رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵاتنی چەکدارانی داعش لە حەسەکە بە "مەترسی بۆسەر هەمووان" ناودەبات و دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە ئەو کێشەیە بۆ سووریا خراپ دەبێت، بۆ هەرێمی کوردستان و عێراقیش خراپ دەبێت"، بەڵام ئاماژە بەوەش دەکات کە هەرێمی کوردستان هێڵێکی بەرگریی تۆکمەی هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەیان.
بابەکر زێباری، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەمیانی هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باسی دۆخی حەسەکەی کرد لەدوای دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لە زیندانێکی حەسەکە و هەڵاتنی ژمارەیەک لە چەکدارانی داعش بەو هۆیەوە. ئەو پێیوایە، ئەو چەکدارانەی داعش کە خەڵکی عێراقن، ئەگەر پێیان بکرێت دەگەڕێنەوە عێراق و لەلایەن کەسوکاریانەوە داڵدە دەدرێن.
راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر ئەو چەکدارانەی داعش دەربازببن "کارەسات روودەدات"، ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر داعش بتوانێت نیوەی ئەو چەکدارانەش دەرباز بکات "سەرکەوتنێكی گەورە بەدەستدەهێنێت".
رووداو: هەڵاتنی ژمارەیەک چەکداری داعش و ئەو شەڕەی ئێستا لە رۆژئاوای کوردستان هەیە، تاوەکو چەند مەترسیی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە؟
بابەکر زێباری: مەترسییەکە بۆسەر هەمووانە، چونکە هەڵاتنی ژمارەیەکی وەها زۆری چەکداری داعش لە رۆژئاوای کوردستان، دەوڵەتێکی وەکو ئەمریکا پێیەوە سەرگەردان دەبێت تاوەکو بتوانێت کۆنترۆڵی بکات. ئەو کێشەیە بە دڵنیاییەوە بۆ سووریا خراپ دەبێت، بۆ هەرێمی کوردستان و عێراقیش خراپ دەبێت. ئەگەرچی هەرێمی کوردستان هێڵێکی بەرگریی تۆکمەی هەیە؛ ئەو داعشانەش نەماون کە لە ساڵی 2014 هاتن و دەستیان بەسەر خاکدا گرت و دەوڵەتی ئیسلامییان راگەیاند. ئەوان رووبەڕووی شکستێکی گەورە بوونەوە و لە شەڕی بەرەدا سەرکەوتوو نەبوون، بەڵام ئەو شەڕەی ئێستا دەیکەن جیاوازە؛ لە شەڕی پارتیزانیدا بەهێزترین سوپا بە پێشکەوتووترین چەکی جیهانەوە شپرزە دەبێت، چونکە شەڕی کەسانێکی نادیارە. پێشتر 95%ی چەکدارانی داعش بیانی بوون و هەموویان دیار بوون، بەڵام ئێستا 1%یش خەڵکی بیانیی تێدا نییە و هەموویان عێراقین بە رۆژ لەنێو ماڵی خۆیان و خزم و کەسەکانیانن و کاری خۆیان دەکەن، بە شەویش داعشن؛ بۆیە ئەمە زۆر مەترسییە بۆسەر هێزە چەکدارەکانی عێراق لەنێو عێراقدا. لە هەرێمی کوردستان خاڵی بەرگری هەیە؛ چەکدارانی داعش بەدوای خاڵی لاوازدا دەگەڕێن و لە کوێ درزێک هەبێت، هەوڵدەدەن لەوێوە دزە بکەن و گورزی خۆیان بوەشێنن.
رووداو: کامە شوێن لاوازە؟
بابەکر زێباری: کاتی خۆی شەڕی سەداممان دەکرد، کە چوارەم بەهێزترین سوپای هەبوو لە ناوچەکەدا، لە کام خاڵدا لاوازی هەبوایە هێرشمان دەبردە سەر؛ ئەگەر خاڵێک لاواز نەبووایە نەماندەتوانی خۆمانی لێبدەین.
رووداو: بۆ ئەو چەکدارانەی هەڵاتوون، کام رێگە بۆ ئەوان ئاسانە بۆئەوەی لێیەوە دەرباز ببن؟
بابەکر زێباری: نزیکەی پێنج هەزار ئەندامی داعش لەو زیندانەی حەسەکەدان، کە سێ هەزاریان عێراقین؛ ئەگەر بێتو بتوانن دەرباز ببن، دێنە نێو خزم و کەسوکارەکانیان، ئەگەر پێیان بکرێت؛ ئەگەرچی حکومەتی عێراق دەڵێت، سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا تۆکمە کردووە و خەندەقمان لێداوە؛ ئەگەر وابێت کارێکی باشیان کردووە و زۆر ئەستەمە بتوانن دەرباز ببن؛ بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوان هەوڵی هاتنە نێو عێراق دەدەن، چونکە عێراقین و دێنەوە ناو کەسوکاری خۆیان.
رووداو: واتە ئەو چەکدارانە هەڵاتوون بۆئەوەی بێنە نێو عێراق؟
بابەکر زێباری: ئەوەی پێی بکرێت بێتە نێو عێراق، دێت. 2000 سووری و بیانیشیان تێدایە، رەنگە ئەمانەش هەندێکیان بێنە عێراق و هەندێکیش لە سووریا بمێننەوە، ئەگەر بتوانن هەڵبێن.
رووداو: شنگال لە پارێزگای نەینەوا وەکو یەکێک لە ناوچەکانی ماددەی 140، ئایا چۆن شنگال دەپارێزرێت، چونکە ئەگەر لە حەسەکەوە بتەوێت بێیتە خانەسوور و لەوێشەوە بۆ شنگال 55 کیلۆمەترە، واتە بە کاژێرێک بە ئۆتۆمبێل لە حەسەکەوە دەگەیتە شنگال؛ ئایا لە سنووری نێوان رۆژئاوا و شنگال رێکاری پێویست گیراوەتەبەر؟
بابەکر زێباری: هێڵێکی بەرگری هەیە لە سنووری سووریا لە مەحموودیە تاوەکو دەگاتە بەنداوی دیجلە؛ لەو سنوورە هێڵێکی تۆکمەمان هەیە و هەرگیز ناتوانن لەو هێڵە دەرباز ببن؛ لە رۆژهەڵاتی دیجلەش تاوەکو دەگاتە خانەقین هێڵێکی بەرگری هەیە کە پێكەوە گرێدراوە؛ بۆیە بۆ داعش زۆر ئەستەمە بێن و ئەو هێڵە ببڕن؛ ئەگەر ئەو هێڵەش ببڕن، دەچن بۆ کوێ؟ کوردستان ئەو شوێنە نییە خەڵک داڵدەیان بدات و خەڵکی وایان نییە پشتیوانییان بکات.
رووداو: بە بڕوای ئێوە، خاڵی لاواز لە سنوورەکانی نێوان عێراق و سووریا لە کوێیە؟
بابەکر زێباری: ئەگەر سنوورەکانیان وەکو ئەو هێڵە بەرگرییەی ئێمە دروستمان کردووە، دروستیان کردبێت، ئەوا زۆر باشە. هەروەها ئەگەر سیستمی لەیزەریان دانابێت، کارێکی زۆر باشیان کردووە و داعش ناتوانن سنوور ببڕێت.
رووداو: هەرێمی کوردستان چی کردووە بۆئەوەی سنوورەکانی بپارێزێت؟
بابەکر زێباری: وەکو گوتم، هەرێمی کوردستان هێڵێکی بەرگریی تۆکمەی هەیە و هیچ دەرفەتێک نییە چەکدارانی داعش لێیەوە دەربازبن، بەڵام حکومەتی عێراق خاڵەکانی پەرت و بڵاون.
رووداو: پێویستە چۆن ئەو کەمپ و گرتووخانانە بپارێزرێن کە لە هەرێمی کوردستان و عێراقن و ئەندام و کەسوکاری داعشیان تێدایە؟
بابەکر زێباری: ئەوان لێرە هەموویان لە یەک شوێن کۆنەکراونەتەوە، ئەمە شتێکی باشە، بەڵام لە سووریا هێزەکانی سووریای دیموکرات هەموویان کە 5000 کەس دەبن، لە یەک شوێن کۆکراونەتەوە؛ ئەمەش لە توانای ئەمریکادا نییە؛ هەڵەی وا چۆن دەبێت بکرێت.
رووداو: وڵاتان، بەتایبەت ئەوانەی چەکدارانی داعش لێیانەوە هاتوون، تاوەکو چەند لەو بابەتەدا شیاوی ئەوەن رەخنەیان لێ بگیرێت؟
بابەکر زێباری: هەموویان بەرپرسیارن؛ عێراق بەرپرسیارە کە داعشەکانی خۆی ناهێنێتەوە؛ سووریا بەرپرسیارە کە وەریان ناگرێتەوە، ئەوروپاش بە هەمان شێوە، هیچ نەریتێک ئەوە قبووڵ ناکات ئەو هەموو بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە بێت. تێناگەم بۆچی ئەو وڵاتانە خەڵکی خۆیان نابەنەوە؟ ئەگەر شایستەی زیندانی تاهەتایی و دادگاییکردن بن، پێویستە لە وڵاتەکانی خۆیان دادگایی و زیندانی بکرێن.
رووداو: ئەمە مەترسیدارترین هێرشە داعش ئەنجامی دابێت لەدوای کۆتایی پێهێنانی؛ ئایا پێشبینی دەکەن داعش هێرشی دیکە لێرە و لەوێ ئەنجام بدات؟
بابەکر زێباری: داعش هەرچەندە چەند زیانی پێبگات، ئەگەر بتوانێت نیوەی ئەو زیندانیانە دەرباز بکات، ئەوا سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستدەهێنێت.
رووداو: ترسی ئەوەتان هەیە ئەگەر چەند هەزار چەکدارێکی داعش لەو گرتووخانەیە دەرباز بووبن؟ ئەوکات چی روودەدات؟
بابەکر زێباری: ئەگەر دەربازببن کارەسات روودەدات، بەڵام پشتیوان بە خودا دەرباز نابن، ئەوەی دەربازیش بووە جارێکی دیکە دەستگیرکراوەتەوە. ئێستا هاوپەیمانانیش لەسەر هێڵن و هاوکاریی هێزەکان دەکەن.
رووداو: پێتانوایە چۆن دۆخی ئەو گرتووخانەیە کۆنترۆڵ دەکرێت؟
بابەکر زێباری: دەبێت دابەشی سەر چەند بەشێکی تۆکمە بکرێت و پاسەوانییەکی باشی لێبکرێت و هاوپەیمانانیش هاوکاربن.
رووداو: ئەوەی ئێستا روودەدات، تەنیا گەمارۆی گرتووخانەکە دراوە و هێزەکان نەچوونەتە ژوورەوە. ئەمە چۆن چارەسەر دەکرێت؟
بابەکر زێباری: تەنیا گرتووخانەکە گەمارۆ نەدراوە، دەرەوەی گرتووخانەکەش گەمارۆدراوە و قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندراوە، ئەوانەی هەڵاتوون چوونەتە نێو ماڵەکان، کە ئەوانیش عەرەبن. رەنگە ئەوان بیانشارنەوە و داڵدەیان بدەن، پێویستە هێرش بکەن و بچنە ژوورەوە و کۆنترۆڵی بکەن.

