکان و هەمووی باسی دەکرد، یەک پەیج نەبوو باسی نەکات، زۆر زەحمەت دەبینم پەیجێک باسی نەکردبێت، ئەمە مانای ئەوەیە کە هەم، هەر ئەوەندە دەڵێم. بۆ ئایندە چی دەکەم؟ من باوەڕم بە حیزبایەتی کۆن نەماوە، حیزبایەتی کلاسیک نەماوە، دانیشین، پەیڕەو بنووسین و پڕۆگرام بنووسین و سەرکردایەتیمان دیار بێت و لیژنەکانمان دیار بێت و پشتیوانی نێودەوڵەتی و کوردستان و ئەمانەمان هەبێت و پارە پەیدا بکەین و کادر بەخێو بکەین، باوەڕم بەمانە نەماوە. باوەڕم بەوەیە کە خەڵک متمانەی هەبێت، بیروباوەڕی جیاوازی هەبێت، رەخنەی هەبێت، ناڕازی بێت، رۆژێ لە رۆژان رووداوەکان دەگەنە ئاستێک گۆڕانکاری دروست دەکەن، لەناو ئەو گۆڕانکارییانەدا کێ دەتوانێت زۆرتر کاریگەر بێت، کێ دەتوانێت کەمتر کاریگەر بێت، ئەوە رووداوەکانی ئایندە دەیزانن.
رووداو: من و جەنابت ئەو کاتەی کە بەربژێر بوویت، چاوپێکەوتنێکمان کرد، باسی سەرۆکوەزیرانی عێراقمان کرد، پێشبینیت کرد کە ناوێک دێت، رەنگە هیچ لەو ناوانە نەبێ.
مەلا بەختیار: وا نەبوو؟
رووداو: رێک وا دەرچوو.
مەلا بەختیار: دەی باشە.
رووداو: بۆیە من ئەمە دەڵێم، دەمەوێ پرسیاری ئەوە بکەم، بەینی هەولێر و بەغدا چۆن دەبینی لە داهاتوودا؟
مەلا بەختیار: ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە. دیارە دروستنەکردنی پەرلەمان و حکومەتی کوردستان تا رادەیەک زیان لە نێوان هەرێم و بەغدا دەدات، ئەمە هەیە، بەڵام ئەو دۆخەی دواییش دێتە سەری، ئەو دۆخەی کە بە هۆی ئەمریکاوە و بە هۆی ئەو ئاڵوگۆڕەی جەنگی ئێران و ئەمریکاوە دێتە ئاراوە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، عێراق دەبێت بە یەکێک لە گرنگترین مەیدانەکانی سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، ئەمریکا سیاسەتەکەی روونە ئەویش ئەوەیە، عێراقێکی یەکگرتووی دەوێت، سوپایەکی یەکگرتووی دەوێت، دارایییەکی یەکگرتووی دەوێت، ئابوورییەکی یەکگرتووی دەوێت، لەم چوارچێوەیەدا، زۆری لاگرنگ دەبێت هەموو کێشەکان لەگەڵ هەرێم یەکلا بکرێتەوە، هەم لەگەڵ بەغدا قسە دەکەن هەم لەگەڵ هەرێمیش قسە دەکەن.
رووداو: کێشەکانی یەکلا بکرێتەوە لەسەر بنەمای بەهێزبوونی مەرکەز و لاوازبوونی هەرێم یان بە راگرتنی باڵانس لەم نێوانەدا؟
مەلا بەختیار: من نابینم هەرێم لاواز بکەن.
رووداو: چونکە ترسێک هەیە لای بەرپرسانی هەرێمی کوردستان؟
مەلا بەختیار: حکومەتێکی مەرکەزی بۆ ئەمریکا گرنگە، نەک لەسەر حسابی کورد، ئەوە هەڵەیە وا بزانن ئەمانپێچنەوە. ئێمە رۆژئاوای کوردستان نین کە هێشتا دەستوور نەنووسراوە لە سووریا بە کامڵی، مافی فیدراڵی، ئۆتۆنۆمی بە تەواوی روون نییە، یانی جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان هەرێم و پارچەکانی دیکەی کوردستان. جارێکی دیکە، یانی من بە دڵنیایییەوە دەتوانم ئەم قسەیە بکەم، باشووری کوردستان ناگەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی رۆژگاری رەشی نائومێدی و رووخان و بچووککردنەوە، نا، ناگەڕێتەوە.
رووداو: کێ ئەوە زامن دەکات؟ ئەم دڵنیایییەت لە چییەوەیە؟
مەلا بەختیار: بەرژەوەندی نێودەوڵەتی وایە لە ناوچەکەدا.
رووداو: بەرژەوەندی نێودەوڵەتی گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
مەلا بەختیار: ئەو گۆڕانکارییانە بۆ ئەوە نییە ئێمە لەناو بچین، بۆ ئەوەیە ئێمەش لەناو گۆڕانکارییەکاندا جێی خۆمان بکەینەوە، یانی ئەوان قبووڵیانە ئێمە لە ناو ئەو گۆڕانکارییانەدا پێگەی هەرێم بەهێز بکەین. سیاسەتی نێودەوڵەتی و پێوەندییەکانی نێودەوڵەتی و ناوچەکە تێبگەین.
رووداو: ئەگەر پارتی و یەکێتی ناوکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن؟
مەلا بەختیار: ئەگەر پارتی و یەکێتی ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن باشتر دەبێت، چارەسەریشی نەکەن لە دەرەنجامدا بە رای من ئەمریکا بڕیار دەدات کێ نوێنەری کوردە و کێ نوێنەری کوردی یەکگرتووە دەبێت. لە ئەنجامدا دەبێت وای لێ بکات، تا نەگەیشتووەتە ئەوە، چارەسەری بکەن باشترە.
رووداو: ئەگەر لە جەنابت بپرسم ئەو روانگەی ئەمریکا چۆن دەبێت، چیم پێ دەڵێی لەو بابەتەدا؟
مەلا بەختیار: بە ڕای من ئەمریکا پشت دەبەستێ بە زۆرینەی هەڵبژاردن، پشت دەبەستێ بەوەی شەرعییەتی دەسەڵات لەلای کێ دەبێت ئەو کاتە، پایتەخت بە دەست کێ دەبێت ئەو کاتە، ئەمانە کەرەستەی گرنگن بۆ بڕیاری ئەمریکا. بەڵام ئەوە جارێ بڕیار نەدراوە، من دەڵێم ئەگەر کێشەکان چارەسەر نەکران، ئەگەر پەرلەمان و حکومەت ساز نەدران، هیچ بەدووری مەزانە رۆژێ لە رۆژان تۆم باراک بڕیارێکی وا بدا و بڵێ ئەوە بڕیاری ئەمریکایە و کێ پابەندی دەبێت یان نابێت، بۆ هێزەکانی چەکداری عێراق ئەو بڕیارەیان نەداوە؟ بە ئاشکرا نایڵێن ئەگەر هێزە چەکدارەکان لە هێزێکی دەرەوەی دەسەڵاتی شەرعی نەچنە ناو دەسەڵاتی شەرعی، گەمارۆی ئابووری دەخەینە سەر و واتان لێ دەکەین و واتان لێ دەکەین، من پێم وایە ئێستا بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق 15ی مانگی ئایندە لە ئەمریکا دەبێت، جەنابی سەرۆک ترەمپ دەبینێت، باشە؟ ئەمە زۆر گرنگە. بۆچی پێشتر سوودانی نەبینی؟ لە هەموو سەرۆکوەزیرەکانی پێشوو، سەردانی فەرمی، فەرمی دەڵێم، تەنیا بەڕێز مالیکی بانگهێشتی فەرمی کراوە کاتی خۆی. بۆچی بەسەر هەموویاندا تێپەڕی ئێستا عەلی زەیدی بانگهێشت دەکرێ؟ لەبەر ئەوەی کە بڕیاریان هەیە بۆ عێراق. سیاسەتیان هەیە بۆ عێراق. بەرژەوەندییان هەیە لە عێراقدا، لە دوای ئەوەی لەگەڵ ئێران رێکدەکەون، نۆرەی عێراقە رێکی بخەن.
رووداو: ئێران ئاوا دادەنیشێت سەیر بکات عێراقی لەدەست بچێت؟
مەلا بەختیار: ئێستا پرسیارەکەت لەسەر عێراق و ئێران و ئەوانەیە، بچینە ناو ئەو بابەتەوە؟
رووداو: بەڵێ بێگومان، حەز دەکەم بچینە ناو ئەو بابەتەوە. ئێران ئاوا تەماشاکەر دەبێت؟
مەلا بەختیار: نا، تەماشاکەر نابێت بێگومان. عێراقیش ناتوانێت بە ئاسانی داببڕێت لە ئێران، بەڵام ئەم دۆخەی ئێستا دەخولقێ لە دوای رێککەوتنی 19ی مانگ لە جنێف و لە دوای ئەوەش بەردەوامییەکەی بە 60 رۆژ لەسەر وردەکارییەکەی قسە دەکەن، من پێم وایە بگاتە نیمچە رێککەوتنێکی دڵنیاکەر بۆ ئێران، ئێران ناتوانێت وەک جاران بڵێ من ناهێڵم عێراق رێکبکەوێت لەگەڵ ئەمریکا. ناتوانێت، چونکە لە بەرژەوەندی ئێرانیش دەبێت عێراق سهقامگیر بێت و عێراق دەوری خۆی ببێنێت بۆ ئەوەی سەقامگیرییەک لە ناوچەکەدا روو بدات و سەقامگیریش بۆ ئێران روو بدات، لە بەرژەوەندی ئێران دەبێت ئەو کاتە.
رووداو: ناهێڵێ یان ناتوانێ بیکات؟
مەلا بەختیار: هەردووکیەتی. عێراق لەگەڵ ئەمریکا لە دوای ئەو ئاڵوگۆڕەی روو دەدات، لەسەر بوونی هێزی ئەمریکا، رێککەوتننامەی ئەمنی لەگەڵ ئەمریکا، رێککەوتنی ئابووری لەگەڵ ئەمریکا رێکبکەوێ، خۆ ئێران نایەت لەسەر ئەوەی کە سیاسەتی خۆی قبووڵ بکرێت لە عێراقدا یان جەنگ هەڵگیرسێنێتەوە لە ناوچەکەدا، نەخێر خۆی لە جەنگ هەڵگیرساندنەکە لادەدات ئێران ئەو کاتە. مافی خۆشیەتی ئەو کارە بکات.
رووداو: دەستبەرداری دۆستەکانی دەبێت؟
مەلا بەختیار: لە بەرژەوەندی ئێراندایە دۆستەکانی رێکبخاتەوە. لە بەرژەوەندی ئێراندایە دۆستەکانی لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتە بگونجێنێت کە بەڕێوەیە بۆ ناوچەکە. من خۆم یەکێک لەو رووداوانەی هەمیشە بیری لێ دەکەمەوە، چۆن ئەمە روویدا، پێم سەیر بوو ئێران خۆی خستە جەنگێکەوە لە دوای جەنگی ئێران و عێراق کە وەستا، من پێم وابوو ئێران لە دەرئەنجامدا رێکدەکەوێت. نایگەیەنێتە جەنگ. ئێستا جەنگەکە کراوە، لە دوای جەنگەکە، لە دوو خولدا جەنگ کراوە، زیانەکانی بینرا، لە ئەنجامدا چی بوو؟ فەرموو، جەنگێکی ناڕەوا هەر رێککەوتنی لەسەر کرا.
رووداو: بۆچی بەرەو رێککەوتن چوو؟
مەلا بەختیار: لەبەر ئەوەی ئەمریکا دروشمی رووخانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی نەبوو، ئەمریکا مەرجی هەبوو. ئێرانیش مەرجەکانی قبووڵ نەدەکرد. شەڕ لە ئەنجامی چی، یانی جەنگ لە ئەنجامی چی روو دەدات؟
رووداو: هەر لە سەرەتاوە ئەمریکا نەیویستووە رژێمەکە بڕووخێنێ؟
مەلا بەختیار: تا ئێستا ئەمریکا باسی رووخانی رژێمی نەکردووە.
رووداو: باسی نەکردووە، بەڵام چەند جارێک لە رۆژەکانی سەرەتای شەڕدا ئەگەر جەنابت حەتمەن بیرتە دۆناڵد ترەمپ ئێرانی چواند بە ڤەنزوێلا، سەرۆکەکەی لەناو ببەن و وڵاتەکە تەسلیم دەبێت.
مەلا بەختیار: جا خۆ ڤەنزوێلا سەرۆکەکەی گیراوە، بەداخێکی زۆرەوە رابەری ئێران و 400 سەرکردە و فەرماندەی گەورەی ئێرانیش لەم شەڕەدا بوون بە قوربانی، باشە؟ لە ئەنجامدا هەر ئێران ما، خۆ ئێران نەڕووخا کاکە. ئێران یەکێک لە سەرکەوتنەکانی لەم جەنگەدا ئەوەیە توانی خۆی لە رووخان بپارێزێت.
رووداو: هێزی جاران دەمێنێتەوە لە ناوچەکەدا؟
مەلا بەختیار: لە دوای ئەم هەموو زیانە ناکرێ بڵێین بە هێزی جاران دەمێنێتەوە، بەڵام مانەوەی خۆی هێزە. زیانێکی زۆری کردووە ئێران. 400 لە رابەرەوە تا فەرماندەی گەورە کوژراون، ٩٥ هەزار برینداری هەیە، ٤٠ هەزار کوژراوی دیکەی هەیە، ژێرخانی، رێگەوبان، کارەبا، رێگەکانی بازرگانی، گەمارۆکانی لەسەریەتی، ئەمە زیانێکی ئێجگار گەورەیە. بەپێی خەمڵاندنی پسپۆڕەکان 350 ملیار دۆلاری دەوێت ئێران ببێتەوە بە ئێرانی پێش جەنگ.
رووداو: هێزی سیاسی لە ناوچەکەدا دەمێنێت؟ لە یەمەن، لە لوبنان، لە عێراق.
مەلا بەختیار: ئەوەیان بابەتێکی دیکەیە. نە یەمەن یەمەنی جاران دەبێت، نە حوسی حوسی جاران دەبێت، نە حەماس حەماسی جاران دەبێت، نە حیزبوڵڵا وەک جاران دەتوانێت لێخوڕێت، ئێستا مەسەلەی یەکخستنی خاکی لوبنان، هێزی لوبنان، حوکمڕانی لوبنان، ئێستا بووە بە مەسەلەیەکی ستراتیژی هەم لە پەرلەمانی لوبناندا هەم لە حکومەتی لوبناندا. حەماس خۆتان دەبینن لە هێزێکی بەهێزی حەفتا هەشتا هەزار چەکدارییەوە ئێستا بووە بە چی، یانی لە دواین سەنگەرەکانیان ماوە بەرگری بکەن بۆ ئەوەی هیچ نەبێت بە تەواوی تهفروتوونا نەکرێن. حوسییەکان لە ئازاری ئەم ساڵەوە تا ئەم دەقیقەیەی ئێمە قسە دەکەن، توانیویانە هەشت مووشەک بتەقێنن، هەشت، تەنیا هەشت مووشەک. ئەی ئەمە هاوکێشەی جەنگ ناگۆڕێت؟
رووداو: توانای بێزارکردنی ئەمریکایان نەماوە؟
مەلا بەختیار: هەشت مووشەک، بە هەشت مووشەک ئەمریکا بێزار دەکات، ئیسرائیل بێزار دەکات، رۆژانە هەزاران تۆپ دەبرێت لە جەنگدا، هەشت مووشەک ناتوانێ هاوکێشەکە بگۆڕێ. عێراقیش خۆتان دەزانن سێ فەسیڵی گەورە و سەرایای سەلامیش خۆیان هەڵوەشاندەوە و چوونە ناو سوپای عێراق، بەشەکەی دیکەیشی من پێم وایە جارێکی دیکە ئەم قسەیەم کرد ئێستا دووبارەی دەکەمەوە، حەشدی شەعبی، فەسائیلەکان، حەقە کۆنفرانسێک لە نێوان خۆیاندا ببەستن لەبەر رۆشنایی ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکەدایە، جۆرێک لە چارەسەر بۆ خۆیان بدۆزنەوە.
رووداو: عەلی زەیدی دەتوانێ کۆنترۆڵی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بکات؟
مەلا بەختیار: ئەمە بەشێکی پێوەندی بەو رێککەوتنەوەیە کە لە نێوان ئێران و ئەمریکاوە دەکرێت، بەشەکەی دیکەیش پێوەندی بە بەرژەوەندی عێراق و حیزبەکانی عێراقەوە هەیە، عەلی زەیدی بە تەنیا خۆی ناتوانێت ئەم بڕیارە بدات، دەبێت چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەو بڕیارە بدات. پەرلەمانی عێراقیش رۆڵی دەبێت لەو بڕیارەدا، ئەگەر نا، بڵێی عەلی زەیدی وەک سەرۆکوەزیران بە تەنیا، باوەڕ ناکەم خۆی تووشی ئەو کێشە گەورەیە بکات.
رووداو: ئەو گرووپانە گوێ لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەگرن؟
مەلا بەختیار: هەندێکیان سەر بە چوارچێوەی هاوئاهەنگین.
رووداو: بەڵام زۆریشان لە دەرەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگین.
مەلا بەختیار: نەخێر، ئێستا ئەبو ئاڵا، ئەبو ئاڵای وەلائی لە چوارچێوەی هاوئاهەنگییە. نوجەبا لە چوارچێوەی هاوئاهەنگییە، خۆ بەدەر نین لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئێستا بۆ نموونە هادی عامری لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و سیاسەتی ئەوانیشی نییە، سیاسەتی نەرمی هەیە بەرامبەر بە حکومەت و ئەوانە. قەیس خەزعەلی سیاسەتەکەی نەرم بووە بەرامبەر بە حکومەتی عێراق و یەکگرتنی هێزەکان و ئەوانە. من دەڵێم ئەو رێککەوتنەی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا دەکرێ، رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر ئەو دۆخە بەگشتی دەبێت، مەگەر جارێکی دیکە کێشەکان ئاڵۆز ببنەوە.
رووداو: کێ ئاڵۆزی دەکاتەوە؟
مەلا بەختیار: لە نێوان ئێران و ئەمریکادا.
رووداو: ئیسرائیل رۆڵی چی دەبێت لەم نێوانەدا؟
مەلا بەختیار: ئیسرائیل هەتا زەمانی ئەمنی خۆی نەکا، وەک چۆن زەمانی ئەمنی خۆی لەگەڵ میسر کرد، هەتا زەمانی ئەمنی خۆی نەکا، بە جۆرێکی دیکە لە زەمانێکی سیاسی سەربازی ئەمنی دیکەدا، زەمانی ئەمنی خۆی نەکا، ئیسرائیل هەمیشە دەستی لەسەر پەلاپیتکە دەبێت.
رووداو: دەتوانێ کێشە بۆ رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران دروست بکات؟
مەلا بەختیار: ژێر بە ژێر ئا، بەڵام سرووشتی سەرۆکی ئەمریکا لەو سرووشتانە نییە، یانی بە ئاسانی قبووڵ بکات ئیسرائیل بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا پێشێل بکات.
رووداو: بەس ئیسرائیلیش هۆشداری دەدات؟
مەلا بەختیار: ئا دەڵێ ئەگەر مەترسی لەسەر ئاسایشی ئێمە هەبێ هەموو شتێک دەکەین، دەڵێ لە ئێرانیش دەدەین، لە حیزبوڵڵاش دەدەین.
رووداو: ئەو مەترسییە لەسەر ئاسایشی و ئەو زەمانە ئەمنییەی بۆ وڵاتەکە هەیە کە جەنابت باسی دەکەی، دروست بووە ئێستا لەم قۆناخەدا بۆ ئیسرائیل؟
مەلا بەختیار: بەردەوام ئیسرائیل دەڵێ من لە مەترسیدام، بەردەوام دەڵێ من مەترسی وجودیم لەسەرە.
رووداو: کەواتە بەردەوامیش دەتوانێت کێشە دروست بکات؟
مەلا بەختیار: ئینجا رێککەوتنەکە دەزانێت، ئەو رێککەوتنەی کە ئەمریکا مۆری دەکات لەگەڵ ئێراندا، ئەو خاڵانەی کە ئێران رازی دەبێت بۆ ناوچەکە هەمووی. ئاخر ئیسرائیلیش ناتوانێت بە ئێران بڵێت لادە و پشتیوانی حیزبوڵڵا نەکەی و دۆخەکە هەمووی بە دڵی من بێت. کە هاتە سەر رێککەوتن، دانوستانە. دەدەیت و وەردەگریت. ئیسرائیلیش ناچار دەبێت رەچاوی هەندێک لە گۆڕانکاریییەکانی ئێستا لەسەر مێزی گفتوگۆکان و رێککەوتنەکان بکات.
رووداو: ئەم رێککەوتنەی بە بڕوای ئێوە کۆتایی بە ململانێیەکی 45 - 46 ساڵەی نێوان ئەمریکا و ئێران دەهێنێت؟
مەلا بەختیار: زۆر زۆرم پێ خۆشە ئەم پرسیارە، مەسەلەکە گەورەترە لەوە. من ئەگەر قسەی دڵی خۆم بۆ بکەم، بیرم لێ کردووەتەوە ئەم قسەیە بکەم یان نەکەم پێش ئەوەی بێمە ئێرە، من پێم وایە رێککەوتنەکە تۆکمە بێ، هاوسەنگ بێ، من پێم وایە زەمەنی یاخیبوون و دروستکردنی هێزی چەکداری گەورە و شەڕوشۆڕ وردەوردە کۆتایی دێت. پاریش گوتم، ئەمساڵیش دەیڵێم، هێزی ناشەرعی کە بە فەرمی هێزی دەوڵەت نەبێ کۆتایی دێت.
رووداو: ناوچەکە ئیسراحەت دەکات؟
مەلا بەختیار: کۆتایی دێت. ئیسراحەت فەرق دەکات، رێژەیییە ئەم قسەیە، بەڵام ئەمەی تا ئێستا گوزەراوە، ئەمە کۆتایی دێت. جا لەمەودوا پرۆسەکە چۆن دەکەوێتەوە، ئەمە بابەتێکی دیکەیە. من بە ڕوونی با بڵێم، بتەوێ و نەتەوێ ئەم دەوڵەتانەی کە هەن ئێستا، ناتوانن وەک جاران حوکمڕانی بکەن. ئەو هێزە چەکدارانەی کە هەن، بۆ رزگاری گەلانیش بێ، بە ناوی بەرگرییەوە بێ، هەر ناوێکی لێ دەنێیت لێی بنێ، ئەم هێزە چەکدارانە ناتوانن زیاتر درێژە بە خۆیان بدەن و ئومێدەواریش بن بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سیاسییەکانیان. یانی من پێم وایە هەموو بەشەکانی کوردستان دەبێت ئەم گۆڕانکارییە گەورە، ستراتیژی، هەمەلایەنە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ببینن. یانی لەوە زیاتر نارەخسێت کە جەنگی ئەمریکا و ئێران بەرپا بوو، گۆڕانکاری لە رۆژهەڵاتی کوردستان بێتە ئاراوە، ئێ نەهاتە دی.
رووداو: بێ ئومێد بوویت لێی؟
مەلا بەختیار: بێ ئومێد نیم بۆ گۆڕانکاری، بەڵام بێ ئومێد بووم بە هێزی چەکدار بتوانێ گۆڕانکاری گەورە بەدەست بهێنێت. تەواو بوو ئەوە. مەگەر جارێکی دیکە جەنگ بەرپا ببێتەوە، ئەگەر نا، جەنگ بەرپا نەبێ بە هێزی چەکدار لە هیچ بەشێکی کوردستان، تازە ناتوانی ئامانجە نەتەوەیییەکانت بەدی بهێنیت.
رووداو: سەردەمی هێزی چەکدار کۆتایی هاتووە؟
مەلا بەختیار: بە ڕای من لە رووی ستراتیژی بەدیهێنانی ئامانجی نەتەوەیییەوە، خەباتی چەکداری کۆتایی هاتووە.
رووداو: زۆر سوپاست دەکەم
مەلا بەختیار: زۆر سوپاس
* ئەم هەڤپەیڤینە رۆژی 17ی حوزەیرانی 2026 لە هەولێر تۆمارکراوە.

