لە چیرۆکێکی سەرکەوتندا، کە لە کەمپێکی پەنابەرانەوە دەستی پێکردووە تا گەیشتووەتە یەکێک لە بەرزترین مەدالیاکانی نیوزیلاند، پارێزەری کورد و چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤ و راوێژکاری باڵای کۆمیسیۆنی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، رێز گەردی، مەدالیای شایستەیی یان رێزلێنانی نیوزیلاندی بە پلەی ئەندام وەرگرت. ئەمەش وەک رێزلێنانێکە بۆ خەبات و هەوڵەکانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە بواری پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پەنابەراندا.
رێز گەردی، کە وەک پەنابەرێک لەگەڵ خێزانەکەی گەیشتبووە وڵاتی نیوزیلاند، توانی رێگەیەکی ئەکادیمی و پیشەیی سەرکەوتوو بنیات بنێت. ئەو بووە یەکەمین پارێزەری کورد لە نیوزیلاند و یەکەمین کوردیش کە لە کۆلێژی یاسای زانکۆی هارڤارد دەرچووە. ئەو ساڵانێکە کارەکانی بۆ پاراستنی چینە لاوازەکان و هەروەها پشتیوانیکردنی پەنابەران و بەشداریکردن لە بەهێزکردنی دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهاندا تەرخان کردووە. ئەمڕۆ ئەم خەڵاتە شاهانەیە داننانێکی فەرمییە بە گەشتێکی پڕ لە رەنج و دەستکەوتدا و پەیامێکی هیوایە بۆ هەر کەسێک کە بڕوای وایە سەختییەکان دەکرێت ببنە چیرۆکی سەرکەوتن.
بە کورتی، ئەم مەدالیای شایستەییەی نیوزیلاند تەنها خەڵاتێک نییە، بەڵکو ئەندامێتییەکی فەرمییە لە سیستمێکی رێزلێنانی نیشتمانیدا کە رێز گەردی وەک ئەندام تێیدا دەستنیشان کراوە. بوون بە ئەندامیش لە سیستمێکی لەم شێوەیەدا شتێکە کە کەسایەتییەکی کەم لە جیهاندا دەتوانن پێی بگەن.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ رێز گەردی:
رووداو: رێز خان، زۆر بەخێربێیت، پیرۆزە ئەم خەڵات و ئەندامێتییەش.
رێز گەردی: زۆر سوپاس. "رۆژباش، گەلەک سوپاس". هەروەها سوپاس بۆ وشە جوانەکانت. مایەی خۆشحاڵییەکی زۆرە کە ئەمڕۆ لێرەم قسەت لەگەڵ بکەم.
رووداو: بەخێرهاتیت. وەرگرتنی ئەم خەڵاتە و بوون بە ئەندام لە سیستمی رێزلێنانی وڵاتی نیوزیلانددا، وەک ژنێکی کورد و وەک پەنابەرێکی پێشوو، بۆ تۆ چ مانایەک دەگەیەنێت؟
رێز گەردی: کاتێک وەک پەنابەرێک گەیشتمە نیوزیلاند، هەرگیز نەمدەتوانی خەیاڵی ئەوە بکەم، کە رۆژێک لە کۆشکی حکومەتدا دەوەستم و بەرزترین خەڵاتی رێزلێنانی نیوزیلاند وەردەگرم. بۆ من، ئەمە ساتێکی پڕ لە شانازییە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا رەنگدانەوەی ئەو دەرفەتانەی سەلامەتی و دەستڕاگەیشتن بە خوێندنە، کە وەک پەنابەرێکی نیشتەجێبووی نیوزیلاند توانیم بەدەستی بهێنم، هەروەها توانیم هەموو ئەو دەرفەتانە بەکاربهێنم نەک تەنیا بۆ بەرەوپێشبردنی ژیانی پیشەیی خۆم، بەڵکو بۆ یارمەتیدانی ئەو کۆمەڵگایانەی لە دەوروبەرماندان و کارکردن لەپێناو بونیاتنانی جیهانێکی یەکسانتر و دادپەروەرتر. بۆیە بۆ من ئەمە ساتێکی لەڕادەبەدەر جێگەی شانازییە، بەڵام لەوەش گرنگتر، بیرخەرەوەی ئەو هێز و توانایەیە، کە ئێمە وەک پەنابەران هەمانە بۆ گەیشتن بە خەونەکانمان، ئەگەر ژینگە و پاڵپشتیی گونجاومان بۆ دابین بکرێت.
رووداو: کاتێک ئەم خەڵات و ئەندامێتییە شایستەییەی نیوزیلاندت وەرگرت، یەکەمین بیرکردنەوە و یادگاری کە ئەو کاتە بە مێشکتدا هات چی بوو؟
رێز گەردی: بێگومان، یەکەم شت کە بە مێشکمدا هات ئەو شانازییە بوو، کە کارەکانم بەم شێوەیە رێزی لێ دەگیرێت و بەرز دەنرخێندرێت. بەڵام لەوەش گرنگتر، بیرکردنەوە بوو لەو خەبات و سەختی و ئەزموونانەی کە وەک پەنابەرێک هەمبوو، وەک کۆمەڵگەیەکی کوردیی چەوساوەی بێ دەوڵەت، کە ناچار کراین هەڵبێین، هەروەها بیرکردنەوە لەوەی لە کوێوە دەستمان پێکرد و گەیشتینە کوێ. بۆیە راستییەکەی، یەکەمین بیرکردنەوەکانم پەیوەستکردنی ئەو واقیعە بوو کە وەک منداڵێک هەمبوو، وەک پەنابەرێک کە لە کەمپێکی پەنابەران لە پاکستان گەورە بووم، بە هەموو ئەو نادادپەروەرییانەی کە وەک گەلی کورد رووبەڕوومان بووەتەوە و پاشان گرێدانی بەم ساتە قووڵەی، کە بەم خەڵاتە رێزم لێ دەگیرێت. راستییەکەی، ئەمە بۆ من ساتێک بوو بۆ تێڕامان لەوەی، کە چەندە رێگەیەکی دوورم بڕیوە، هەروەها بیرکردنەوە لە هەموو ئەو کەسە پاڵپشتانەی لە دەوروبەرم بوون و ئەو دەرفەتانەی کە بۆم رەخساون، تاوەکو لەگەڵ کۆمەڵگاکانی سەرتاسەری جیهان کاربکەم. کەواتە بابەتەکە تەنیا خودی خەڵاتەکە نییە، بەڵکو بۆ من پێزانینێکە بۆ ئەو کاریگەرییەی کە دەمویست هەمبێت لە کارکردن لەپێناو دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤدا، لە رێگەی بەکارهێنانی ئەو لێهاتوویی و دەرفەتانەی کە بۆ دروستکردنی جیهانێکی باشتر هەمبووە. پێم وایە بابەتەکە لە خودی خەڵاتەکە گەورەترەو پەیوەندیی بەو مانایەوە هەیە، کە چی دەگەیەنێت کاتێک پەنابەرێک بەم شێوەیە رێزی لێ دەگیردرێت.
رووداو: ئینجا ئێستا دیمەنی کاتی رێوڕەسمەکەش لەسەر شاشەی رووداو هەیە، تۆ بە جلوبەرگی کوردییەوە بەشداریت لەم رێوڕەسمەدا کردووەو زۆر جوان و سەرنجڕاکێش دەرکەوتوویت. بەشداریکردنت بە جلوبەرگی کوردییەوە لەنێو ئەو هەموو بەشداربووەدا مەبەستت لێی چی بوو؟ دەتویست چ پەیامێک بگەيەنیت؟
رێز گەردی: وەک لە وێنەکەدا دەیبینیت، بەوپەڕی شانازییەوە جلی کوردیم پۆشیوە، چونکە دەمویست نوێنەرایەتیی ناسنامەکەم و ئەو شوێنەی لێیەوە هاتووم و مێژوو و خەباتی گەلەکەم بکەم، کە کوردبوون شتێکە جێگەی شانازییە، بەشێکە لە ناسنامەکەم و بەشێکە لە هۆکاری ئەوەی کە ئەو کارە دەکەم، کە ئێستا دەیکەم. گەورەبوونم وەک کەسێک کە زۆر ئاگادارە بە مێژوو و ئەو نادادپەروەرییانەی کە گەلی کورد چەشتوویەتی، هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی بمەوێت بچمە ناو بواری یاساوە و هێزی یاسا و سیستمە یاساییەکان بەکاربهێنم، بۆ خەباتکردن لەپێناو دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤدا. بۆیە ناسنامە کوردییەکەم چەقی کارەکانمە و ئەو هۆکارەیە کە وای کرد دەست بەم گەشتە بکەم. سەرباری ئەوەش، لە وێنەکەدا دەبینیت، کە کەوایەکم لەبەرکردووە. ئەم کەوایە پێی دەگوترێت "کۆرۆوای"، بە زمانی "ماوری" وای پێ دەڵێن، کە زمانی رەسەنی ئاوتێروای نیوزیلاندە. بۆ من زۆر گرنگ بوو، رێز لە فەرهەنگی "ماوری" بگرم، چونکە ئەوان خەڵکی رەسەنی نیوزیلاندن، هەروەها هەستم بە پەیوەندییەکی زۆر دەکرد لەنێوان فەرهەنگ و مێژووی ماوریدا و ئەو نەهامەتییانەی لە رابردوودا بەهۆی لەدەستدانی فەرهەنگ و لێسەندنەوەی زمانیانەوە چەشتوویانە، کە دەچێتەوە سەر هەندێک لەو واقیعانەی کە ئێمە وەک گەلی کورد ئەزموونمان کردوون و رەنگدانەوەی مێژوو و ئەزموونگەلێکی هاوشێوەن، کە گەلەکەمان بە شێوەیەکی کارەساتبار لە سەدەی رابردوودا پێیدا تێپەڕیوە. بۆیە بۆ من کۆکردنەوە و تێکەڵکردنی ناسنامە کوردییەکەم لەگەڵ ناسنامەی ماوریی نیوزیلاندیدا زۆر گرنگ بوو بۆ تیشکخستنە سەر ئەو هاوپشتی و پێزانینەی کە خەڵکی رەسەنی نیوزیلاند رێگەیان پێداین وەک پەنابەر لە وڵاتەکەیاندا بە سەلامەتی بژین. بەڕاستی گرنگە ئەم دوو فەرهەنگەمان پێکەوە گرێ بدەین بەهۆی ئەو نادادپەروەرییەی کە هەردوو کۆمەڵگەکەمان لە رووی مێژووییەوە رووبەڕووی بوونەتەوە، هەروەها لەپێناو خەباتکردن بۆ مافەکانی کۆمەڵگاکانمان.
رووداو: وەک دەزانیت خەڵاتکردن رێزلێنانە لەو کارانەی کە لە رابردوودا کراون، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بەرپرسیارێتییە بۆ داهاتوو. دوای وەرگرتنی ئەم پلەیە و ئەم ئەندامێتییە، قۆناخی داهاتووی کارەکانت چی دەبێت؟ ئایا کەیس و دۆسیەی دیاریکراو هەن، کە پێویستە کاریان لەسەر بکەیت؟
رێز گەردی: وەک ئەوەی بە دروستی ئاماژەت پێ کرد، پێزانین و رێزلێنان بەم شێوەیە هەم شانازییە و هەم بەرپرسیارێتیش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. من رێزم لێ گیراوە بەهۆی ئەو کارانەی لە بواری مافەکانی مرۆڤ و بۆ پەنابەران کردوومن، هەروەها بەهۆی ئەو کاریگەرییەی کە هەمیشە تیشکم خستووەتە سەری. چەقی کارەکانی من دروستکردنی کاریگەری بووە لەسەر خەڵک و ئەو شێوازەی کە بتوانن بە کەرامەت و سەلامەتییەوە بژین و خاوەنی داهاتوویەک بن بەو جۆرەی هەموومان دەمانەوێت. بەشێک لەو بەرپرسیارێتییە ئەوەیە کە لەگەڵ ئەم خەڵاتەدا، وەک رێزلێنانێک لەم نازناوە، لە پلاتفۆرمە جیاوازەکاندا دەردەکەوم و دەناسرێم. بۆیە دەمەوێت ئەو پلاتفۆرم و رێزلێنانانە بەکاربهێنم بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی ئەو کارەی کە دەیکەم، کە هەمیشە چەقەکەی خەڵک، مافەکانی مرۆڤ، دادپەروەری و دەستەبەرکردنی پاراستن و سەلامەتییە بۆ خەڵک. لەبەر ئەوە، ئەرک و پەیامی من بەردەوامبوونە لەو کارە و بەردەوامبوونە لە بەکارهێنانی ئەو لێهاتوویی، پەروەردە، دەرفەت و پلاتفۆرمانەی کە لە خزمەتی مافەکانی مرۆڤدا هەمە. من پابەند دەبم بەو هەوڵە و بەو پەیامەوە. بۆیە کارەکانم لەم بوارەدا بەردەوام دەبن. بەردەوام دەبم لە کارکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی پەنابەران بۆ دڵنیابوون لەوەی کە خەبات دەکەین بۆ پاراستنیان، دڵنیابوون لەوەی کە چارەسەر دەدۆزینەوە بۆ ئاوارەبوونی زۆرەملێ و چەوساندنەوە، هەروەها پێکەوە کار دەکەین بۆ دووبارە بونیاتنانەوەی هیوا بۆ ئەو ملیۆنان کەسەی کە ناچارن هەڵبێن و هیچ بژارەیەکی دیکەیان نییە جگە لە گەڕان بەدوای سەلامەتیدا.
رووداو: ئەم ئەندامێتییە بۆ چەند بەردەوام دەبێت؟ ئایا کاتێکی دیاریکراوی هەیە یان چۆنە؟ هەروەها لەنێو چەند کەسدا تۆ هەڵبژێردرایت؟
رێز گەردی: بوون بە ئەندام لە "سیستمی رێزلێنانی شایستەیی نیوزیلاند" یەکێکە لە بەرزترین خەڵاتەکانی رێزلێنان لەنێو سیستمی نیوزیلانددا. من لەلایەن حاکمی گشتییەوە بە نوێنەرایەتیی خاوەنشکۆ پاشا چارلزی سێیەم وەرمگرت. ئەم سیستمی رێزلێنانە بەشێکە لە مێژووی نیوزیلاند وەک بەشێک لە سیستمی پاشایەتی. بەرنامەی رێزلێنانی هاوشێوە لە سەرتاسەری شانشینی یەکگرتوو[ی بەریتانیا]، ئوسترالیا، کەنەدا و نیوزیلاند هەن، کە سیستمی رێزلێنانی تایبەت بە خۆیان هەیە بە نوێنەرایەتیی خاوەنشکۆ پاشا. ئەمە ئەندامێتییەکی هەمیشەییە، بۆیە بوون بە ئەندام لە سیستمی رێزلێنانی شایستەیی نیوزیلاند بۆ هەتاهەتایە و بۆ تەواوی تەمەنە. لە کاتی رێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتەکەم لە کۆشکی حکومەت، نزیکەی پێنج کەسی دیکەش وەک بەشێک لەم سیستمە خەڵات کران و رێزیان لێ گیرا. ئەمە رێزلێنانێکی ساڵانەیە کە تێیدا خەڵک دەتوانن ئەو کەسانە بەربژێر بکەن، کە کاریگەرییەکی گەورەیان بۆ نیوزیلاند و لەسەر ئاستی جیهان دروست کردووە، پاشان لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی نیوزیلاند بڕیار لەسەر پەسەندکردنی ئەو کەسانە دەدرێت، کە لەلایەن حاکمی گشتییەوە خەڵاتەکەیان پێشکەش دەکرێت. بۆیە هەموو ساڵێک تەنیا ژمارەیەکی زۆر کەم و دیاریکراو ئەم خەڵاتە وەردەگرن، هەروەها لە رۆژی لەدایکبوونی پاشادا لە یەکی مانگی حوزەیرانی هەموو ساڵێکدا رێزیان لێ دەگیردرێت. کەواتە ئەمە ئەو پرۆسەیەیە کە پێیدا تێپەڕدەبێت، هەروەها پرۆسەی بەربژێرکردنەکەشی تا رادەیەک ئاڵۆز و قورسە. تۆ ناتوانیت خۆت بەربژێر بکەیت، بۆیە من زۆر هەستم بە پێزانین و سوپاسگوزاری کرد، کە کەسانێک هەبوون منیان بۆ ئەم خەڵاتە بەربژێر کرد، تاوەکو لەلایەن سەرۆکوەزیرانی نیوزیلاندەوە بە نوێنەرایەتیی پاشا پێم ببەخشرێت.
رووداو: رەوشی رەوەندی کوردستانی و کۆمەڵگەی کوردی لە وڵاتی نیوزیلاند چۆنە؟ ئایا ژمارەیان زۆرە؟ هەروەها تا چەندێک چالاک و کاریگەرن؟
رێز گەردی: ئێمە کۆمەڵگەیەکی بچووکی کوردی، بەڵام چالاکمان لە نیوزیلاند هەیە، کە لە هەموو ناوچە و پارچەکانی کوردستانەوە هاتوون. ژمارە دروستەکە نازانم. بێگومان سەرژمێرییەکان بە رێژەیەکی زۆر پشت بەوە دەبەستن کە خەڵک خۆیان چۆن پێناسەی خۆیان دەکەن لە رووی ئەوەی کە خەڵکی کوێن. بۆیە کوردێکی زۆر لەوانەیە ناوی ئەو دەوڵەتە بنووسن، کە لێیەوە هاتوون نەک نەتەوەکەیان کە کوردبوونە، بەڵام پێموایە زیاتر لە 1500 کەسین و لەوانەیە ئێستا زیاتریش بن، چونکە لە چەند ساڵی رابردوودا خەڵکێکی زۆر لە بەشە جیاوازەکانی کوردستانەوە هاتوون، بەڵام کۆمەڵگەیەکی زۆر چالاکن. کۆمەڵگەی کوردی لە نیوزیلاند بەردەوام کۆدەبنەوە، کاتێک بابەتەکە پەیوەندی بە ئاهەنگگێڕان بۆ فەرهەنگ و نەریتەکانمان هەبێت، بۆ نموونە بۆ نەورۆز. ئەوان زۆر چالاکن لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا بۆ پاڵپشتیکردن لە مافەکانی مرۆڤ و بەشێوەیەکی رێکخراو کۆدەبنەوە، کاتێک پرسگەلێکی گرنگ بۆ کۆمەڵگاکەمان دێنە ئاراوە، ئەوەش لەبەردەم باڵەخانە سەرەکییەکانی حکومەتدا هەم لە شاری "ئۆکلاند" و هەم لە "وێلینگتۆن" کە زۆرینەی کۆمەڵگەی کوردی لێ نیشتەجێن. ئۆکلاند گەورەترین کۆمەڵگەی کوردیی هەیە لە سەرتاسەری نیوزیلاند، بەڵام کۆمەڵگەی دیکەیش هەن بۆ نموونە لە "کرایستچێرچ" و لە "وێلینگتۆن". ئەو کۆمەڵگانە بچووکن، بەڵام کۆمەڵگەی کاریگەرن لە نیوزیلاند.
رووداو: زۆر سوپاست دەکەم رێز گەردی، پارێزەری نێودەوڵەتی و هەروەها راوێژکاری کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە شاری جنێڤەوە میوانم بوویت. جارێکی دیکە پیرۆز بێت ئەم ئەندامێتییەی کە وەرتگرتووە، هەر بژیت.
رێز گەردی: زۆر سوپاس. ئەمە جێگەی شانازییە، هەروەها سوپاس کە ئەمڕۆ میوانداریتان کردم.


.jpg&w=3840&q=75)