رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت: "لیژنەیەکی تەکنیکیی بەغدا بۆ دانانی میکانیزمی پاراستن، سەردانی کێڵگە نەوتییەکان دەکات."
سەرەتای ئەم هەفتەیە شاندێکی سەربازیی عێراق بە سەرۆکایەتیی سوپاسالار سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد. سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق گوتی، ئامانجی سەردانی شاندەکە، پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان بووە، دوای ئەوەی کۆمپانیاکانی نەوت داوای گەرەنتیی ئەمنییان کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان.
سەباح نوعمان گوتی: "کۆبوونەوەکە ئەرێنی بوو و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەرەنجامەکانی جێبەجێ دەکرێن." ئاماژەی بەوەش کرد، لیژنەیەکی تەکنیکی لە بەغداوە دەچێتە کێڵگە نەوتییەکان و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە، رووپێوییەکی مەیدانی دەکات و راپۆرتی خۆی پێشکەشی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات.
بە گوتەی نوعمان، بەپێی سرووشتی هەڕەشەکان رێکاری پاراستن دەگیرێتەبەر و "دەکرێت سیستمی دژەدرۆن لە هەندێک کێڵگە دابنرێت." هەروەها زانیاریی هەواڵگری لەبارەی ئەو لایەنانەی هێرش دەکەنە سەر کێڵگە نەوتییەکان، لەنێوان هەردوولادا ئاڵوگۆڕ دەکرێن.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق:
رووداو: وەکو شاندێکی باڵا هاتنە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، بەتایبەتی بۆ پرۆسەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان. لە هەرێمی کوردستاندا چۆن باسی ئەم پرۆسەیەتان کرد، باسی چی کرا و چیتان گوت؟
سەباح نوعمان: ئەو شاندەی پێش چەند رۆژێک سەردانی هەولێری کرد، بە رێنمایی بەڕێز سەرۆکوەزیران، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بوو؛ بۆ ئاگاداربوون لە پێداویستی و داواکارییەکانی پاراستنی دامەزراوە گرنگەکانی و کۆمپانیا نەوتییە سەرکارەکان لە هەرێمی کوردستان، وەک ئامادەکارییەک بۆ گەڕانەوەی ئەم کۆمپانیایانە و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە. پێش سەردانی ئەم شاندە، دیدارێک لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران [عەلی زەیدی] لەلایەن شاندێکی هەرێمی کوردستانەوە بە سەرۆکایەتیی وەزیری سامانە سرووشتییەکان و وزە و بە هاوڕێیەتیی ژمارەیەک لە سەرۆک کۆمپانیاکان کرابوو، تێیدا داوای گەرەنتیی پاراستنیان کردبوو و بەڵێنیان دا بە دەستپێکردنەوەی دەستبەجێی هەناردەی نەوت لە حاڵەتی هەبوونی ئەم گەرەنتییانەدا. بۆیە سەردانی ئەم شاندە ئەمنییە بە سەرۆکایەتیی بەڕێز سوپاسالار بۆ گفتوگۆ بوو لەگەڵ سەرکردەکان لە هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو رێگەیانەی دەتوانین دامەزراوە نەوتییەکان بپارێزین. دیدارەکان بەرهەمدار بوون و گەیشتینە کۆمەڵێک هەنگاو و رێکار، کە لە چەند رۆژی داهاتوودا جێبەجێ دەکرێن.
رووداو: ئەو هەنگاو و رێکارانە چی بوون کە پێیگەیشتوون؟
سەباح نوعمان: لیژنەیەکی ناوەندیی تەکنیکی لە بەغداوە پێکدەهێنرێت و دەچێتە هەولێر و لەگەڵ برایان لە وەزارەتی ناوخۆ کۆدەبێتەوە، یان کارەکانی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە بە هاوئاهەنگی دەکات؛ رووپێوییەکی مەیدانی بۆ سەرجەم دامەزراوە گرنگەکان و کێڵگە نەوتییەکان دەکەن و رێگەکانی پاراستن و پێداویستییەکانی پاراستن دیاری دەکەن، راپۆرتەکەشیان بەرز دەکەنەوە بۆ بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ وەرگرتنی رەزامەندی، هەروەها رەزامەندیی بەڕێز سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان. ئەم لیژنەیە پێکدەهێنرێت و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەچێتە کوردستان و دەستبەجێ دەست بە کارەکانی دەکات. سەرەڕای ئەوەش، پرۆسەی ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگریش هەیە لەسەر ئەو لایەنە لەیاسادەرچووانەی کە هەوڵ دەدەن یان لە ماوەی رابردوودا هەوڵیان داوە ئەم کێڵگانە بکەنە ئامانج. جگە لەوەش، هەڵسەنگاندن بۆ قەرەبوو و سنووری بەرپرسیارێتیی یەکە سەربازییەکان دەکرێت، چ لە هەرێمی کوردستان یان لە ناوەند، بۆ ئەوەی هیچ بۆشاییەک یان ناوچەیەکی چۆڵ نەهێڵرێتەوە کە گرووپە لەیاسادەرچووەکان بتوانن بیقۆزنەوە بۆ هێرشی ناڕاستەوخۆ یان بە تەقەی ناڕاستەوخۆ کە دامەزراوە گرنگ و سەرەکییەکان بکاتە ئامانج. بۆیە ئیرادەکە هەیە و رێککەوتن و دیدگاکەش روونە و پشت بەخوا بەم زووانە لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا بەرهەمی دەبێت و شایەتی گەڕانەوەیەکی خێرای هەناردەکردنی نەوت دەبین لە هەرێمی کوردستانەوە.
رووداو: من دەمەوێت زیاتر بچمە ناو وردەکارییەکانەوە؛ جەنابت ئاماژەت بەوەدا لیژنە دێت و رێکار دەگیرێتەبەر. رێکارەکان ئامانجەکەیان چییە؟ دەکرێت پێمان بڵێیت ئەو میکانیزمانە چین، هیچ میکانیزمێکی دیاریکراو هەیە کە کێڵگە نەوتییەکانی پێ بپارێزرێت؟
سەباح نوعمان: ئەم لیژنەیە لە رووپێوییە مەیدانییەکەیدا، ئاگاداری ئەو رێکارانەی پاراستن دەبێت کە ئێستا لەم ناوچانە و لەم دامەزراوانەدا بەردەستن، هەروەها جۆری هەڕەشەکە و ئەو رێگەیانەی پاراستن دیاری دەکات کە دەکرێت بۆ ئەم دامەزراوە گرنگانە دابین بکرێن. بەپێی سرووشتی هەڕەشەکە و سرووشتی ناوچەکە، رێکاری گونجاو بۆ پاراستنی هەر دامەزراوەیەک دەگیرێتەبەر، چ لە ئامێرەکانی بەرگری یان سیستمی بەرگریی ئاسمانی یان درۆن، هەروەها سیستمی دژە درۆن کە دەکرێت بۆ هەندێک لە کێڵگەکان دابین بکرێت. بۆیە سرووشتی ئەو پشکنینە تەکنیکییەی کە ئەم لیژنەیە دەیکات، سرووشت یان جۆری ئەو پاراستنە دیاری دەکات کە دەتوانرێت بۆ دامەزراوە گرنگەکان یان کێڵگە نەوتییەکان دابین بکرێت، بۆیە پرۆسەی رووپێویی مەیدانی و دیاریکردنی سرووشتی هەڕەشەکە و سرووشتی پاراستنەکە، ئەوانە جۆر و میکانیزمەکانی دابینکردنی پاراستن بۆ ئەم دامەزراوانە دیاری دەکەن.
رووداو: بەڕێز سەباح، هیچ گفتوگۆتان لەسەر پڕچەککردنی پێشمەرگە کردووە بۆ پاراستنی ئەو کێڵگانە، یان بڕیار ئەوەیە هێزە فیدراڵییەکان ئەو ئەرکە بگرنە ئەستۆ؟ ئەمە قسەی لەسەر کراوە و یەکلایی بووەتەوە یان جارێ نا؟
سەباح نوعمان: دیدگای بەڕێز سەرۆکوەزیران، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، دابینکردنی سەرجەم ئەو چەکانەیە بۆ سیستمی ئەمنی کە پێویستن بۆ لەناوبردنی هەموو سەرچاوەکانی هەڕەشە، چ راستەوخۆ بن یان ناڕاستەوخۆ. دیدگاکەش نوێکردنەوە و پەرەپێدانی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی عێراقە، وەزارەتی بەرگریش لە رێگەی فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانییەوە کار دەکات بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیا بەناوبانگەکان بۆ خاوەندارێتیی سیستمێکی بەرگریی ئاسمانی کە توانای پاراستنی ئاسمانی عێراقی هەبێت و توانای لەناوبردنی هەموو جۆرە هەڕەشەیەکی هەبێت. لەبەر ئەوە، هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە بەشێکن لە سیستمی ئەمنی و هێزە چەکدارەکانی عێراق، بۆیە بەدڵنیاییەوە پشکیان دەبێت لە پلانی دابەشکردندا لەسەر بنەمای دیدگای مەیدانیی وەزارەتی بەرگریی عێراق. بۆیە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و پێشمەرگە بەشێکە لە هێزە چەکدارەکانی عێراق، بەدڵنیاییەوە پڕچەککردن و پەرەپێدانی سیستمی کاری پێشمەرگەش یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی کاری هێزە چەکدارەکانی عێراق و دیدگای بەڕێز فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەرۆکوەزیران.
رووداو: بەڕێز سەباح، کەواتە با بپرسم، ئێوە هاتن و حەتمەن راپۆرتێکتان ئامادە کرد و پێشکێشی سەرۆکوەزیرانتان کرد. بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لەو بارەیەوە چی بوو و چی گوتووە؟
سەباح نوعمان: تاوەکو ئێستا چاوەڕێی پێکهێنانی لیژنەکەین. ئەم لیژنەیە لە وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە پێکدەهێنرێت و دەچێتە هەرێمی کوردستان بۆ هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ براکان لەوێ و رووپێویی مەیدانی، راپۆرتەکەشی لە رێگەی بەڕێز سوپاسالارەوە پێشکێشی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەکات. بۆیە ئێستا ئێمە چاوەڕێی چوونی ئەم لیژنەیەین لە چەند رۆژی داهاتوودا؛ لیژنەکە دەچێت و راپۆرتی کۆتایی خۆی بەرز دەکاتەوە بۆ فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بۆ دەستپێکردنی کارکردن لەسەر دابینکردنی سیستمی پاراستن و لە ئەنجامدا گەڕانەوەی ئەم کۆمپانیایانە بۆ سەر کارەکانیان بەو دۆخە ئاساییەی کە پێش شەڕی چل رۆژەی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەری بوون.
رووداو: ئەوەی کە جەنابت روونت کردەوە، بەڕێز سەباح، واتە گرتنەبەری هەموو رێکارێک بوو بۆ پاراستنی ئەمنیەتی ئەو کێڵگە نەوتییانە. بەڵام هەر دەبێت بپرسم، ئایا هەر بەراست لەگەڵ ئەم رێکارانەی کە بڕیارە بگیرێنە بەر، بەراستی گەرەنتیی ئەمنی هەیە بۆ کۆمپانیا بیانییەکان و دڵنیاییتان پێداون، کە دەست بەکار بکەنەوە؟
سەباح نوعمان: ئەم گەرەنتییە لەلایەن بەڕێز سەرۆکوەزیرانەوە لە کاتی دیدارەکەیدا لەگەڵ براکان لە هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان پێشکێشکرا، هەروەها چوونی ئەم شاندە باڵایە و دیدارەکەی لەگەڵ سەرکردایەتییەکان لە هەرێمی کوردستان؛ جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و بەڕێز سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی. ئەم شاندە گەرەنتی و نییەتێکی راستگۆیانەی پێبوو بۆ هاوئاهەنگی و کارکردن لەسەر گەڕانەوەی ئەم کۆمپانیایانە و دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی پێویست، بۆیە کارەکان بە خێرایی بەڕێوەدەچن؛ نییەتەکە هەیە، بەڵێنیش دراوە؛ تێگەیشتنیش لە نێوان ناوەند و هەرێمدا هەیە. ئێمە هەموو وەڵامدانەوەیەکمان لە بەڕێزان سەرۆکە رێزدارەکان لە هەرێمی کوردستان بینی و گڵۆپی سەوزیان بۆ ئەم لیژنەیە داگیرساند بۆ کارکردن و پێشکێشکردنی هەموو ئاسانکارییەک بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی کاری ئەم لیژنەیەی کە لە بەغداوە دەچێتە هەرێم، هەروەها ئاسانکاریی کاری لیژنەکە و کردنەوەی رێگە لەبەردەمیدا بۆ سەردانیکردنی سەرجەم پێگە گرنگەکان. بۆیە وەڵامدانەوەی هەرێم هەیە، نییەت و بەڵێندانی ئەم لیژنەیە و سەرکردایەتییە باڵاکانی وەزارەتی بەرگریش هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆسیەیە و گەڕانەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە، چونکە ئێمە لە تەنگژەیەکی ئابووریدا دەژین بەهۆی داخرانی تەنگەی هورمزەوە، لەبەر ئەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە بەشدار دەبێت لە کەمکردنەوەی ئەم تەنگژەیە و پشتگیریکردنی ئابووریی عێراق بەوەی پێویستە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە لە ئاستێکی قبوڵکراودا.
رووداو: تۆم باراک پێرێ گەیشتە عێراق و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. دەمەوێت بپرسم، ئەو پاڵپشتییە چی بوو کە تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا، بە ناوی حکومەتی ئەمریکا گەیاندیە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؟
سەباح نوعمان: تۆم باراک، وەک نێردە بۆ کارکردن لە عێراق و سووریا دەستنیشانکراوە. حکومەتی بەڕێز سەرۆکوەزیران لە ناوخۆ، دەرەوە، ناوچەکە و جیهاندا پشتیوانییەکی زۆر گەورەی لێکرا، ئەو متمانە و پشتیوانیی سەرکردایەتی و حکومەتی ئەمریکای هەیە بەتایبەتی لەلایەن بەڕێز ترەمپەوە. چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی داهاتوودا بەڕێز سەرۆکوەزیران سەردانی واشنتن بکات بۆ تاوتوێکردنی کارەکان لە پرسە ئابووری، سیاسی و ئەمنییەکاندا، بۆیە بوونی نێردەی تایبەت پشتیوانییە بۆ ئەم حکومەتە.
رووداو: رۆژی سەردانەکە دیاری کراوە بەڕێز سەباح؟
سەباح نوعمان: پێموایە لە نێوەڕاستی مانگدایە، بەپێی ئەوەی بەڕێز گوتەبێژی حکومەت رایگەیاندووە؛ لە نێوەڕاستی مانگی داهاتوودا دەبێت، هەروەها کار دەکرێت لەسەر دیاریکردن و ئامادەکردنی بەرنامەی سەردانەکە و ئەو دۆسیانەی کە بەڕێز سەرۆکوەزیران تاوتوێیان دەکات. بەدڵنیاییەوە پرسە ئابووری و ئەمنییەکان لە پێشینەی ئەو پرسانە دەبن کە بەڕێز سەرۆکوەزیران باسیان دەکات، بەتایبەتی کە ئێمە نزیکدەبینەوە لە کۆتاییهاتنی کاری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە 30ی ئەیلوولدا، بۆیە پێویستمان بە دەستپێکردنی ئامادەکردنی هاوبەشییەکی دووقۆڵییە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەپێی ئەوەی لیژنەی ئەمنی کاری لەسەر کردووە کە لە ساڵی 2024دا پێکهێنرا و بەپێی ئەویش رێکەوتە زەمەنییەکان بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی و دەستپێکردنی رێکارەکانی پەیوەندییەکان و هاوبەشییە دووقۆڵییەکان دیاریکران، چ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان یان بەریتانیا یان هەندێک لە وڵاتانی هاوپەیمانی. بەڵام لەپێشینەیی هاوبەشیی دووقۆڵی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کارە لەپێشینەکانی کاری ئەم حکومەتەیە، پشت بەخوا کار دەکەین لەسەر ئامادەکردنی ئەم پەیوەندی و هاوبەشییە لە داهاتوویەکی نزیکدا و بە سەردانەکەی بەڕێز سەرۆکوەزیران کۆتایی دێت.

