Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکان
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

هەڤپەیڤین01-06-2026

کۆمپانیا گەشتیارییەکانی باکووری کوردستان: پلانمان هەیە نرخ بۆ گەشتیارانی باشووری کوردستان دابەزێنین

0:00
0:00
قەبارەی دەق
رووداو دیجیتاڵ

رووداو دیجیتاڵ

01-06-2026

بابەتی پەیوەندیدار

یاریدەدەری وەزیری فریاکەوتنی سووریا بۆ رووداو: لافاو زیانی بە 2400 خێزان گەیاندووە
هەڤپەیڤین29-05-2026

یاریدەدەری وەزیری فریاکەوتنی سووریا بۆ رووداو: لافاو زیانی بە 2400 خێزان گەیاندووە

بەڕێوەبەری هەواڵی ئینێکس: رووداو چاوی ئێمەیە لە ناوچەکەدا
هەڤپەیڤین28-05-2026

بەڕێوەبەری هەواڵی ئینێکس: رووداو چاوی ئێمەیە لە ناوچەکەدا

نامۆ فازل: بە نێچیرڤان بارزانیم گوت 'قەت لەگەڵ تۆ کێشەم نییە و شەڕت لەگەڵ ناکەم'
هەڤپەیڤین26-05-2026

نامۆ فازل: بە نێچیرڤان بارزانیم گوت 'قەت لەگەڵ تۆ کێشەم نییە و شەڕت لەگەڵ ناکەم'

رووداو دیجیتاڵ

لقی باکووری کوردستانی یەکێتیی کۆمپانیا گەشتیارییەکان دەڵێ، بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران، کەرتی گەشتیاری لە وان، جۆلەمێرگ، بەدلیس و مووشی باکووری کوردستان زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە و چوونی گەشتیاریش بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو بە رێژەی 85% کەم بووەتەوە.


جەودەت ئۆزگۆکچە، سەرۆکی لقی هەرێمی رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ ( باکووری کوردستان)ی یەکێتیی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی تورکیا (TURSAB) لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی (نوورۆژ)ی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، ساڵی رابردوو نزیکەی 100,000 گەشتیاری ئێرانی سەردانی ناوچەکەیان کرد، بەڵام ئەم ساڵ بەهۆی شەڕەوە "نایەن".

جەودەت ئۆزگۆکچە باسی لەوەشکرد، چوونی گەشتیار لە باشووری کوردستانیشەوە بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە و رایگەیاند: "پار 230,000 گەشتیار لە باشووری کوردستانەوە هاتنە وان، بەڵام لە پێنج مانگی ئەم ساڵدا تەنیا 12,000 کەس هاتوون."

ئەو شارەی کە زۆرترین زیانی دۆخەکەی بەرکەوتووە وانە. بە گوتەی ئۆزگۆکچە، لە وان نزیکەی 300 هۆتێل هەن، بەڵام ئێستا 190یان چۆڵن. ئەم دۆخە بووەتە هۆی زیادبوونی بێکاری، چونکە زۆرێک لە هۆتێل و رێستۆرانتەکان کارمەندەکانیان لە کار دەرکردووە.

وەک چارەسەر، ئۆزگۆکچە رایگەیاند، پلانیان هەیە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی هانی گەشتیاران بدەن سەردانی باکووری کوردستان بە گشتی و وان بەتایبەتی بکەن و گوتی: "دوای جەژن سەردانی هەولێر، دهۆک، زاخۆ و سلێمانی دەکەین. لەگەڵ خاوەن هۆتێل و رێستۆرانتەکان قسەمان کردووە کە بۆ گەشتیارانی باشووری کوردستان نرخ دابەزێنن. ئێمە پاکێجی تایبەت ئامادە دەکەین بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کەرتی گەشتیاری ببووژێنینەوە."


دەقی هەڤپەیڤینەکە

رووداو: رەوشی گەشتیاری لەو ناوچەیە چۆنە و ئامارەکان چی دەڵێن؟

جەودەت ئۆزگۆکچە: وەک ئێوەش دەزانن، لە دەوروبەری نەورۆزدا شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل سەریهەڵدا و ئەم شەرە هێشتا بەردەوامە. ئەم شەڕە کاریگەری لەسەر بازاڕی ئێمە کرد. پار، 100,000 گەشتیاری ئێرانی هاتنە ناوچەی ئێمە، بەڵام بەهۆی ئەم شەڕەوە ئەم ساڵ گەشتیارانی ئێرانی نەهاتن. گەشتیاریی ئێمە لە رەوشێکی خراپدایە. هەروەها، لەبەر ئەوەی ئێران هەندێک جار بە مووشەک هێرش دەکاتە سەر هەولێر و دهۆک، گەشتیار لە باشووری کوردستانەوەش نایەن. بۆیە، رەوشی گەشتیاریی ئێمە ئەم ساڵ باش نییە.

رووداو: بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستی ئێوەدان، ئەم ساڵ چەند گەشتیار سەردانی ئەو ناوچەیەیان کردووە؟ 

جەودەت ئۆزگۆکچە: لە پێنج مانگدا لە ناوخۆی تورکیا و لە ئەورووپاوە 180,000 گەشتیار هاتنە وان، 90,000 هاتنە بەدلیس، 70,000 هاتنە جۆلەمێرگ و 50,000یش هاتنە مووش.

رووداو: ئەگەر بەراوردی بکەین بە ئامارەکانی هەمان کاتی پار، رێژەکە لە سەدا چەند کەم بووە؟ 

جەودەت ئۆزگۆکچە: بەراورد بە پار، رێژەی 85% کەمبوونەوە روویداوە. واتە، گەشتیارانی ئێران و باشووری کوردستان نەهاتن و ئێمە لە رووی گەشتیارییەوە کەوتینە دۆخێکی خراپەوە. هەروەها، گەشتە ئاسمانییەکانمان لە شارە گەورەکانی وەک ئیستەنبووڵ، ئەنتاڵیا، ئەنقەرە و ئیزمیرەوە کەم بوونەتەوە. لەبەر ئەم هۆکارە، گەشتیارەکانمان ئەم ساڵ کەم بوون.

رووداو: باشە، چەند گەشتیار لە ئەورووپاوە دێن؟

جەودەت ئۆزگۆکچە: 30,000 گەشتیاری ئەورووپی هاتنە وان، 5,000 هاتنە بەدلیس، 3,000 هاتنە جۆلەمێرگ و نزیکەی 500 کەسیش هاتنە مووش.

رووداو: : لەم چوار شارە، کام شار زۆرترین زیانی لە بواری گەشتیاریدا بەرکەوتووە؟  

جەودەت ئۆزگۆکچە: وان زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. کەرتی گەشتیاری زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە. نزیکەی 300 هۆتێل و 30,000 تەخت (جێی نووستن) لە وان هەن. خەڵکی وان وەبەرهێنانێکی زۆریان لە بواری گەشتیاریدا کردووە، بەڵام ئێستا تووشی شۆک بوون. بۆ نموونە، ژمارەی دانیشتووانی دیاربەکر نزیکەی 2.5 ملیۆنە و 15,000 تەختی هەیە، بەڵام ژمارەی دانیشتووانی وان 1.5 ملیۆنە و 30,000 تەختی هەیە. هۆتێلەکانمان زۆربەیان چۆڵن، 190 هۆتێل لە وان چۆڵن. 110-120 هۆتێل پڕن.

رووداو: ئەم رەوشەی ئێستا کاریگەری لەسەر بێکاریش هەبووە لە وان؟ واتە هۆتێل، رێستۆرانت یان شوێنێکی گەشتیاری هەیە کارمەندەکانی خۆی ناردبێتەوە ماڵەوە؟ 

جەودەت ئۆزگۆکچە: بەڵێ، کاتێک گەشتیار نەیەن و هۆتێلەکان کارنەکەن، ئەوان ناتوانن کرێکارەکانیشیان بهێننە سەر کار. ئەوان لە کار دەریان دەکەن، بیمەکانیان نادەن و قەرەبووشیان نادەنەوە. واتە، گەشتیاری ئەم ساڵ بۆ ئێمە لە دۆخێکی باشدا نییە.

رووداو: : بەراورد بە جەژنی رەمەزان، کە بەهۆی رەوشی ناوچەکەوە گەشتیاری لە وان نەبوو، ئایا لەم جەژنەدا جووڵەیەک هەبوو کە رەوشەکە کەمێک باشتر بکات؟ 

جەودەت ئۆزگۆکچە: لە جەژنیشدا جووڵەیەکی زۆر دروست نەبوو. گەشتیارانی ئەورووپا زۆر نەهاتن. لە ساڵی 2020دا رۆژانە 24 فڕۆکە لە شارە گەورەکانەوە دەهاتنە وان، بەڵام ئێستا تەنیا 10 فڕۆکە دێن، چونکە فڕۆکە کەمە.

رووداو: ئێوە لە قسەکانتاندا گوتتان کە ئەم ساڵ گەشتیار لە باشووری کوردستانەوە نەهاتووەتە وان. دۆخەکە چۆنە؟ 

جەودەت ئۆزگۆکچە: ژمارەکە کەم بووە. پار 170 هەزار گەشتیار لە کوردستانەوە سەردانی وان و جۆلەمێرگیان کرد. لە ساڵی 2024دا 230,000 گەشتیار لە کوردستانەوە هاتنە وان. ئەم ساڵ لە ماوەی 5 مانگدا 12 هەزار گەشتیار لە کوردستانەوە سەردانی وان و جۆلەمێرگیان کردووە.

رووداو: دەبێت چی بکرێت بۆ ئەوەی کەرتی گەشتیاری لە وان، جۆلەمێرگ، مووش و بەدلیس وەک ساڵانی پێشوو ببووژێتەوە؟

جەودەت ئۆزگۆکچە: شەڕی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران تەنیا کاریگەری لەسەر ئەم سێ وڵاتە نییە، بەڵکو لەسەر هەموو جیهانە و ئێمەش ئازاری پێوە دەکێشین چونکە ئێمە دراوسێی ئێرانین. ئەو مووشەکانەی لە ئێرانەوە دەتەقێنرێن، بەسەر کوردستانی ئێمەدا تێدەپەڕن. خەڵک پەرتەوازە بووە. داوا و هیوای ئێمە ئەوەیە کە ئەم شەرە دەستبەجێ رابوەستێت.

رووداو: هەموو ساڵێک زۆرترین گەشتیار لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە روویان لە شاری ئێوە دەکرد. بەهۆی ئەو رەوشەی ئەم ساڵ دروست بووە، ئەم ژمارەیە چی دیکە وەک پار نییە. بۆ ئەوەی ئێوە ئەم کەمییە پڕ بکەنەوە، پلانتان هەیە روو بکەنە ناوچەکانی دیکە، بۆ نموونە باشووری کوردستان کە ئەم ساڵ تەنیا 12,000 گەشتیار هاتوون؟ پلانتان هەیە کار بکەن بۆ ئەوەی گەشتیاری زیاتر لە باشووری کوردستان و لایەنەکانی دیکە رابکێشنە وان؟

جەودەت ئۆزگۆکچە: ئێمە کار لەسەر ئەم پلانە دەکەین. پشتیوان بە خوا، ئێمە دوای پشووی جەژن سەردانی کوردستان دەکەین. ئێمە دێینە هەولێر، دهۆک، زاخۆ و سلێمانی. ئێمە لەوێ لەگەڵ کەرتی گەشتیاری کۆبوونەوە دەکەین و بانگهێشتیان دەکەین بۆ وان و جۆلەمێرگ. ئێمە کار لەسەر ئەمە دەکەین بۆ ئەوەی گەشتیارەکانمان لە کوردستانەوە بە دەیان جار زیاتر ببن.

رووداو:  لە پلانی ئێوەدا چی هەیە؟ چیتان ئامادە کردووە کاتێک دێن و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە؟

جەودەت ئۆزگۆکچە: ئێمە لەگەڵ دامەزراوە و هۆتێلەکانی خۆمان قسەمان کردووە کە بۆ خەڵکی کوردستان نرخ کەم بکەنەوە. ئێمە داوامان لە رێستۆرانتەکانیش کردووە کە نرخ بۆ خەڵکی ئێمەی کوردستان کەم بکەنەوە. ئێمە کار لەسەر ئەمە دەکەین. ئێمە دێین و لەگەڵ ئاژانس و کۆمپانیاکانی ئێوە پاکێجی گەشتیاری ئامادە دەکەین بۆ ئەوەی ئەوانیش خەڵکی کوردستان بهێننە وان و جۆلەمێرگ.

رووداو دیجیتاڵ

رووداو دیجیتاڵ

01-06-2026